کارامەییە نەرمەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-19-22:36:00 - کۆدی بابەت: 11873
کارامەییە نەرمەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کارامەییە نەرمەکان یان کارامەییە کەسییەکان یاخود شارەزایی و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی (بە عەرەبی: المهارات الناعمة، به ئینگلیزی: soft skills) بریتییە لە کۆمەڵێک لێهاتوویی و تایبەتمەندی و شارەزایی کەسێتی کە یارمەتی کەسەکان دەدات لە پیشە و شوێنی کارەکانیان سەرکەوتوو بن.

هەرچەندە ئەم کارامەییانە ڕاستەوخۆ پەیوەست نین بە کارامەییە پیشەییەکان کە پێویستن بۆ هەر کارێک، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا ئەم دەستەواژەیە زۆر لەنێو خاوەن کار و خاوەن کۆمپانیاکان و ژینگەی کارەکان بڵاوبووەتەوە، چونکە لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندی و کارامەییانەوە کەسەکە دەتوانێت لە ژینگەی کاردا سەرکەوتوو بێت. توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی هارڤارد ئەنجامدراوە سەلماندوویەتی کە ٨٥٪ـی سەرکەوتن لە هەر کار و پیشەیەکدا پەیوەستە بە کارامەییە نەرمەکان، تەنها ١٥٪ـی سەرکەوتن لە کارەکاندا پەیوەستە بە کارامەییه تەکنیکییەکان.

گرنگترین بوارەکانی شارەزایی و کارامەییە نەرمەکان

  • شارەزایی لە پەیوەندییەکان
  • شارەزایی لە دانوستان و ڕازیکردنی بەرانبەر
  • لێهاتوویی لە زیرەکی سۆزداری
  • شارەزایی لە سەرکردایەتیکردن و بەڕێوبەردن
  • شارەزایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان
  • لێهاتوویی لە کارکردن لەگەڵ تیم

شارەزایی لە پەیوەندییەکان

گومانی تێدا نییە کە توانای پەیوەندیکردن و شارەزایی لە پەیوەندییەکان لە گرنگترین ئەو کارامەییانەیە کە هەر مرۆڤێک دەتوانێت لە ژیانیدا بەدەستی بهێنێت، چونکە کاریگەرییەکی ڕوون و خێرای دەبێت لەسەر ژیان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەری، ئەم توانایە سەرچاوەیە بۆ هەموو کارامەییەکانی تر، چونکە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەرت دەکرێت دەرفەتی زۆر باشت بۆ بڕەخسێت و لە کار و پیشەکەتدا سەرکەوتوو بیت.

ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەمان کارلێک و بەرکەوتنمان لەگەڵ کەسانی جیاوازی دەوروبەرمان هەیە، بۆیە زۆر گرنگە کە بزانین  چۆن بە شێوەیەکی ڕاست مامەڵە لەگەڵ کەسانی تر بکەین. ئەگەر نەتوانرا لە ژینگەی کار بە دروستی مامەڵە لەگەڵ کەسانی شوێنەکە بکرێت ئەوە کەشی کارەکە پڕ دەبێت لە ڕاجیایی و ناکۆکی هەرئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچوون و بەڕێوەچوونی کار و هاوکاری نێوان ئەندامان دەبێت، هاوکات بەرەوپێشچوونی کارەکان سست و لاواز 
دەبێت و بەرهەم کەم دەبێتەوە.

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم کارامەییە:

بۆ ئەوەی لە پەیوەندییەکانت سەرکەوتوو بیت و توانایەکی باشت هەبێت لە بەدەستهێنانی کارامەیی لە پەیوەندییەکان پێویستە چەند تایبەتمەندییەکت هەبێت کە بریتین لە:

  • گوێگرێکی باش بە

ئەم تایبەتمەندییە لە باشترین ڕێگاکانە که هاوکاریت دەکات بتوانیت لە پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی تر سەرکەوتوو بیت، لە هەر پرۆسەیەکی پەیوەندیکردندا زۆر گرنگە بزانیت کەسی بەرانبەرت چی دەوێت ئەمەش لە ڕێگەی ئەوەی گوێگرێکی باش بیت دەستەبەر دەکرێت. بۆیە زۆر پێویستە کاتێک کەسێک گفتوگۆت لەگەڵ دەکات یان داواکارییەکی لێت هەیە بە تەواوی سەرنجتەوە گوێی لێ بگریت و قسەکانی نەبڕیت و بە تەواوی لێی تێبگەیت، کەسی بەرانبەریش لەو ڕێگەیەوە دەزانێت کە تۆ گرنگی پێ دەدەیت و هاوکاری دەکەیت.

