گواتیمالا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-06-10-15:33:00 - کۆدی بابەت: 13140
گواتیمالا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گواتیمالا (بە ئینگلیزی: Guatemala، بە عەرەبی: غواتيمالا، بە ئیسپانی: ɡwateˈmala)، بە فەرمی کۆماری گواتیمالا (بە ئینگلیزی: Republic of Guatemala)، وڵاتێکە لە ئەمریکای ناوەڕاست، لە باکوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ مەکسیک، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بێلیز و دەریای کاریبی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هیندۆراس، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەلسەلڤادۆر و لە باشوورەوە لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی کۆماری گواتیمالا بە مەزەندە نزیکەی 17.6 ملیۆن کەسە، گواتیمالا قەرەباڵغترین وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاست و 11ـەیەم قەرەباڵغترین وڵاتی ئەمریکایە. گواتیمالا سیتی پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە، لە هەمان کاتیشدا قەرەباڵغترین شارە لە ئەمریکای ناوەڕاست. مێژووی سەرەتایترین بەڵگە کە ئاماژە بە نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان دەکات لە گواتیمالا دەگەڕێتەوە بۆ 12,000 ساڵ پێش زایین و بەڵگەی شوێنەواری هەیە کە گوایە دانیشتووە دێرینەکانی ناوچەکە ڕاوچی کۆکەرەوە بوون.

زانیاری گشتی

ناو گواتیمالا، بە فەرمی کۆماری گواتیمالا
پایتەخت و گەورەترین شار گواتیمالا سیتی
سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی ئیسپانی 15ـی ئەیلوولی 1821
سەربەخۆیی لە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مەکسیکی 1ـی تەممووزی 1823
سەربەخۆیی لە کۆماری فیدراڵی ئەمریکای ناوەڕاست 17ـی نیسانی 1839
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات ئەلیخاندرۆ گیاماتی
زمانی فەرمی ئیسپانی
ڕووبەری گشتی 108,889 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2021 17,608,483
چڕیی دانیشتووان 129/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن +502
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو کێتزال (GTQ)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 185.8 ملیار دۆلار

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2021، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی گواتیمالا 17,608,483 کەسە، ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی 1900ـدا تەنها 885,000 کەس بوو، بەمەش دەبێتە خێرا گەشەسەندووترین وڵاتی نیوەگۆی ڕۆژئاوا لە سەدەی بیستەمدا. پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی 2024ـدا بگاتە 19,267,618 کەس. لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕێ دەکرێت زیادبوونی سروشتی ئەرێنی بێت و ژمارەی لەدایکبووان زیاتر بێت لە ژمارەی مردووان.‌ ئەگەر کۆچی دەرەکی لە ئاستی ساڵی پێشوودا بمێنێتەوە، ئەوا بەهۆی کۆچەوە 29,258 کەس لە ژمارەی دانیشتووانی وڵات کەم دەبێتەوە.

تا یەکی کانوونی دووەمی 2023، ژمارەی دانیشتووانی گواتیمالا بە 18,876,312 کەس مەزەندە کرا. ئەمەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی پێشوو (2022) کە 18,492,953 کەس بوو بە ڕێژەی 2.07 % (383,359 کەس) زیادیکردووە. لە ساڵی 2022ـدا زیادبوونی سروشتی ئەرێنی بوو و ژمارەی لەدایکبووەکان بە 412,023 کەس لە ژمارەی مردووەکان زیاتر بوو. هەروەها بەهۆی کۆچی دەرەکییەوە، 28,664 کەس لە ژمارەی دانیشتووان کەمبوویەوە. سەرەڕای ئەوەش، ڕێژەی ڕەگەزی تەواوی دانیشتووان 0.951 بوو (951 نێر بۆ هەر 1,000 مێیەک)، کە نزمترە لە ڕێژەی ڕەگەزی جیهانی (1,016 نێر بۆ هەر 1,000 مێیەک) لە ساڵی 2022ـدا.

تەمەن

تەمەنی مامناوەندی مەزەندەکراوی دانیشتووانی وڵاتی گواتیمالا 20 ساڵیە، نێرەکان 19.4 ساڵ و مێیەکان 20.7 ساڵ. ئەم وڵاتە لەڕووی دیمۆگرافییەوە یەکێکە لە گەنجترین وڵاتەکانی نیوەگۆی ڕۆژئاوا، کە دەتوانرێت بە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقای ناوەڕاست و عێراق بەراورد بکرێت. لە ساڵی 2010، تەمەنی 41.5%ـی دانیشتووانی گواتیمالا لە خوار 15 ساڵەوە بوون، تەمەنی 54.1%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 65 ساڵ و تەمەنی 4.4%ـی دانیشتووان 65 ساڵ یان زیاتر بوو. هەروەها تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی کۆماری گواتیمالا 70.9 ساڵیە، نێرەکان 69 ساڵی و مێیەکان 72.8 ساڵ.

