باوترین هەڵە پزیشکییەکان چین؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-21-14:42:00 - کۆدی بابەت: 12189
باوترین هەڵە پزیشکییەکان چین؟

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا

هەڵەی پزیشکی (بە ئینگلیزی; Medical error, بە عەرەبی; خطأ طبي) بریتییە لەو هەڵانەی لە لایەن پزیشک یاخود کارمەند و تەکنیککاری تەندروستییە ڕوودەدەن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستی کەسەکە.  هەموو کەسێک هەڵە دەکات، بەڵام هەڵەی پزیشکان یان کارمەندانی تەندروستی بەگشتی بەژیانی تاکەکانەوە بەستراوە، بەجۆرێک لەوانەیە هەڵەی پزیشکێک ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی ژیانی کەسێک. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەر ساڵێکدا ٢٠٠٠٠٠ کەس لە ئەنجامی هەڵەی پزیشکییەوە گیان لەدەست دەدەن، و بەگشتی نزیکەی ملیۆنان کەس دەبنە قوربانی هەڵە پزیشکییەکان. ئەگەر تووشی برینداری بوویت لە ئەنجامی هەڵەی پزیشکییەوە کە لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستییەوە کراوە، تۆ مافی ئەوەت هەیە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگریتەبەر لەبەرامبەر ئەو زیانە تەندروستییانەی پێت گەشتووە.

هەڵە پزیشکییەکان لەلایەن ستافی پزیشکییەوە

لە باوترین هەڵە پزیشکییەکان کە لەلایەن ستافی پزیشکی و تەندروستییە دەکرێن و پەلدەکێشن بۆ بەدڕەفتاری پزیشکی بریتین لە:

هەڵەی دەرمان پێدان

لەنێو هەموو ئەو هەڵە پزیشکییەکانی ئەگەری ڕوودانیان هەیە هەڵەی دەرمان پێدان لە باوترینیانە و بەم هۆیەوە ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کەس دەبنە قوربانی،   نزیکەی ٣.٥ بلیۆن دۆلار تێچووەکەیەتی. نزیکەی چواریەکی حاڵەتەکان لەئەنجامی لێکچوونی ناوی دەرمانەکانەوە ڕوودەدەن. هەروەها سێیەکی هەڵەکان لەئەنجامی گرفت لە هەڵگرتن و ناونووسکردنی دەرمانەکانەوە ڕوودەدەن. گرفتێکی تر کە دەکرێت ببێتە هۆی دەرمان پێدانی هەڵە ئەوەیە کاتێک دەرمانێک بۆ کەسێک دەنووسرێت ئەوەی لێ دڵنیانەکرێتەوە کە ئەو دەرمانەی بۆی نووسراوە بەشێوازێکی خراپ کارلێک دەکات لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە لەگەڵی دا بەکاردەهێنرێن یاخود نا. هەروەها زانیاری پێنەدان بە نەخۆشەکە لەسەر بەکارهێنانی بڕی پێویستی دەرمانەکان لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە هۆکارێکی تری ڕوودانی ئەم هەڵانەیە، یانیش بە هەڵە زانیاری پێدان لەسەر بەکارهێنانی دەرمانەکان.

هەڵە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی یاخود درەنگ دەستنیشانکردنی

کاتێکی تر کە هەڵەی پزیشکی تیایدا ڕوودەدات بریتییە لە کاتی دەسنیشانکردنی نەخۆشییەکە. هەڵە دەستنیشانکردن یاخود درەنگ دەستنیشانکردن لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارەوە ڕوودەدات لەوانە:

  • هەڵە لە خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی
  • هەڵەکردن لە وەرگرتنی مێژووی نەخۆش
  • هەڵەکردن لە ناسینەوەی نەخۆشییەکان و لەڕێیەوە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.

بەداخەوە کە دەکرێت بارودۆخی پزیشکی جدی لە ئەنجامی هەڵە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەوە ڕووبدات و گرفتی گەورە بۆ نەخۆشەکە دروست بکات. ئەو دۆخە تەندروستییانەی دەکرێت بە هەڵە دەستنیشان بکرێن بریتین لە:

  • جەڵتە
  • جەڵتەی دڵ
  • گیرانی سییەکان
  • هەوکردنی پەردەی مێشک
  • هەوکردنی شانە نەرمەکانی لەش
  • هەوکردنی خوێن
  • هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە
  • شێرپەنجەی سییەکان
  • خوێن لێهاتنی پەردەی ناوەڕاستی بڕبڕەی پشت و مێشک

تێکەڵکردنی نەخۆشەکان

لەوانەیە ئەمە بە هۆکارێکی نەشیاو و ناماقول دابنرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ڕۆژانە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی زانیاری نەخۆشەکانەوە هەڵە ڕوودەدات. لەوانەیە نەشتەرکاری بۆ نەخۆشێک بکرێت، کە خۆی لە ڕاستیدا نەشتەرکارییەکە بۆ نەخۆشێکی تر نووسراوە. کە ئەمەش زیانی تەندروستی مەترسیدار بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت.