  • زمانی جەستەت بەهێز بکە

لە گفتوگۆکاندا زمانی جەستەت کاریگەری زۆر باشی هەیە لەسەر تێڕوانینی بەرانبەرەکەت نموونەی ئاماژەکانی دەست، تۆنی دەنگ، شێوازی دانیشتن و وەستان، تێڕوانینی چاوت و چاو تروکاندنت هەموو ئەمانە بەشێکن لە زمانی جەستە و کاریگەرن لەسەر کەسایەتیت. لەکاتی قسەکردن و گفتوگۆکردنت لەگەڵ کەسێکی تردا تێڕوانینی چاو بەشێکی گرنگە لە زمانی جەستەت، بۆیە هەوڵبدە ڕاستەوخۆ سێری چاوەکانی بکەیت بەم کارەت دەریدەخەیت کە تۆ گوێگری ئەویت و گرنگی بە قسەکانی دەدەیت، بەڵام پێویستە ئاگادار بیت سێرکردن و تێڕوانینت بە جۆرێک نەبێت کە کەسی بەرانبەرت بێزار و ڕاڕا بکات.

  • بە ڕوونی مەبەستەکەت بگەیەنە

واتا لە کاتی خستنەڕووی کێشەیەک یان لەکاتی گفتوگۆکردندا پێویستە قسەکردنەکەت بە جۆرێک بێت زۆر درێژ نەبێت کە کەسی بەرانبەرت تووشی بێزاری بکات و زۆریش کورت نەبێت کە مەبەستەکەت بە کەموکوڕی بگەیەنیت، بەڵکو پێویستە لەکاتی قسەکردن ڕاستەوخۆ بیت و بەڕوونی قسە بکەیت، هاوکات پێش قسەکردنت بیر لە قسەکانت بکەرەوە کە دەتەوێت بیانکەیت.

  • بۆچوونی بەرانبەرت قبوڵ بکە

زۆر گرنگە لە پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی تردا کراوە بیت بەرامبەر هەموو بۆچوونەکان، گوێ لە هەموو بۆچوونێک بگرە و قبووڵی بکە و ڕێزی لێ بگرە تەنانەت ئەگەر لەگەڵیدا ناکۆکیش بیت، دەبێت بێ لایەنانە بیر لەو بۆچوونانە بکەیتەوە کە دەیبیستیت و بەرانبەر بە بۆچوونێکی دیاریکراو لایەنگیریت نەبێت.

شارەزایی لە دانوستان و ڕازیکردنی بەرانبەر

ئەم تایبەتمەندییە کارامەییەکی ترە کە زۆرێک لە خاوەن کارەکان گرنگی پێ دەدەن، کارامەیی دانوستان واتای ڕازیکردنی بەرانبەر و دەستخستنی چارەسەرێک کە هەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن لەگەڵ توانای ڕازیکردن و باوەڕهێنانی کەسەکانی تر بە بۆچوون و بیروڕاکانت. 

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم کارامەییە:

بۆ بەدستهێنانی ئەم کارامەییە پێویستە چەند تایبەتمەندییەکت هەبێت کە بریتین لە:

  • پەیوەندیکردن

لە ڕێگەی پەیوەندی دروستەوە دەتوانیت خۆت لە تێنەگەیشتنەکان بەدوور بگرێت کە ڕێگریت لێبکات لە گەیشتن بە سازانێک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات. ئەم پەیوەندییەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی جەستە بە دروستی لەگەڵ هەوڵدان بۆ تێگەشتنی بەرانبەر بەدەست دەهێنرێت.

  • ڕازیکردن و قەناعەت پێهێنان

توانای تۆ بۆ ڕازیکردن و کاریگەری لەسەر کەسانی تر وادەکات تۆ دانوستانکارێکی سەرکەوتوو بیت، لێرەدا مەبەست ئەوەیە کاریگەری ئەرێنیت هەبێت نەوەک کۆنترۆڵیان بکەیت و بە زەبری هێز ڕازیان بکەیت.

