پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-13-17:04:00 - کۆدی بابەت: 12888
پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن (بە ئینگلیزی: The relationship between diabetes and high blood pressure، بە عەرەبی: العلاقة بين مرض السكري وارتفاع ضغط الدم) ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزی پەستانی خوێن زیاترە و ئەمەش هۆکارێک دەبێت تا مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاتر بێت. هەر بۆیە گرنگە بزانیت چۆن چاودێری پەستانی خوێنت دەکەیت لە کاتی نەخۆشی شەکرەدا. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، پێویستت بە پێوانی پەستانی خوێنە لەلایەن پسپۆڕێکی تەندروستییەوە پشکنینی بۆ بکرێت بەلایەنی کەمەوە ساڵی جارێک.

ئەگەر پەستانی خوێنت بەرزە (پێی دەوترێت بەرزە پەستانی خوێن)، پێویستت بە چارەسەر دەبێت بۆ دابەزاندنی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەرزە پەستانی خوێن پەستان دەخاتە سەر لوولەکانی خوێن و زیانیان پێدەگەیەنێت. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە قورستr خوێن بە دەوری جەستەدا بڕوات و بگاتە هەموو ئەو ناوچانەی کە پێویستن وەکوو دڵ. لە کاتی بەرزە پەستانی خوێن زیاتر مەترسی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشکت هەیە. هەروەها مەترسی زیاتری تووشبوون بە هەموو جۆرە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرەت لەسەرە، وەک کێشەی گەورە لە قاچەکان و چاوەکان و گورچیلەکان.

زۆر شت هەیە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ ئەوەی یارمەتی پەستانی خوێنت بدەیت، چونکە شێوازی ژیان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پەستانی خوێن. بەڵام زۆرێک لە خەڵک پێویستیان بە دەرمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی. 

زۆر گرنگە بزانیت کە دەکرێت بەرزی پەستانی خوێنت هەبێت و هەست بە باشی بکەیت، چونکە هیچ نیشانەی نییە. بەڵام تەنانەت ئەگەر هەست بە تەندروستی بکەیت، بەرزی پەستانی خوێن زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیەنێت و پێویستە چارەسەر وەربگریت. بۆیە نابێت هەرگیز پشکنینی پەستانی خوێن لەدەست بدەیت، تەنانەت لە هەندێک نەخۆشخانە و تاقیگە پشکنینێکی خۆڕاییە و تەنها دوو خولەکی دەوێت.

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن چییە؟

ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢١ ئاماژە بەوە دەکات کە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێن زۆرجار بەیەکەوە ڕوودەدات و دەکرێت ئەمە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هۆکاری هاوبەشیان هەیە. هۆکارەکان بریتین لە:

  • شێوازی ژیانی دانیشتن لەگەڵ زیاد لە پێویست کالۆری
  • قەڵەوی
  • هەوکردن
  • فشاری ئۆکساندن
  • بەرگری ئەنسۆلین

دیاریکردنی نەخۆشی شەکرە

بەگوێرەی کۆمەڵەی نەخۆشی شەکرەی ئەمریکی (ADA) هەموو ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان نییە.

ئەگەر نیشانەکانی بەرزی ئاستی گلوکۆزی خوێن دەردەکەون، دەکرێت بریتین لە:

  • تینوێتی زیاد لە پێویست
  • برسیەتی زیاد لە پێویست
  • زوو زوو میزکردن
  • ماندووبوونی زۆر
  • لێڵبوونی بینایی 
  • ساڕێژنەبوونی برینەکان

هەروەها لەوانەیە کەسێک زیاتر هەست بە تووشبوون بکات، وەک:

  • هەوکردنی ڕێڕەوی میز 
  • هەوکردنی کەڕوو
  • هەوکردنی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە

ئایا نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن؟

کەسێک کە نەخۆشی شەکرەی هەیە واتا یان ئینسۆلینی پێویستی نییە بۆ پرۆسەکردنی گلوکۆز یان ئەنسۆلینەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر کار ناکات. ئەنسۆلین ئەو هۆڕمۆنەیە کە توانای پرۆسەکردنی گلوکۆز لە خۆراکەوە دەدات و دواتر وەک وزە جەستە بەکاری دەهێنێت. کاتێک کەسێک کێشەی ئەنسۆلینی هەیە، گلوکۆز ناتوانێت بچێتە ناو خانەکانیەوە بۆ دابینکردنی وزە، بۆیە لە جیاتی ئەوە لە خوێندا کەڵەکە دەبێت.

