سوودەکانی سیر بۆ قژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-18-18:26:00 - کۆدی بابەت: 4620
سوودەکانی سیر بۆ قژ
پاراستن و گرنگیدان بە قژ

سیر پێكهاتەیەكی بەهێزی تێدایە كە ناسراوە بە ئەلیسین (Allicin) كە یارمەتی كەمكردنەوەی ڕێژەی كۆلیستڕۆڵی زیانبەخش دەدات

ناوه‌ڕۆك

سوودەكانی سیر بۆ قژ چین؟

سیر یەكێكە لە ڕووەكە ڕەگییەكان كە لە پیاز دەچێت، هەر سەلكە سیرێك چەند دەنكە سیرێك لەخۆدەگرێت، سیر زیاتر وەك بەهاراتێك بەكاردێت لە چێشتخانەكاندا، هەروەها هەزاران ساڵ زیاترە كە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی چەندین نەخۆشی بەكاردێت، سیر پێكهاتەیەكی بەهێزی تێدایە كە ناسراوە بە ئەلیسین (Allicin) كە یارمەتی كەمكردنەوەی ڕێژەی كۆلیستڕۆڵی زیانبەخش دەدات لە لەشدا.
هەروەها سیر سوودی تەندروستی زیاتری هەیە وەك كەمكردنەوەی نیشانەكانی هەڵامەت و نزمكردنەوەی پەستانی خوێن و هەروەها كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و چەندین نەخۆشی تر، لێرەدا باسی سوودەكانی سیر دەكەین بۆ قژ.

سیر چ سوودێكی هەیە بۆ قژمان؟

لە ڕاستیدا سیر سوودێكی زۆی هەیە بۆ قژمان، كە دەتوانین لە سیستمی خۆراكی ڕۆژانەماندا بیخۆین، هەروەها بە تایبەتی یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات.

بەهای بەرزی خۆراكی هەیە: سیر ڕێژەیەكی زۆر لە ڤیتامین و ماددە ئاسنییەكانی تێدایە، وەك ڤیتامین B6 و ڤیتامین C و مەنگەنیز و سیلینیۆم، كە هەموو ئەم پێكهاتانە یارمەتی بەهێزكردنی قژ دەدەن.

دژە بەكتریا و كەڕووەكانە: سیر بەشێوەیەكی سروشتی پێكهاتەی تێدایە كە دژە بەكتریا و كەڕووەكانە، كە ئەو بەكتریایانەی لە پێستی سەردا هەیە دەیانكوژێت و پێستەكە تەندروستتر دەكات.

قژ دەپارێزێت لە تێكچوون: بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ساڵی 2016 ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە سیر خانەكانی كیراتین لە تێكچوون دەپارێزێت بەبۆنەی تیشكی سەرو وەنەوشەییەوە، هەروەها چرچبوونی پێست كەمدەكاتەوە، خانە كیراتینییەكان لە چینی دەرەوەی پێستدا هەیە كە پێست لە زیانە دەرەكییەكان دەپارێزێت وەك: گەرمی، تیشكی سەرو وەنەوشەیی، بەكتریا و ڤایرۆسەكان.

یارمەتیدەرە بۆ چارەرسەركردنی دەردە ڕێوی: بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ساڵی 2007 ئەنجامدراوە لەسەر چەندین كەس كە نەخۆشی دەردەڕێویان هەبووە، لەم توێژینەوەیەدا هەستاون بە لێدانی جەلی سیر (Garlic jelly) بۆ ئەو بەشەی كە قژ تێدا ناڕوێت یان زۆر كەمە، پاشان دەركەوتووە كە هاتنەوەی قژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

چۆنیەتی بەكارهێنانی سیر بۆ قژمان؟

زۆربەی كەسەكان بەشوێن ڕێگایەكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی چۆن سیر بۆ قژیان بەكاربهێنن، یان ئەو پێكهاتانە چین كە دەتوانیت بۆی زیاد بكەیت بۆ ئەوەی زۆرترین سوودت پێبگەیەنێت، كە دەكرێت هەنگوین یان ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ سیر زیاد بكرێت، لێرەدا باسی ئەو شتانە دەكەین كە دەكرێت لەگەڵ سیردا بەكاربهێنرێن:

  • سیر و هەنگوین بۆ زیادكردنی گەشەكردنی قژ: سیری هاڕدراو (پان بكرێتەوە، ورد بكرێت) لەگەڵ هەنگویندا لە دەفرێكدا تێكەڵبكرێن و پاشان بدرێت لە قژ و بۆ ماوەی 30 خولەك پێوەی بمێنێتەوە، دواتر جوان بشۆردرێت.
  • سیر و ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ كەمردنەوەی ڕووتانەوەی قژ: سیری هاڕدراو (پان بكرێتەوە، ورد بكرێت) تێكەڵبكرێت لەگەڵ ڕۆنی گوێزی هیندیدا، پاشان پێستی سەری پێ مەساج بكرێت و بۆ ماوەی 30 خولەك پێوەی بمێنێتەوە دواتر بشۆردرێت.
  • ڕۆنی سیر: لێرەدا مەبەستمان لە ڕۆنی سیری ئاسایی نییە، بەڵكو بریتییە لەتێكەڵكردنی سیری هاڕدراو لەگەڵ یەكێك لە ڕۆنەكان، وەك ڕۆنی گوێزی هیندی یان زەیتی زەیتوون، كە بۆ ماوەی یەك ڕۆژ تێیدا بمێنێتەوە و پاشان لە قژ بدرێت.
  • سیر و زەنجەفیل بۆ گەشەكردنی قژ: سیر و زەنجەفیل پێكەوە ورد دەكرێن و پان دەكرێنەوە بۆ ئەوەی وەك هەویرێكیان لێبێت، پاشان لەسەر ئاگر گەرم بكرێن بە بەكارهێنانی ڕۆنێك، هەر كە ڕەنگەكەیان وەك ڕەنگی قاوەیی لێهات بە خێرایی سەرچاوەی گەرمییەكە بكوژێنرێتەوە، پاشان كە ڕۆنەكە ساردبوویەوە بدرێت لە پێستی سەر و بۆ ماوەی 15 خولەك مەساج بكرێت، پاشان هەموو قژەكە ڕۆنەكەی لێبدرێت و بۆ ماوەی 30 خولەك پێوەی بمێنێتەوە و دواتر بشۆردرێت.


سەرچاوەکان



3010 بینین