سەرەتایەک بۆ سەرھەڵدانی ژیان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-24-17:40:00 - کۆدی بابەت: 13666
سەرەتایەک بۆ سەرھەڵدانی ژیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەرەتایەک بۆ سەرھەڵدانی ژیان (بە عەرەبی: بداية لنهضة الحياة، بە ئینگلیزی: A beginning for the rise of life). گۆی زەوی نموونەی سیستمێکی ژینگەیی تەواوە، ھەروەکوو خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز (سوڕەتی الحجر، ئایەتی ١٨) فەرموویەتی (وَالْأَرْضَ مَدَدْنَاهَا وَأَلْقَيْنَا فِيهَا رَوَاسِيَ وَأَنبَتْنَا فِيهَا مِن كُلِّ شَيْءٍ مَّوْزُونٍ) واتە زەوی ئامادەکراوە تاکوو مرۆڤ و گیانلەبەرانی زیندووی تر بەبێ جیاوازی بچووک بن یان گەورە، یەک خانەبن یان فرە خانەبن ھۆکاری بەردەوامبوونی ژیانیان دەست بکەوێت.

زانایان ھاوڕا نین لەسەر دیاریکردنی سەرەتایەک بۆ سەرھەڵدانی ژیان، ھەندێکیان تەمەنی ژیانیان مەزندەکردووە بە ٢٧٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا، ھەندێکی تریان بە ٢٠٠٠ ملیۆن ساڵ مەزندەی دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی  ڕێکەوتن ھەیە لەسەر سەرھەڵدانی ژیان لەگەڵ سەرەتای دەرکەوتنی (زەمەنی باڵیۆزی) کە بە زەمەنی ژیانی کۆنیش ناسراوە بە ٥٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا مەزندە دەکرێت.

کە کۆنترین (بە بەردبووی ڕووەکی ڕۆن) لە ئوستڕالیا دۆزراوەتەوە کە زانایان مێژووی دۆزینەوەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی چاخی سیلۆری کە یەکێکە لە چاخەکانی زەمەنی باڵیۆزی بەر لە ٤٠٠ بۆ ٤٤٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا. لە سکۆتلەندا بەردێکی (صەوان) دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی کاربۆنی کە یەکێکە لە چاخەکانی زەمەنی باڵیۆزی کە ڕووەکێکی بە بەردبووی تیابووە و تەمەنەکەی بە ٣٥٠ ملیۆن ساڵ مەزندە دەکرێت. ھەر لەم ڕوانگەیەوە (ھۆسۆن) پێی وایە کە سیستمی ژینگە دابەش دەبێت بۆ دووبەش: 
١- بیۆسینۆز (Biocenos) پێکدێت لە کۆمەڵەی زیندەوەرە ڕووەکییەکان و ئاژەڵییەکان و بەکتریا و کەڕووەکان.
٢- ئیکۆتۆپ (Ecotop) پێکدێت لە توخمەکانی خاک و ئاو و ھەوا.
ھەربۆیە توخمە نا زیندووەکان لە سیستمی ژینگەیدا لەگەڵ توخمە زیندووەکان دەبنە سیستمێکی ژینگەیی جوڵاو.

پۆلێنکردنی توخمەکانی سیستمی ژینگەیی

١- کۆمەڵەی گیانەوەرە زیندووەکان

  • گیانەوەرە وەبەرھێنەرەکان (Produsers) بریتین لەو زیندەوەرانەی کە خۆیان خۆراک بۆ خۆیان دروست دەکەن، نموونە وەکوو ڕووەکە سەوزەکان کە خۆراک بۆ خۆیان دروست دەکەن لە ڕێگای تیشکی خۆر و پێکھێنانی کرداری ڕۆشنە پێکھاتن، بەم جۆرەش ڕووەکەکان لە ڕێگای ئەم پڕۆسەیەوە ئەو بڕە وزەیەی کە لە تیشکی خۆر وەریدەگرن دەیگۆڕن بۆ وزەیەکی کیمیایی لە ڕێگای ماددە کاربۆھایدراتەکانی (H2O و CO2).
  • گیانەوەرە زیندووە بەکاربەرەکان (Consumers) بریتین لەو زیندەوەرە زیندووانەی کە ناتوان خۆیان خۆراک بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکوو بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستن بە ڕووەک و ئاژەڵەکان، ھەندێک لەم گیان لەوەرانە ڕووەکین و ڕووەک خۆرن، ھەندێکی تریان گۆشت خۆرن و لەسەر خواردنی گۆشت پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان دەکەن، ھەندێکی تریان ھاوبەشن واتە دەتوانن ڕووەک و گۆشت بخۆن، ئەم کۆمەڵەیە زۆرێک لە گیانەوەران دەگرێتەوە بە مرۆڤیشەوە، بەڵام بەشێک لەو گیانەوەرانە بەکاربەری سەرەتایین وەکوو (کرمۆکە)، ھەندێکی تریان بەکاربەری لاوەکین و بە پلەی دووەم دێن وەکوو (ماسی) و ھەندێکی تریان بە پلەی سێیەم دێن وەکوو (باڵندە و گۆشت خۆرەکان). 
  • گیانەوەرە زیندووە شیکەرەوەکان (Decomposers) بریتین لەو گیانەوەرانەی بۆ پەیداکردنی خۆراک پشت دەبەستن بە شیکردنەوەی پاشماوە ڕووەکی و ئاژەڵییەکان، لە ڕێگای جیاکردنەوەیان و گۆڕینیان بۆ گیانەوەری زۆر بچووک، ئەم گیانەوەرە شیکەرەوانە چەند جۆرێکیان ھەیە لەوانە ھەیانە لە ھەوادا دەژین و ھەشیانە لە خاک دەژین، ھەندێکی تریان ھاوبەشن واتە لە ھەوا و خاک دەژین، نموونەی ئەم جۆرە گیانەوەرانەش وەکوو (بەکتریا و کەڕووەکان).

