بنەماکانی نووسینی ڕاپۆرتی زانستی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-04-12-17:07:00 - کۆدی بابەت: 12497
بنەماکانی نووسینی ڕاپۆرتی زانستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بنەماکانی نووسینی ڕاپۆرتی زانستی (بە عەرەبی: مبادئ كتابة التقارير العلمية، بە ئینگلیزی: The principles of scientific reporting). ڕاپۆرتی زانستی بریتییە لە کۆکردنەوە و ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و شیکردنەوەی کۆمەڵێک داتا و زانیاری لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز، بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی زانستییانە یاخود ڕاپۆرتی زانستی ھونەر و تەکنیک و زانستە لە بوارێکی دیاریکراوی زانستیدا.

گرنگترین جۆرەکانی ڕاپۆرت

١- ڕاپۆرتی مەیدانی
٢- ڕاپۆرتی تیۆری
٣- ڕاپۆرتی پراکتیکی
٤- ڕاپۆرتی ھاوبەش (تیۆری و پراکتیکی)
٥- ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی یان میدیایی
٦- ڕاپۆرت بە شێوەی ڤیدیۆ یان دۆکیۆمێنتەری
٧- ڕاپۆرتی پزیشکی
٨- ڕاپۆرتی بەرگری شارستانی
٨- ڕاپۆرتی ڕێکخراوای وڵاتان

ئەمانە و چەندین جۆری تری ڕاپۆرت ھەن بەڵام ھەموو ئەم جۆرانەش لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکی تر جیاوازن، تەنانەت ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر ئاستی دامەزراوە حکوومییەکان وەکوو (زانکۆ و پەیمانگاکان) دەنووسرێن جیاوازن لەگەڵ جۆرەکانی تر ڕاپۆرت کە لە دامەزراوەکانی تر دەنووسرێن، بە جۆرێک ڕاپۆرتێک لە بواری جوگرافی زۆر جیاوازە لەگەڵ ڕاپۆرتێک لە بواری مێژوو یان کۆمەڵناسی یان فیزیا یان بوارێکی پزیشکی، بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی بڕیار لەسەر چۆنییەتی و شێوازی داڕشتنی ڕاپۆرت دەدات بریتییە لە ناونیشان و ئەو بوارەی کە ڕاپۆرتەکەی لەسەر دەنووسرێت. بۆ نووسینی ڕاپۆرتە زانستییەکان کۆمەڵێک مەرج ھەن دەبێت نووسەر زۆر بە وردی لەبەرچاویان بگرێت، گرنگترینیان بریتین لە: 

١- خاڵبەندی و چۆنییەتی بەکارھێنانی
٢- نووسەر دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارھێنانی ھەندێک لە چەمک و زاراوە ناوچەیەکان یان شێوەزارە ئاخاوتنە ناوچەیەکان.
٣- نووسەر دەبێت تیشک بخاتە سەر ڕێنووسی نووسینی ڕاپۆرتەکەی جا بەھەر زمانێک بێت.
٤- بەکارنەھێنانی ھەندێک وشە و دەستەواژەی ڕێزمانی لە ڕاپۆرتی زانستیدا مەرجدارە، وەکوو دەستەواژەکانی (من، ئێمە) چونکە بەکارھێنانی ئەم دەستەواژانە جۆرێک لە خۆسەپاندن و دەرخستنی نووسەر وێنا دەکات.
٥- ھەندێک وشە و دەستەواژە ھەن کە سنوورێکی دیاریکراویان نییە وەکوو وشەی (ھەرگیز، ھەندێک، تادوای، ڕەنگە، لەوانەیە) بۆیە واباشترە نووسەر خۆی لەم جۆرە وشانە بە دوور بگرێت لەکاتی نووسینی ڕاپۆرتی زانستی.
٦- جگە لە ھەموو ئەمانەش چەند مەرجێکی تر ھەن وەکوو (پێشەکی، پوختە، ئامانج، ناوەڕۆک، گفتووگۆ، دەرئەنجام، لیستی سەرچاوەکان) دەبێت لە ڕاپۆرتی زانستی بوونیان ھەبێت.
٧- لە پەرەی سەرەکی (Title Page) پێویستە ناوی نووسەر و ئەو دامەزراوەی دەوامی تیادەکات لەگەڵ (ئاڕمی) دامەزراوەکە و ناونیشانی ڕاپۆرتەکە و ساڵ بوونی ھەبێت.
٨- لە نووسینی ڕاپۆرتی زانستی مەرجە تەنھا یەک جۆری ڕەنگ بەکاربێت، لەگەڵ یەک جۆری فۆنت بۆ نووسینی ڕاپۆرتەکە.
٩- سەرەتای ھەموو بابەتێک دەبێت (font size) واتە قەبارەی سەرەتای ھەموو بابەتێک (١٦) بێت و بۆڵد کرابێت و دواتر درێژە بە بابەتەکە دەدرێت بە قەبارەی فۆنی (١٤). 
١٠- پڕۆگرامی (Microsoft Word) ئاسانترین و باشترین پڕۆگرامە کە زۆرینەی دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان بەکاری دێنن بۆ نووسینی ڕاپۆرت و توێژینەوە زانستییەکان.

