بنەماکانی جیاکردنەوەی شار لە گوند

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-04-12-16:48:00 - کۆدی بابەت: 12496
بنەماکانی جیاکردنەوەی شار لە گوند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بنەماکانی جیاکردنەوەی شار لە گوند (بە عەرەبی: مبادئ فصل المدن عن الريف، بە ئینگلیزی: Principles of separation of urban from rural). مرۆڤ لەسەرەتای پەیدابوونییەوە بە شێوەیەکی نارێک بەسەر زەویدا بڵاوبۆتەوە، بە جۆرێک سەرەتای سەرھەڵدانی ژیانی مرۆڤ لە نزیک ڕووبەرە ئاوییەکان بووە و بەم شێوەیەش جۆرێک لە شارستانییەتی بۆخۆی دروستکردووە وەکوو شارستانییەتییەکانی (میزۆپۆتۆمیا لەخ عێراق، میسرییە کۆناکان لە نیل، یۆنانی، ھیندییەکان لەسەر ڕووباری یانگستی) دوای ئەوەی مرۆڤ بیری لە پەیداکردنی خۆراک کردەوە پێویستی بەوەبوو بیر لە دروستکردنی پەناگەیەک بکاتەوە بۆ حەوانەوەی و پارێزگاریکردن و پاراستنی خۆی، ئەوەبووە چەند خانوویەکی لە نزیک یەکتر دروستکردووە و ناونراوە بە گوند، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی مرۆڤ بە چەندین قۆناغی جیاجیا گوندەکان بوونە بە شار بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و فراوانبوونی ڕووبەریان، دوای چەندین گوندی نوێتر پەیدابوونە لەگەڵ چەندین شاری تازە، بۆیە پێویستە کۆمەڵێک بنەما و پێوەر ھەبن بۆ ئەوەی جیاوازی بکرێت لە نێوان گوند و شارەکان و لە یەکتری جیابکرێنەوە.

بنەماکانی جیاکردنەوەی شار لە گوند

بۆ جیاکردنەوەی شار و گوند لە یەکتر چەند بنەمایەکی جیاواز ھەن کە شارەکانی پێ لە گوندەکان جیادەکرێتەوە:

١- بنەمای قەبارەی دانیشتوان: ھەمیشە شارەکان بە زۆری و بەرزی ژمارەی دانیشتوان و پانتایی ڕووبەر و جۆراوجۆری خزمەتگوزارییەکان لە گوندەکان جیادەکرێنەوە، ھەربۆیە شارەکان ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە و چڕی دانیشتوان لە شارەکان بەرزترە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی ھەموو شارەکان وەکوو یەک نییە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر وە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بۆنموونە لە وڵاتی دانیماڕک کەمترین ئاستی ژمارەی دانیشتوان تۆمارکراوە کە (٢٥٠) کەسە لە شارێکدا، لە ئایسلەندە (٣٠٠) کەسە لە شارێکدا، لە وڵاتەیە کگرتووەکانی ئەمریکا (٢٥٠٠) کەسە لە شارێکدا و لە یۆنان و تایلەند و ئیسپانیا (.١٠٠٠) کەسە لە شارێکدا و لە ھۆڵەندا (٢٠٠٠٠) کەسە لە شارێکدا.

٢- چڕی دانیشتوان: بریتییە لە تێکڕای ژمارەی تاک لە ڕووبەرێکی دیاریکراو یان یەکەیەکی دیاریکراو، پێوانە دەکرێت بە (مەتر چوارگۆشە، کیلۆمەتر چوارگۆشە، میل چوارگۆشە یان ھێکتار - دۆنم چوارگۆشە)، بۆ دۆزینەوەی  چڕی دانیشتوان لە شارێک یان وڵاتێک ئەم ھاوکێشەیە بەکاردێت (چڕی گشتی دانیشتوان یەکسانە بە ژمارەی دانیشتوان دابەش ڕووپێوی چوارگۆشە یان ڕووبەری گشتی ناوچەکە).

چڕی دانیشتوان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر وە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر جیاوازە، بۆنموونە ھیندستان ژمارەی دانیشتوان لە گوندێکدا زیاتر نەبێت لە (٥٠٠٠) و چڕی دانیشتوانی لە (١٠٠٠) کەس کەمتر نەبێت لە کیلۆمەترێک چوارگۆشە، ئەوا تایبەتمەندییەکانی شار وەردەگرێت. یان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتوان لە گوندێکدا لە (٢٥٠٠) کەس بێت و چڕی دانیشتوانی لە (١٠٠٠) کەس کەمتر نەبێت لە کیلۆمەترچوار گۆشە بە شار دادەنرێت.

بەرزی و نزمی ژمارەی دانیشتوان و کەمی و فراوانی ڕووبەری دانیشتوان کاریگەری دەکاتە سەر چڕی دانیشتوان، بۆنموونە لە گوندێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەمە و چڕی دانیشتوان لە چەند مەترێک یان کیلۆمەترێک چوارگۆشە نزمە، سەبارەت بەشارەکان ئەو شارانەی ڕووبەریان کەم و ژمارەی دانیشتوانیان بەرزە ئەوا چڕی دانیشتوان لەو جۆرە شارانە بەرز دەبێتەوە لە چەند کیلۆمەترێک چوارگۆشە وەکوو شارەکانی (نیۆڕک و میسر و چین و ھیندستان).

٣- بنەمای کارگێڕی: شار ناوەندێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کاروبارە کارگێڕییەکان، واتە ناوەندێکە کە دامەزراوە حکوومەییەکانی وەکوو (بەڕێوبەرایەتی، وەزارەت، پەرلەمان، پارێزگا، قایمقامیەت، دەستەڵاتی دادوەری) تیادا کۆبوونەتەوە، بە پێچەوانەوە لە گوندەکان ئەو دامەزراوە حکوومییانە نابینرێن، ئەمەش دەبێتە یەکێک لە گرنگترین بنەماکان بۆ جیاکردنەوەی شار لە گوند. 