  • پلاندانان

زۆر گرنگە پێش دەستپێک پلانی هەر ڕێککەوتنێک یان دانوستانێک بە وردی دابنرێت بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ هەموو لایەنەکان ڕوون بێت. هەروەها پێویستە پلانێک بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و هەنگاوەکانی دابنرێت لەگەڵ دانانی ئەو بنەما و یاسایانەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەسەری ڕێککەوتوون.

  • پەرەپێدان بە ستراتیجییەکان

بۆ هەر دانوستانکارێکی سەرکەوتوو پەرەپێدان و دانانی چەند پلانێک پێش هەر دانوستانێک زۆر گرنگە، گرنگە پلان بۆ هەموو سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان دابنێیت و ستراتیجیەک دابڕێژیت کە وادەکات ئامادە بیت بۆ هەموو دەرئەنجامەکان. هاوکات گرنگە پێش ئەوەی بچیتە ناو هەر دانوستانێکەوە و پێش ئەوەی دەست بکەیت بە پرۆسەی قایلکردنی بەرانبەر تۆ ستراتیجییەکانت ئامادە بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بە زۆرترین قازانج و کەمترین زیان لێی دەربچیت.

لێهاتوویی لە زیرەکی سۆزداری

زیرەکی سۆزداری بەندە بە دوو لایەنەوە بەندە بە تێگەشتنی خۆت لە هەستەکانی خۆت و کۆنتڕۆڵکردنیان، پاشان پەیوەستە بە تێگەیشتنت لە هەست و سۆزی دوروبەر و مامەڵەکردن لەگەڵیان. بەپێی ئامارەکان ئەو کەسانەی ئاستی زیرەکی سۆزدارییان بەرزە توانای بەرهەمهێنانیان لە شوێنی کار و چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیاردان و کارکردن لە تیمێکدا زۆر بەرزە، هەروەها توانای سەرکردایەتیکردنیان بەراورد بە کەسانی تر زیاترە، ئەمەش واتای وایە لە کاردا سەرکەوتوو دەبن و بە خێرایی دەگەنە پۆست و پلە باڵاکان.

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم لێهاتووییە:

  • خوودئاگایی

خوودئاگایی یان ناسینی خۆت و هەستەکانت گرنگترین هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی سۆزداریت، پێویستە خۆت و هەستەکانت بە باشی بناسیت، ئەویش بە چاودێریکردنی خۆت و ڕەفتارەکانت لە بارودۆخە جیاوازەکاندا و شیکردنەوەی هەستەکانی پشت ئەو کردەوانەت دەستەبەر دەکرێت. هەروەها دەبێت بە دەوروبەرت بڵێیت چیت دەوێت یان چیت پێویستە و داواکارییەکانت پێویستە ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت، چونکە کەسی بەرانبەرت لە داوا و هەستەکانی تۆ بێئاگایە بۆیە پێیوستە بە ڕوونی دەریبخەیت کە چی بێزارت دەکات یان تووڕەت دەکات و چی دڵنەوایی و ڕازیت دەکات بۆ ئەوەی بەو شێوەیە مامەڵەت لەگەڵدا بکەن کە تۆ دەتەوێت.

  • کۆنتڕۆڵکردن و جڵەوگیرکردنی هەست و سۆزەکانت

فێربە چۆن هەستەکانت بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەببەیت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵیان بکەیت، چونکە ئەگەر تۆ هەستەکانت جڵەوگیر نەکەیت لەبری ئەوە هەست و سۆزەکانت کۆنتڕۆڵی تۆ و ڕەفتار و کردارەکانت دەکات، هەمیشە شتەکان پەیوەستە بە لێکدانەوەی تۆ بۆ بارودۆخە جیاوازەکان بەپێی لێکدانەوەت بۆ باردودۆخە جیاوازەکان هەستەکانت دروست دەبن، بۆیە ئەگەر لێکدانەوەکەت بۆ بارودۆخ و ڕووداوەکان ئەرێنی و دروست بێت بێت ئەوە هەستەکانیشت ئەرێنی دەبن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لێکدانەوەت بۆ دۆخەکان نەرێنی و هەڵە بێت ئەوە بە ناچاری هەستی نەرێنی و خراپت بۆ دروست دەبێت.