بەرزی ئاستی گلوکۆزی خوێن دەتوانێت زیانی بەربڵاو بە شانەکان و ئەندامەکان بگەیەنێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی پەستانی خوێندا. بۆ نموونە، زیان گەیاندن بە لوولەکانی خوێن و گورچیلە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

ئایا بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی شەکرە؟

بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٨، ئەو کەسانەی کە بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی بەرگری لە ئەنسۆلین دەکەن و مەترسی تووشبوونیان بە شەکرە زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە پەستانی خوێنی ئاساییان هەیە. لەوانەیە ئەمە بەهۆی پرۆسەی جەستەییەوە بێت کە هەردوو مەرجەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەک:

  • هەوکردن
  • فشاری ئۆکساندن
  • چالاککردنی کۆئەندامی بەرگری لەش
  • نەخۆشی یان ئەستووربوونی لوولەکانی خوێن
  • قەڵەوی

بۆیە لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەوانەیە ڕاستەوخۆ نەبێتە هۆی نەخۆشی شەکرە، بەڵام لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە شەکرە زیاد بکات ئەگەر پەستانی خوێنی بەرزی هەبێت.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو هۆکاری مەترسی هاوشێوەیان هەیە. کە بریتین لە:

  • کێش زۆری یان قەڵەوی
  • هەبوونی شێوازی ژیانی دانیشتن
  • ژەمە خواردنی ناتەندروست
  • هەستکردن بە فشاری دەروونی درێژخایەن
  • خووی خراپی خەو
  • جگەرە کێشان
  • بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوا

هۆکارەکانی مەترسی زیاتر کە متمانەیان پێ دەکرێت بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بریتین لە:

  • خواردنێکی زۆر لە سۆدیۆم
  • کەمی پۆتاسیۆم
  • خواردنەوەی کحولی

پەستانی خوێن چییە؟

پەستانی خوێن ئەو پەستانەیە کە دڵت بەکاری دەهێنێت بۆ پاڵنانی خوێن بەناو لوولەکانی خوێن و دەوروبەری جەستە. دوو ژمارە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی پەستانی خوێن و بەپێی میلیمەتری جیوە (mmHg) پێوانە دەکرێت. بەم شێوەیە دەنووسرێت؛ ١٣٠/٨٠ mmHg. هەروەها گوێت لە دکتۆرەکەت دەبێت کە دەڵێت "١٣٠ لەسەر ٨٠".

ژمارەی یەکەم بریتییە لە پەستانی سیستۆلیک (گرژبوونی سکۆڵەکان). ئەمە زۆرترین فشارە کە دڵت بەکاری دەهێنێت لە کاتی لێدان بۆ پاڵنانی خوێن بە دەوری جەستەدا. ژمارەی دووەم بریتییە لە پەستانی دیاستۆلیک (خاوبوونەوەی سکۆڵەکان). ئەمە کەمترین پەستانە کە دڵت بەکاری دەهێنێت کاتێک لە نێوان لێدانەکاندا ئارام دەبێتەوە. بە بەکارهێنانی ١٣٠/٨٠ mmHg وەک نموونەیەک، پەستانی سیستۆلیک لێرە ١٣٠ mmHg و پەستانی دیاستۆلیک ٨٠ mmHg یە.  

ڕێژەی پەستانی خوێن بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە چەندە؟

گرنگە لە کاتی نەخۆشی شەکرەدا پەستانی خوێن لە مەودایەکی تەندروستدا بهێڵیتەوە، چونکە ئەمە ئەگەری تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە کەم دەکاتەوە. ئامانجی (ڕێژەی ئاسایی) پەستانی خوێن بەزۆری کەمترە لە ١٤٠/٩٠ mmHg بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان خوار ١٥٠/٩٠ mmHg ئەگەر تەمەنت ٨٠ ساڵ یان زیاتر بێت. بۆ هەندێک کەس کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە، ئامانجەکە لەوانەیە کەمتر بێت لە ١٣٠/٨٠ mmHg. بەڵام گرنگە قسە لەگەڵ تیمی تەندروستی بکەیت دەربارەی ئاستی گونجاو بە گوێرەی دۆخی جەستەیی و تەندروستیت.

لە کاتێکدا لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی بەرزی پەستانی خوێنت نەبێت، بەڵام بەرزی پەستانی خوێن دەتوانێت زیان بە تەندروستیت بگەیەنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێت. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی پەستانە لە دڵ و چاو و گورچیلە و ئەندامەکانی تر. هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک هەندێک لەو حاڵەتانەن کە جەستە بەهۆی بەرزی پەستانی خوێنەوە زیاتر لاواز دەبێت. ئەو حاڵەتانەی کە مەترسی زیاتریان لەسەرە بریتین لە: 

بە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بۆ ئاستێکی تەندروستتر، مەترسی تووشبوون بەم حاڵەتانە کەم دەکەیتەوە.