٤- بنەمای مێژووی: مێژوو ڕووخسارێکی شیاو و پەسندە بۆ ناساندنی شار و گوندەکان، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دۆزینەوەی ئاسارە مێژووییەکانی وەکوو قەڵا و قولەکان بەسن بۆ دڵنیابوون لە بوونی شار، بەڵام ئەم بنەمایە چەند کەم و کورتییەکی تیایە وەکوو بنەمای مێژووی تەنھا ئەو شارانە دەگرێتەوە کە شاری مێژووین واتە خاوەن مێژوویەکی کۆنی نیشتەجێوونن وەکوو (ھەولێر، سلێمانی و بەغداد)، واتە ئەو شارانە ناگرێتەوە کە شاری تازە دروستبوون و مێژوویەکی لە مێژینەیان نییە، گرفتێکی تری ئەم بنەمایە ھەموو ئەو شارانەی لە ئێستادا پێشکەوتوون لە ڕابردوو و سەرەتای دروستبوونیان تەنھا گوندێک بوونە، بۆیە ئەمەش کاتێکی تەواوی دەوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە مێژووی ئەو شارانە.

٥- بنەمای پیشەیی: شار ناوەندێکە بۆ کۆبوونەوە و بەیەکگەیشتنی ڕێگاکان و بەرژەوەندییە بازرگانی و ڕامیارییەکان و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان، دانیشتوانی شارەکان زیاتر پشت دەبەستن بە پیشەکانی (بازرگانی و پیشەسازی و کارگێڕی) ئەمەش لە کاتێکدایە کە گوندەکان بە سەبەتەی خۆراکی شارەکان ناسراون، پیشەی سەرەکی دانیشتوانی گوندەکان (کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە) دواتر ئەو بەرھەمانەی لەخۆیان زیادە لە بازاڕی شارەکان ساغی دەکەنەوە.

٦- بنەمای کۆمەڵایەتی: پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتی بۆچوونیان وایە کە شار ناوەندێکە کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگاکانی ژیانی شارنشینی تیادا کۆبۆتەوە، بە جۆرێک کە شێوازی ژیان و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی شارەکان زۆر جیاوازە لە گوندەکان، واتە لە شاردا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاکەکان سنووردار و لاوازە، بە پێچەوانەوە لە گوندەکان ئەو پەیوەندییە زۆر بەھێزە و ھەموو دانیشتوان ئاگاداری بارودۆخی یەکترن و پەیوەندی خێزانی و خزمایەتی و کاری ھەرەوەزی گیانی تەبایی بۆتە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ بەھێزبوونی بنەمای کۆمەڵایەتی لە گوندەکان

٧- بنەمای ڕووخساری گشتی شار: شار بە لوتکەی پێشکەوتنی ئاستی ڕۆشنبیر و ئابووری و بازرگانی و ھاتووچۆ و گواستنەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دادەنرێت، لە شاردا چەندین دیاردە ھەن کە مرۆڤ دەتوانێت بە چاو بیان بینێت وەکوو (باڵەخانە، جۆراوجۆری ڕێگاوبانەکان، بانک، دامەزراوە پیشەسازی و بازرگانییەکان، چەندین جۆری جیاواز لە بەکارھێنانی زەوی لە بواری ئابووری بەگشتی و پیشەسازی و بازرگانی بەتایبەتی)، لە کاتێکدا گوندەکان شێواز و ڕووخساری خانووەکانیان و کەرەستەی بەکارھاتوو بۆ دروستکردنی خانوو و شەقامەکان و تەنانەت شێوازی ژیانیش زۆر جیاوازە لەگەڵ شارەکان.

لە شارەکاندا خانوو و باڵەخانەکان بەرزن و لە چەندین نھۆم پێکھاتوون، بەڵام لە گوندەکان نزمن و یەک نھۆمین و بەرزترین خانوو لە گوند دوونھۆمە. لە شارەکاندا کەرەستەی جیاواز و سەردەمیانە بەکاردێت بۆ ڕووپۆشکردنی خانوو و باڵەخانەکان وەکوو (ئاسن، ئەلەمنیۆم، PVC، فوگە، بەردی مەمەڕ) بەڵام کەرەستەی بەکارھاتوو بۆ دروستکردنی خانوو لە گوندەکان بریتییە لە (دار و بەرد و قوڕ). لە شارەکان شەقامەکان فراوان و پانتایەکی تەواو بەدی دەکرێت لەگەڵ تێبینی کردنی ڕووبەری سەوزایی لە ناوەڕاستی شەقامەکان وەکوو جوانکاری، بەڵام لە گوندەکان شەقامەکان پێچاوپێچ و تەسکن.

شارەکان ژمارەی دانیشتوانیان بەرزترە و چڕیان زیاترە، بە پێچەوانەوە گوندەکان ژمارەی دانیشتوانیان کەمترە و چڕی دانیشتوانیان نزمترە. ھیچ جۆرێک لە بەکارھێنانی زەوی بازرگانی و پیشەسازی لە گوندەکان نابینرێت جگە لە زەوی کشتوکاڵی، بەڵام لە شارەکان ئەم جۆرە زەویانە بە ئاسانی بەرچاو دەکەون. ھەربۆیە جیاکردنەوەی گوند لە شار کارێکی ئاسان نییە، بەڵکوو کارێکی زۆر قوڕسە و ناتوانرێت بۆ جیاکردنەوەیان تەنھا پشت بە دووبنەما یان (پێوەر) ببەسترێت.


سەرچاوەکان



80 بینین