ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-09-17:02:00 - کۆدی بابەت: 12476
ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی (بە عەرەبی؛ امبراطوریة البيزنطية، بە ئینگلیزی؛ Byzantine Empire) بە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژهەڵاتیش ناسراوە. بریتییە لە دەوڵەتێکی بە ئایین مەسیحی و بە بۆچوونی سیاسی مۆناریشیزم. پایتەختی ئەم دەوڵەتە یان ئیمپڕاتۆریەتە شاری کۆنستانتیپۆل یان قوستەنتینیە کە دەکاتە شاری ئیستانبول یەکێک لە شارەکانی کۆماری تورکیا بووە. بێزەنتییەکان بە یەکێک لە ئیمپڕاتۆریەتە گرنگەکان دادەنرێن کە گرنگی زۆریان داوە بە پلانسازی ناو شارەکان و نەخشە کێشانی باڵەخانە و کۆشک و تەلار و شەقام و دروستکردنی قەڵا و پرد و قولە و چەندین پڕۆژەی تری ستراتیجی بۆ بەیەک بەستنەوەی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات بە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای پیرۆز لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.

پێش دروست بوونی دەوڵەتی بێزەنتی

بەرلەوەی دەوڵەتێکی بە ئایین مەسیحی لە ژێر کاریگەری نەریت و یاساکانی پاپادا لە ڕۆژهەڵات دەسەڵات پەیدا بکات، کولتووری فرە خواوەندی و فەلسەفەی گریک لە خاکی ئەنادۆڵدا بوونی هەبوو بەهۆی نزیکی لە خاکی یۆنانەوە کولتوور و فەرهەنگ و زمانی یۆنانی زاڵ بوو لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتیشدا ڕۆمەکان بەر لەوەی ئایینی مەسیحی ببێتە ئایینی دەوڵەتەکەیان پەیڕەویان لە کولتوور و دابونەریتی یۆنان دەکرد بەر لە هاتنە دونیای پەیامبەر عیسا و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لە ناوچەکەدا. 

لە سەدەی چوارەمی پێش زایینیدا ئەلیکساندەری مەزن ئیمپڕاتۆری مەکدۆنیا دەروازەی داگیرکاری کردەوە بەرەو ڕۆژهەڵات و توانی شەڕ لەگەڵ ئیمپڕاتۆریەتی هاخەمەنشی فارسەکان بکات و تێکیان بشکێنێت بەمەش بیروباوەڕی فرەخواوەندی و کولتووری گریک گەیشتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕۆم و یۆنان

ئەسکەندەر ساڵی ٣٢٣ پێش زایین کۆچی دوایی کرد و دوای مردنی ئیمپڕاتۆریەتەکەی دابەشبوو بۆ چەند یەکەیەکی کارگێڕی کە بە "دیادۆچی" یاخود میرنشینی بچووک بچووک دابەشبوون کە لەسەر کولتوور و دابونەریتی یۆنانی بەڕێوە دەبران لەلایەن میراتگرانی ئەسکەندەر. کە تا سەدەی چوارەمی زایینی ئەم میرنشینانە بوونیان هەبوو، لە سەدەی چوارەمدا کۆماری ڕۆما ناکۆکی هەبوو لەگەڵ یۆنانییەکان بەمەش چەندین جەنگ لەسەر خاکی بەجێماوی ئەسکەندەری مەکدۆنی ڕوویاندا و لە ئەنجامیشدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کە ئەنادۆڵ بوو لەلایەن ڕۆمەکانەوە داگیرکرا پاش زنجیرەیەک جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەی سەخت لەگەڵ میرنشینەکاندا توانرا ئەم بەشە داگیربکەن کە بە ئەنادۆڵ ناسراوە. 

مێژووی بێزەنتییەکان

دەوڵەتی بێزەنتی نیوەی خاکی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم بوو کە بە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای پیرۆز ناسراوە کە ئەم دەوڵەتە دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕۆم و نزیک بە ١٠٠٠ ساڵ لە حووکمڕانیدا بوو سەرەڕای ئەوەی چەندین جار تووشی قەیران و جەنگ هاتوون بەڵام لە هێز و توانا و دەسەڵات نەکەوتوون. هۆکاری ئەمانە دەگەڕێننەوە بۆ پارێزگاری کردنی خواوەندەکان لێیان (بەر لە هاتنی مەسیح) و دوای هاتنی ئایینی مەسیحیش خۆیان بە میراتگری ئایینەکە دەزانی. 

