چۆنیەتی سزادانی منداڵی دوو ساڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-04-16-22:44:00 - کۆدی بابەت: 12536
چۆنیەتی سزادانی منداڵی دوو ساڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی سزادانی منداڵی دوو ساڵ ( بە عەرەبی: طریقة عقاب الطفل في عمر السنتین، بە ئینگلیزی: How to punish a two year old child)، کاتێک باس لە سزادانی منداڵ دەکرێت لە تەمەنی دوو ساڵی یان زیاتردا، نابێت وەک ئەشکەنجەدانێک بیری لێبکرێتەوە کە زیانێکی جەستەیی یان دەروونی بە منداڵەکە دەگەیەنێت، بەڵکو ئامرازێکە بۆ فێرکردنی منداڵەکە و ئاڕاستەکردنی بۆ ڕێگای ڕاست، وایلێبکات ڕقی لەو هەڵەیە بێت کە ئەنجامی داوە، بەو پێیەی دایک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵدا وەک مامۆستا و ڕێبەرێکی کۆمەڵایەتی وایە، ئەوا دەبێت منداڵەکەی فێری ڕەفتارە دروستەکان بکات، هەروەها چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی دیکەدا بکات بە جێگیری و ئارامگری و خۆشەویستی.

ڕێگاکانی سزادانی منداڵی دوو ساڵان

بەردەوامی

بەردەوامی و جێگیری گرنگترین تایبەتمەندی دایکی سەرکەوتووە، هەر ئەوەشە وادەکات ئەو تەکنیکانەی کە بۆ سزادان بەکاریدەهێنێت هەموو جارێک سوودی هەبێت، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا ڕەنگە پێویستی بەوەبێت سەدجار گوێی لە فەرمانەکە بێت بۆ ئەوەی پەیامەکەی پێبگات و لێیتێبگات، هەرلەبەر ئەمەش دەبێت دایکەکە بیسەلمێنێت کە هەموو جارێک پابەندە بە بڕیارەکەیەوە، داواکارییەکانی منداڵەکەی ناچێتە سەر تەنانەت ئەگەر چەند جارێک هەمان داواکاری هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر سزای بدات بە بێبەشکردنی لە بەرنامە تەلەفزیۆنییە دڵخوازەکەی، دەبێت تا دەتوانێت بەردەوام بێت لە بڕیاری بێبەشکردنی، تەنانەت ئەگەر منداڵەکە زۆر بگری و بەردەوامبێت لە گریانیش، بەڵکو دەبێت دایکەکە بڕیارەکەی دووبارە بکاتەوە کە بێبەشە لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن، چونکە ڕەفتاری ئەو ناشرین بووە، دەبێت سزا بدرێت بۆ ئەوەی واز لە ڕەفتاری خراپ بهێنێت و  بە چاکە شوێنی بگرێتەوە.

بیرخستنەوە و ڕێنمایی

دەبێت ئەوە لەبیر بکرێت کە کاتێک منداڵ وتارێکی نەشیاو دەکات کۆڕێکی درێژ سەبارەت بە ڕەفتاری ڕاست و هەڵەی پێشکەشبکرێت، چونکە مێشکی منداڵ لە زۆربەی وتارەکەدا لەگەڵ دایکی نابێت و لە زۆربەی قسەکان تێناگات، بەڵکو دەبێت دایکەکە بە هەموو پتەویی و هێزییەوە وشەی "نا و نەخێر"ی پێ بڵێت، یاخود دەتوانێت بە وشەیەکی سادە کە لەگەڵ تەمەنیدا بگونجێت هۆکاری قەدەغەکردنی بۆ ڕوون بکاتەوە، دواتر ئاراستەی بکات بۆ ڕەفتارێکی ڕاست، کە جێگرەوەبێت بۆ ئەو ڕەفتارە هەڵەی کە منداڵەکە دەیویست بیکات، چونکە لەم تەمەنەدا بە ئاسانی سەرقاڵ دەبێت و دەتوانێت جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لێی بێبەش بووە، پاشان هەست بە لەدەستدان و کورتهێنان ناکات.

ڕێگای کورسی هاروهاجەکان

تەکنیکی کورسی هاورهاجەکان یان گۆشەی هاروهاجەکان بۆ منداڵێکی دوو ساڵان گونجاوە بەڵام ئەگەر بتوانێت لە بیرۆکەکە تێبگات، چونکە ئەم تەکنیکە زیاتر لەگەڵ منداڵانی سەروو سێ ساڵدا سەرکەوتووە، بەڵام لەوانەیە لە تەمەنێکی بچووکتردا ئەنجامەکەی بەرهەم بهێنێت ئەگەر دایکەکە بتوانێت بیرۆکەی دروست بگەیەنێتە منداڵەکەی، کە تەکنیکەکە بریتییە لە پابەندبوونی ئەو منداڵەی کارێکی نەشیاوی کردووە بەوەی بۆ ماوەی سێ خولەک لە گۆشەیەکدا بمێنێتەوە، بەڵام ڕاست وایە کە ژوورەکەی خۆی ئەو گۆشە ناشرینە نەبێت بۆی دیاری کراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی منداڵەکە ژوورەکەی نەبەستێتەوە بە سزادان، دواتر کینە دروستبکات لە ڕۆشتن یان خەوتن لە ژوورەکەدا و بەمەش دایکەکە تووشی کێشەیەکی گەورەتر ببێت، هەروەها پێشنیار دەکرێت دایک یاوەری منداڵەکەی بکات بۆ گۆشە دیاریکراوەکە بۆ ئەوەی خێراتر ئارام بێتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی نەرمی بنوێنێت بۆ داواکارییەکانی و گریانی.

دوور کەوتنەوە لە لێدان

منداڵ چەندە هاروهاج بێت و ڕەفتاری چەندە خراپ بێت نابێت لێی بدرێت، چونکە لێدان و زیانی جەستەیی و دەروونی وا دەکات منداڵ لە دایک و باوکی بترسێت، بەم شێوەیەش ڕەنگە گرێیەکی دەروونی هەمیشەیی لە ناویدا دروستببێت، بەهۆیەوە چەندین ڕەفتاری ناشرینتری پەیوەندیدار بە ڕق و کینەکەیەوە ئەنجام بدات، کە ئەمەیان دەبێتە وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە.


سەرچاوەکان



1473 بینین