هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی چین؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-22-13:51:00 - کۆدی بابەت: 12625
هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی چین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی چین (بە ئینگلیزی: What are the hormones of happiness، بە عەرەبی: ما هي هرمونات السعادةچوار هۆرمۆنی سەرەکی هەن کە جەستە بەرهەمی دەهێنێت و هەستی دڵخۆشی دابیندەکەن هەر بۆیە ئەم هۆرمۆنانە ناودەبرێن بە هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی، هەروەها هەریەکەیان پەیوەندیدارن بە ڕووداو و پێشهاتێکی تایبەتەوە. ناسینی ئەو هۆرمۆنانە و تێگەشتنیان و زانینی چۆنیەتی کارکردنیان لەسەر خانەکانی جەستە، یارمەتیدەرت دەبێت لە دەستکەوتنی باشترین کارکردنی ئەو هۆرمۆنانە و هەستکردن بە کەشێکی دەروونی باشتر.

هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی، نهێنی مێشکێکی دڵخۆشن. بەزۆری هەر شتێک واتلێ بکات هەست بە دڵخۆشی بکەیت، بە یەکێک لە چوار هۆرمۆنەکەی دڵخۆشییەوە بەستراوە، هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی بریتین لە دۆپامین، سیرۆتۆنین، ئیندۆرفین و ئۆکسیتۆسین. لێرەدا ئاماژە بە هۆرمۆنەکان و چەند ڕێگایەک دەکەین بۆ دەستکەوتنیان بە شێوەیەکی سروشتی.

دۆپامین

هۆرمۆنی دۆپامین پەیوەستە بە هاندان و بەدەستهێنانەوە. ئەو هۆرمۆنە هۆکارە تا هەست بە ئازایەتی و دلێری بکەیت کاتێک ئامانجێکی گرنگ دائەنەیت، و هۆکارە تا هەستێکی باشت هەبێت بۆ بەدەستهێنانی و گەشتن بە ئامانجەکەت. شارەزاییان لەو بڕوایەدان ڕێژەی کەمی دۆپامین دەکرێت لەگەڵ نائومێدیدا بێت، لەو کاتەدا و لەگەڵ کەمی دۆپامین هەستەکانی کەسەکە بەجۆرێک دەبن ئارەزوویەکی کەمی دەبێت بۆ ئەو شتانەی چێژ بەخشن و خەڵکی بە شێوەیەکی ئاسایی خۆشی لێدەبینن. گرنگیدان بە جێبەجێکردنی خولیاکان و وەرزشکردن دەکرێت هۆکارێک بن بۆ بەدەستخستنی دۆپامین. نزیکبوونەوە لە پێشهاتە باشەکان دەردانی دۆپامین زیادەکات، کاتێک شێرێک نزیکدەبێتەوە لە ئاسکێک دۆپامین و ئەو وزەیەی پێویستییەتی بۆ هێرشبردن بۆ ئاسکەکە زیادەکات. پێشینان ڕێژەی دۆپامینیان زیادی دەکرد کاتێک گۆمە ئاوێکیان دەبینییەوە. پێشبینیکردن بۆ بەدەستهێنان و ڕوودانی پێشهاتێکی باش هاندەری هەستێکی باشن لە مێشکی شیردەرەکاندا، و وادەکەن وزەی پێویست دەربدەن بۆ گەشتن بە پێشهاتە باشەکە.

چۆن دۆپامین بەدەستدەخەیت؟

لێرەدا کۆمەڵێک ڕەفتار و خوو هەن بۆ بۆ زیادکردنی دۆپامین لەوانە خواردنەوەی قاوە، خواردنی شیرینی و هەندێک دەرمانی دیاریکراویش کە دەتوانرێت بۆ بەرزکردنەوەی بڕی دۆپامین بەکاربهێنرێن، بەڵام ئەوەش بزانین ئەم ڕێگایانە تەندروست نین و ئەستەم نییە زیانی تەندروستییان هەبێت. هەر بۆیە لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر کۆمەڵێک ڕێگای تەندروست کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دۆپامین بەبێ زیانگەیاندن بە لایەنی تەندروستی. لە گرنگترینیان ئامانجێکی نوێ دابنێ و هەموو ڕۆژێک چەند هەنگاوێکی بۆ بنێ، مێشک دەتوانێت دۆپامین دەستبخات لەگەڵ هەر هەنگاونانێکی تۆ، دووبارەبوونەوەی ئەمە دەبێت بە ڕێگای نوێ بۆ دەستخستنی دۆپامین.