  • هاندانی خوودی

هاندانی خۆت و پاڵپشتیکردنی خۆت گرنگترین دەسکەوتە کە پێشکەشی خودی خۆتی دەکەیت، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت بەسەر هەستە نەرێنییەکانت زاڵ ببیت و کۆنتڕۆڵیان بکەیت و پاشانیش لەگەڵ دەوروبەرت دەبیتە کەسێکی کارا و سەرکەوتوو و پەسەند.

  • زانین و هەستکردن بە هەست و سۆزی کەسانی تر

ئاگاداربوونت لە هەستی ئەوانی تر لە تێگەیشتنی تۆ بۆ هەستەکانیان و تێڕوانینی تۆ بۆ شتەکان لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەست پێدەکات، هەریەک لە ئێمە گۆشەنیگای تایبەتی خۆی هەیە کە لێیەوە شتەکان دەبینێت بەپێی سروشتی کەسایەتی و شێوازی ژیان و هەستەکانی ئەم گۆشەنیگایە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. بۆیه زۆر گرنگە لە هەستی کەسانی تر تێبگەیت و ڕێزی لێبگریت تەنانەت ئەگەر لەگەڵیان جیاواز بوویت و هاوڕانەبوویت چونکە هەریەک لە ئێمە لە ژیانی دیدگای تایبەتی خۆی هەیە.

  • کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندییەکان

لە ڕێگەی تێگەیشتن و کۆنتڕۆڵکردنی  هەستەکانت پاشان ئاگاداربوون و تێگەیشتنت لە هەستی کەسانی تر و ئاستی تواناییت لە بەڕێوەبردنی ئەم هەستانە، دواتر هەنگاوێکی زۆر گرنگ دێتە پێشەوە کە بریتییە لە بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندییەکان کە پێکدێت لە بەکارهێنانی شێواز و ڕێگای تایبەت و گونجاو لەگەڵ هەر کەسێک کە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت. چونکە هەریەکێک لە ئێمە هەست و سۆزی و سروشتی کەسایەتی جیاوازە و لەیەکچوو نین، بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە لەگەڵ هەر کەسێک بەشێوەیەک مامەڵە بکەیت کە لەگەڵ سروشتی کەسایەتی دەگونجێت، لەو ڕێیەوە لە هەستەکانی تێدەگەیت و دەتوانیت بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.

شارەزایی لە سەرکردایەتیکردن و بەڕێوبەردن

ئەوانەی خاوەنی توانای سەرکردایەتی و پێشڕەوییان بەهێزە ئەوە توانای ئیلهامبەخشین و پاڵنەریان بۆ ئەندامانی تیمی کارکردن هەیە و دەتوانن بەرەو سەرکەوتنیان ببەن، ئەمەش وایکردووە کە ئەم کارامەییە لە کار و پیشەکان زۆر داوا بکرێت. بابەتەکە بە واتای کۆنترۆڵکردنی و ژێردەستەکردنی کەسەکانی هاوپیشەت نییە، بەڵکو پەیوەندی بە زانین و شارەزابوونی ئەندامانی ئەو تیمەوە هەیە کە بە باشی سەرکردایەتی دەکەیت لەگەڵ ئاشنابوونت بەو لێهاتوویی و توانایانەی کە هەر ئەندامێکی تیمەکە خاوەنییەتی، پاشان دەتوانیت بە پشتبەستن بە تواناکانیان ئەرکیان بۆ دیاری دەکەیت، ئەم لێهاتووییە یارمەتیدەرتە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام و دەرهێنانی ئەو داهێنانەی کە لەناو هەریەکە لە ئەندامەکاندا هەیە.

لێهاتوویی سەرکردایەتیکردن تەنها بۆ هەموو بەڕێوەبەرێک یان بۆ ئەو کەسانە گرنگ نییە کە دەیانەوێت بگەنە پۆستی بەڕێوەبەر بەڵکو بۆ هەموومان گرنگە، چونکە تۆ سەرەتا سەرکردایەتی و پێشڕەوی خودی خۆت دەکەیت پێش ئەوەی سەرکردایەتی کەسێکی تر بکەیت واتا هەموو تاکێک پێویستی بەم کارامەییە هەیە.

