باوترین چارەسەرییەکانی قژ هەڵوەرین چین؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-25-23:26:00 - کۆدی بابەت: 12989
باوترین چارەسەرییەکانی قژ هەڵوەرین چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باوترین چارەسەرییەکانی قژ هەڵوەرین چین (بە ئینگلیزی; What are the most common treatments for hair loss، بە عەرەبی; ما هي العلاجات الأكثر شيوعا لتساقط الشعر) پزیشکانی پێست کە پسپۆڕن لە هەڵوەرینی قژ و نەخۆشییەکانی پێستی سەر، هەزاران کەسیان چارەسەر کردووە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی قژ وەرین. پزیشکان زۆرجار پێشنیاری دەرمان دەکەن بۆ یارمەتیدان لە ڕێگریکردن لە لەدەستدانی زیاتری قژ، هەروەها بۆ دووبارە گەشەکردنەوەی قژ ئەگەر گونجاوبێت.

هەڵوەرینی قژ

هەموو ڕۆژێک چەند تاڵە قژێک لەدەست دەدەیت وەک بەشێک لە سووڕی گەشەکردنی قژ. بۆ زۆربەی خەڵک، لە جێی تاڵە قژی وەریو تاڵی نوێ گەشە دەکات و قژ بە پڕی دەمێنێتەوە. بەڵام نەخۆشی، گۆڕانی هۆڕمۆن، فشاری دەروونی، پیربوون و بارودۆخی بۆماوەیی دەتوانێت دەستێوەردان لە سووڕی گەشەی قژ بکات. لەم دۆخانەدا تاڵە قژی زیاتر دەکەوێت، بەڵام زنجیرەی تاڵە قژی نوێ هەمیشە بە دوایدا گەشە ناکاتەوە.

دەستنیشانکردنی قژ وەرین

پێش ئەوەی دەستنیشان بکرێت، پزیشک لەوانەیە پشکنینێکی جەستەیی بکات و پرسیار بکات دەربارەی خۆراک، ڕۆتینی چاودێری قژ، و مێژووی پزیشکی و خێزان. هەروەها لەوانەیە داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بکات وەک ئەمانەی خوارەوە:

  • پشکنینی خوێن: ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی نەخۆشییە پزیشکییەکان کە دەبێتە هۆی وەرین و لەدەستدانی قژ.
  • پشکنینی تاڵە قژەکان بە ڕاکێشان: دکتۆر بە نەرمی چەند تاڵە قژێک ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی بزانێت چەندی تر لەگەڵی دێنە دەرەوە. ئەمەش دەبێته یارمەتیدەر لە دیاریکردنی قۆناغی وەرینی قژ.
  • وەرگرتنی نموونەی شانەی پێستی سەر: پزیشک نموونەی پێستی سەر وەردەگرێت یان چەند قژێک لە پێستی سەر لادەبات بۆ پشکنینی ڕەگی قژ لەژێر مایکرۆسکۆپ. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا هەوکردن بووەتە هۆی لەدەستدانی قژ یاخود نا.

باوترین چارەسەرییەکان بۆ قژ وەرین

چارەسەری کاریگەر بۆ هەندێک جۆری قژ وەرین بەردەستە لەوانەیە بتوانرێت لەدەستدانی قژ پێچەوانە بکرێتەوە، یان لانیکەم هێواش بکرێتەوە. لەگەڵ هەندێک حاڵەت وەک لەدەستدانی قژ لە ناوچەیەکی دیاریکراوی سەر (alopecia areata)، لەوانەیە قژ لە ماوەی ساڵێکدا بەبێ چارەسەر گەشە بکاتەوە. چارەسەری هەڵوەرینی قژ بە گشتی بریتییە لە دەرمان و نەشتەرگکاری.

نەشتەرکاری چاندنەوەی قژ

لە باوترین جۆری لەدەستدانی قژی هەمیشەیی، تەنها سەرەوەی سەر کاریگەری لەسەر دەبێت. گواستنەوەی قژ یان نەشتەرکاری گەڕانەوە، دەتوانێت زۆربەی ئەو قژە دروست بکاتەوە کە هەڵوەریوون. لەکاتی نەشتەرکاری گواستنەوەی قژدا، پزیشکی پێست یان نەشتەرکاری جوانکاری، قژ لە بەشێکی سەر لادەبات کە قژی تێدایە و دەیگوێزێتەوە بۆ ئەو بەشەی سەر کە قژی پێوە نەماوە. هەر پارچەیەکی قژ یەک تاڵ بۆ چەند تاڵە قژێکی تێدایە. ئەم نەشتەرکارییە پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە نییە، بەڵام ئازاربەخشە، بۆیە دەرمانی ئارامکردنەوە دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی هەر ناڕەحەتییەک. مەترسییە شیاوەکان بریتین لە خوێن بەربوون، سووربوونەوە، هەڵئاوسان و هەوکردن. لەوانەیە پێویست بە زیاتر لە یەک نەشتەرکاری بکات بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بەدەست بهێنرێت کە ئەمانجەکەیە. لە کۆتاییدا سەرەڕای نەشتەرکاری بەڵام ئەوانەی کێشەی بۆماوەییان هەیە بەردەوام تووشی لەدەستدانی قژ دەبنەوە. 

