سۆسەج

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-14-21:50:00 - کۆدی بابەت: 12529
سۆسەج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سۆسەج یان نەقانق (بە عەرەبی: النقانق یان سجق، بە ئینگلیزی: Sausage) گۆشتی ئاژەڵی وردکراو و هاڕدراوی تێکەڵ کراوە لەگەڵ چەوری و خوێ و بەهاراتی بۆندار و تامدار. نەقانق لە گۆشتی مانگا، گۆشتی مریشک و قەل، گۆشتی بەرخ، گۆشتی بەراز، گۆشتی تێکەڵکراو، لە وڵاتانی ئاسیا لە گۆشتی ئاژەڵی دەریاییەکان دروست دەکرێت.

لە ڕێگەی بەهاراتەوە تام و بۆن بۆ سۆسەج زیاد دەکرێت نموونەی ئەو بەهاراتانەی کە لە پێکهاتەی سۆسەج بەکاردەهێنرێن بریتین لە بیبەری تون، خۆێ، بیبەری ڕەش، زەنجەبیل، شەکر، پیاز و سیری هاڕدراو، باربیکیۆ، سۆسی سۆیا، خەردەل و چەندانی تر.

هەروەها دانەوێڵە و پرۆتینی دانەوێڵە نموونەی گلۆتین لە پێکهاتەی زۆریک لە سۆسەجەکان هەیە چونکە یارمەتی یەکگرتن و ڕەقبوونی سۆسەج دەدات. هاوکات پێکهاتەی ناسروشتی و دەستکرد لە دروستکردنی سۆسەج بەکاردێت نموونەی خوێی نیتریت کە تامی تایبەتی و ڕەنگی تۆخ دەبەخشێتە سۆسەج.

هەندێک جۆری سۆسەج بەشێوەی فرێش و تازە بەردەستن و کاتی ماوەی بەسەرچوونی کەمە، هەندێک جۆری تریان وشککراوەن یان دەستکرد و دروستکراوی کارگەکانن بەهۆی پێکهاتە دەستکرد و کیمیاییەکان ماوەی بەسەرچوونەکەی زیاترە.

لە سەردەمی هاوچەرخدا بە سەدان جۆری سۆسەج بەردەستن، تەنها لە ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠ جۆری سۆسەج دروست دەکرێت، لە وڵاتانی ئاسیا ئەو سۆسەجانە ناودارن کە لە گۆشتی ئاژەڵی دەریایی دروستکراون، هاوکات سۆسەج بە جۆرێک خواردنی خێرا دادەنرێت و لە هەموو جیهاندا داواکاری لەسەر هەیە و لە دروستکردنی چەندین جۆری خواردن بەکاردەهێنرێت.

مێژووەکەی

وشەی (sausige) لە زمانی ئینگلیزی ناوەندییەوە وەرگیراوە و ڕەچەڵەکی وشەکە دەگەڕێتەوە و بۆ سەر زمانی لاتینی کۆن و واتای خوێ دەبەخشێت، مێژووی بەکارهێنانی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵی ڕابردوو، لە ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی ئامێری ساردکەرە و بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مانەوەی گۆشت بکەن بۆ ماوەیەکی درێژ، گۆشتەکە لە خوێیەکی زۆردا هەڵدەگیرا و کۆگا دەکرا، پاشان تام و بەهاراتیان بۆ زیاد دەکرد و گۆشتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمایەوە و بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

سۆسەجەکانی سەردەمی هاوچەرخ مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ١٩ـیەم، کاتێک لە ئەمریکا جەنگی ناوخۆ کۆتایی پێهاتبوو، سۆسەج وەکوو ساندویچ دروست دەکرا و دەفرۆشرا و لە ویلایەتی نیویۆرک ئەو سەندویچە زۆر باو بووە و هەر لەوێشەوە سەریهەڵداوە و بە هەموو ئەمریکادا بڵاوبووەتەوە. کۆمپانیای (Nathan)ـی ئەمریکی بە یەکەم کۆمپانیای بەرهەمهێنەری سۆسەج دادەنرێت کە لە ساڵی ١٩١٦ دامەزراوە.

پێکهاتەی خۆراکی سۆسەج

بڕی ١٠٠ گرام لە سۆسەجی کوڵاو پێکهاتووە لە: 

جۆرەکانی سۆسەج

  • سۆسەجی نیمچەکوڵاو
  • سۆسەجی سارد
  • سۆسەجی کوڵاو
  • سۆسەجی وشک
  • سۆسەجی تامدار
  • سۆسەجی تیژ و توون
  • سۆسەجی ڕووەکی خاڵی لە گۆشت
  • سۆسەجی تەندروست خاڵی لە پێکهاتەی کیمیایی
  • سوسەجی ئەندامی و سروشتی
  • سۆسەجی ئاسیایی

زیانە تەندروستییەکانی سۆسەج

گۆشتە دەستکاریکراوەکان زیاتر لە کولتووری رۆژاواوە دەرکەوتوون و بڵاوبوونەتەوە و بە شێوە و تامی جیاواز و هەمەجۆر بەردەستن، وەکوو سۆسەج، سالامی، گۆشتی لەقوتونراو، مەبەست لە گۆشتی دەستکاریکراو ئەوەیە کە تێیدا بۆ مانەوەی گۆشتەکە بۆ ماوەیەکی درێژ هەندێک گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی گۆشتەکە دەکرێت وەکوو لەقوتونان، وشککردنەوە، خوێکردن و گۆڕینی تام، تێکەڵکردنی لەگەڵ تام و ماددەی دەستکرد و چەندان پڕۆسەی تر، بۆ ئەم مەبەستەش ماددەی پارێزراو و ماددەی کیمیایی لە پێکهاتەی گۆشتەکە زیاد دەکرێت بۆیە زۆر بەکارهێنانیان ناتندروستە.

لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی لە ساڵی ٢٠١٣ دەریخستووە ئەو ماددە پارێزراوانەی بۆ سۆسەج زیاد دەکرێن کە یارمەتی پێدانی ڕەنگی سروشتی و مانەوەیان دەدات بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبنە هۆی دروستبوونی نیترات کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە لەشدا. 

هاوکات کارلێک لە نێوان چەورییە تێرەکان و خوێی نیترات و کانزای ئاسن لە پێکهاتەی سۆسەج ڕوودەدات و هۆکارێکی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی خوێنی جۆری دوو. لە لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی ساڵی ٢٠١٥ـی تایبەت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە شێرپەنجە (IARC) پشتڕاستی کردووەتەوە کە پێکهاتەی گۆشتی لەقوتوکراو و دەستکاریکراو کە سۆسەج نموونەیەکە لەو جۆرە گۆشتە ماددەی شێرپەنجەیی لەخۆدەگرێت.

گۆشتی سۆسەج و گۆشتی ساردی لەقوتونراو لە پێشەنگی ئەو خۆراکانەن کە دەتوانن نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکەن و ببنە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک. بۆیە پێویستە زیادەڕۆیی نەکرێت لە خواردنی و بە شێوەیەکی تەندروست و مامناوەند بەکاربهێندرێت.


سەرچاوەکان



145 بینین