ماڵی بەساڵاچووان

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-07-20-16:48:00 - کۆدی بابەت: 13604
ماڵی بەساڵاچووان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماڵی بەساڵاچووان یان خانەی بەساڵاچووان (بە ئینگلیزی: Nursing Homes or Eldery Homes، بە عەرەبی: دار المسنين) شوێنێکە کە پێداویستییە تایبەتەکانی هاووڵاتیانی بەساڵاچووی تێدا دابین دەکرێت، هەروەها کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بەرفراوان پێشکەش دەکات، وەک هاوکاری لە دەستەبەرکردنی خۆراک و چاودێری بەساڵاچووان، بەو پێیەی بەساڵاچووان پێویستیان بە پێداویستی کۆمەڵایەتی و کەسی هەیە و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆیان لە چالاکییەکانی ڕۆژانە و چاودێری تەندروستیدا، ئەو چاودێریەی کە پێشکەش بە بەساڵاچووان دەکرێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت و هۆکاری جیاوازییەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لێی بەرپرسن و کاریان لەسەر دەکەن و سروشتی ئەو سیستەمەی کە لە دەوڵەت و دامەزراوەکاندا هەن.

چاودێری و هەڵسەنگاندن

بەڕێوەبردنی ستافی خانەی بەساڵاچووان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێکدێت، لەوانە ستافی پزیشکی و کۆمەڵایەتی و ئامادەکردنی خواردن و پاککردنەوە و چاودێریکردن. چاودێری تەندروستی لەگەڵ چاودێری دەروونی کە پێویستە لەم شوێنانەدا هەبن و وەک جۆرێک لە چاودێری گرنگ بۆ بەساڵاچووان دادەنرێن، لە هەموو شوێنێک دەبێت ستافێکی لێهاتووی پەرستار و دکتۆری شارەزا هەبێت بۆ هەر حاڵەتێک و چاودێری نەخۆشییە درێژخانەکان، هەروەها دەبێت گرنگی بە یادەوەری نەخۆشەکان بدرێت و وایان لێ بکرێت هەست بە تەنهایی نەکەن ئەمەش پێویستی بە توێژەری کۆمەڵایەتییە. هەروەها دەبێت شوێنەکە چالاکی جۆراوجۆر لەخۆبگرێت، وەک پڕۆگرامی چالاکیی وەرزشیی و خوێندنەوە و گفتوگۆکردن و باخداری و چەندین چالاکی تر.

ئەو کەسانەی لە خانەی بەساڵاچووان تۆماردەکرێن زانیارییەکانی دیمۆگرافی لەگەڵ مێژووی تەندروستی، مێژووی کۆمەڵایەتی، یاسایی و داراییان لێ داوادەکرێت. هەروەها ڕۆتینی ڕۆژانە و هەستیاریی و چەندین هەڵسەنگاندنی تر دەکرێت بە مەبەستی ئەوەی (سەلامەتی بنەڕەتی، سیستمی خۆراک، خەمۆکی، ئازار و توانای ڕۆیشتن)یان دیاری بکرێت.

خانەی بەساڵاچووان لە ئەمریکا

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک یاسای بنەڕەتی دادەنرێن سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی و مرۆییەکان کە لە خانەی بەساڵاچووان لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ دەکرێن. ڕێژەی بەساڵاچووانی سەروو ٦٥ ساڵ لە وڵاتدا ١٢.٩٪ ی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنێت. ئەم بەساڵاچووانە ٢٢٪ ی سەرجەم خەرجییە پزیشکییەکان لە ویلایەتەکان پێکدەهێنن هەروەها ١٨٪ ی سەرجەم خەرجییە ناپزیشکییەکانن. لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان لە خانەی بەساڵاچووان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوێکیان ناوە بۆ یارمەتیدانی بەساڵاچووان بۆ مانەوەیان لە ماڵەکانیان وەک جۆرێک لە چاودێری کاتی، ڕێگە بە بەساڵاچووان دەدات بچنە پشوو یان گەشتی بازرگانی بکەن. زۆرێک لە خانە بەساڵاچووەکان پرۆسەی چاودێریی ناوازەیان جێبەجێ کردووە؛ لەگەڵ ئەوەدا هەوڵدەدەن بەرنامە دابڕێژن بۆ کردنەوەی چەندین لقی جیاوازی تایبەت بە چینی بەساڵاچووان لە نەخۆشخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

خانەی بەساڵاچووان لە ئوسترالیا

ئامانجی خانەی بەساڵاچووان لە ئوسترالیا ئەوەیە کە هەموو ئوسترالیایەک بتوانێت لەسەر بنەمای داهاتی تاک بەشداری لە پرۆسەی چاودێریکردندا بکات، ئینجا لە خانەی بەساڵاچووان بێت یان لە دەرەوەی بێت. تایبەتمەندییەکی گرنگیان ئەوەیە کە ٨٠٪یان لەژێر چاودێری نافەرمی خێزانەکانی ئوسترالیادان. حکومەت زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار بۆ بەساڵاچووان خەرج دەکات. یەکێک لە دیارترین کێشەکانی بەساڵاچووانیان بریتین لە بێ ماڵی و خڵەفان و لەبیرکردنی یادەوەرییەکانیان.


سەرچاوەکان



93 بینین