پێشەکی (introduction)

بۆ نووسینی پێشەکی سەرەتا دەبێت بە سێ پەرەگراف دەست پێبکرێت، بەم شێوەیەش لە پەرەگرافی یەکەم پێناسەیەکی گشتی بۆ بابەتەکە دەکرێت و لە پەرەگرافی دووەم زیاتر تیشک دەخرێتە سەر بابەتەکە بە تایبەتی، لە پەرەگرافی سێیەم پلانی ڕاپۆرتەکە شیدەکرێتەوە بە کوورتی.

پوختە (Abstract)

پوختە گرنگترین بەشی ڕاپۆرتی زانستییە، بەڵام لە کاتی نووسینی پوختەی ڕاپۆرت نابێت ھەموو زانیارییەکان بخرێنەڕوو، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی زانیارییەکان باس دەکرێن لە چەند دێرێکی نووسیندا، نووسینی پوختەی ڕاپۆت چەند مەرجێکی ھەیە کە بریتین لە: 

  • سەرەتا و دەستپێکی پوختەی ڕاپۆرت دەبێت کورتە باسێک لە بارەی بابەتەکەوە بخرێتەڕوو.
  • دەبێت ئامانجی گشتی ڕاپۆرت لە پوختەی ڕاپۆرت ڕوونبکرێتەوە کە چی دەرخراوە و بۆچی؟
  • نابێت لە کاتی نووسینی پوختەی ڕاپۆرت وێنە و سەرچاوە بەکاربھێنرێت
  • نووسەر دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە دووبارەبوونەوەی پەرەگراف
  • دوورکەوتنەوە لە ھەندێک لە زانیاری کە لە بەشەکانی تری ڕاپۆرتەکە بوونیان نییە.
  • بە شێوەیەکی گشتی پوختەی ڕاپۆرت دەبێت لە نێوان (٣٠ بۆ ٥٠٠) وشە بێت
  • کورتە باسێک بە گشتی لە بارەی دەرئەنجامی کۆتایی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێدەکرێت کە نووسەر یان توێژەر بەچی گەیشتووە.

ئامانج (Results)

بۆ نووسینی ئامانجی ڕاپۆرتەکە سەرەتا دەبێت بە پەڕەگرافێکی چەند ڕستەیی دەست بە نووسینی ئامانجەکانی ڕاپۆرتەکە بکرێت، بۆنموونە (بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە کۆمەڵێک ئامانج ھەن، کە بوونەتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی توێژەر لەسەریان بدوێت، بەم شێوەیەی خوارەوە بە چەند خاڵێک خراونەتە ڕوو)، دوای نووسینی پەڕەگرافێکی لەم شێوەیە لەسەرەتای ئامانج دواتر بە چەند خاڵێک ئامانجەکان لە نووسینی ئەم ڕاپۆرتە دەخرێنە ڕوو، وە دەبێت نووسەر یان توێژەر ئامانجەکانی لە چوارچێوەی ناونیشانی ڕاپۆرتەکە دابڕێژێت.

پێرست یان ناوەڕۆک (Table of Contents)

نووسینی ناوەڕۆک یان پێرست بۆ ڕاپۆرتی زانستی بریتییە لە ئاماژەدان بە تۆپیکەکانی نێو ڕاپۆرتەکە بە دوو شێوە دەکرێت، بە شێوەی خشتە کە دەکرێتە دوو بەش (ناونیشانی بابەتەکان و ژمارەی لاپەڕەکان) وە بەشێوەی (Headings) دەکرێت کە ناوی بابەتەکان و لە بەرانبەردا ژمارەی لاپەڕەکان دەنووسرێت بۆ ئەوەی کەسی خوێنەر بە لەوەی بچێتە بەشی گفتووگۆی ڕاپۆرتەکە بزانێت لە چ لاپەڕەیەک باسی گفتووگۆکراوە یان باسی دەئەنجامکراوە.

