ئەسمەهان ئەترەش

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-22-06:48:00 - کۆدی بابەت: 12211
ئەسمەهان ئەترەش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەسمەهان ئەترەش یان ئسمەهان ئەتڕەش (بە عەرەبی؛ ٲسمهان اطرش، بە ئینگلیزی؛ Asmahan Al-Atrash) خانمە ئەکتەر و  هونەرمەندێکی سورییە. لە ساڵی ١٩١٨ لەدایکبووە و لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ میسڕ. هەر لە تەمەنی منداڵیدا درەوشایەوە لەسەر سەکۆی شانۆ و وتنەوەی گۆرانی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. ئەسمەهان ژیانێکی نامۆی هەبووە کە لەم چەند ساڵەی دوایی هەندێک لەو شتانە ئاشکرابوون لە بارەی ژیانی، لە کەناڵێکی تونسی کە لە لەندەن پەخش دەکرێت بەناوی "المستقلة" هەندێک لەو نهێنیانەی ژیانی ئاشکراکران لە زنجیرەیەک ئەڵقەدا لەلایەن ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری تونسی (د.محەمەد هاشمی حامیدی).

ئەسمەهان ساڵی ١٩٤٤ لە ڕووداوێکدا کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا و لە شاری مەنسوڕییە لە میسڕ بە خاک سپێردرا.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواوی ئەمەل ئەترەش 
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ٢٥-١١-١٩١٨ لە نێو کەشتییەک لە دایکبووە و شوێنێکی دیاریکراو نابێتە جێگەی لەدایکبوونی. 
بەرواری مردن و شوێنی مردن ١٤-٧-١٩٤٤ لە مەنسورییە - میسڕ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ نێژراوە. 
پیشە گۆرانی بێژ، ئەکتەر 
ماوەی چالاکی ١٩٣١-١٩٤٤ 

سەرەتای ژیان

ئەسمەهان کچی هەریەک لە فەهد ئەترەش و عالیە مونزیرە کە لە هۆزی دروزی سوریین، ئەم هۆزە کەوتوونەتە نێو سوریا و لوبنان و فەڵەستین و چەند وڵاتێکی تر و بەپێی ئامارێکی فەرمی ژمارەیان لە نێوان ٨٠٠ هەزار بۆ ١ ملیۆن کەسدایە. 

باوکی ئەسمەهان والی بووە لە کۆتا ڕۆژەکانی دەوڵەتی عوسمانی و لە شاری دیمیرچی کاری کردووە. واتا خێزانێکی ناسراو بوون. کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیزمیر بە ڕێگاوە بوون بۆئەوەی بچن بۆ بەیرووت لە ڕێگەی دەریاوە، ئەسمەهان لەناو کەشتییەکەدا لە بەرواری ٢٥-١١-١٩١٨ لەدایکبوو. چونکە لەنێو فڕۆکە و کەشتیدا شوێنی لەدایکبوون دیاری ناکرێت، هەر لەبەر ئەمەیە کە دەوترێت ئەسمەهان خەڵکی هیچ وڵاتێک نییە.

کۆچکردن بۆ میسڕ

لە ساڵی ١٩٢٢ عالیە و سێ منداڵەکەی بڕیاریاندا کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی سەلامەت و لە فەڕەنسییەکان بە دووربن، کاتێک چوونە بەیرووت. بەڵام لەوێ کاتێک زانییان بەدوایاندا دەگەڕێن ڕێگایان گۆڕی بۆ شاری حێفا لە فەڵەستین. عالیە بڕیاریدا کە کۆچ بکات بۆ قاهیرە چونکە لە نزیکەوە سەروەزیران "سەعد زەغلول"ـی دەناسی کە کەسێکی ناسۆنالیست بوو. سەعد زەغلول هاوڕێی فەهد ئەترەش بوو، بۆیە دەرگای بۆ کردنەوە هەر لەو سەردەمەدا ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی سوریا و لوبنان لە میسڕ نیشتەجێ بوون بە هۆکاری ڕامیاری لە وڵاتەکەیان کۆچیان کردبوو. 

ژیانی پیشەیی

ئەمەل یاخود ئەسمەهان، هەر لە تەمەنێکی زوودا بەهرەی دەنگ خۆشی تێدا دەرکەوت و درەوشایەوە لە نێو میسڕدا، بەهۆی ئەوەی لە سەرەتادا گۆرانی هونەرمەندەکانی تری دەوتەوە وەک محەمەد ئەلقەسبجی، زەکەریا ئەحمەد، محەمەد عەبدولوەهاب، فەرید ئەترەشی برای، ئاوازدنەری بەناوبانگ "داود حوسنی" ڕۆڵی زۆری هەبوو لە پێگەیاندنی ئەسمەهان و بوونی بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو هونەری عەرەبی. 

ئەسمەهان بەپێی یەکێک لە ئەڵقەکانی کەناڵی مستەقیلە تەمەنی ١٤-١٧ ساڵ بوو کاتێک بەشداری پێکرا لە کۆنسێرتێکی هونەری لە شاری قاهیرە لە هۆڵی ئۆپێرا. کە لەوێوە هەموو کەس شەیدای دەنگی ئەسمەهان بوون و بە جۆش و خرۆشەوە گوێیان بۆ دەگرت و کەیف خۆش دەبوون. 

