سزا کارگێڕییەکان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-12-14:42:00 - کۆدی بابەت: 12487
سزا کارگێڕییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سزا کارگێڕییەکان (بە عەرەبی: عقوبات الإدارية، بە ئینگلیزی: Administrative penalties)، لەکاتی دامەزراندنی فەرمانبەرێک لە پۆستێکی پیشەیدا کۆمەڵێک ئەرک دەکەوێتە سەرشانی و کۆمەڵێک کار هەیە کە قەدەغەکراون، بەڵام گەر فەرمانبەر سەرپێچی بکات لەو ئەرکانەی کە پێیدەسپێردرێت و ئەو قەدەغانە ئەنجام بدات ئەوا دەبێتە هۆی سەپاندنی یەکێک لەم سزا کارگێڕییانە کە لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کە لە ماددەی ٨ لە یاسای سزادانی عێراقی دیاریکراووە.

جۆرەکانی سزا کارگێڕییەکان

١- لفت النظر: سەپاندنی ئەم سزایە دەبێتە هۆی دواخستنی سەرمووچە یان پلەبەرزکردنەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ.
٢- ئاگادارکردنەوە (الانذار): سەپاندنی ئەم سزایە دەبێتە هۆی دواخستنی سەرمووچە یان پلەبەرزکردنەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ.
٣-بڕینی مووچە (قطع راتب): بریتییە لە بڕینی مووچەی ڕۆژانەی فەرمانبەرێک بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە ١٠ڕۆژ بە فەرمانێکی نووسراو کە تیایدا ئاماژە بە سەرپێچی فەرمانبەرەکە دەدرێت کە بە هۆیەوە سزا دراوە. ئەم سزایە دەبێتە هۆی دواکەوتنی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەووە بەم شێوەیە:

  • ٥ مانگ سەرمووچە و پلەبەرزکردنەووە دوادەکەوێت ئەگەر هاتوو سزاکەی لە ٥ ڕۆژ کەمتر بوو.
  • بۆ هەر ڕۆژەو مانگێک ئەگەر هاتوو سزاکە لە ٥ ڕۆژ زیاتربوو.

٤- سەرزەنشتکردن (التوبيخ): سەپاندنی ئەم سزایە دەبێتە هۆی دواخستنی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە بۆ ماوەی ١ ساڵ.
٥- کەمکردنەوەی مووچە (انقاص الراتب): سەپاندنی ئەم سزایە بە بڕینی بڕێک پارە دەبێت لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەر کە لە ڕێژەی ١٠٪ زیاتر نییە و لە ماوەی ٦ مانگ کەمتر نییە و لە ماوەی ٢ ساڵ زیاتر نییە، کە دەبێتە هۆی دواخستنی سەرمووچە یان پلەبەرزکردنەووە بۆ ماوەی ٢ ساڵ.
٦- داگرتنی پلە (تنزیل الدرجة): بریتییە لە دابەزاندنی مووچەی فەرمانبەرێک بۆ نزمترین ئاست لە پلەی خوار پلەکەی خۆی و پێدانی سەرمووچەی ئەو پلەیە بۆ ماوەی ٣ ساڵ و گێڕانەوەی بۆ ئەو مووچەیەی کە پێش سەپاندنی سزاکە وەریدەگرت، و ئەژمارکردنی ئەو ماوەیەی لە پلەکەی خۆیدا لە پێش سەپاندنی سزاکە هەیبوو.
٧- دوورخستنەوە (الفضل): بریتییە لە دورخستنەوەی فەرمانبەر لە پیشەکەی بۆ ماوەیەک کە لە فەرمانی دوورخستنەوەکە دیاری دەکرێت بۆ ئەم ماوانەی خوارەووە:

  • بۆ ماوەیەک لە ساڵیک کەمتر نەبێت و لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر هاتوو فەرمانبەر لە ماوەی ٥ ساڵدا سزادرا بە دوو لەم سزایانەی خوارەوە یاخود دووجار بە یەکێک لەم سزایانەی خوارەوە و هەر لەم ماوەیەدا شایستەبوو بە سزا بۆ جاری سێیەم (سەرزەنشتکررن، کەمکردنەوەی مووچە، داگرتنی پلە).
  • ماوەی مانەوەی فەرمانبەر لە زینداندا ئەگەر هاتوو سزادرابوو بە بەندکردن (حبس) یاخود زیندانی کردن (سجن) بە تاوانێکی ئابڕووبەر ئەمەش لە بەرواری دەرچوونی حوکمەوە، و ماوەی دەست بەسەرکردنەکەی دەخرێتە ماوەی دوورخستنەوەکەوە.

٨- دوورخستنەوەی هەمیشەیی (العزل): بریتییە لە دوور خستنەوەی فەرمانبەر لە پیشەکەی بە شێوەیەکی کۆتای و بۆ هەمیشە، و نەگەڕانەوەی بۆ پیشە لە هیچ فەرمانگەیەکی دەوڵەت بە فەرمانێکی وەزیر کە تیایدا هۆکارەکەی ڕوونکراوەتەوە لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا:

  • ئەگەر سەلمێندرا کارێکی مەترسیداری ئەنجام داوە بەشێوەیەک مانەوەی لە پیشەکەیدا زیان بگەیەنێت بە بەرژەوەندی گشتی.
  • ئەگەر حوکم درا بە تاوانێک کە بەهۆی پیشەکەیەوە ئەنجامی داوە یاخود بە سیفەتی فەرمی ئەنجامی داوە.
  • ئەگەر سزا درا بە دوورخستنەوە و لە دوای گەڕانەوەی کارێکی کرد کە شایستەی دوورخستنەوە بوویەوە.


سەرچاوەکان



77 بینین