گواستنەوەی ناپێویستی خوێن

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە نیوەی حاڵەتەکانی گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆش ناپێویست بوون و نەک بەشێکنین لە چارەسەرییەکە بەڵکو لەوانەیە گرفتیان بۆ نەخۆشەکە دروستکردبێت. هەتا نەخۆشەکە بڕی زۆرتری خوێنی وەرگرتبێت مەترسی زیاتری لەسەردەبێت، تەنانەت مەترسییەکان بە ژیانی نەخۆشەکەوە بەنددەبن.

پێدانی بڕی زیاتری ئۆکسجین

ساوای پێنەگەشتوو کاتێک لەدایک دەبێت و سییەکانی بەتەواوی گەشەیان نەکردووە، پێویستی بە بڕێکی زۆری ئۆکسجین هەیە. ئەو بڕەی ئۆکسجین کە ساواکە وەریدەگرێت بەپێی کێشی ساواکە دیاری دەکرێت. پێدانی بڕێکی زۆرتری ئۆکسجین دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تەندروستی بۆ ساواکە لەوانە نابینایی.

گواستنەوەی نەخۆشییە درمەکان لە ستافی تەندروستییەوە

خەڵکی دەچنە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی دۆخی تەندروستییان باشتربێت، بەڵام دەکرێت لە ستافی نەخۆشخانەکەوە نەخۆشییان بۆ بگوازرێتەوە. نەخۆشییە درمە گوزراوەکانی کارمەند و تەکنیکاری تەندروستی یاخود پزیشک لە هەر بارودۆخێک دەکرێت بگوازرێنەوە بۆ ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن. هۆکاری نەخۆشییە درمە گوازراوەکان بریتین لە بەکتریاکان، ڤایرۆسەکان و کەڕووەکان.

شکستهێنان لە وەرگرتنی ڕەزامەندی نەخۆش

پیویستە پێش کردنی هەر چارەسەرییەک زانیاری تەواو و ورد لەسەر شێواز و جۆر و ماوەی چارەسەرییەکە بە نەخۆشەکە بدرێت. کاتێک ناتوانرێت زانیاری تەواو لەسەر چارەسەرییەکە بە نەخۆشەکە بدرێت، نەخۆش لەوانەیە ڕەزامەند نەبێت بە وەرگرتنی ئەو چارەسەرییە، ئەمەش بە جۆرێکی تری هەڵەی پزیشکی دادەنرێت.

شکستهێنان لە پێدانی زانیاری تەواو بە نەخۆشەکە بۆ چاودێریکردنی دوای چارەسەر وەرگرتنەکەی

بەزۆری لەدوای دەرچوونی نەخۆش لە نەخۆشخانە، نەخۆشەکە یاخود هاوەڵەکەی زانیارییان پێدەدرێت لەسەر ئەوەی چۆن لەماڵەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی بن. شکستهێنان لەوەی زانیاری تەواو بدرێت بە نەخۆشەکە لەسەر ئەوەی چۆن لەماڵەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی بێت دەکرێت ببێتە هۆی ڕوودانی دۆخی مەترسیداری تەندروستی.

هەڵەی نەشتەرکاری

هەڵە لە کات و جۆری نەشتەرکاریدا یەکێکی ترە لە هەڵە باوەکانی بواری پزیشکی. کە دەکرێت بریتیبن لە:

  • ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بەشێکی هەڵەی جەستە.
  • جێهێشتنی کەرەستەی نەشتەرکاری لەناو جەستەی نەخۆشەکە لەدوای کرداری نەشتەرکارییەکە. 
  • یاخود ئەنجامدانی کردەی نەشتەرکارییەکە بە شێوەیەکی ناتەواو و نادروست. 

کە ئەمانە هەموو دەبنە هۆکاری گرفتی توندی تەندروستی.

هەڵەی ئامرازە پزیشکییەکان

هەندێک جار هەڵە پزیشکییەکان تەنها بەهۆی هەڵەی پزیشک یاخود کارمەندانی تەندروستییە نابێت بەڵکو لە ئەنجامی هەڵە و ناتەواوی کارکردنی ئامراز و ئامێرە پزیشکییەکانەوە دەبێت. بۆ نموونە پزیشک نەشتەرکاری دەکات بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئامرازی پزیشکی، ئەگەر بێت و ئامرازەکە ئیشی خۆی بە باشی نەکات برینی کەسەکە بەردەوام دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی مردن. لەم کاتەدا نەخۆش و پزیشکی ئەنجامدەری پشکنین یاخود چارەسەرییەکە خاوەن ماف دەبن بەرامبەر ئەو دەزگایەی بەرپرسی دروستکردنی ئامرازە پزیشکییەکانن و یاسا دەبێت ڕێکاری خۆی بگرێتە بەر بەرامبەریان.

بریندارکردنی تازە لەدایکبوو

ئەمەش جۆرێکی تری هەڵەی پزیشکییە، لەکاتی لەدایکبوونی کۆرپەدا ڕوودەدات و دەکرێت ببێتە هۆی ناتەواوی جەستەیی یاخود تەنانەت مردنی ساوا. 


سەرچاوەکان



53 بینین