ئێلیزابێس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-18-14:14:00 - کۆدی بابەت: 12566
ئێلیزابێس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێلیزابێس (بە ئینگلیزی: Elizabeth، بە عەرەبی: اليزابيث)، شارێکە و ناوەندی کارگێڕی یونیەن کاونتی، لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا. لە سەرژمێریی ساڵی 2020ـی ئەمریکادا، لە دوای شارەکانی نیوارک، جێرسی سیتی و پاتەرسۆن، چوارەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەی بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی 137,298 کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێریی ساڵی 2010ـدا کە 124,969 کەس بوو بە ڕێژەی 9.9% زیادی کردووە. بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2021، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 135,407 کەسە، بەمەش شارەکە دەبێتە 207ـەم قەرەباڵغترین شاری وڵات و پێنجەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکە، شاری لەیکوود پێشی ئێلیزابێس دەکەوێت و بە 138,070 کەسەوە لە پلەی چوارەم قەرەباڵغترین شاری نیوجێرسیدایە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ئێلیزابێس 35.32 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 31.91 کیلۆمەتری وشکانی و 3.42 کیلۆمەتر، کە دەکاتە 9.78%ـی ڕووبەری گشتی، ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 4,303.27 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە ساڵی 2019ـدا 46.6%ـی دانیشتووانی ئێلیزابێس لەدایکبووی بیانی و 65%ـی دانیشتووان لاتینی بوون. لە سەرژمێریی ساڵی 2010ـی ئەمریکادا 124,969 کەس، 41,596 خێزان و 29,325 خانەوادە لە شارەکەدا بوون. چڕیی دانیشتووانەکەشی 3,916.7 کەس لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و 45,516 یەکەی نیشتەجێبوون لە 1,426.5 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا بوو. هەروەها پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکەش بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێست: 54.65% (68,292 کەس)
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 21.08% (26,343 کەس)
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.83% (1,036 کەس)
  • ئاسیایی: 2.08% (2,604 کەس)
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.04% (52 کەس)
  • ڕەگەزەکانی تر: 16.72% (20,901 کەس)
  • دوو ڕەگەز یان زیاتر: 4.59% (5,741 کەس)
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 59.50% (74,353 کەس)

ڕێژەی دانیشتووانی هیسپانی لە شارەکەدا دەیەم بەرزترین ڕێژەی نێو شارەوانییەکانی ویلایەتی نیوجێرسیدا بوو لە سەرژمێریی ساڵی 2010ـدا.

لە ساڵی 2010ـدا 41,596 خێزان لە شارەکەدا نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیەش 37.0%ـیان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو، 37.0%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 22.0%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 29.5%ـیان لە هەمان خانەوادە نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.94 کەس و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 3.43 بوو.

تەمەنی دانیشتووان

بەپێی ئامارەکانی هەمان ساڵ، تەمەنی 25.6%ـی دانیشتووانی ئێلیزابێس لە خوار 18 ساڵی، تەمە‌نی 10.6%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 31.3%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 23.3%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 9.2%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوون. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی شارەکە 33.2 ساڵ بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 98.6 نێر هەبوو.

شوێنی لەدایکبوون

49.33%ـی دانیشتووانی شاری ئێلیزابێس لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 36.8%ـیان لە ویلایەتی نیوجێرسی لەدایکبوون. هەروەها 25.85%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ئایین

67.0%ـی دانیشتووانی ئێلیزابێس ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 3.2%
  • ئەسقەف: 1.3%
  • کاسۆلیک: 47.8%
  • لۆسەری: 0.8%
  • میتۆدیست: 1.3%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 1.4%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 1.9%
  • ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: 0.5%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 4.0%
  • ئایینی جوولەکه: 2.6%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.1%
  • ئایینی ئیسلام: 2.0%

زمان

24.17%ـی دانیشتووانی ئێلیزابێس تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 75.83%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن 60.49%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

داهات

ڕاپرسییەکەی نووسینگەی سەرژمێریی ساڵی 2006 بۆ 2010ـی ئەمریکا نیشانیدا کە داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە ئێلیزابێس 43,770 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 46,891 دۆلارە. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 32,268 دۆلار، لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 27,228 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 19,196 دۆلارە. هەروەها نزیکەی 14.7%ـی خانەوادەکان و 16.7%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدان، لەنێویاندا 23.5%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 18.5%ـیان 65 ساڵ یان سەرووترە.

كەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای ئێلیزابێس گەرم و مامناوەندە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی بەرچاو بارانی لێ دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە 11.8 پلەی سەدییە و ساڵانە نزیکەی 1184 مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها، ڕێژەی شێ لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزترینە 71.12%ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی شوباتدا نزمترینە 62.80%ـە.

ئێلیزابێس لە نیوەگۆی باکوورە و هاوینی ئەم شازە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. هەروەها باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە مانگەکانی تەممووز و ئابە.

مانگی شوبات وشکترین مانگی ساڵە و 79 مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی ئازار باراناویترین مانگی ساڵە، ڕێژەی دابارین دەگاتە لووتکە و بە تێکڕایی 109 مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی 24.5 پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکه 1.2- پلەی سەدییە.


سەرچاوەکان



45 بینین