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم کارامەییە:

  • گوێگرتن

بیرۆکەی تایبەتمەندی سەرکردایەتی یان بەڕێوبەری و پێشڕەوی هەمیشە پەیوەستکراوە بەپێدانی داواکاری و فرمان بەسەر ئەندامەکانی تردا، بەڵام یەکێک لە ئەرکەکانی تری کەسانی بەڕێوبەر بریتییە لە بڕیاردان و ئەم بڕیاردانە لە شوێنی کار پەیوەستە بە گوێگرتن لە بۆچوونی ئەندامەکانی تر، بۆیە بۆ سەرکردە زۆر گرنگە کە گوێ لە هەموو لایەنەکان بگرێت و لە سەرەتادا هیچ لایەنگیرییەک بۆ بۆچوونێکی دیاریکراو دەرنەبڕێت، لەم ڕێگەیەوە بارودۆخەکە لە تێڕوانینی کەسەکانی تریشەوە دەبینرێت و مەودای چارەسەر فراوانتر دەبێت.

  • هاوسۆزی

هاوسۆزی و دڵسۆزبوون لەگەڵ کەسانی تردا واتا توانای هەستکردن بە کەسانی تر یان واتا توانای ناسینی پێداویستییەکانی کەسێکی تر لەگەڵ زانینی هەستەکانی کە چۆن کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەیە، بریتییە لە توانای ڕێزگرتن و تێگەیشتن لەو هەستانە و بینینی شتەکان لە ڕوانگەی کەسی بەرامبەرەوە نەک تەنها دیدگای خۆت. هاوسۆزی لە ژینگەی کاردا تیمێکی کارکردنی یەکگرتووتر و تێگەیشتووتر و کاریگەرتر دروست دەکات، بەو پێیەی وا لە سەرکردە دەکات بتوانێت خۆی بخاتە شوێنی کەسی بەرانبەر و کێشەکە بە ڕوونتر ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتی ئەندامانی تیمەکە بدات لەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەزموون وەرگرن وسەرکەوتوو بن. 

  • داهێنان و نوێکاری

داهێنان و نوێکاری دوو تایبەتمەندی گرنگن کە پێویستە لە ژینگەی کاردا لە کەسە سەرکردە و پێشڕەوەکاندا بوونیان هەبێت. نوێکاری یان داهێنان بریتییە لە دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە بەردەستەکان، ئەمەش بۆ خاوەنکارەکان زۆر گرنگ و بەسوودە.

شارەزایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان

شتێکی زۆر سروشتییە کە کێشە لە ژینگەی کاردا لە هەر کاتێکدا ڕووبدات و هیچ ژینگەی کارێک بێ کێشە وئاڵۆزی بوونی نییە، کێشەکان کاریگەری لەناکاو لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی کار دروست دەکەن بۆیە پێویستە پێش ئەوەی ڕووبدات ئامادەکاری بۆ هەر کێشەیەک بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بە خێرایی چارەسەری بکەیت.

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم لێهاتووییە:

  • دیاریکردنی کێشەکە

گرنگترین هەنگاو لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک بریییە لە دیاریکردنی کێشەکە و داننان بە بوونی کێشەکە، پاشان تێگەشتن لێی و ڕوونکردنەوەی بۆ ئەوانی تر.

  • خستنتبەرباس و قوڵبوونەوە لە کێشەکە

ئەم قۆناغە بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لەسەر کێشەکە، هاوکات ئەم قۆناغە  وردبوونەوە و قوڵبوونەوە لە کێشەکە و تاوتوێکردنی لەگەڵ کەسانی تر و دیاریکردنی هۆکاری کێشەکە و شیکردنەوەی هۆکارەکان لەخۆدەگرێت.

  • پێشنیارکردن و گەڕان بۆ چارەسەر

دوای بەدواداچوون و دیاریکردنی هۆکارەکان، قۆناغی دواتر بریتییە لە پێشنیارکردن و گەڕان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامان و بەهەند وەرگرتنی بۆچوونەکانیان.