گفتووگۆ (Discassion)

لەم بەشەی ڕاپۆرتدا توێژەر درێژە بە گفتووگۆی ڕاپۆرتەکەی دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش ڕاپۆرتەکە دابەش دەکرێت بەسەر چەند تەوەرەیەک یان چەند باسێک، ئەگەرچی جۆرەکانی ڕاپۆرتی زانستی جیاوازن لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر، بۆنموونە ڕاپۆرتێک لە بواری زانستی جوگرافیا زۆر جیاوازە لەگەڵ ڕاپۆرتێک لە بواری زانستی مێژوو یان فەلسەفە یان پزیشکی، بەڵام لە کۆتایدا ھەموویان دەبێت ھەمان پێکھاتەی ڕاپۆرتێکی زانستی لە خۆبگرن، ھەربۆیە جۆری گفتووگۆ و تەوەرە و باسەکانی ڕاپۆرت بە گوێرەی ناونیشانی ڕاپۆرتەکە و بوارەکەی دەگۆڕێت بۆیە بە. گوێرەی ناونیشانی ڕاپۆرتەکە ئەرک و کارەکانی توێژەر یان نووسەر لەم بەشەدا بەدیار دەکەوێت، بۆنموونە ئەگەر ڕاپۆرتێک لە چوارچێوەی بواری زانستی جوگرافیای بێت تۆپیکەکانی گفتووگۆی ڕاپۆرتەکە بەم جۆرە دەبێت: 

  • ناساندنی شوێنی جوگرافی ناوچەی لێکۆڵنەوە، واتە شوێن بە گوێرەی ناوچەکانی دەورووبەر یان ڕێژەی دراوسێییەتی.
  • ناساندنی ناوچەی لێکۆڵینەوە لە ڕووی شوێنی ئەستڕۆنۆمی (فەلەکی) واتە شوێن بە گوێرەی پازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی.
  • کورتە باسێک لە بارەی مێژووی ناوچەی لێکۆڵینەوە یان ناونیشانی ڕاپۆرتەکە.
  • کورتە باسێک لە بارەی ڕەھەندی دیمۆگرافی ناوچەکە، بۆنموونە وەرگرتنی داتای ژمارەی دانیشتوان بۆ ماوەی دە ساڵ، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو گۆڕانکارییانە چیبوونە بەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە داھاتوون لە ڕابردوو و ئێستادا.
  • واباشترە بەر لە نووسینی ھەریەک لەم تۆپیکانە سەرەتا ناساندنێکی گشتی بە پەرەگرافێک بۆ بابەتەکە بکرێت، دواتر درێژەی پێ بدرێت.

دەرئەنجەکان (Conciusion)

لەم بەشەدا توێژەر یاخود نووسەر بە ھەنگاوەکانی کۆتایی تەواوبوونی ڕاپۆرتەکەی دەڕوات، لەم بەشەدا نووسەر گەیشتووە بە چ دەرئەنجامێک بە شێوەی خاڵ دەیخاتە ڕوو و زۆرجار دوای دەرئەنجامەکان توێژەر دەتوانێت چەند ڕاسپاردەیەکیش (پێشنیار) بۆ بابەتەکە بخاتەڕوو، ئەم بەشەی ڕاپۆرتی زانستی بە گرنگترین بەش دادەنرێت، چونکە ھەموو زانیارییەکان کە کۆکراونەتەوە و دواتر شیکراونەتەوە بۆ گەیشتنە بە دەرئەنجامێکی زانستییانە.

لیستی سەرچاوەکان (Refrenses)

ئەم بەشە بە کۆتا بەشی ڕاپۆرتی زانستی دادەنرێت کە ھەموو ئەو زانیارییانەی کە لە تۆپیکەکانی پێشەوەی ڕاپۆرتەکە بەکارھێنراون لێرە بە شێوەی ڕیزبەندی ئاماژەیان پێدەکرێت، بۆنموونە سەرەتا (ئەو داتا و زانیارییانەی لە میری وەرگیراون، ماستەر نامە و تێزی دکتۆراکان بە زمانی کوردی، توێژینەوە بڵاوکراوەکان، کتێبەکان بە زمانی کوردی، ماڵپەڕە ئەلکتڕۆنییەکان، چاوپێکەوتنەکان).

