دەوڵەت لە جوگرافیای سیاسی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-02-12-00:13:00 - کۆدی بابەت: 11956
دەوڵەت لە جوگرافیای سیاسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەوڵەت لە جوگرافیای سیاسی (بە عەرەبی: الدولة في الجغرافيا السياسية، بە ئینگلیزی: The state in political geographyدەوڵەت باڵاترین و گرنگترین دەزگای سیاسیە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری تاک و کۆمەڵ یان دەوڵەت دامەزراوەییەکە پێکدێت لە کۆمەڵە دەزگاێکی سیاسی، ئابووری و یاسایی بۆ بەرێوەبردن و خزمەتکردنی میللەت بە رێگایەکی دروست کە خاوەن سنوور و ڕووبەرێکی دیاریکراوە.

بنچینەکانی دەوڵەت

بنچینەی سەرەکی دەوڵەت سێ کۆڵەکەیە کە بریتین لە (دانیشتووان و زەوی و سیستمی سیاسی) ھەربۆیە دەوڵەت بریتییە لە ژمارەیەک لە دانیشتووان لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراوی زەوی کە خاوەن سنووری سیاسین و لەنێو ئەو سنوورە سیاسییە نیشتەجێبوونە و سیستمێکی سیاسی بەڕێوەیان دەبات. ئەرکی دەوڵەتە لە ڕووی ناوەوە ئاسایشی و ئارامی بۆ دانیشتووان دابین بکات و لە ڕووی دەرەکیشەوە ئەرکی پاراستنی تەواوی زەوی و سنوورەکانە و ھەوڵدان بۆ پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ھاوڵاتیان. لەم بارەیەوە (ڕاتزڵ) پێی وایە قەبارەی شیاوی گەشەکردن و ترازانە تاکوو دەگاتە ئەو ئاستە سروشتییەی کە خۆی ھەندێک جار تێ دەپەڕێنێت، بە واتای ئەوەی کە ئەگەر دەوڵەتی تازە دروستبوو ژینگە سروشتییەکەی گونجاو و لەباربێت ئەوا دەتوانێت لە پێناو مانەوەی سنوورەکانی فراوان بکات.

زۆربەی پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کە پێکھاتەی ھۆز و عەشیرەت (قبیلە) بە بنچینەی دروستبوونی دەوڵەت دادەنرێت، بەجۆرێک ئەو ھۆز و عەشیرەت و بنەماڵانە یەکەیەکی سیاسی ھاوبەش کۆی کردوونەتەوە، ئەم کۆکردنەوەیەش لە چوارچێوەی ڕووبەرێکی دیاریکراوی زەوی دەبێت، چونکە دووای جێگیربوونی ھۆز و عەشیرەتەکان شارەکان دروست دەبن. ھەرچەندە ئەو دەوڵەتانە لە سەرەتادا بچووکن، بەڵام وەکوو (ناوک) گرنگن بوونە بۆ ئیمپراتۆرە گەورەکان نموونە وەکوو شاری سۆمەری، بابلی ئاشوورییەکان، ئەسینا و ئیسپارتە و فلۆرنسی لە باشووری ئەورووپا.

قۆناغەکانی دروستبوونی دەوڵەت

١- قۆناغی دروستبوون و لە دایکبوون
لەم قۆناغەدا دەوڵەت سنوورەکانی جێگیرە و بە دەگمەن دووچاری گۆڕانکاری دەبێت و بیر لە فراوانخوازی ناکاتەوە. ھەموو ھەوڵ و تواناکانی بەگەڕدەخات بۆ  بنیاتنانی ژێرخانی خۆی و ڕێکخستنی کاروبارە ناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی دەوڵەت لەم قۆناغە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی تر پێویستە بە ھەموو شێوەیەک تائاستێکی بەرز یەکێتی مرۆیی و ئابووری لە ناو خودی جەستەی دەوڵەت بھێنێتەدی.

٢- قۆناغی لاویەتی
لەم قۆناغەدا دەوڵەت ھەموو ھەوڵەکانی تەرخانکردووە بۆ چاکردنی بارودۆخی ناوخۆ و یەکێتی ئابووری و مرۆیی پێکھێناوە. لەم قۆناغەدا دەوڵەت دەست دەکات بە ھەوڵدان بۆ فراوانکردن و زیادکرنی ناوچەکانی ژێر دەستی، زۆربەی کاتیش ئەم کردارە دەبێتە ھەڕەشە بۆسەر ئاشتی جیھان، بۆنموونە ھەریەک لە وڵاتانی (ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و ژاپۆن) پێش جەنگی دووەمی جیھانی ئەم قۆناغەیان بڕیووە، ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩١١ گەیشتە ئەم قۆناغە و دووای ئەمەش ھێرشیکردە سەر ئیمپراتۆری عوسمانی، ژاپۆنیش لە ساڵی ١٩٣٥ گەیشت بەم قۆناغە.

٣- قۆناغی کامڵ بوون
لەم قۆناغەدا دەوڵەت دەگاتە قۆناغی جێگیربوون و ئارەزووەکانی بۆ فراوانخوازی بەرەو کەمبوونەوە و نەمان دەچێت. دەوڵەت لەم قۆناغەدا ھەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ بەرگریکردن لەو زەویانەی کە لە ڕابردوودا داگیری کردوونە ئەمەش بە بیانووی پاراستنی ئاشتی جیھانی، بەڵام ھەرکاتێک بەرژەوەندییەکانی کەوتنە مەترسی سڵ لە ھیچ شتێک ناکاتەوە بۆ ھەڵگیرساندنی جەنگی جیھانی. لە ئێستادا ھەریەک لە وڵاتانی (بەریتانیا و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا) لەم قۆناغەدان.

٤- قۆناغی پیربوون
لەم قۆناغەدا دەوڵەت دەگات بەو پەڕی بێھێزی، ئەم بێھێزیەش دەیخاتە بارودۆخێکی خراپ، بەجۆرێک بەشەکانی جەستەی دەبێت بە پاروێکی ئاسان بۆ لەناوچوون و ھەڵوەشانەوەی، ھەر لەم قۆناغەدا جوڵانەوەی ئازادی خوازی سەر ھەڵدەدات بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت کە پلە بە پلە دەست پێدەکات. زۆربەی ئیمپڕاتۆرەکانی پێشتر بەم قۆناغەدا تێپەڕیوون و ھەڵوەشاونەتەوە نموونە وەکوو ئیمپڕاتۆریەتی (عوسمانی، چینی و نەمسا و مەجەر).  دواتر ئەم ئیمپڕاتۆریەتانە دووبارە دەستیان بە ژیان کردۆتەوە ھاوشێوەی دەوڵەتێکی تازە لە دایکبوو، بۆنموونە ھەریەک لە دەوڵەتەکانی (تورکیا و چین و نەمسا).


سەرچاوەکان



206 بینین