ناوهڕۆك
سەرەتا
پەڕەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Platelets، بە عەرەبی: صفائح الدم) خانەی بچووک و بێ ڕەنگن لە خوێندا، یارمەتی مەیینی خوێن دەدەن و ڕێگری لە خوێنبەربوون دەکەن. پەڕەکانی خوێن زۆر بچووکن و تەنها لەژێر مایکرۆسکۆپدا دەبینرێن، ناچالاکن تاکوو ئەو کاتەی لوولەیەکی خوێن تووشی تێکشکان دەبێت، نیشانە بۆ پەڕەکانی خوێن دەنێردرێت و پەڕەکانی خوێن چالاک دەبن هەروەها شێوەی خۆیان دەگۆڕن، تاکوو لە شوێنی تێکشکانەکە پێکەوە دەنووسێن و قەتماغەیەک دروست دەکەن بەمەش ڕێگری لە خوێنبەربوون دەکەن. لەناو مۆخی ئێسکدا دروست دەبن. مۆخی ئێسک لە خانە بنەڕەتییەکان پێکهاتووە، ئەم خانە بنەڕەتییانە بۆ خڕۆکە سوورەکان،
خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن گەشە دەکەن. لە دوای دروستبوون کاتێک پەڕەکانی خوێن دەچنە خوێنەوە بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠ ڕۆژ دەتوانن لە خوێندا بمێننەوە. بۆ دڵنیابوون کە مۆخی ئێسک بڕێکی ئاسایی لە پەڕەکانی خوێن دروست دەکات، پشکنینی تەواوی پێکهاتەکانی خوێن (CBC) ئەنجام دەدرێت.
ڕێژەی ئاسایی پەڕەکانی خوێن ٠٠٠,١٥٠ – ٠٠٠,٤٥٠ پەڕەکانی خوێن/ مایکرۆلیتر دەبێت. کاتێک ڕێژەی پەڕەکانی خوێن بۆ کەمتر لە ٠٠٠,١٠ بۆ ٠٠٠,٢٠ دادەبەزێت لە کاتێکدا کە برینداربوون ڕووی نەدابێت، ئەوا مەترسیی خوێنبەربوون دروست دەبێت. هەندێک کەسیش ڕێژەیەکی زۆر لە پەڕەکانی خوێن دروست دەکەن بە نزیکەیی ٠٠٠,٥٠٠ بۆ ١ ملیۆن پەڕەکانی خوێن.
زۆری ڕێژەی پەڕەکانی خوێن
زۆر دروستبوونی پەڕەکانی خوێن، خانە نائاساییەکان لە مۆخی ئێسکدا دەبنە هۆی دروستبوونی ڕێژەیەکی زۆری پەڕەکانی خوێن، بەڵام هۆکارەکەی نەزانراوە.
هەمان حاڵەت دەکرێت ڕووبدات، بەڵام بەهۆی دروستبوونی کێشەی تر بۆ نموونە کەمخوێنی یان شێرپەنجە، ئەم حاڵەتەیان بە زۆر دروستبوونی پەڕەکانی خوێنی دووەمی ناسراوە.
نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی پەڕەکانی خوێن بریتییە لە لەخۆوە مەیینی خوێن لە قۆڵ یان قاچەکاندا، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەکرێت ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ. ئەم حاڵەتە لە ڕێگەی دەرهێنانی بڕێک خوێن لە نەخۆشەکە، جیاکردنەوەی پەڕەکانی خوێن لە خانەکانی تری وەک خڕۆکە سوورەکان یان خڕۆکە سپییەکان چارەسەر دەکرێت. دوای جیاکردنەوەی پەڕەکانی خوێن خوێنەکە دووبارە بۆ لەشی نەخۆشەکە دەگەڕێندرێتەوە.
بەڵام کاتێک زۆربوونی ڕێژەی پەڕەکانی خوێن بەهۆی کێشەی تری وەک شێرپەنجە یان کەمخوێنی بێت، چارەسەرکردن لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەبێت و دواتریش ڕێژەی پەرەکانی خوێن ئاسایی دەبنەوە.
کەمی ڕێژەی پەڕەکانی خوێن
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بریتییە لە شینبوونەوەی پێست، خوێنبەربوونی پوک، لووت و کۆئەندامی هەرس. ئەم بارودۆخە دروست دەبێت کاتێک مۆخی ئێسک ناتوانێت بڕی پێویست یان بڕی ئاسایی لە پەڕەکانی خوێن دروست بکات دەکرێت بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە بێت:
- دەرمان
- حاڵەتی بۆماوەیی
- شێرپەنجە
- وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی بۆ شێرپەنجە
- نەخۆشیی گورچیلە
- بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە ئەلکحول
پەیوەندی نێوان پەڕەکانی خوێن و نەخۆشیی دڵ
کاتێک ڕێژەی پەڕەکانی خوێن بەرز دەبنەوە، دەبێتە هۆی مەیینی خوێن. بەڵام نەخۆشیی دڵ زیاتر پەیوەندی بە فرمانی پەڕەکانی خوێنەوە وەک لە ژمارەی پەڕەکانی خوێن هەیە. دەکرێت ژمارەیەکی ئاسایی لە پەڕەکانی خوێن هەبێت، بەڵام کاتێک مانەوەی پەڕەکانی خوێن لە ماوەی ئاسایی خۆی زیاتر بێت، دەبێتە هۆی ڕوودانی جەڵتەی دڵ.
ئایا دەکرێت تەنها پەڕەکانی خوێن بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە؟
بەهەمان شێوەی گواستنەوەی خوێن، دەتوانرێت پەڕەکانی خوێنیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە. سەرەتا لە قۆڵی بەخشەرەکە خوێن دەردەهێنرێت و لە ڕێگەی ئامێری سەنتەرفیوج پێکهاتەکانی خوێنەکە جیادەکرێنەوە و پەڕەکانی خوێنیش لە پێکهاتەکانی تر جیادەبنەوە. دواتر ئەو خوێنەی کە پەڕەکانی خوێنی لێ جیاکراوەتەوە بۆ بەخشەرەکە دەگوازرێتەوە. ئەمە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانی وەک شێرپەنجەدا سوودی دەبێت.