قوتابخانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-08:13:00 - کۆدی بابەت: 12459
قوتابخانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قوتابخانە یان خوێندنگە یان فێرگە (بە عەرەبی: المدرسة، بە ئینگلیزی: School) ناوەند و دامەزراوەیەکی فێرکردن و پەروەردەییە کە تێیدا خوێندکار یان قوتابی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لە زانستە جۆراوجۆرەکان لەلایەن مامۆستاوە وانە وەردەگرن، لە قوتابخانە بە چەند قۆناغێک زانست و زانیاری وەرەگرن و لەلایەن مامۆستا و کەسی پسپۆڕ فێردەکرێن. لە سەردەمی هاوچەرخدا لە زۆربەی وڵاتان خوێندن و قوتابخانەی بەزۆرە و لەسەر ئەرکی حکوومەت و دەسەڵاتداری دەوڵەت پێداویستییەکانی قوتابخانە دابین دەکرێت و هەموو منداڵێک پێویستە لە تەمەنی شەش ساڵیەوە بخرێتە بەرخوێندن. قوتابخانەکان یان لەلایەن حکوومەتەوە کە بە کە بە قوتابخانە حکوومییەکان ناسراون دادەمەزرێن بۆ هەموو کۆمەڵگا بەردەست دەبن و هەردوو ڕەگەز نێر و مێ دەتوانن بە ئازادانە بخوێنن و بێ بەامبەر پێداویستییەکان لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت، یان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کە بە قوتابخانە تایبەتییەکان یان قوتابخانە ناحکوومییەکان ناسراون دادەمەزرێن و بەڕێوەدەبرێن و بێ بەرامبەر نین.

قۆناغەکانی بەروپێشچوونی مێژووی قوتابخانە

  • مێژووی دێرین: لە سەردەمە دێرین و کلاسیکەکانەوه کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خوێندکار بۆ وەرگرتنی زانست لەدەوری کەسێکی پسپۆڕ یان مامۆستایەک یاخود کەسێکی شارەزا لە زانستەکان بوونی هەبووە. بیرۆکەی قوتابخانەی فەرمی بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە داهێنراوە، چەمکی قوتابخانە لە یۆنانی کۆن لەسەر بنەمای گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕاکان دامەزرا، قوتابخانەکان لەو سەردەمەدا پێیان دەگوترا ئەکادیمیا. نزیکەی سێ هەزار ساڵی پێش زایین لە شارستانییە دێرینەکانی وەک شارستانییەتی میسری کۆن و شارستانییەتی دۆڵی دوو ڕووبار تۆمارکردن و نووسین داهێنران، ئەوان درکیان بەوە کرد کە لەڕێگەی تۆمارکردن و نووسینەوە دەتوانن زانیارییەکانیان بپارێزن و بۆ نەوەکانی پاش خۆیان بیانگوازنەوە. بۆیە پرۆسەی نووسینەوە و تۆمارکردن سەرەتا و بنەمایەک بوو بۆ دەرکەوتنی خوێندنگە، چونکە قوتابخانە پەیوەست کرا بە نووسین و خوێندن و تۆمارکردنەوە، هاوکات سۆمەرییەکان بە داهێنەری نووسین دادەنرێن لە جیهاندا. لە شارستانی چینی کۆن بەهەمان شێوە قۆتابخانە بوونی هەبووە لە نێوان ساڵانی ١٤٣ بۆ ١٤١ پێش زایین یەکەم قوتابخانەی چینی لەلایەن خێزانی هانەوە دامەزراوە و کۆنفۆشیوس و لاوتسۆ لە مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە بوونە.
  • سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا: لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا مەبەستی سەرەکی خوێندن بریتی بوو لە فێربوونی زمانی لاتینی، خوێندنگەکان لە یەک ژوور پێکهاتبوون و بە حەوت پلە و قۆناغ دیاریکراو بوو، و بۆ کوڕ و کچ خوێندن لە قوتابخانەکانیان بەردەست بووە.
  • سەردەمی عوسمانی: ناوچەکانی ژێردەستەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان کە لە چەند ویلایەتێک پێکهاتبوون و هەر ویلایەتێک دەسەڵاتی خۆی هەبووە، بایەخیان بە دامەزراندنی خوێندنگە و قوتابخانە داوە لەسەر ئەرکی حکوومەت قوتابخانەکانیان دادەمەزراند، ناوچەکانی ئەدەنە و بۆرسە لە تورکیا بە گرنگترین ناوەندی فێربوونی ئیسلامی دادەنران. زمانی فێربوون زمانی عوسمانی بوو کە تێکەڵەیەک بوو لە زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی، هاوکات گرنگی بە خوێندنی بابەتەکانی ئیسلامی دەدرا و بابەتی ڕاڤەی قوررئان و فیقهـ و زمانی عەرەبی لە پێشەنگی بابەتەکانیان بوو. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٤ـیەم گرنگی بە زانستەکانی تریش دران و بۆ یەکەم جار کۆمەڵگەی پزیشکی لە بۆرسە دامەزرا و تێیدا زاناکان زانستە پزیشکییەکانیان دەخوێند.