نووسینی لیستی سەرچاوەکان و ئاماژەدان بەو سەرچاوانەی بەکارھێنراون لە لیستی سەرچاوەکان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بۆنموونە ئەگەر پەرتووکێک بەم ناونیشانە لە ڕاپۆرتێکی زانستی بەکارھاتبێت (پەرەسەندنی بیری جوگرافیای و فەلسەفەی جوگرافیا، نووسینی: دکتۆر ھاوڕێ یاسین محمدئەمین، چاپخانەی کارۆ چاپی یەکەم ٢٠٢١ سلێمانی) لە کاتی نووسینی ئەم سەرچاوەیە لە ڕاپۆرتی زانستی بەم جۆرە ئاماژەی پێدەکرێت: (محمدئەمین، ھاوڕێ یاسین ٢٠٢١، پەرەسەندنی بیری جوگرافیا و فەلسەفەی جوگرافیا، چاپی یەکەم) ئەم جۆرە نووسینە لە لیستی سەرچاوەکان بۆ نووسینی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا و توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش ھەمان شتە.

زۆربەی کات بەھۆی کەمی داتا و زانیاری لەسەر ناونیشانی ڕاپۆرتەکە توێژەر یان نووسەر ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر کاری مەیدانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی تر ئەنجام بدات بە مەبەستی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری، ئەگەر نووسەر یان توێژەر کاری مەیدانی ئەنجامدابوو پێویستە بەم جۆرە لە لیستی سەرچاوەکان ئاماژە بە چاوپێکەوتنەکان بکات، وەکوو: 

  • چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز: ناوی سیانی کەسەکە دەنووسرێت.
  • پیشە: پیشەی کەسەکە دەنووسرێت کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامدراوە.
  • ڕۆژی چاو پێکەوتن و ڕێکەوتی چاوپێکەتن و شوێن و کاتژمێری چاوپێکەوتنەکەش ئاماژەی پێدەکرێت لە لیستی سەرچاوەکان.

نووسینی لیستی سەرچاوەکان چەند جۆرێکی ھەیە کە بریتین لە: 

  • نووسینی سەرچاوە بە شێوازی شیکاگۆ ئەم جۆرەیان زیاتر لە توێژینەوەکاندا بەکاردێت.
  • نووسینی سەرچاوە بە شێوازی ھارفارد کە زیاتر لە کاتی نووسینی سمینار و ڕاپۆرت و توێژینەوە ئەکادیمییەکان بەکاردێت. نووسینی سەرچاوە بە شێوازی ڕێزبەندی لە کۆتا پەڕی لیستی سەرچاوەکان، ئەم جۆرەیان شێوازێکی کلاسیکە و لە ئێستادا لە دامەزراوەکانی وەکوو (زانکۆ و پەیمانگاکان) کەمتر بەکاردێت و زیاتر پشت دەبەسترێت بە شێوازی ھارفارد بەھۆی ئاسانی لە نووسینی.

جیاوازی نێوان توێژینەوەی زانستی (لێکۆڵینەوەی زانستی) و ڕاپۆرتی زانستی

  • توێژینەوەی زانستی بریتییە لە بوونی گرفتێک لە شوێنێک یان لە بابەتێک، بۆ ئەم مەبەستەش توێژەرێک یان چەند توێژەرێک ھەڵدەستن بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان وەکوو (کتێب، توێژینەوەکانی پێشوو، کاری مەیدانی و بەکارھێنانی تەکنیکەکانی GIS، RS، SPSS) بۆ گەیشت بە دۆزینەوەی چارەسەریکی گونجاو لە ئێستا و داھاتوو.
  • ڕاپۆرتی زانستی بریتییە لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی کۆمەڵێک داتا و زانیاری لە بوارێکی دیاریکراو، بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆر، دەکرێت لە ڕاپۆرتی زانستی پشت ببەسترێت بە توێژینەوە بڵاوکراوەکان و ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا، بەڵام لە توێژینەوەی زانستی پشت نابەسترێت بە ڕاپۆرت.
  • توێژینەوەی زانستی بە شێوەیەکی فراوان درێژە بە لێکۆڵینەوە دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو گرفتەی کە لە ئێستادا بوونی ھەیە بەپشت بەستن بەو داتا و زانیاریانەی کۆکراونەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتی زانستی پوختەیەکە لە کۆمەڵێک زنیاری پشت بەستراو بە کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراجۆر کە دەکرێت ھەندێک لەو سەرچاوانە توێژینەوە ئەکادیمییەکان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ گرفتێک لە بوارێک یان شوێنێک.
  • بنەما ھاوبەشەکانی نێوان توێژینەوەی زانستی و ڕاپۆرتی زانستی بریتین لە (پێشەکی، پوختە، ئامانج، ڕێباز، ناوەڕۆک، گفتووگۆ، دەرئەنجام، ڕاسپاردە، لیستی سەرچاوەکان).


سەرچاوەکان



140 بینین