نیشانەکانی بەرزی پەستانی خوێن

بەرزی پەستانی خوێن هەندێک جار بە کێشەیەکی بێدەنگ یان بکوژێکی بێدەنگ ناودەبرێت، چونکە زۆرجار هیچ نیشانەیەکی نییە. هەندێک کەس کە پەستانی خوێنیان بەرزە دەڵێن سەرئێشەیان هەیە، بەڵام ئەمە دەگمەنە. باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی بزانیت ئایا پەستانی خوێنت بەرزە ئەوەیە کە لەلایەن پسپۆڕێکی تەندروستییەوە پشکنینی بۆ بکەیت. نیشانەکان لەوانەیە بریتین لە:

  • سەرئێشە
  • سەرگێژبوون
  • بینایی تێکچوون

نیشانەکانی بەرزی پەستانی خوێن لەوانەیە وەک کێشەی پزیشکی تر بن. هەمیشە ڕاوێژ بە پزیشک بکە بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکەیت.

هۆکار و مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

بۆ زۆربەی خەڵک هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. بەڵام ئێمە دەزانین کە هەندێک شت لەوانەیە زیاتر مەترسیت لەسەر دروست بکات. ئەمانە بە هۆکارەکانی مەترسی ناودەبرێن و یەکێک لەو هۆکارانە نەخۆشی شەکرەیە. بەرزی ڕێژەی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت ڕەقبوونی خوێنبەرەکان. ئەمە کاتێکە کە کۆمەڵێک ماددەی چەوری لەناو لوولەکانی خوێندا کۆدەبنەوە، کە بەمەش لوولەکانی خوێن تەسک دەکەنەوە. هەتا لوولەکانی خوێن تەسکتر بن، فشارەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

چەند فشاری خوێن زیاتر بێت، زەحمەتتر دەبێت بۆ پاڵنانی خوێن بە دەوری ناوچە گرنگەکانی جەستە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێیەکان، چاوەکان و دڵ لە مەترسیدان. چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە ناتوانیت شتێکی وایان لەبارەوە بکەیت:

  • تەمەن
  • مێژووی خێزانی بۆ بوونی بەرزە پەستانی خوێن
  • ئەگەر باکگراوندی نەژادی تۆ ئەفریقی-کاریبی یان ڕەش ئەفریقی بێت

هەروەها چەند هۆکارێکی مەترسیدار هەیە کە دەتوانیت کۆنترۆڵیان بکەیت:

  • بوونی ڕێژەیەکی زۆر خوێ لە ژەمە خواردنەکەت
  • کێشی زیاد لە پێویست
  • چالاک نەبوون
  • جگەرە کێشان
  • زۆر خواردنەوەی کحول
  • جۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و وڵامدانەوەی فشاری دەروونی
  • زۆر خواردنەوەی کافایین وەک قاوە

ئەگەر گۆڕانکاری لە شێوازی خۆراک و شێوازی ژیاندا بکەیت، دەتوانیت مەترسی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن کەم بکەیتەوە. گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان ئاسان نییە، بەڵام زۆر گرنگە بزانیت چۆن دەتوانیت ئەم گۆڕانکارییە بکەیت. پاڵپشتییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات تا ئاستی پەستانی خوێنت دابەزێنیت و ڕێژەی ئاسایی بەدەست بهێنیت.

چۆن پەستانی خوێنت دادەبەزێنیت؟

کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بەگشتی بەهۆی گۆڕینی شێوازی ژیانی ئەرێنییەوە دەبێت. بەڵام هەمیشە ئەمە ئاسان نییە و هەندێک کەس پێویستیان بە دەرمانە بۆ یارمەتیدانیان لە دابەزاندن پەستانی خوێن. چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن لەلایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێت لەسەر بنەمای:

  • تەمەن، تەندروستی گشتی و مێژووی پزیشکی
  • ڕێژەی نەخۆشیەکە
  • بەرگری بۆ دەرمانی دیاریکراو، پرۆسە، یان چارەسەری دیاریکراو
  • چاوەڕوانییەکان بۆ ماوەی نەخۆشییەکە
  • بۆچوون یان پەسەندکراوی نەخۆسەکە

چارەسەر دەکرێت وەرزش و خۆراکی هاوسەنگ و وازهێنان لە جگەرەکێشان و هەروەها ئەو دەرمانانە بگرێتەوە کە لەلایەن پزیشکەوە دەنوسرێت. گرنگترین ڕێگاکانی گۆڕینی شێوازی ژیان بریتین لە:

  • پاراستنی کێشێکی تەندروست
  • چالاکتر بوون
  • کەم کردنەوەی خوێ لە ژەمە خۆراکەکەت 
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان 
  • وازهێنان لە خواردنەوەی کحولی 
  • گرتنەبەری چەند ڕێگایەکی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی فشاری  دەروونی
  • کەمکردنەوەی کافایین

تیمی تەندروستیت دەتوانێت پشتگیریت بکات لە ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییانە. بزانە چ پشکنین و خزمەتگوزارییەکی تەندروستیت هەیە.