هەموو کەسێک چەندین ئامانجی هەیە لە دەوری پیشەکەی، کارەکەی یاخود چەنێک دەتوانێت داهاتەکەی زیادبکات، لەگەڵ ئەوەش بیرت بێت ئامانجە کەسییەکانیش لەیاد نەکەیت. ئەنجامدانی وەزش و خولیا تایبەتییەکان دەتوانن بە ئەندازەی ئامانجێکی کارزانی گرنگ دڵخۆشت بکەن. هەروەها نەکەیت تەنها چەند ئامانجێکی گەورە دابنەیت کە بەدەستهێنانیان کاتی زۆری بوێت، لەگەڵیدا ئامانجی کورت خایەنیش دابنێ. ئامانجی کورت خایەن و مامناوەند و درێژ خایەن دابنێ، تا هەمیشە نزیک لە بەدەستهێنانی ئامانجێک بیت. سەرنجت لەسەر ئەو شتانەبێت کە دەتوانیت کۆنترۆڵیان بکەیت و چاوەڕێی ئەوانی تر مەکە تا ئامانجەکانی تۆ بەدی بهێنن.

سیرۆتۆنین

سیرۆتۆنین دەمارەگوێزەرەوەیەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە شێوازی ڕەفتاری کەسەکان، لەگەڵیدا یارمەتی ڕێکخستنی فرمانەکانی تری جەستە دەدات وەکو کرداری هەرس، خەوتن و پتەوی ئێسک. سیرۆتۆنین گرنگە لە کەمکردنەوەی نائومێدی و ڕێکخستنی پەرێشانی و نیگەرانی.

چۆن سیرۆتۆنین بەدەستدەخەیت

باوەڕ بەخۆبوون ڕاکێشەری هەستی دڵخۆشییە، مەیمونەکان هەوڵی زاڵ بوون بەسەر یەکتریدا دەدەن بەهۆی بوونی هاندانی سیرۆتۆنینەوە، مرۆڤەکانیش هەمان شت دەکەن. هەرگیز بیرت لە باوەڕ بەخۆبوون کردۆتەوە لە ئاستی دەمارە-کیمیاییەکان، ئەگەر باوەڕ بەخۆبوون لە ئاستی بەرز و پتەو دا نەبێت، بڕی سیرۆتۆنین دێتە خوارەوە. ئەگەر تۆ باوەڕت لاوازە یاخود ئاستێکی نزمی لە خۆ ڕازیبوونت هەیە، گەڕاندنەوەی باوەڕ بەخۆبوونت بۆ ئاستی ئاسایی قورس دەبێت، بەڵام واز مەهێنە لە ڕێزگرتن و پێویستییەکانی خۆت و هەواڵدان بۆیان. تۆ دەتوانیت گەشە و پەرە بە باوەڕی خۆت بدەیت. ئەگەر تۆ سەرنجت لەسەر لەدەستدانەکانت بێت، بڕی سیرۆتۆنینت نزم دەبێتەوە.

پێویستە ئەو خووە بۆ خۆت دروست بکەیت کە سەرنجت لەسەر بەدەستهێنانەکانت بێت، بۆ ئەوەی بڕی سیرۆتۆنین لە دەست نەدەیت. لەگەڵ سەرنج خستنە سەر ئەو شتانەی بەدەستت هێناون لە ژیاندا. ڕێگای تریش هەن بۆ بنیاتنانی باوەڕبەخۆبوون، یەکێک لەوانە کارکردن یاخود ئەنجامدانی ڕاهێنانی ڕۆژانەی نوێیە. هەموو ڕۆژێک هەوڵبدە شتێکی نوێ بکەیت، ئەگەر چی سەرەتاکەی نائاسودەشت بکات بەڵام کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر باوەڕت جێدەهێڵێت.

ئۆکستیتۆسین

ئۆکستیتۆسین ئەو هۆرمۆنەیە کە بە "هۆرمۆنی خۆشەویستی" ناسراوە، هۆرمۆنی خۆشەویستی و پەیوەندیدار بەوەی خەڵکی چۆن پەیوەندی و متمانە لە نێوانی خۆیاندا دروستدەکەن. چەند چالاکیەکی دیاریکراوی وەک ماچکردن، باوەشپیاکردن و سەرجێیکردن هۆکارن بۆ دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین لە لایەن دەماخەوە. کاری ئەم هۆرمۆنە ئەوە ڕووندەکاتەوە چۆن هەست بە دڵخۆشی دەکەیت کاتێک کەسێکی خۆشەویستت لە باوەش دەگریت. هەرها گرنگی هەیە لە کاتی منداڵبوون، یارمەتی گرژبوونی منداڵدانی دایکەکە دەدات لە کاتی لە دایکبوونی کۆرپەلە. ئۆکسیتۆسین ڕۆڵێکی تری گرنگی هەیە لەسەر شیرپێدانی دایک بۆ کۆرپەلە، هەروەها یارمەتی پەیوەندی نێوان دایک و کۆرپەکەی دەدات لەدوای لەدایکبوون.