چارەسەری لەیزەر

ئامێری لێزەر پەسەند کراوە وەک چارەسەرێک بۆ لەدەستدانی قژی بۆماوەیی لە پیاوان و ژناندا. چەند توێژینەوەیەک هەن کە دەریانخستووە بەکارهێنانی لەیزەر چڕی قژ باشتر دەکات. 

چارەسەری PRP بۆ هەڵوەرینی قژ

چارەسەری پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن (بە ئینگلیزی; platelet-rich plasma) چارەسەرێکی پزیشکی سێ هەنگاوییە کە تێیدا خوێنی کەسێک ڕادەکێشرێت و پرۆسە دەکرێت و دواتر دەخرێتە ناو پێستی سەر. هەندێک لە کۆمەڵگەی پزیشکی پێیان وایە کە دەرزی PRP دەبێتە هۆی گەشەی سروشتی قژ و پاراستنی بە زیادکردنی دابینکردنی خوێن بۆ سەلکی قژ و زیادکردنی ئەستووری تاڵە قژەکان. هەندێک جار ئەم ڕێگایە لەگەڵ نەشتەرکارییەکانی دیکەی هەڵوەرینی قژ یان دەرمان تێکەڵ دەکرێت.

دەرمانەکان

مینۆکسیدیل (Rogaine): مینۆکسیدیل بە شێوەی شلە و کەف و شامپۆ هەیە. بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەری هەبێت، ڕۆژانە جارێک بۆ ئافرەتان و دوو جار بۆ پیاوان بەکاردەهێنرێت. زۆرێک لە خەڵک پێیان باشترە کە کەف بەکاربهێنرێت کاتێک قژەکە تەڕە. ئەو بەرهەمانەی کە مینۆکسیدیلیان تێدایە یارمەتی زۆر کەس دەدەن کە قژیان گەشە بکات یان ڕێژەی لەدەستدانی قژیان کەم ببێتەوە، یانیش هەردووکی. مینۆکسیدیل بە لایەنی کەمەوە شەش مانگی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی قژ و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی قژ و دەستکردن بە گەشەکردنەوەی قژ. لەوانەیە چەند مانگێک زیاتر بخایەنێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا چارەسەرەکە بۆ تۆ بە باشی کار دەکات و گونجاوە یاخود نا. ئەگەر یارمەتیدەر بوو، پێویستە بەردەوام بیت لە بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ پاراستنی سوودەکان. کاریگەرییە لاوەکییە شیاوەکان بریتین لە هەستیاربوونی پێستی سەر و گەشەی قژی نەخوازراو لەسەر پێستی تەنیشت دەموچاو و دەست.

فایناستێراید (Propecia): دەرمانێکە بۆ پیاوان ڕۆژانە وەک حەبێک وەردەگیرێت، زۆرێک لەو پیاوانەی کە فایناستێراید وەردەگرن ئەزموونی کەمبوونەوەی لەدەستدانی قژ دەکەن، و هەندێکیش لەوانەیە گەشەی قژی نوێ نیشان بدەن. لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایا ئەوە بۆ تۆ گونجاوە یان نا. هەروەها پێویستە بەردەوام بیت لە بەکارهێنانی بۆ پاراستنی هەر سوودێک. فایناستێراید لەوانەیە بۆ پیاوانی سەرووی ٦٠ ساڵ کار نەکات. کاریگەرییە لاوەکییە دەگمەنەکانی فایناستێراید بریتییە لە کەمبوونەوەی پاڵنەری سێکسی و کاری سێکسی و زیادبوونی مەترسی شێرپەنجەی پرۆستات. ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن یان دەیانەوێت دووگیان بن پێویستە خۆیان بەدووربگرن لە دەستدان لە حەبی شکاو یان ڕووشاو.

دژە ئەندرۆجین: ئەم دەرمانانە ڕێگری لە ئەندرۆجینەکان دەکەن واتا هۆڕمۆنە سێکسییەکان کە زیان بە سەلکی موو دەگەیەنن یان لەناویان دەبەن. لەوانەیە لەدەستدانی قژ لە شێوەی ڕووتانەوەی قژ لە مێینە ڕابگرێت. دەرمانەکانی دژە ئەندرۆجین تەنها بە ڕەچەتەی پزیشکی بەردەستن کە سپیرۆنۆلاکتۆن و حەپی ڕێگری لە منداڵبوون یان حەبی کۆنترۆڵی لەدایکبوون دەگرێتەوە کە ئیسترۆجینی تێدایە. بە شێوەیەکی گشتی دژە ئەندرۆجینەکان دوای چوار مانگ دەست بە کار دەکەن و کاریگەرییان نیشاندەدەن. چارەسەری درێژخایەن پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قژ. دژە ئەندرۆجینەکان دەتوانن کاریگەری لاوەکی بەرهەم بهێنن، لەوانە سوڕی مانگانەی ناڕێک و خەوداگرتن. هەروەها ئەو ئافرەتانەی کە دووگیان دەبن نابێت دژە ئەندرۆجین وەربگرن.