ناوبانگبوونی ئەسمەهان

ئەسمەهان بە دیالێکتی عەرەبی خۆرهەڵاتی گۆرانییەکانی دەوت، هەروەها لە هۆنراوەکانیدا هەست بەوە دەکرا کە وشەی ناسیۆنالیزمی "نەتەوە پەرستی" تێدا بەدی دەکرا هەرئەمەش وایکرد بە دڵی کەسایەتییە دیارەکانی میسڕ و خانەوادەی شاهانە بێت. لەو سەردەمەشدا لە میسڕ ڕێکخراو و کەسایەتی ناسیۆنالیست زۆربوون تەنانەت لە نێو دەسەڵاتیشدا هەبوون. 

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ١٩٣٣ ئامۆزاکەی ئەسمەهان بەناوی حەسەن ئەترەش داوای هاوسەرگیری لە ئەسمەهان کرد، کە وای کرد پاش درەوشانەوەی لە دونیای هونەر، وازبهێنێت. ئەسمەهانیش بە سێ مەرج ڕازی بوو. 
یەکەم: لە دیمەشق ژیان بەسەر ببەن نەک جەبەل دروز. 
دووەم: زستانان بگەڕێنەوە بۆ قاهیرە. 
سێیەم: هەرگیز ناچاری نەکات حیجاب بپۆشێت.
حەسەن بە مەرجەکان ڕازی بوو و هاوسەرگیریان کرد، دوای ماوەیەک بوونە خاوەنی کچێک بەناوی کامیلە. بەڵام لە کۆتاییدا هاوسەرگرییەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و لە ساڵی ١٩٣٩ جیابوونەوە. لە کۆتا دادگاییدا ئەسمەهان بە هاوژینەکەی وت " من بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەگەڵت بووم. بەڵام پێم باشە بگەڕێمەوە دونیای هونەر و لەگەڵ فەریدی برام و ئوم کەلسووم کاربکەم".

نهێنییەکانی ژیانی ئەسمەهان

لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانیدا ١٩٣٩-١٩٤٥ وڵاتانی هاوپەیمان کاریان لەسەر سیخوڕی و گەیاندنی زانیاری دەکرد، پەیامەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد لە کۆنسێرت و هۆڵی شانۆ و سینەماکان. ئەسمەهان کە تازە گەڕابووەوە نێو دونیای هونەر بە شێوازێکی ڕێکتر لەلایەن هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەڕیتانیا پارەیەکی زۆری پێدرا تا کاری سیخوڕی ئەنجامبدات بۆ هاوپەیمانان و سەرپەرشتیارانی هێزی هاوپەیمانان لە وڵاتانی عەرەبی. کە بەپێی بەڵگەیەک ٤٠ هەزار پاوەنی بەڕیتانی پێدرا، ئەویش ڕازی بوو کار بۆ هاوپەیمانان بکات. 

گەڕانەوەی ئەسمەهان بۆ دونیای هونەر ئەم جارەیان جیاوازی هەبوو چونکە لەم کاتەدا تەنها بۆ خانەدانەکان گۆرانی دەوت و بەشداری لە فیلم و شانۆدا دەکرد کە هەموو کەس نەیدەتوانی بچێت بۆ شانۆ و سینەماکان بەم جۆرە ئەسمەهان وەک بوکەڵەیەک بەکاردەهێنرا لەلایەن هاوپەیمانان. 

مردنی ئەسمەهان

ئەسمەهان سەرەڕای ئەوەی سیخوڕ بوو و بریکاری نهێنی بەڕیتانیا بوو لە میسڕ، بەڵام خۆیشی لە ژێر چاودێری و سیخوڕیدا بوو لەلایەن دەزگای هەواڵگری شاهانەی بەڕیتانەوە.  کاتێک ئەسمەهان چاوی کەوت بە بریکارێکی "گێستاپۆ" پۆلیسی نهێنی نازییەکان، ڕاستەوخۆ گومانی ئەوە لە ئەسمەهان کرا کە کار بۆ نازییەکان دەکات. بۆیە بڕیاری کوشتنی درا بە جۆرێک کە هەرگیز نەزانرێت بەڕیتانیا لەناوی بردووە. کاتێک لە ڕێگادا بوو بۆ مەنسورییە لە بەرواری ١٤-٧-١٩٤٤ تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ هات و ئۆتۆمبێلەکەی ئەسمەهانی تێدابوو گڕی گرت و دەست بەجێ تیایدا سووتا و گیانی لە دەستدا. 

سەبارەت بە ڕووداوی مردنەکەی لەلایەن بەڕیتانیەکان هەرزوو پەردەپۆش کرا بەڵام دوای نزیکەی چەندین ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە هەندێک بەڵگەنامە دۆزرانەوە کە باسی لە پەیوەندی و دۆستایەتی ئەسمەهانی دەکرد لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و وەرگرتنی ٤٠ هەزار پاوەن، خاڵێکی تر کە گومان دەکرێت بەڕیتانیا ئەم کارەی کردبێت دووبارە بوونەوەی ڕووداوی لەم شێوەیە وەک ڕووداوی مردنی شازادە دیانا کە دوای جیابوونەوەی لە شازادە چارلزی پاشای بەڕیتانیا، لە پاریس بە ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا، بێجگە لەمانە چەندین جاری تر ئەو کەسانەی نزیکبوون لە بەڕیتانیا بە ڕووداوی جیایا مردوون کە هەموویان لێک نزیک بوون. 

ئەو فیلمانەی ئەسمەهان تێیدا بەشداربووە

  • سەرکەوتنی گەنجان ١٩٤١ 
  • خۆشەویستی و تۆڵە ١٩٤٤ 

هەردوو فیلمەکە بودجەکەی لەلایەن هاوپەیمانان دابینکرا و ئەسمەهان تیایدا ئەکتەری سەرەکی بوو.  


سەرچاوەکان



58 بینین