چۆن ئۆکسیتۆسین بەدەستدەخەیت

دەتوانیت ئۆکسیتۆسین بە دەستبخەیت، بە تێکەڵاوبوون و بوونی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی باش لەگەڵ کەسانی تر. بەڵام لەپاڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگە ئەوە بزانیت هەستەکانت کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەیە چۆن ئۆکسیتۆسین دەردەدرێت. متمانەی کۆمەڵایەتی هاندەری دەردانی ئۆکسیتۆسینە. کاتێک باوەش بە کەسێکدا دەکەیت بەڵام متمانەت پێی نییە ئەوە هەستێکی باشت بۆ دروست ناکا، متمانە لە پێشترە. دەتوانیت بە چەند هەنگاوێکی ئەرێنیانە متمانەی کۆمەڵایەتی دروست بکەیت. ئەتوانیت دەرچوون و چوونە دەرەوەت لەگەڵ ئەو کەسانە هەبێت هاوڕێتن و خۆشتدەوێن تا باشتر بیانناسیت. هەروەها سوپاسنامەیان بۆ بنێریت لە هەمبەر ئەو کارانەی بۆ تۆی دەکەن، یان هەستەکانی خۆتیان پێی بڵێیت. ڕۆژانە ئەم هەنگاوانە بنێ بەرەو خەڵکی و لە دواترا وەریانبگرە.

ئیندۆرفین

ئیندۆرفین بەوە ناسراوە بەستراوە بە ڕاهێنانەوە. فرمانیان وەک لابەری ئازاری سروشتییە، کە یارمەتیدەری کەمکردنەوەی ئازار و زیادکردنی هەستی دڵخۆشییە. ئەمە دەتوانێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە چۆن پێشبڕکێکارێک توانای ئەوەی هەیە لە پێشبڕکێکە بباتەوە لەگەڵ ئەوەی برینداریشە تا کۆتایی یارییەکە ئەسڵەن هەست بە برینەکەی ناکات. ئەم هۆرمۆنە یارمەتیدەری ئاژەڵی بریندارە بۆ دەربازبوون لە دەستی دڕندە. ئیندۆرفین بۆ دەربازبوونە نەک ئاهەنگ گێڕان. ئەگەر تۆ هەموو کاتەکە رێژەیەکی بەرزی ئیندۆرفینت هەبوو، دەتوانیت دەست لە گڕی گەرم بدەیت، یاخود تەنانەت بە پێی شکاوەوە ڕێبکەیت!

چۆن ئیندۆرفین دەستدەخەیت؟

پێکەنین یەکێکە لە ڕێگاکانی دەستخستنی ئیندۆرفین بە شێوەیەکی سروشتی، هەروەها خواردنی قاوەی تاریک، سەیرکردنی درامای خوازراوی خۆت، کارکردن لە دەرەوە و بیرکردنەوە ئەمانە هەمەو هۆکارن بۆ زیاتر دەردانی ئیندۆرفین و دەستخستنی لە لایەن جەستەوە. ئیندۆرفین دەردەدرێت لە وڵامدانەوە بۆ ئازار، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بۆ دەردانی زیاتری هۆرمۆنەکە خۆت ئەزیەت بدەیت بە ڕاهێنانی زۆر یاخود تێپەڕاندنی سنوورە جەستەییەکانت تەنها بۆ خاتری ئەوەی بڕی زۆرتری هۆرمۆنەکە دەربدرێ. ئازاردانی خۆت بۆ خاتری دەردانی هۆرمۆنی ئیندۆرفین بە هیچ شێوەیەک ڕێگایەکی باش نییە.

خۆشبەختانە ئێستا کۆمەڵێک ڕێگای باش هەن بۆ ئەم مەبەستە وەکو ئەوانەی لە سەرووتردا ئاماژەمان پێکردن. لەکۆتاییدا دەڵێین دڵخۆشی لە هۆرمۆنەکانتدایە. ئەوە دڵ نییە کە کۆنترۆڵی بەختەوەری دەکات، بەڵکو مێشکە. چەندین ڕێگایەکی سروشتی هەن بۆ بەدەستخستنی ئەم هۆرمۆنانە، تۆش ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێکردن بەکاربهێنە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی لەلایەن مێشکەوە.


سەرچاوەکان



65 بینین