کۆرتیکۆستیرۆیدەکان: هەندێک لە جۆرەکانی لەدەستدان و هەڵوەرینی قژ بەهۆی نەخۆشییەکی بەرگری خۆییەوە دروست دەبن و بە شێوەیەکی جیاواز چارەسەر دەکرێن لە لەدەستدانی قژ کە هۆکارەکەی هۆڕمۆنییە. کۆئەندامی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر ئەندام و شانە تەندروستەکان، لەوانە پێست و هەندێک جار جەستە سەلکە مووە تەندروستەکان لەناو دەبات. دەرمانی کۆرتیکۆسترۆید بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئەلۆپیسیا ئاریتا (alopecia areata) و پلانۆپیلاریس (lichen planopilaris) و لوپس ئێریثماتۆسی دیسکۆیدیان (discoid lupus erythematosus) هەیە. ئەم ڕێگرانەی کۆئەندامی بەرگری دەتوانێت بەرەنگاری کاریگەرییەکانی نەخۆشی بەرگری خۆیی ببێتەوە، کە ئەمەش ڕێگە بە قژ دەدات گەشە بکاتەوە. ستێرۆیدەکان بەردەستن وەک گیراوە یان دەرزی تایبەت، و هەموویان پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی هەیە. پزیشکەکانی پێست دیاری دەکەن کام جۆرە چارەسەرە گونجاوە لەسەر بنەمای تەمەن و توندی نیشانەکان. بۆ ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی ئەلۆپیسیایان هەیە، دەتوانرێت کرێمی ستێرۆید بەکاربهێنرێت بۆ پێست یان پێستی سەر، هەروەها بۆ گەورەکان پزیشکەکە لەوانەیە ستێرۆیدەکان بخاتە ناو پێست یان پێستی سەر. چارەسەری ستیرۆید دەکرێت هەر چوار بۆ شەش هەفتە جارێک ئەنجام بدرێت، و لەوانەیە لە ماوەی یەک یان دوو مانگدا دووبارە گەشەکردنەوەی قژ ببینرێت. کۆرتیکۆستیرۆیدەکان کاریگەری لاوەکیان هەیە، لەوانە هەستیاربوونی پێستی سەر کە لەوانەیە ببێتە هۆی لیرک و تەنکبوونی پێستی سەر و ڕوخسارێکی سوور یان هەڵقوڵاو. دەرمانی کۆرتیکۆسترۆید کە لەلایەن دەمەوە وەردەگیرێت لەوانەیە ببنە هۆکاری کەمکردنەوەی توانای بەرگرییە کۆئەندام لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنی بەکتریا یان ڤایرۆسی.

دەرمانی دژە کەڕوو: ئەگەر هەوکردنێکی کەڕوو پێی دەوترێت تێنیا (tinea capitis)، یان کرمی پێستی سەر، هۆکاری لەدەستدانی قژ بێت، پزیشکی پێست دەرمانێکی دژە کەڕوو دەنووسێت بۆ ئەوەی ڕۆژانە لەلایەن دەمەوە وەربگیرێت. زۆرجار یەک یان دوو مانگ دەخایەنێت پێش ئەوەی ئەنجامەکان ببینیت، و چارەسەر بە زۆری چەند مانگێک دەخایەنێت بۆ ئەوەی بە تەواوی کەڕووەکە لەناو ببات. ئەگەر چارەسەر زوو دەست پێبکات دوای دەرکەوتنی نیشانەکان، زۆربەی خەڵک دەتوانن دووبارە گەشەکردنەوەی قژیان ببینن. کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکانی دژە کەڕوو لەوانەیە بریتی بێت لە لیری پێست، سکچوون، و تێکچوونی گەدە.

دەرمانەکانی تر: هەندێک لە جۆرەکانی وەرینی قژ بە تێکەڵەیەک لە دەرمان چارەسەر دەکرێت بۆ بینینی باشترین ئەنجام. پزیشکانی پێست لە زانکۆی نیویۆرک لەوانەیە دژە بەکتریا زیاد بکەن بۆ ڕژێمی چارەسەرییەکە بۆ ڕێگریکردن لە بەرگرییە کۆئەندامی لەش لە هێرشکردن بۆ سەر خانە تەندروستیەکانی قژ یاخود زیادکردنی دەرمانەکانی دژە مەلاریا بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی پێستی سەر. 


سەرچاوەکان



2779 بینین