واتای ناوەکەی

بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان بنەچەی وشەی قوتابخانە و قوتابی لە کوردیدا لە زمانی تورکی یان عەرەبییەوە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە وەرگیراوە، لە سەردەمی عوسمانییەکان خوێندکارەکانیان زۆرینەیان کتێبیان پێ بووە و بە (كُتاب) ناسێنراون کە وشەیەکی عەرەبییە و واتای هەڵکری کتێب دەبەخشێت، بەڵام بەپێی کات لەلایەن عوسمانییەکانەوە گۆڕانکاری بەسەر وشەکە هاتووە و ئەوان بە وشەی (قُتاب) خوێندکاری زانستەکانیان ناوزەد کراون، بە کوردیش هەر هەمان وشە بەکارهێنراوە تا دواتر ناوەکە کراوە بە قوتابخانە کە نیشانە بووە بۆ شوێنی وەرگرتنی زانست. لە زمانی عەرەبیدا وشەی (المدرسة) بەکاردەهێنرێت کە لە ڕەگی کاری (درس) وەرگیراوە کە واتای وانە خوێندن یان وەرگرتنی زانست دەبەخشێت.

پێداویستییەکانی قوتابخانە

پێداویستییەکانی قوتابخانە ئەو شتانەن کە مامۆستا و قوتابی پێویستیانە و لە وانەوتنەوە بەکاری دەهێنن و پێویستە لەلایەن حکوومەتەوە دابین بکرێن، گرنگترین پێداویستییەکان بریتین لە کتێبی وانەکان، تێنووس، تەختەی نووسین بۆ وانە وتنەوە، نەخشە و وێنە، مێز و کورسی دانیشتن بۆ خوێندکاران و چەندان بابەتی تر، لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی هەر بابەتێۆ پێداویستی خۆی هەیە بۆ نموونە پێداویستییەکان بۆ بابەتە زانستییەکان زیاتر دەبێت و هەر وانەیەکی زانستی وەکوو کیمیا و فیزیا و زیندەوەر پێویستییان بە تاقیگە و کەرەستەی تایبەتی هەیە، یان بابەتی ورزش پێداویستی تایبەتی خۆی هەیە.

جلوبەرگی قوتابخانە

زۆرێک لە خوێندنگەکانی جیهان و بە دیاریکراوی خوێندنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خوێندنگە حکوومییەکان بە جلوبەرگی تایبەتی و فەرمی پەیوەستن، بۆیە پێویست و مەرجە خوێندکار جلوبەرگی فەرمی و تایبەت بە قوتابخانەکە بپۆشێت و ڕەنکی جلەکان تۆخ و کلاسیک و فەرمین و هەر لەلایەن بەڕێوبەری قوتابخانەکان دیاری دەکرێت، هاوکات جلوبەرگەکان سەرنجڕاکێش نین و نابێت هیچ کەلوپەلێکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ جلی قوتابخانە بپۆشرێت.

قۆناغەکانی قوتابخانە

قۆناغی سەرەتایی 

خوێندنی سەرەتایی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەست پێدەکات، لەم قۆناغەدا منداڵەکە بناغەی فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و ژماردن فێردەبێت، بۆیە قۆناغی سەرەتایی زۆر گرنگە چونکە ڕێنمایی منداڵەکە دەکرێت و کەسایەتی خۆی بنیاد دەنێت. ئەم ماوەیەی تەمەنی منداڵ زۆر بایەخدارە و قوتابخانە بە ماڵی دووەمی دەناسێت. زۆرجار قۆناغی سەرەتایی شەش ساڵە و دوای ئەوە قۆناغی ناوەندی دەست پێدەکات.

قۆناغی ناوەندی

لە دوای قۆناغی سەرەتاییەوە قۆناغی ناوەندی دەست پێدەکات و سێ ساڵە، لەم قۆناغەدا خوێندکار لە تەمەنی هەرزەکاریدایە و بۆیە قۆناغێکی زۆر گرنگە چونکە کەسایەتی و حەز و خولیای کەسەکە لەم قۆناغەدا دەردەکەوێت. 

قۆناغی دواناوەندی یان ئامادەیی

قۆناغی ئامادەکارییە بۆ زانکۆ و سێ قۆناغە، لەم قۆناغە لە هەندێک سیستمی خوێندن دەکرێت قوتابی بەشی زانستی یان بەشی وێژەیی یان چەند بەشێکی وەکوو بازرگانی یاخود پیشەسازی هەڵبژێرێت و خوێندن و پسپۆڕییەکان دیاریکراو بکات، واتا لە بەشی زانستی تیشک دەخرێتە سەر بابەتە زانستییەکانی وەکوو فیزیا و کیمیا و بیرکاری بەڵام لە بەشی وێژەیی زیاتر تیشک دەخرێتە سەر بابەتە وێژەییەکانی نموونەی جوگرافیا و مێژوو و ئەدەب و بابەتی زانستی ناخوێنرێت. ماوەی ئەم قۆناغە سێ ساڵە، لە سیستمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵی کۆتایی خوێندنی ئامادەیی بناغەیە بۆ چوونە زانکۆ و دیاریکردنو وەرگرتنی پسپۆڕی. دوای تەواوکردن و کۆتاییهێنان بە قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانە و دەرچوون لە کۆتا قۆناغی ئامادەیی خوێندکار یەکەم بڕوانامەی ئەکادیمی بەدەست دەهێنێت کە بریتییە لە بڕوانامەی بەکالۆریا.


سەرچاوەکان



202 بینین