گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-22-01:07:00 - کۆدی بابەت: 5465
گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهان

ناوه‌ڕۆك

فڕۆکەخانەکان

فڕۆکەخانەکان بە خێراترین وێستگەکان دادەنرێن بۆ گواستنەوە و بازرگانی، کە فڕۆکە بەکاردێنن، فڕۆکەخانەکان ناوەندی نیشتنەوە و هەستانی فڕۆکەکانن و ناوەندی چاککردنەوەی تایبەتی بە فڕۆکە تێدایە لەگەڵ تاوەری چاودێریکردن، زۆربەی فڕۆکەخانەکان خاوەن خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری و ئاسایشن، ئەمە لەبەر سەلامەتی فڕۆکە و سەرنشین و کاڵاکانی نێو فڕۆکەخانەکە، چەندین جۆری جیاوازی فڕۆکەخانە هەن بەپێی جۆری ئەو فڕۆکانەی پیایدا هاتوچۆ دەکەن، وەک فڕۆکەخانەی تایبەت بە هەلیکۆپتەر یان تایبەت بە فڕۆکە، هەروەها لە ڕووی پێکهاتە و دروستکردن و شێوازی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکەکانیشەوە جۆری جیاواز هەن، وەک فڕۆکەخانە ئاوییەکان، فڕۆکەخانەکان بە گشتی تایبەتمەندییەکی گومرگیی توند و سەربازیان هەیە، پێکهاتە و دروستکردنی فڕۆکەخانەکان زۆر بە ئاڵۆز دادەنرێن و بە تایبەت هەر بەشێک لە بەشەکانی بۆ دروستکراوە، هەروەها دەبێت هەر فڕۆکەخانەیەک لە ڕووبەرێکی زۆر گەورەدا دروست بکرێت، بیرۆکەی فڕۆکەخانەکان و پەرەپێدانیان لە سەرەتای دەرکەوتنی فڕۆکەکانەوە سەریهەڵداوە پێش جەنگی جیهانی یەکەم، ئەم فڕۆکانە پەرەیان سەند تا بوونە باشترین جۆری هۆکاری گواستنەوە و خێراترینیان بۆ هاتوچۆ لە نێوان کیشوەر و دەوڵەتەکاندا.

کێ فڕۆکەی داهێنا؟

گەورەترین فڕۆکەخانەکانی جیهان

فڕۆکەخانەکان لە هەموو بەشەکانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، لەبەر ئەوەی ناوەندێکی گواستنەوەی بازرگانی و گەشتیاری و سەربازیی گرنگە، قەبارە و توانای خزمەتکردنی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، لە نێوان ئەم فڕۆکەخانانەدا چەند دانەیەک هەن کە ناوەبانگێکی باشیان هەیە لەبەر ئەوەی لە ڕووی قەبارە و خزمەتەوە لە ڕیزی پێشەوەدان، لەوانە:

  • فڕۆکەخانەی شا فەهدی نێودەوڵەتی: گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە، ڕێژەی ڕووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 77600 هێکتار، دەکەوێتە شاری دەمام لە شانشینی عەرەبی سعودی، هەروەها فڕۆکەخانەکە بینایەکی زەبەلاحی 6 نهۆمیی تێدایە کە ڕووبەرەکەی دەگاتە 3.5 ملیۆن پێ چوارگۆشە.
  • فڕۆکەخانەی دێنڤەری نێودەوڵەتی: بە دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی جیهان دادەنرێت، قەبارەکەی دەگاتە 13571 هێكتار، لە دێنڤەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەم فڕۆکەخانەیە درێژترین ڕێڕەوی نیشتنەوە و هەستانی تێدایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، هەروەها زۆرترین پەیوەندی لە فڕۆکەخانەکەدا هەیە لەبەر ئەوەی پێشوازی لە گەشتەکانی هەموو جیهان دەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕوسیا و ئەوروپاوە.
  • فڕۆکەخانەی ''فۆرت وۆرث''ـی نێودەوڵەتی: سێهەم گەورەترین فڕۆکەخانەیە لە جیهاندا، ڕووبەرەکەی دەگاتە 6963 هێکتار، لە داڵاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، بە یەکێک لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان دادەنرێت، لەبەر ئەوەی گەشتەکانی دەگاتە 200 ئاڕاستەی جیهانی.

فڕۆکەخانەی شا فەهدی نێودەوڵەتی

بریتییە لە فڕۆکەخانەی شا فەهدی نێودەوڵەتی، لە سعودیەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات، لە نێوان قەطیف و دەمامدا، کارکردن لە دیزاینکردنی ئەم فڕۆکەخانەیە لە ساڵی 1976ـەوە دەستیپێکرد، دروستکردنی دوا دیزاین بۆ فڕۆکەخانەکە لە 1977 تەواو کرا، لە ساڵی 1983ـدا دەستکرا بە دروسکتردنی فڕۆکەخانەکە و بۆ ماوەی 16 ساڵ کار لەسەر فڕۆکەخانەکە کرا، لە 28ـی 11ـی ساڵی 1999ـدا، ناونانی لەسەر ناوی شای سعودیە ''فەهد کوڕی عبدالعزیز ئال سعود'' بوو کە لە ساڵی 1982ـەوە تا کۆچی دواییکردنی لە ساڵی 2005 فەرمانڕەوای سعودیە بوو.
فڕۆکەخانەکە زۆر شوێنی خزمەتگوزاری و فرۆشگای تێدایە کە باج نادەن، ناوچەیەکی تایبەت جیاکراوەتەوە بۆ فرۆشگا بازرگانییەکان، هەروەها مزگەوتێکی گەورەی لەسەر شێوازی کۆن تێدا دروستکراوە و چەند هۆتێل و ڕێستۆرانتیشی تێدایە بۆ فەراهەمکردنی ئاسوودەیی بۆ سەرنشین و دەستەی کارکردنی ناو فڕۆکەکان، هەروەها ڕێڕەوێکی گەورە و تایبەتیشی تێدایە بۆ کاری هاتوچۆی کاڵا کە لە ساڵی 2015 کراوەتەوە و تەنها تایبەتە بە گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکان و کاڵا تایبەتەکان.


سەرچاوەکان



821 بینین