مەنگۆلی

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-12-17:11:00 - کۆدی بابەت: 1574
مەنگۆلی

ناوه‌ڕۆك

مەنگۆلی چییە؟

کۆنیشانەی داون یان مەنگۆلی (Down syndrome) تێکچوونێکی بۆماوەییە و بەهۆی بارێکی نائاسایی کرداری دابەشبوونی خانە لە کرۆمۆسۆمی ٢١ دا ڕوودەدات، لە ئەنجامدا کرۆمۆسۆمێکی تەواو یان بەشێکی زیادە لە کرۆمۆسۆمی ٢١ لەبەردەگیرێتەوە و ئەم ماددە بۆماوەییە زیادەیەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەڕووی گەشە و دەرکەوتەی جەستەییەوە جیاواز دەربکەون، حاڵەتەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەی خاوەن سیفەت جیاوازە و هۆکاریشە بۆ بیرکۆڵی و دواکەوتنی گەشە، هەروەها هۆکاری سەرەکی کێشەی فێربوونە لە منداڵاندا و باوترین تێکچوونی کرۆمۆسۆمی بۆماوەییە، بەهەمان شێوە هۆکاری تێکچوونی دڵ و ڕێڕەوی هەرسیشە.

تێبینی: داون نەخۆشی نییە، هەر بۆیە چارەسەریشی نییە

نیشانەکان

هەر کەسێک کە کۆنیشانەی داونی هەبێت لەوانەیە نیشانەکانی حاڵەتەکەی بە پلەی توند و مامناوەند و سادە تێدا دەربكەوێت، هەندێکیان لەڕووی جەستەییەوە ساغن و هەشیانە کێشەی تەندروستی مەترسیداریان هەیە وەکو نەخۆشییەکانی دڵ، تووشبووانی حاڵەتەکە بەئاسانی بەهۆی شێوەی ڕوخساریانەوە دەناسرێنەوە، دەبێت ئەوەش بزانین ئەو کەسانەی کە حاڵەتی داونیان هەیە هەمان نیشانەیان نییە، بەڵام هەندێک نیشانەی هاوبەشیان هەیە کە تێیاندا باوە وەک:
• بچووکی قەبارەی سەر.
 • مل کورتی.
•  نائاساییبوونی زمان لە دەرپەڕیوی و درێژی.
• نائاساییبوونی گۆشەی کەوانەیی پێڵووی چاو.
• شێوە و قەبارەی جیاوازی گوێ.
• دەم و چاوی خڕ و تەختیی ناوەندی لووت.
• لاوازی جوڵەی ماسولکەکان بەشێوەیەکی گشتی.
• دەستی خڕ و بوونی یەک هێڵی ناولەپی دەست هەروەها گۆشەی نێوان پەنجەی یەکەم و دووەمی پێیان زۆرە.
• کورتیی پەنجەکانی دەست.
• ئێسکە نەرمە.
• بوونی هەندێک خاڵی سپی کە ناودەبرێت بە (Brushfileld) لە ڕەنگێنەی چاودا.
• کورتەباڵایی، ئەو منداڵانەی کۆنیشانەی داونیان هەیە درێژی باڵایان جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەبەراورد بە هاوتەمەنەکانی خۆیان باڵایان کورتترە.
• ناتەواوی ژیری (بیرکۆڵی)، زۆرینەی منداڵانی تووشبووی حاڵەتی داون کێشەیان لە ژیری و درکپێکردندا هەیە هەروەها ژیرییان و قسەکردن و یادگەی هەمیشەیی و کورتخایەنیشیان دوادەکەوێت.

هۆکارەکان

بەشێوەیەکی ئاسایی خانەکانی لەشی مرۆڤ لە ٢٣ جووت کرۆمۆسۆم پێکدێت، هەر جووتێک لە کرۆمۆسۆم یەکێکیان لە دایکەوە دێت و ئەوی دیکەشیان لە باوکەوە، کۆنیشانەی داون لە ئەنجامی دابەشبوونی نائاسایی خانە لە کڕۆمۆسۆمی ٢١ دا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووکار و گەشەکردنی کەسەکە، هەر یەک لەم سێ گۆڕانکارییە بۆماوەییە دەتوانن ببنە هۆی کۆنیشانەی داون:

- جیانەبوونەوە (Trisomy 21): بەنزیکەیی ٩٥٪ـی حاڵەتەکان بەهۆی ئەم جۆرەیە لە گۆڕانی بۆماوەیی (جینی)، کە لەشی کەسەکە سێ لەبەرگیراوەی لە کڕۆمۆسۆمی ٢١ دا دەبێت لەکاتێکدا لە خانەیەکی مرۆڤی ئاساییدا دوو لەبەرگیراوە بوونی هەیە ئەمەش بەهۆی دابەشبوونی نائاسایی خانە لە کاتی گەشەکردنی خانەی سپێرم یان خانەی هێلکەدا ڕوودەدات.