ئاستی خوێندەواری دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنەکان 9,284,216 کەس یان 79.4%ـی دانیشتووانی پێگەیشتوو (تەمەن 15 ساڵ و سەرووتر)ـی کۆماری گواتیمالا توانای خوێندنەوە و نووسینیان هەیە. بەم پێیەش نزیکەی 2,408,904 کەسی پێگەیشتوو نەخوێندەوارن. ڕێژەی خوێندەواریی دانیشتووانی نێری پێگەیشتوو 84.75% (4,792,573 کەس)ـە و 862,581 نێری پێگەشتوو نەخوێندەوارن. هەروەها ڕێژەی خوێندەواریی دانیشتووانی مێینەی پێگەیشتوو 74.39% (4,491,643 کەس)ـە و 1,546,323 مێی پێگەیشوو نەخوێندەوارن.

سەرگەردان یان ئاوارەبوونی گەلی

ژمارەیەکی بەرچاو لە گواتیمالاییەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان دەژین، زۆربەی زۆری ئاوارەبووەکانی گواتیمالا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان و ژمارەیان لە نێوان 480,665 بۆ 1,489,426 کەس دەخەمڵێندرێت. لە ساڵی حەفتاکانەوە دانیشتووانی وڵاتەکە دەستیانکرد بە کۆچکردن بۆ ئەمریکا ئەمەش بووە هۆی گەشەکردنی کۆمەڵگا گواتیمالاییەکان لە کالیفۆرنیا، دێلاوێر، فلۆریدا، ئیلینۆیس، نیویۆرک، نیوجێرسی، تەکساس، ڕۆد ئایلەند و شوێنەکانی دیکە. بەڵام لە مانگی تەممووزی 2019، ئەمریکا و گواتیمالا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ سنووردارکردنی کۆچ و پەناخوازان لە گواتیمالاوە.

لەڕووی نەتەوەییە

چەندین گرووپی جۆراوجۆری نەتەوەیی، کولتووری، ڕەگەزی و زمانەوانی لە گواتیمالا نیشتەجێن. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2018 کە لەلایەن دامەزراوەی نیشتیمانی ئامارزانییەوە (INE) ئەنجامدرا، 56%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە مێستیزۆن. خەڵکی ڕەسەنی گواتیمالا 43.6%ـی دانیشتووانی نیشتمانییە و یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی گەورەترین ڕێژەی دانیشتووانی ڕەسەنە لە ئەمریکای لاتین، تەنها وڵاتانی پیرۆ و بۆلیڤیا خاوەنی لەم ڕێژەیە بەرزترن. زۆربەی خەڵکی ڕەسەنی گواتیمالا خەڵکی مایان. لەگەڵ ئەوەشدا، 1.8%ـی دانیشتووان زینکان (مێزۆئەمریکی) و 0.1%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە گاریفونان.

گواتیمالاییە سپی پێستە بە ڕەچەڵەک ئەورووپییەکان، لە سەرژمێری گواتیمالادا لە تاکە مێستیزۆکان جیا ناکرێنەوە. زۆربەشیان نەوەی دانیشتووە ئەڵمانی و ئیسپانییەکانی ناوچەکەن و هەندێکی دیکەشیان وەچەی جێگیربووە ئیتاڵی، بەریتانی، فەڕەنسی، سویسری، بەلجیکی، هۆڵەندی، ڕووسی و دانیمارکییەکانی وڵاتەکەن. جگە لەوانەش، نزیکەی 110,000 هاوڵاتی سەلڤادۆری لە وڵاتەکەدا نیشتەجێن، ژمارەیەک هاوڵاتی ئاسیاییش لە گواتیمالادا نیشتەجێن کە زۆربەیان بە ڕەچەڵەک چینین، لە هەمان کاتیشدا دانیشتووی عەرەبی بەڕەچەڵەک لوبنانی و سوریش لە ناوچەکەدا هەن.

زمان

تاکە زمانی فەرمیی گواتیمالا ئیسپانییە و لەلایەن 93%ـی دانیشتووانی وڵاتەوە قسەی پێ دەکرێت. هەروەها زمانی مایانی لەلایەن 29.6%ـی دانیشتووان، زمانی ئینگلیزی لەلایەن 0.1%ـی دانیشتووان و زمانەکانی تر لەلایەن 0.2%ـی دانیشتووانەوە بەکاردێت.

