ئەدەبیاتی ئەمریکی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-22-20:18:00 - کۆدی بابەت: 12641
ئەدەبیاتی ئەمریکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی ئەمریکی (بە عەرەبی: الادب امریکیة، بە ئینگلیزی: American Literature) ئەدەبیاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یاخود بە گشتی باکووری ئەمریکا، ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندە بە ناونیشان و جۆرەکانی ناوەڕۆك. مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و دابەشدەبێت بەسەر چەند سەردەمێکدا، کە لە هەر ماوەیەکدا کۆمەڵێک بابەت بوونەتە ناسنامەی ئەدەبیاتەکە.

کەی ئەدەبیاتی ئەمریکی دەستی پێکرد؟

مێژوونووسان و شارەزایانی بواری ئەدەبیات، مێژووی دەستپێکی ئەدەبیاتەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی پێنجەمی زایینی، بەڵام هەندێک دەڵێن زۆر لەوە کۆنترە و دەیگێڕنەوە بۆ گەلی مایا کە لەو سەردەمەدا ئەدەبیاتی زارەکی بوونی هەبووە چیرۆک و داستانی پاڵەوانان بە زارەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراونەتەوە. 

ئەمە هێشتا مشتومڕی لەسەرە، بەڵام به پێی مێژووی نووسراو و دەرکەوتنی ئەدیب لە ئەمریکادا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٧ی زایینی. کە لەو سەردەمەدا نووسەرە ئینگلیزەکان یانەیەکی تایبەت بەخۆیان دروست کرد و ناویان لێنا "یانەی ئەدیبانی ئینگلیزی زمان" کە دواتر بووە کۆمەڵەی ئەدەبی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دیارترین نووسەرانی ئەدەبیاتی ئەمریکی کێن؟

هەر لە سەدەی ١٧ تا سەردەمی مۆدێرنیزم ڕێژەیەکی زۆر نووسەر وەک سیمبولی سەردەمەکە دەرکەوتوون کە تا ئەم سەردەمەش ناوبانگیان لە دەست نەداوە و نووسراوەکانیشیان دەیان جار چاپ کراونەتەوە و بەشی زۆریشیان بە دیجیتاڵی کراون، یەکێک لەو نووسەرە دیارانە "جۆن سمیز"ـە، یەکەم ئافرەتی ئەفریقی کە وەک ئەدیب دەرکەوت "فیلیس ویتلی" کە وەک هۆزانڤان دەرکەوت، هەروەها، ئێدگەر ئالان پۆ کە نووسەرێکی سەر بە ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم بوو.

هێنری وەیدسوۆرز لۆنگ فیلۆو، کە ئەمیش هۆزانڤان بوو. لە پاڵ ئەمانەدا نابێت ئیمێلی دیکنسن لە بیربکرێت کە خانمێکی هۆزانڤان بوو لەو کاتەدا دەرکەوت کە کۆمەڵگەی ئەمریکی کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاری بوو و ئافرەتان ڕۆڵیان نەبوو لە هیچ کایەیەکی کۆمەڵگەدا. هەندێک نووسەری تر هەن کە وەکو سیمبولی ئەدەبیاتی ئەمریکی دێنە ژماردن وەکو مارک توەین و ئێرنست هەمەنگوەی کە لە ئەم دوو نووسەرە بە دوای حەقیقەت و گەڕان بە دوای واتای ژیاندا دەگەڕێن. هەروەها تۆنی مۆریسن، کە ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات وەرگرت، نووسینەکانی لە بارەی ژیان و سەختیی گوزەرانی ئەفریقییەکانە. 

ئەدەبیاتی ئەمریکی بۆ چەند ماوە دابەش دەبێت؟

ئەدەبیاتی ئەمریکی دابەشبوونێکی زۆری بە گوێرەی کات و بارودۆخەوە بە خۆیەوە بینیوە، کە هەر سەردەمێک کە بابەتێک تێیدا بووەتە باسی سەرەکی، ئەدەبیاتەکەش زیاتر کەوتووەتە بەر کاریگەری ئەو بابەتە. 