- داونی مۆزایک (Mosaic): لەم شێوە دەگمەنەی حاڵەتی داوندا، کەسەکە تەنها چەند خانەیەکی لەبەرگیراوەی زیادەیان هەیە لە لە کڕۆمۆسۆمی ٢١ دا، ئەم شێوازەی خانەی (مۆزایک-نامۆزایک) لە ئەنجامی دابەشبوونی نائاسایی خانە ڕوودەدات لە کاتی پیتێندا، نیشانەکانی حاڵەتی داون لەم گۆڕانکاریە بۆماوەییەدا کەمتر دەردەکەوێت بەبەراورد بەو دوو جۆرەی دی.

٣. داونی گواستنەوە یاخود لە هەندێ حاڵەتدا شوێنگۆڕکێ (Translocation): حاڵەتی داون دەشێت کاتێک ڕووبدات کە بەشێکی کڕۆمۆسۆمی ٢١ دەچێتە سەر کڕۆمۆسۆمێکی دیکە (شوێنگۆڕکێ دەکات) لە کاتی سەرجێیدا یاخود پێش سەرجێی، خانەکانی لەشی ئەو منداڵانەی سەر بەم کۆمەڵەیەن خاوەنی دوو لەبەرگیراوەن لە کڕۆمۆسۆمی ٢١ دا، لەگەڵ ئەوەشدا پارچەیەکی زیادەی کڕۆمۆسۆمی ٢١ـیان هەیە کە چووەتە سەر کڕۆمۆسۆمێکی دیکە و شوێنگۆڕکێی کردووە.

ئایا کۆنیشانەی داون بۆماوەییە؟

زۆرجار حاڵەتی داون ناگوازرێتەوە لە باوانەوە بۆ وەچەکانیان، لە کاتی گەشەی سەرەتایی کۆرپەلەدا  تێکچوونێک لە کرداری دابەشبوونی خانەدا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی حاڵەتی داون، دەشێت داونی گواستنەوە (Translocation) بۆماوەیی بێت، تەنها ٣-٤٪ـی منداڵانی تووشبووی داون (داونی گواستنەوە)ـیان هەیە و بەشێکی زۆر کەمیان دەیگوێزنەوە بۆ وەچەکانیان.

ئەو هۆکارانەی مەترسی ڕوودان زیاد دەکەن

هەڵکشانی تەمەن: ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان هەڵکشاوە ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بە حاڵەتەکە زیاترە بەهۆی ئەوەی هێلکەکانی ئەو ئافرەتانە مەترسی تێکچوونی دابەشبوونی خانەیان زیاترە بەتایبەت پاش ٣٥ ساڵی.

هەڵگری داونی گواستنەوە (شوێنگۆڕکێ): لە باوانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ وەچەکانیان.
هەبوونی منداڵێکی مەنگۆل: ئەو ژن و مێردانەی منداڵێکی تووشبووی داونیان هەیە و یەکێکیشیان هەڵگری جینی داونی گواستنەوە یاخود جێگۆڕکێیە، ئەگەری دەرکەوتنی حاڵەتەکە لە منداڵێکی دیکەیاندا زیاد دەکات.

لێکەوتەکانی حاڵەتی داون

- گرفتەکانی دڵ: نزیکەی نیوەی منداڵانی حاڵەتی داون گرفتی زگماکییان هەیە لە دڵیاندا، ئەم گیروگرفتانەی دڵیش مەترسین بۆ سەر ژیانیان و لە سەرەتای تەمەنیاندا پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە.
- گرفتەکانی هەرس: تێیدا تێکچوونی ڕێڕەوی هەرس لە (ڕیخۆڵە، سورێنچک، کۆم)ـدا ڕوودەدات و کار دەکاتە سەر کرداری هەرس بەتایبەت ئەگەر داخرانی ڕێڕەوەکە ڕووبدات  دڵەکزێ زیاد دەکات.
- گرفتی بەرگری لەش: بەهۆی گرفتی کۆئەندامی بەرگری لەشیانەوە، ئەو کەسانەی دووچاری حاڵەتەکە بوونە مەترسی تووشبوونیان بە خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان و شێرپەنجە و میکڕۆبەهەوکردن زۆرە.
- نەمانی هەناسە لە کاتی خەودا: بەهۆی گۆڕانی ئێسک و شانەکانی لەشیان، داخستنی ڕێڕەوی هەناسە لە کاتی خەودا یەکێکە لە کێشە گەورەکانیان.
- قەڵەوی.
- گرفتی دڕکەپەتک: ناڕێکی لە دوو بڕبڕەی یەکەمی پشتییاندا هۆکاری کێشەی مەترسیدارە لەکاتی کشانی لەڕادەبەدەری ملدا.
- شێرپەنجەی خوێن.
- گرفتی بیر و هۆش: بەتایبەت لە دوای ٥٠ ساڵییەوە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەر زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



5333 بینین