پشکنینی پەستانی خوێن

پزیشک یان پەرستار ئامێری پێوانی پەستانی خوێن بەکاردێنێت بۆ پشکنینی پەستانی خوێن. قۆڵبەندێک دادەنێت لە دەوری قۆڵت و دواتر هەوای تێدەکات. ئەمەش ڕێگری دەکات لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ چەند چرکەیەک. بەمە دەکرێت هەست بە ناڕەحەتی بکەیت بەڵام ئازاربەخش نییە. دواتر هەواکە کەم دەبێتەوە و مۆنیتەرەکە دەخوێنرێتەوە پاشان دکتۆر یان پەرستارەکە قۆڵبەندەکە لادەبات. پێویستە لانی کەم ساڵی جارێک ئەم پشکنینە ئەنجام بدەیت. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی بەشێکە لە پێداچوونەوەی ساڵانە و یەکێکە لە پشکنینە سەرەکییەکانی نەخۆشی شەکرە.

ئەگەر دەتەوێت، دەتوانیت خۆت ئامێری پێوانی پەستانی خوێن بکڕیت بۆ بەکارهێنانی لە ماڵەوە. دەتوانیت ئەمە لە شیکارێک یان دەرمانخانەیەک وەربگریت. هەروەها لە هەندێک ناوچە تیمەکانی چاودێری نەخۆشی شەکرە پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە خەڵک کەلوپەلی چاودێریکردنی پەستانی خوێنی خۆیان بکڕن. ئاسانە کە خۆت ئامێری پێوانی پەستانی خوێن بەکاربهێنیت، بەڵام سەرەتا قسە لەگەڵ تیمی چاودێری تەندروستی بکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بە دروستی بەکاریدەهێنیت. تێبینیەک لەسەر خوێندنەوەکانت بکە و قسە لەگەڵ پزیشک یان پەرستارە بکە ئەگەر نیگەرانیت بۆ دروست بوو.

ئەنجامی پەستانی خوێن

دەستبەجێ ئەنجامەکانت بەدەست دێنیت. خوێندنەوە لەسەر مۆنیتەرەکە ڕێگە بە تیمی چاودێری تەندروستی دەدات بزانن ئایا پەستانی خوێن زۆر بەرزە یان زۆر نزمە یان ئاساییە. بەڵام گرنگە تۆش لە ئەنجامەکانی خۆت تێبگەیت. لە هەر کۆبوونەوەیەکدا تێبینیەک بکە و بزانە ژمارەکان مانایان چییە.  تیمی تەندروستی ڕازی دەبێت بە ئاستێکی ئامانج کە سەلامەتە بۆت. زۆر گرنگە کە هەموو شتێک بکەیت بۆ ئەوەی لە مەودای ئاساییدا بمێنیتەوە. تا پەستانی خوێنت بەرزتر بێت، مەترسی تووشبوون بە ئاڵۆزی زیاتر دەبێت.

دەرمان بۆ بەرزە پەستانی خوێن

گۆڕینی شێوازی ژیان لەوانەیە بەس نەبێت و زۆرێک لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە پێویستیان بە دەرمان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێنییان. باوترین جۆری دەرمانەکانی پەستانی خوێن بریتین لە دەرمانەکانی دژە میزتن، ڕێگرییەکانی ACE، بلۆکەری بێتا، بلۆکەری وەرگری دژە تۆتینسین-٢ و بلۆکەرەکانی کەناڵی کالسیۆم. پرسیار لە تیمی تەندروستی بکە ئەگەر زانیاری زیاترت دەوێت لەسەر ئەم دەرمانانە.

تیمی چاودێری تەندروستی لەوانەیە دەرمانت بداتێ تەنانەت ئەگەر پەستانی خوێنت بەرز نەبێت و لە مەودای ئاساییدا بێت. ئەمە ئاساییە، بەڵام دەتوانیت داوا لە تیمی تەندروستی بکەیت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی پێویستە دەرمان وەربگریت. زۆرجار لەبەر ئەوەیە کە دەرمانەکە خۆی دەتوانێت یارمەتیت بدات لە ئاڵۆزییەکانی شەکرە بەتایبەتی گورچیلەکانت دەپارێزێت.


سەرچاوەکان



4027 بینین