سەردەمەکانی ئەدەبیاتەکە:

یەکەم: سەردەمی پێش داگیرکاری ئەورووپی (ئەدەبیاتی زارەکی) 

دووەم: سەردەمی داگیرکاری (سەدەی حەڤدەیەم تا ١٨٣٠)

سێیەم: سەردەمی ڕۆمانتیک ١٨٣٠-١٨٧٠.

چوارەم: سەردەمی ڕیالیزم ١٨٧٠-١٩١٠.

پێنجەم: سەردەمی مۆدێرنیزم ١٩١٠-١٩٤٥.

شەشەم: سەردەمی هاوچەرخ ١٩٤٥- بەردەوامە.

مێژووی ئەدەبیاتی ئەمریکی

ئەدەبیاتی ئەمریکی یەکێکە لەو لقە ئەدەبیاتانەی کە بەتەواوی کەتووەتە بەر کاریگەری مێژوو، گەر بە وردی سەیری قۆناغەکانی ئەدەبیاتەکە بکرێت بە ڕوونی ئەوە دەبینرێت کە کەوتووەتە بەر کاریگەری ڕووداوەکانی مێژوو. بۆ نموونە یەکەم قۆناغ کە لە سەدەی حەڤدەیەم دەست پێ دەکات و بۆ یەکەم جار بە ئینگلیزی نووسین لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە، بەرهەمە ئەدەبییەکان باسیان لە داگیرکاری و نەهامەتی جەنگ دەکرد، یاخود باسیان لە چەساندنەوەی خەڵک لەلایەن زلهێزە ئەورووپییەکان لە خاکی ئەمریکادا دەکرد وەک ئینگلیز و ئیسپانی و فەڕەنسییەکان. زۆر جار نووسینەکانی ئەم نووسەرانە جۆرێک لە یاخی بوونی پێوە دیار بووە کە پەیامەکەیان زۆر جار بە شێوەیەکی خەیاڵی دەگەیاند بەڵام خوێنەر کاتێک وشەکانی بەر چاو دەکەوت تێدەگەیشت کە مەبەستی نووسەر لە بەکارهێنانی هێما چییە.

ئەدەبیاتی ئەمریکی وەک مێژوونووسان باسی لێوە دەکەن لە سەرەتادا تەنها بابەتی زارەکی بووە کە داستانی ئەفسانەیی نەتەوەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بووە دواتر لەلایەن ئینگلیزی زمانەکانەوە بۆ یەکەم جار ئەندێشە و خەیاڵ خرانە سەر پەڕەی کاغەز و بەرهەمی ئەدەبی لە شێوەی هۆنراوە و پەخشاندا لێ پێکهێنرا. 

ئایا ئەدەبیاتی ئەمریکی یەک لایەنە یان فرە چەشنە؟

ئەگەر سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدەین، وڵاتێکی فرە نەتەوەیە، کە کۆمەڵێک نەتەوەی ئەورووپی تێیدا نیشتەجێ بووە وەک بەڕیتانی، هۆڵەندی، فەڕەنسی، ئیسپانی، پۆرتوگالی، هەروەها ئەفریقی و ئەمریکییە ڕەسەنەکان خۆیان. ئەمەش جۆرێک لە فرەچەشنی کولتووری و بۆچوون لێ بەرهەم هاتبوو. هەر یەکە لەم نەتەوانەش جۆرێک لە سیمای ئەدەبی و فەلسەفی تایبەت بەخۆیان هەبووە. بۆ نموونە ئەفریقییەکان ئەدەبیاتی خۆیان هەبوو کە بە ئەدەبیاتی ئەفریقی ناسراوە، لە هەمان کاتدا لە بازنەی ئەدەبیاتی ئەمریکیشدان.