  • بڕیاردان

لەم قۆناغە چارەسەرە پێشنیارکراوەکان شیکارییان بۆ دەکرێت و باشترین چارەسەر هەڵدەبژێردرێت، هاوکات پێویستە پێش چارەسەر پێشبینی دەرئەنجامەکان بکرێت و شیکردنەوەیان بۆ بکرێت.

  • جێبەجێکردنی بڕیار

دوای گەیشتن بە چارەسەر و پێشنیارکردنی و ڕازیبوونی هەموان و دڵنیابوونەوە لە چارەسەرەکە، پێویستە بچێتە قۆناغی چاودێریکردنی دەرئەنجامەکان. دوای جێبەجێکردن زۆر گرنگە کە تێبینی و چاودێری دەرئەنجامەکان بکەیت، هاوکات پێویستە کە بایەخ بە تێبینی کەسانی تریش بدرێت تاکوو هەر کێشەیەک یان زیانێکی لاوەکی دروست بوو خێرا چارەسەر بکرێت.

لێهاتوویی لە کارکردنی بەکۆمەڵ

توانایی لە کارکردن لەگەڵ تیم یان کارکردنی تیمی یاخود کارکردنی بەکۆمەڵ بریتییە لە توانای تاکێک یان کەسێک بۆ کارکردن لەناو گرووپێکدا بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی هاوبەش. لە هەر کارێک کە تۆ لە تیمێکدایت بۆ بەدیهێنان یان دەستخستی ئامانجێکی دیاریکراو کار دەکەیت، زۆر گرنگە بزانیت کەی ڕۆڵی سەرکردەیی دەگێڕیت و کەی و چی کاتێکیش شوێنکەوتووی لە تیمەکەدا.

کارکردنی بەکۆمەڵ لەناو تیمێکدا پێویستی بە هاوکاری و پەیوەندییەکی باش هەیە لە نێوان هەموو ئەندامانی تیمەکەدا، چونکە سەرکەوتن و بەدەست هێنانی ئامانجەکان یان شکست و دۆڕان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و تەبایی ئەندامەکان. ئەگەر کەسێک شارەزایی و لێهاتوو بێت لە کارکردن لە ناوتیمەکاندا ئەوە دەتوانێت لەگەڵ هەموو جۆرە کەسایەتییەکی ناو شوێنی کارەکەی بە دروستی مامەڵە بکات.

چۆنێتی بەدەستهێنانی ئەم لێهاتووییە:

  • پەیوەندیکردن

پەیوەندیکردن و گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی گرووپی کار کاریگەری ئەرێنی هەیە لە بەهێزکرنی توانا و شارەزاییت و بەرزکردنەوەی پێگەت لە گرووپەکەدا.

  • کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکی و ڕاجیاییەکان

ڕاجیایی و ناڕازیبوون و ناکۆکی لە زۆرێک لە تیمەکان بوونی هەیە، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاجیاییەکان و ڕووبەڕوبوونەوەیان و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی دروست کاریگەرە لە پەرەنەسەندنی کێشەکان، پاشان پێویستە لەگەڵ ئەندامانی تیمەکە گفتوگۆ بکەیت بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک و دڵنیابوون لەوەی هەمووان ڕازین. 

  • گوێگرتن

بەشێکی گرنگ لە کارکردن لەگەڵ تیمێکدا بریتییە لە توانای تۆ بۆ گوێگرتن لە زۆرێک لە بۆچوون و نیگەرانییەکانی ئەندامانی تیمەکەت، گرنگیدان و تێگەیشتنت لە نیگەرانی و بیرۆکەکانیان نیشان بدە، بۆ ئەوەی ببیت بە ئەندامێکی کاریگەری تیمەکەت.

  • ڕێزگرتن

کەسانی دەوروبەرت زیاتر ئامادە و بایەخپێدەر دەبن ئەگەر ڕێزی خۆت بۆ ئەوان و بیرۆکەکانیان نیشان بدەیت، واتا بەڕێزبوونی تۆ لەگەڵ کەسانی تر وایان لێدەکات هەست بە قەدرزانی تۆ بکەن و تەنانەت گرنگ نییە چەندە جیاواز بن، بەڵام بەهۆی ڕێزگرتنی نێوانتان ناکۆکی و کێشەکانی نێوانتان بنبڕ دەبێت یان کاریگەری کەمتر دەبێت.


سەرچاوەکان



201 بینین