بێزەنتییەکان پێیان وابوو عیسا کوڕی خودایە و هەر لەبەرئەمەش زۆر گرنگیان بەوە داوە لە کۆشک و تەلار و کڵێساکانیاندا وێنەی مریەمی پاکیزە و پەیامبەر عیسا لەسەر دیوارەکان بنەخشێنن تا خودا بەزەیی پێیاندا بێتەوە، ڕۆحیان بپارێزێت لە ڕۆحە شەڕەنگێزەکان و خراپەکارەکان. 

دروست بوونی دەوڵەتی بێزەنتین

بە پێیسەرچاوەکانی مێژوو دروست بوونی دەوڵەتی بێزەنتی یان ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٩٥ی زایینی و بە یەکێک لە هەرە شارستانییەتە گرنگەکان دادەنرێت لە مێژوودا کە هەم لە هونەر و ئەدەب و تەلارسازیدا ڕۆڵی بێ وێنەیان گێڕاوە، ئەویش لە ژێر کاریگەری کولتوور و دابونەریتی یۆنانی. ئەم ئیمپڕاتۆریەتە تەمەنی نزیک بە ١٠٠٠ ساڵ بووە تا کۆتایی هاتنی لەلایەن عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣ کۆتاییان هات. 

جیاوازی چییە لە نێوان بێزەنتییەکان و ڕۆمەکان؟ 

دەوڵەتی بێزەنتی بەشی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی ڕۆمای گەورە بوو بەڵام بەوە جیا دەکرێتەوە کە بێزەنتییەکان بۆ ١٠٠٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا مانەوە تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی کۆماری ڕۆما. دەوڵەتی ڕۆم بەوە دەناسرێتەوە کە حووکمی شامیان کردووە لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامدا و لەلایەن خالیدی کوڕی وەلید بە فەرمانی ئەمیری موسڵمانان خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب دووەم خەلیفە و جێنشینی پێغەمبەر محەمەد سەلامی خوای لێبێت، توانی عێراق و شام لە ڕۆمەکان بسێنێت و ئاڵای ئیسلامی تێدا بشەکێنێتەوە. 

ناوی دەوڵەتی بێزەنتی لە چییەوە هاتووە؟ 

مێژوونووسانی ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا دەڵێن ناوی بێزەنتی لەناوی ئەو خاکە وەرگیراوە کە تیایدا دەسەڵاتدار بوون کە بە کۆنترین نەخشە بۆمان مابێتەوە ئەنادۆڵ لەلای گریکەکان بە بێزەنتوس ناوبراوە کە دوای داگیرکردنیشی لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە لەبەر کاریگەربوون بە مێژوو و ئەدەب و زانست و کولتووری گریک ناوی خۆیان کرد بە بێزەنتوس یان بێزەنتیس کە ئێمە بە بێزەنتی ناوی دەهێنین.

سنووری دەسەڵاتی بێزەنتییەکان کوێی دەگرتەوە؟ 

مێژوونووسان دەڵێن دەوڵەتی بێزەنتی ئەو خاکەی دەگرتەوە کە دەکەوێتە ئیتاڵیا، یۆنان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و دەریای ناوەڕاست. ئەم سنوورە لە لوتکەی دەسەڵاتیاندا تۆمار کراوە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆر جوستنیانی یەکەم لە سەدەی شەشەمدا، کە هەموو ئەم خاکە خۆی حووکمی کردووە بەڵام لە سەدەی ١١ دا قەڵەم ڕەوی بێزەنتییەکان ڕووی لە کەمی کردووە و زۆر ناوچەی لە دەستداوە. 

ئایا بێزەنتییەکان پەیڕەوی ڕەهای ئایینی مەسیحی بوون؟ 

وەک چۆن دڵنیان لەوەی ڕۆمی ڕەسەنن ئاواش دانیشتوان و ئیمپڕاتۆرەکان خۆیان بە میراتگری ئایینی مەسیحی دەزانن، پێیان وایە هەموو مەسیحییەک هەمان چارەنووسی دەبێت. هەر لەبەر ئەمەش گرنگی زۆریانداوە بە دروستکردنی کڵێسای گەورە کە بە "کەسیدراڵ" ناسراون لە شار و شارۆچکەکاندا. و ڕازاندنەوەی ناو کڵێساکانیشیان لە یاد نەکردووە. پێیان وابووە هەموو کڵێسایەک دەبێت وێنەی مریەمی پاکیزە و عیسای پەیامبەری تێدابێت تا ڕۆحە خراپەکارەکان نەتوانن بێنە لەشیانەوە و توشی تاوانیان بکەن. 