٢- کۆمەڵەی توخمە نا زیندووەکان: 
ئەم توخمانە بریتین لە بەشە نازیندووەکانێ سیستمی ژینگە و ھیچ شێوەیەک لە شێوەکانی ژیانیان تیادا بەدی ناکرێت، گرنگترین ئەو توخمانەش بریتین لە: 

  • توخمەکانی ئاو و ھەوا بە گشت ڕەگەزەکانییەوە
  • توخمەکانی خاک و جیۆلۆجیا
  • توخمەکانی ئاو و تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیاییەکان
  • شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی (Topography)

دابەشبوونی زیندەوەرە زیندووەکان

زیندەوەرە زیندووەکان بەپێی بارودۆخی ژینگەیان دابەش دەبن بۆ: 
١- زیندەوەرە زیندووەکانی وشکانی: بریتین لە کۆمەڵەی ڕووەک یان (دار و گژ و گیا) و ئاژەڵەکان بە گشت جۆرەکانیانەوە (فڕیو و خشۆک و ڕۆیشتۆ) کە لەسەر ڕووبەری وشکانی دەژین و بە ڕێژەی ٢٩٪ ڕووبەری گۆی زەوی دادەپۆشن.
٢- زیندەوەرە زیندووە ئاوییەکان: بریتین لەو کۆمەڵە ڕووەکە و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی لە ڕووبەرە ئاوییەکان (دەریا و زەریاکان) دەژین، بە ڕێژەی ٧١٪ ڕووبەری گۆی زەوی دادەپۆشن. ئەگەر چی جیاکردنەوەی زیندەوەرە وشکانییەکان ئاسانە، بەڵام جیاکردنەوەی زیندەوەرە ئاوییەکان کارێکی سەخت و ئاڵۆزە، چونکە لێکچوونی ژینگەی ئاوی زیندەوەران لەلایەک و سانایی دابەشبوون و گواستنەوەی زیندەوەرکان لەلایەکی ترەوە، زیندەوەرە ئاوییەکان زۆر جیاواز نین بەپێی بازنەکانی پانی، بەڵکوو زیاتر جیاوازن بەپێی قوڵی ئەو ڕووبەر ئاویەی کە تیایدا دەژین.

نەگەیشتنی تیشکی خۆر بە قوڵایی و بنکی دەریا و زەریاکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی تاریکی لە قوڵایی ڕووبەرە ئاوییەکان و بەرزی پەستانی ئاو ھۆکاریکی ترن کە بە ئاسانی نەتوانرێت زیندەوەرە ئاوییەکان جیا بکرێنەوە. لەبەر ئەوەی زیندەوەرە ڕووەکییەکان ھاوبەشن لە ژیانی وشکانی و ئاوی، واتە لە ڕووبەرە وشکانییەکان و ڕووبەرە ئاوییەکان دەژین، ھەربۆیە ڕووەکە وشکانییەکان لە ڕووەکە ئاوییەکان کۆنترن و زووتر سەریانھەڵداوە بە بەراورد بە زیندەوەرە ئاوییەکان، ھەروەکوو خودا لە قورئانی پیرۆز لە (سوڕەتی الأنبیاء، ئایەتی ٣٠) فەرموویەتی ﴿وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ﴾ واتە ئێمە ھەموو شتێکی زیندوومان لە ئاوەوە دروستکردووە.

بۆ زانینی ئەو پرسیارەی کە کام جۆر لە زیندەوەرە زیندووەکان لە ھەموویان کۆنترە یان زووتر سەریھەڵداوە لە نێو زیندەوەرە ڕووەکییەکان و زیندەوەرە ئاژەڵییەکان پشت دەبەسترێت بە (ھەڕەمی خۆراکی کە ئاستەکانی خۆراک دەردەخات) بە جۆرێک کە زیندەوەرە ڕووەکییەکان ناسراو بە (کۆمەڵەی زیندەوەرە بەرھەمھێنەرەکان) کۆنترن لە (کۆمەڵەی زیندەوەرە بەکاربەرەکان یان ئاژەڵەکان)، چونکە زیندەوەرە ڕووەکییە بەرھەمھێنەرەکان خۆیان خۆراک بۆخۆیان دروستدەکەن، بەڵام زیندەوەر ئاژەڵییە بەکاربەرەکان ناتوانن خۆراک بۆ خۆیان بەرھەم بھێنن، بۆ دەستکەوتنی خۆراک پشت دەبەستن بە ڕووەک و ئاژەڵەکانی تر ھەربۆیە بە کۆمەڵەی زیندەوەرە بەکاربەرەکان ناسراون.


سەرچاوەکان



61 بینین