ئەدەبیاتی ئەمریکی لە سەدەی ١٧

ئەدەبیاتی نووسراویی ئەمریکی لەگەڵ دروستبوونی یانەی نووسەرە ئینگلیزی زمانەکان یان جوانتر هاتنی ئینگلیزەکان بۆ ئەمریکا بوو، کە هەوڵیان دەدا جۆرێک لە سیمای ڕۆشنبیری ببەخشنە وڵاتەکە. لە سەرەتادا ئەدەبیاتەکە پێی دەگوترا ئەدەبیاتی کۆڵۆنیالیزم، زیاتر لەلایەن سەرباز و بینەری جەنگەکان و کوشتارەکانەوە کورتە چیرۆک و کورتە ڕۆمان و ڕۆمان دەنووسرا. وەکو "جۆن سمیز" کە سەربازێکی کۆڵۆنیالیزمی بەڕیتانی بوو، دیارترین نووسینەکانی (مێژووی گشتی ڤێرجینیا، ئینگلتەرای نوێ، دوورگەکانی هاوین لە ساڵی ١٦٢٤) و پەیوەندی ڕاستەقینەی ڤێرجینیا لە ساڵی ١٦٠٨، کە لە هەر یەک لەم کتێبانەدا بە وێنایەکی داگیرکەرانەی ئینگلیزی نووسیویەتی و باسی لەو هەلانە کردووە کە لە بەردەم داگیرکاری ئینگلیزدان لە ئەمریکا. هەروەها دانیاڵ دینتۆن کتێبی وەسفێکی کورتی نیویۆرکی لە ساڵی ١٦٧٠ بڵاو کردەوە کە ئەمیش باسی لە تۆپۆگرافیای ناوچەکە بە سیمایەکی ئەدەبیانە دەکرد. نووسەرێکی تر ویلیام پێن، کە کتێبی شیکارییەکی کورت لە بارەی هەرێمی پێنسلڤانیا لە ١٦٨٢ بڵاوکردووەتەوە. گشت ئەم بەرهەمانە بۆ ئەوە بوون سەرنجی داگیرکەری ئینگلیز بۆ قووڵایی خاکی ئەمریکا ڕابکێشن. 

هۆنراوە وەک شۆڕشێک لە ئەمریکا

دوابەدوای سەردەمی داگیرکاری، هۆنراوە بووە بابەتێکی دیار لە ئەمریکا بەتایبەتی لە ناو سوپای شۆڕشگێڕی ئەمریکا کە دژی داگیرکاری و چەوساندنەوەی دانیشتووان لەلایەن ئینگلیز دروستبوو، سەربازەکان لە کاتی مانۆری سەربازی یاخود لە کاتی ئاهەنگ و سەرکەوتندا هۆنراوەیان دەگوت

هەر ئەو گوڕ و تینەی سەربازەکان وای کرد کۆمەڵێک هۆزانڤانی نموونەیی دەربکەون و هۆنراوە بۆ بۆنە تایبەتەکان بنووسن، وەکو گۆرانی "یانکیی دوودل" و "ناسان هالێ" و "پاشکۆ" دیارترین ئەو هۆنراوانەن کە لەلایەن هۆزانڤانە ئینگلیزەکانەوە نووسراون. 

کاتێک باسی هۆنراوە و هۆزانڤانەکانی ئەمریکا دەکرێت، نابێت ڕۆڵی هۆزانڤان و شۆڕشگێڕ "فیلیپ فێرێناو" لە یاد بکرێت، کە هۆنراوەکانی دژە پروپاگەندە و لەسەر تاک کاریگەربوون. یەکێک لە هۆنراوەکانی ئەم هۆزانڤانە " تام کردنی هەنگوینی کێوی" بوو کە هۆنراوەیەکی ڕۆمانسی بوو کە تا سەردەمێکی زۆر لەلایەن شەیدایانی هونەر و ئەدەبی ڕۆمانتیسیزم دەگوترایەوە. 

سەردەمی ڕۆشنگەری ئەمریکی

ئەم سەردەمە لە ١٨٣٠ دەستپێدەکات، کە بەتایبەتیش چەقی سەردەمەکە ماوەی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا بوو، لەم ماوەیەدا گەلێک ڕۆمانی بە پێز نووسراون و بڵاوکراونەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلایەن دەزگای پینکرتن کە دەزگایەکی ئاسایش و هەواڵگری ئەمریکی بوو ڕۆمان لە بارەی ڕۆڵی لێکۆڵەر و دۆزینەوەی تاوانباران دەنووسرا، بەتایبەتی خودی دامەزرێنەر "ئالان پینکرتن" کە لەم سەردەمەدا ڕۆمانی لەم چەشنە هەبێت "شێرلۆک هۆڵمز"ـە کە ناوبانگێکی زۆری هەیە، لەو سەردەمەشدا ئەو کەسانەی خۆیان هەواڵگر یان پێشینەی کاری لێکۆلینەوە و هەواڵگریان هەبوو ڕۆمانی لەم جۆرەیان دەنووسی کە لە ژانەری (پۆلیسی/تاوانکاری/لە یاسا دەرچوون)بوون.

