کانزاکانی دەریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-30-13:42:00 - کۆدی بابەت: 983
کانزاکانی دەریا

ناوه‌ڕۆك

کانزاکانی دەریا


سامانی دەریا تەنها ڕووەک و گژوگیا و ئاژەڵەکانی نییە، بەڵکو سامانی کانزایی زۆر گەورە لە دەریادا هەیە، ئەو سامانە کانزاییە لەو جۆرەیە کە مرۆڤ بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی پێوستی پێیەتی.
کۆکردنەوەی خوێ لەو کاتەوەی کە مرۆڤ دۆزیویەتییەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بەهەمان شێوە بەرهەم دەهێنرێت، لەو دەمەی هەڵکشان و داکشانی دەریا ڕوو دەدات، مرۆڤ بڕێکی باشی ئاو گل دەداتەوە لە چەند گۆمێکی ڕێکوپێک، ئەم ئاوەش کۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هەتاو ئاوەکەی بکاتە هەڵم و خوێکەی بمێنێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سپی بێتەوە، ئەم جۆرە خوێیە زبرەو بێجگە لە خوێ، کانزای تریش هەیە لە دەریادا و هەموو کیلۆمەترێکی سێجا لە ئاوی دەریا زیاتر لە (٤٠) تەن کانزای تێدایە، لەم کانزایانە (یود) و (برۆم) بەڕێژەیەکی زۆر لە ئاوی دەریادا هەیە، (برۆم) بەکاردێت بۆ دروستکردنی کاغەز و کارتۆنی وێنەو زۆر لە داودەرمانەکانی تر، کانزای وا هەیە لە دەریادا دەردەهێنرێت و دادەکرێتە سەر ڕێگاو بانەکان تا پتەوتریان بکات، هەروەها کانزا هەیە بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ و پلاستیک بەکار دێت، ئێستا لە ئەمەریکا دا کۆمپانیا هەیە زیاتر لە (٥٠٠) جۆر کەلوپەل لە کانزاکانی دەریادا دروست دەکات، کانزایەکی وەک فافۆن لە پیشەسازی قاپ و قاچاخ و پیشەسازی فڕۆکە بەکاردەھێنرێت، چونکە فافۆن لە ئاسن و پۆڵا سووکترە، هەروەها ژەنگ ناگرێت، لەناو دەریادا کانزای تر هەیە لە فافۆن سووکترە، ئەویش (مەگنیسیۆم)ە، (هێنری فۆرد---دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی فۆرد) بڕوای وابوو کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم کانزایە زۆرتر لە پیشەسازی ئۆتۆمۆبێلدا بەکار دەهێنرێت، هەروەها پێشبینی کرد مەگنیسیۆم ببێتە کانزای ئایندەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی.
هەروەک چۆن بە ئاسن دەڵێن سەردەمی ئێستا.
نەوتی خاو کە بەنزین و گاز و چەندان کەرەستەی دیکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت، یەکێکە لە دیارییەکانی دەریا، لە دێر زەمانەوە بە ملیۆنەها زیندەوەر لەسەر یەک کەڵەکە بوون و لەگەڵ دەرکەوتنی کیشوەرەکان، ئەم زیندەوەرانە هەر هەموو کەوتوونەتە ژێر خاکەوە، بەم جۆرە هەموو ئەو ڕۆنەی کە لە لەشی ئەو ئاژەڵ و ڕووەکانە بوو، هەموو لەژێر زەویدا مانەوەو بە تێپەڕبوونی کاتیش بوونبە نەوتی خاو.
هەندێک جار کە بیرە نەوت لێ دەدرێت لە ناکاوە دەبینین کە چۆن ئەو نەوتە وەک نافوورە قووڵب دەدات بەرەو سەرەوە، لە هەندێ شوێنی تردا قووڵی بیرە نەوتەکان دەگاتە (١٠٠٠) مەتر.
بەگەڕانەوە بۆ چۆنێتی دروستبوونی ژیان لەسەر زەوی و لەناوچوونی ئەو زیندەوەرانەی کە سەردەمانێکی زۆر دوور لەسەر زەوی ژیاون و دواتر لەناوچوون، دەتوانین بڵێن کە هەم وشکایی و هەم بنی دەریا سامانی زۆری تێدایە کە تا وەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، جیاوازی نێوان ئەو دوو شوێنەش لەوە دایە کە کاری دۆزینەوە لەسەر وشکانی ئاسانترە تا بنی دەریا، هەروەها بنی دەریا بە تەواوەتی ڕووپێو نەکراوە تا بزانین چی تێدایە، بۆیە دەکرێت بڵێین کە بنی دەریا ئەمبارێکی گەورەی سامانی کانزاییە کە دەکرێت مرۆڤایەتی تا سەدان ساڵ پشتی پێ ببەسترێت بۆ مانەوە.


سەرچاوەکان



1268 بینین