زمانی فەرمی لە دەوڵەتی بێزەنتی چی بووە؟ 

وەک باسمان کرد لە ئەورووپادا کولتووری یۆنانی یان گریکی زاڵترین کولتوور بوو، هەموو وڵاتانی ئەورووپا لەژێر کاریگەری بیرمەندە یۆنانییەکان هەوڵی فێربوونیان داوە، جا ئیتاڵیاش و هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژهەڵات "بێزەنتی" و ڕۆمای ڕۆژاوا "کۆماری ڕۆم" لەم خاڵەدا هاوبەش بوون هەر لەبەر کاریگەری میتۆلۆجیای گریک ڕۆمەکانیش میتۆلۆجیای خۆیان داڕشت بەناوی میتۆلۆجیای ڕۆم که چیرۆکی ئەفسانەیی و پەرەسەندنی خوداوەندەکانیان بە شێوەی هۆنراوە نووسیبوەوە. جا ئەم کاریگەری شارستانیەتی یۆنان وای کردووە تا ئەم سەردەمەش لە زۆر بواردا زمانی لاتین و پیت و دەستەواژەی یۆنانی بەکاربێت. بەنموونە لە فیزیادا چەمک و هێماکان لە یۆنانییەوە وەرگیراون. کەواتە دەتوانین بڵێین زمانی فەرمی دەوڵەتەکە لاتینی بووە کە هەمان زمانی بەکارهاتوو بووە لە یۆنان.

ڕژێمی حووکمڕانی بێزەنتییەکان چی بووە؟ 

بە گوێرەی دەقە مێژووییەکان مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی مۆناریشیزم حووکمی ڕەهای بێزەنتییەکان بووە، گەر پێناسەیەکی ئەم ڕژێمە بکەین بریتییە لە حووکمی پاشایەتی بەڵام سیمای دیموکراتیسیزم بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەیە لە ڕژێمەکەدا "ئیمپڕاتۆر" هەر بە پشتاوپشت دەسەڵات وەردەگرێت بەڵام لە دەوڵەتدا پیاوانی یاسا و سیاسەتمەداران و نوێنەرانی ئیمپڕاتۆر لە هەرێمەکان و بەرپرسانی باج کۆکردنەوە ئەمانە گشتیان بە هەڵبژاردن دەچنە پۆستەکانیان. کە ئەم شێوازە لە ڕۆژگاری ئێمەدا وڵاتە پاشاگەردانییەکانی ئەورووپا کە تا ئێستا پاشا و شاژن حووکم دەکەن هەیە. وەک بەڕیتانیا بنەماڵەی شاهانە پشتاوپشت حووکم دەکەن بەڵام وەزیرەکان و ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی دەوڵەت بە هەڵبژاردن پۆستەکانیان وەردەگرن. 

ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسەت

لایەنی ئابووری لە ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتیدا گەلێک باش بووە بەوەی حکوومەتە یەک لە دواکان گرنگی زۆریان بە پتەو کردنی ژێرخانی ئابووری داوە. بە شێوازێکی ڕێکخراو و یەکخراو باج کۆکراوەتەوە ئەو کەسانەی خانەدان بوون باجی زیاتریان لێ وەرگیراوە، ئەو کەسانەی کەم دەرامەت بوون کەمتر باجیان لێ وەرگیراوە. لە دەوڵەتدا گرنگی زۆر بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەرهەمی تازە دراوە. گەر کەسێک لە بابەتە خۆراکییەکان خوادنی کۆنی فرۆشتبێت سزای مەرگ دراوە. بەم جۆرە تیمی چاودێری بازاڕەکان و گومرگ بوونی هەبووە کە کەلوپەل لە گوندەکان هێنراوە بۆ سایلۆکان و بازاڕ پشکنین کراوە بۆ هەموو کاروانە هاتووەکان. پاش دڵنیابوون ڕێگە دراوە بەوەی بەرهەمەکە ساغ بێتەوە. 

لیژنەی تایبەت هەبووە بە چاودێری نرخ لە بازاڕدا گەر خواست لە خستنە ڕوو زیاتر بووبێت ئەوا بەرپرسی چاودێری بازاڕ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرا کەوا بۆچی ڕێگەی داوە خواست لە خستنە ڕوو زیاتر بێت. کەم ڕستەیە بە واتای ئەوە دێت کاتێک بەرهەمێک کەم دەکات ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک خواستیان بۆی زیاد دەکات بەمەش نرخ زیاد دەکات و هەڵئاوسان ڕوودەدات. 

سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک، ئەو شوێنانەی ئاوەدانی بوون لە ڕووی ئاسایش پارێزراو بوون، بەڵام چۆڵەوانییەکان هەرگیز ئارام نەبوون، هەندێک جار تاوان کراوە ساڵانێک گومان لێکراوان دەستگیرنەکراون. تا لە کۆتایی بابەتەکە داخراوە. 