ئایین

مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی گواتیمالایە، بە شێوەیەکی گشتی دانیشتووانی وڵاتەکە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا لە پەیڕەکەرانی کاسۆلیکی ڕۆمانی پێکهاتبوون، بەڵام لە ئێستادا ئایینە جۆراوجۆرە مەسیحییەکان لەلایەن دانیشتووانەوە پەیڕە دەکرێن. کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی گەورەترین پشی بەرکەوتووە و لە ساڵی 2001ـدا 55%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە ئەندامی کڵێساکە بوون، بەڵام لە ساڵی 2012ـدا ئەم ڕێژەیە بۆ 47.9% دابەزی. لە ماوەی ساڵانی 2001 بۆ 2012، ڕێژەی دانیشتووانی پرۆتستانتی وڵاتەکە لە 30%ـەوە بۆ 38.2% زیادیکرد. ڕێژەی ئەو دانیشتووانەشی کە سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون لە 12.7% بۆ 11.6% دابەزی. باقی دانیشتووانی گواتیملا کە مۆرمونەکان، جوولەکەکان، ئیسلامییەکان و بوودییەکان لەخۆ دەگرێت زیاتر لە 2%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک دەهێنن.

کۆچکردن

لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا گواتیمالا تەنها لە ئیسپانیاوە کۆچبەرانی وەر دەگرت. دوابەدوای ئەوە و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا شەپۆلێک کۆچبەری لە ئەورووپاوە وەرگرت. ئەم کۆچبەرانە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەڵمانی بوون و تا ڕادەیەکی کەمتر خەڵک لە ئیسپانیا، فەڕەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا، سویدەوە ڕوویان لە ناوچەکە دەکرد. زۆرێک لە کۆچبەرە ئەورووپییەکان سیاسەتمەدار، پەنابەر، قۆنتەراتچی و هەروەها ئەو خێزانانە بوون کە دەیانویست لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بن. تا ساڵی 1950 گواتیمالا ئەو وڵاتەی ئەمریکای ناوەڕاست بوو کە زۆرترین کۆچبەری وەرگرت، لە ساڵانی 1890ـەوە، کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە دەستی پێکرد. بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، کۆچ لە ئەمریکای لاتینەوە بەرەو گواتیمالا زیادی کرد، بەتایبەتی لە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای ناوەڕاست، مەکسیک، کوبا و ئەرجەنتین، بەڵام زۆربەی ئەم کۆچبەرانە تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لە وڵاتەکەدا مانەوە و دواتر بەرەو ئەمریکا ڕۆشتن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی گواتیمالا خولگەییە و کەشی وڵاتەکە بەدرێژایی ساڵ لە ناوچە نزمەکاندا گەرمە، لە کاتێکدا لە ناوچە شاخاوییەکان و هەتا بەرەو ناوچە بەرزەکان بچین کەش ساردتر دەبێت. لە نزیکەی تەواوی ناوچەکانی گواتیمالا، وەرزێکی وشک هەیە کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی نیسان بەردەوام دەبێت، کاتێک بای بازرگانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵ دەکات وەرزێکی باراناوی دەست پێ دەکات کە لە مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت. لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ئازار، لەوانەیە کۆمای هەوای سارد لە ئەمریکاوە بێت و بگاتە گواتیمالا، لەم حاڵەتانەشدا، دەشێت پلەی گەرمی لە گواتیمالا سیتی و لە کاتەکانی شەودا بۆ خوار 10 پلەی سەدی دابەزێت و لە دەشتەکاندا نزیکەی 13/15 پلەی سەدیدا بێت. لەڕووی جوگرافییەوە، وڵاتەکە دابەشکراوە بەسەر سێ ناوچەدا ئەوانیش:

  • باکوور (دەشتەکان و درێژبووەوەی کورتی هێڵی کەناری)
  • ناوەڕاست (ناوچەیەکی گەورەی شاخاوی)
  • باشوور (ناوچەیەکی تەختی باریک و درێژ)

لە بەشی باکووری وڵاتدا، پلەی گەرمی بەرز لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و دووەمدا نزیکەی 28 پلەی سەدییە، بەڵام هەندێکجار دەشێت ئەو هەوا ساردەی کە لە باکوورەوە هەڵ دەکات پلەی گەرمی ناوچەکە بە شەودا بۆ 10/12 پلەی سەدی داببەزێنێت. لە مانگی شوباتەوە پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و لەوانەی لە مانگی ئازار تا ئایار پلەی گەرمی ناوچەکە بگاتە 40 پلەی سەدی. لە مانگی حوزەیران تا تشرینی یەکەم، پلەی گەرمی کەمێک دادەبەزێت، بەڵام کەش زۆر گەرم دەکات و هەوا پەنگ دەخواتەوە. لەم بەشەی وڵاتدا ساڵانە 1,700 مللیمەتر باران دەبارێت.