جگە لەم بابەتە بۆ یەکەم جار زانکۆکانی ئەمریکا دەستیان بە نووسینی ڕۆمان کرد، بەتایبەتی زانکۆی هارڤەردی ئەمریکی کە یەکێکە لە دێرینترین و ناوبانگترین زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیهان، کە شوێنی پێگەیاندنی چەندین کەسایەتی وڵاتەکە بووە وەک بەشێک لە سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە لەوێ خوێندوویانە. 

ڕەخنەی ئەدەبی بەشێکی گرنگی ئەم ماوە ئەدەبییەیە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لە نێوان هەر دوو بەرەی باکوور و باشووردا ڕەخنەیان لە بەرهەمی یەکتر دەگرت، لەو کاتەی سیاسییەکان شەڕیان دژی یەکتر دەکرد، نووسەرەکان هەوڵی باشترکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکانی یەکتریان دەدا و لە ڕۆژنامەکاندا ڕەخنەکانیان لەسەر پەرتووکەکانی یەکتر بڵاو دەکردەوە. بۆیە ئەم سەردەمە گەرچی لە ڕووی بارودۆخی ناوخۆیی ئەمریکا دوو بەرەی دژ بە یەکتر بوو بەڵام ڕۆشنبیران و نووسەران لە ناوخۆیاندا یەکگرتوو و تەبا بوون بە شێوەیەکی گشتی.

بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبیاتی ئەمریکی ڕەگێکی مێژوویی هەیە و زیاتر پەیوەستە بە ڕووداوەکانی مێژوو، ناوەڕۆکی بابەتەکان خۆیان لە بابەتی مێژوویی وەک بابەتی جەنگ و نەهامەتییەکانی جەنگ و کۆیلایەتی و چەوساندنەوە و ڕۆمانسی و واقیعبینی و گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستی ژیان دەبینێتەوە. یەکێک لەو ڕۆمانانەی لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا ناوبانگی بە دەستهێنا، ڕۆمانی "شانە سوورەکان" کە ڕۆمانێکی مێژووییە و لەلایەن ستیڤن کراین نووسراوە، ڕۆمانەکە باسی سەربازی ناچاری دەکات کە پاڵەوانی ڕۆمانەکە گەنجێکە یەکەم جاریەتی لە ژیانیدا ئەزموونی جەنگ بکات، بە درێژایی ڕۆمانەکە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێی هێنری دەکەیت کاتێک لەشکری شانە سوورەکان کوێرانە جەنگ دەکەن بۆ ئازادکردنی خاکەکەیان. 

ئەدەبیاتی ئەمریکی لە سەدەی بیستەم

یەکێک لەو ڕۆمانانەی لە سەدەی بیستەمدا ناوبانگی بە دەستهێنا و خەڵاتی نۆبڵیشی لە ئەدەبیات وەرگرت، ڕۆمانی پیرەمێرد و دەریا بوو کە لە نووسینی ئێرنست هەمەنگوەییە. ئەم ڕۆمانە باس لە کەسێک دەکات کە ڕاوچی ماسییە، ماوەیەکی زۆرە یەک ماسیشی ڕاونەکردووە، هەموو ڕاوچییەکان لێی بێهیوابوون و زۆر جاریش گاڵتەی پێ دەکەن، بەڵام ئەو کۆڵنادات و تۆڕەکەی و قولاپەکەی هەڵدەگرێت و دەچێتە ناوەڕاستی دەریا، چەند شەو و ڕۆژ دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بەختی دەکرێتەوە کە ئەوەش تووشی سەرسوڕمانێکی زۆری دەکات، ماسییەکی قەبارە گەورە دەبێت بە قولاپەکەیەوە.

ئەم ڕۆمانە خوێنەر فێری ئەوە دەکات لە هەر بارودۆخێکدا پێویستە ئازا بیت و کۆڵنەدەیت، ئەگەر ڕێگاکەشت ون کردبێت، پێویستە بۆ سەرەداوێک بگەڕێیت دووبارە بچیتەوە سەر ڕێگای ڕاست.


سەرچاوەکان



52 بینین