سەبارەت بە سیاسەتمەداران، ئەو کەسەی دەچووە دیوانی قەیسەر یان ئیمپڕاتۆر و خزمەتی دەکرد دەبوو ئەزموون و زانستی هەبایە لە کارەکەیدا، بە تەنها یەکێکیان هەرگیز پێی نەدەوترا پیاوی سیاسەت. بە تایبەتیش دەبوو فەلسەفە و نووسراوە سیاسییەکانی بیرمەندانی یۆنانی و ئیتاڵی بخوێننەوە و شیکردنەوەی بۆ بکەن. دەبوو لە هەموو بارودۆخێکدا ڕێگە چارەیان هەبایە، ئەگەر لە بارودۆخێکدا بێدەنگ بان، ئەوا بە تۆمەتی ئەوەی تەنها بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی بوونه سیاسەتمەدار سزا دەدران.

ئەم یاسا و ڕێسایانە وایکرد بێزەنتییەکان ١٠٠٠ ساڵ لە حووکمدا بمێننەوە و هەرگیز خەڵک و دەسەڵاتانی تر لێیان هەڵنەگەڕێنەوە و هەوڵی لەناو بردنیان نەدەن، بەڵام هۆکاری ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی ئەورووپی هەوڵی داگیرکردنی نەدان ئەوەبوو پاپاکان لە ناوجەرگەی دەوڵەتەکە فتوایان دەردەکرد و داگیرکارییەکانیان ڕادەگرت. 

سەدەی ١١ قەیران و لاواز

تا سەدەی ١١ بێزەنتییەکان بێ هیچ کێشەیەک حووکمیان دەکرد و لە جەنگەکاندا یان براوە دەبوون یان یەکسان و هەندێک جاریش شکستیان هێناوە. بەڵام سەدەی ١١ یەم ماوەیەکی دژوار بوو بە گوێرەی بێزەنتییەکان. بەتایبەتی لایەنی سەربازی کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکان و سیاسییەکان ناچار بوون ڕژێمی ئاوتۆکراسی سەربازی پەیڕەو بکەن کە ئەویش بریتیبوو لە هێنانی هەموو نێرینەیەک بۆ سوپا بێ گوێدانە چینایەتی و پیشە و ڕەگەز و تەمەن، بە ڕاهێنانی کەم مەشقیان پێ دەکرا و دەهاتنە ڕیزی سوپا تا ڕێژەی سەرباز زیادبکەن و جەنگی زیاتر ببنەوە دەبوو بەم جۆرە بکەن. ئەمەش دروستکردنی میلیشیا و هێزی نافەرمی هێنایە بوون. 

وتەیەک هەیە دەڵێت: بوونی میلیشیا لە وڵاتدا ناسەقامگیری ئارامی و ئاسایش دێنێتە بوون. لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی زیادبوونی گەندەڵی لە سوپا و کایەکانی دەوڵەتدا. 

کۆتایی هاتنی بێزەنتییەکان

پاش ١٠٠٠ ساڵ حووکمڕانی لە ئەنادۆڵ میرنشینێک لە ١٢٠٠ کاندا دروستبوو کە پاشماوەی گەلانی قەوقاس بوون کە لەبەر مەترسی داگیرکاری مەغۆلەکان ئاوارەی ئەنادۆڵ ببوون ئەم میرنشینە لەلایەن عوسمانی کوڕی ئارتۆغرول دامەزرا و بە میرنشینی عوسمانی ناوی دەرکرد هەر زوو بوونە خاوەنی هێزێکی تۆکمە و بڕیاریاندا دەوڵەتێک بۆ خۆیان لەسەر خاکی ئەنادۆڵ دروست بکەن، چەندین جار هەوڵی داگیرکردنی خاکی بێزەنتییەکانیان دا بەڵام لە شاری کۆنستانتیناپۆل "ئیستانبول" شکستیان دەهێنا بەهۆی ئەوەی شارەکە بە شورایەکی بەهێز و تۆکمە دەور درابوو و بەرگری لێدەکرا.

بەڵام لە ساڵی ١٤٥٣ لەسەر دەستی سوڵتان محەمەدی دووەم ناسراو بە محەمەد فاتیح چەندین گورزی بەهێز و کاریگەر درا لە بێزەنتییەکان تا سەرەنجام توانرا شاری قوستەنتینییە فەتح بکەن و کۆتایی بە ئیمپڕاتۆرییەتە ١٠٠٠ ساڵییەکە بهێنن، بەمەش دەرگای فتوحات بە ڕووی عوسمانییەکاندا کرایەوە تا زیاتر بەرەو ڕۆژاوا بچن. 


سەرچاوەکان



83 بینین