لە باکووری ناوەڕاستی گواتیمالا، باکووری شاخەکان و نزیک کەنداوی هیندۆراس، بە پێچەوانەی باقی وڵاتەوە، بەدرێژایی ساڵ باران دەبارێت. دەکرێت کەشوهەوای ئێرە بە کەمەرەیی پێناسە بکرێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە پۆرتۆ باریۆس لە نێوان 23.5 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا نزیکەی 28 پلەی سەدی لە مانگی ئایار تا ئابدایە. لە زستاندا، بەتایبەتی لە مانگی کانوونی دووەمدا، هەندێک جار دەشێت بۆ ماوەیەکی کەم کەش فێنک بکات و پلەی گەرمی بەرز 22-23 پلەی سەدی بێت. هەروەها ئاوی دەریای کاریبی بەدرێژایی ساڵ ئەوەندە گەرمە کە بۆ مەلەکردن دەشێت.

گرد و شاخەکان، لە ناوچەی ناوەندی گواتیمالا کە بە شاخ و بانەکان دەوڵەمەندە، وەرزێکی وشک لە مانگی کانوونی یەکەم دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت، بە هەمان شێوەی باشوور، بەڵام پلەکانی گەرما بەپێی بەرزی و نزمی ناوچەکە دەگۆڕێت. لە وەرزی بارانباریندا، بارانێکی زۆر دەبارێت، بەڵام لە هەندێک لە ناوچە هەورازونشێوەکاندا بڕی بارانبارین مامناوەندە. سەرەڕای ئەوەش، گواتیمالا سیتی بەدرێژایی ساڵ کەشوهەوایەکی بەهاری هەیە و تێکڕای پلەی گەرمی لە 24 پلەی سەدی لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی کانوونی دووەم، بۆ 27.5 پلەی سەدی لە مانگی نیساندا دەگۆڕێت.

بەدەگمەن پلەی گەرمی زۆر بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەوانەیە لە مانگی ئازارەوە تا مانگی ئایار بگاتە 30 پلەی سەدی. لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە تا ئازار، دەشێت هەوای سارد لە باکوورەوە هەڵ بکات و پلەی گەرمی تا 7/8 پلەی سەدی دابەزێنێت. لێرەش، وەرزی باراناوی لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بارانبارینی زۆر لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول و بارانێکی کەم لە مانگی کانوونی یەکەم تا ناوەڕاستی مانگی نیسان دەبارێت. هەروەها، کەشوهەوای ئەو ناوچانەی کە لەڕووی جوگرافییەوە بەرزترن لە گواتیمالا سیتی ساردترە و تێکڕای پلەی گەرمی 13 پلەی سەدییە.

لە باشوور، لە دەشت و بەدرێژایی کەناری زەریای هێمن، کەشی ناوچەکە بەدرێژایی ساڵ گەرمێکی توندە، بەهۆی هەڵکردنی بای بازرگانییەوە تەنانەت وەرزی زستان لێرە گەرمە و پلەی گەرمی بەرز لە دەوروبەری 31/32 پلەی سەدیدایە. لەم ناوچەیەدا وەرزی وشک لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی نیسان دەخایەنێت. لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، بارانێکی زۆر دەبارێت و پلەی گەرمی ئاوی زەریای هێمن لە نێوان 27 پلەی سەدی لە زستان و 30 پلەی سەدی لە هاویندایە.

زریانەکان

گواتیمالا دەکەوێتە ڕێڕەوی گەردەلوولی خولگەیی و زریانەکان، کە ڕەنگە لە ماوەی مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی دووەم کاریگەری لەسەر وڵاتەکە هەبێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم هەڵ دەکەن و زیان بە ناوچەکە دەگەیەنن. بە شێوەیەکی گشتیش لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە دەریای کاریبیەوە دێن، بەڵام هەندێک جار، پەستانی کەش لەسەر زەریای هێمن نزم دەبێتەوە، کە کاریگەری لەسەر بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەیە. گەردەلوولی خولگەیی و زریانەکان دەتوانن ببنە هۆی بارانبارینی بەخوڕ، بەمەش زەمینە خزێ و لافاو دروست دەبن. لە ساڵی 1969، 1974، 1998، 2001، 2007 و 2016 زریان لە وڵاتەکەی دا.


سەرچاوەکان



47 بینین