نەخۆشی دەردەڕێوی

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-06-21:08:00 - کۆدی بابەت: 5760
نەخۆشی دەردەڕێوی

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی دەردەڕێوی چییە؟

نەخۆشی دەردەڕێوی تێکچوونێکە تووشی پێست دەبێت و دەبێتە هۆی وەرینی موو، زۆرجار ئەم تێکچوونە توشی کەلەسەر دەبێت، ڕەنگە بە شێوەیەکی لەناکاو ڕووبدات، لە حاڵەتە سووکەکاندا موو دەستدەکاتەوە بە گەشەکردنەوە لەماوەی ١٢ مانگدا، لە حاڵەتە قورسەکانیشدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی موو بۆ زیاتر لە ١٢ مانگ و ڕەنگە بگاتە ئاستی وەرینی هەموو مووەکان، خەڵکی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن لە دەرئەنجامی کێشەیەک لە کۆئەندامی بەرگری، ئەم کێشەیەش دەبێتە هۆی هاندانی کۆئەندامی بەرگری بۆ هێرشکردنە سەر ئەو خانانەی سەلکی موو پێک دەهێنن، ڕەنگە نەخۆشی دەردەڕێوی لە ئەنجامی هۆکاری بۆماوەییەوە سەرهەڵبدات. 

نیشانەکانی توشبوون بە دەردەڕێوی

بڵاوترین نیشانەکانی توشبوون بەم نەخۆشییە بریتییە لە وەرینی موو بەشێوەیەکی ناڕێک و بە شێوەی پەڵەی بچووک، بەتایبەت لە کەلەی سەر، بەڵام دەکرێت ئەم وەرینە ناوچەکانی تریش بگرێتەوە وەکو ڕیش و برژانگەکان، دەکرێت بە شێوەیەکی لەناکاو یان بە پلەبەندی ڕووبدات لەماوەی چەند ڕۆژێک بۆ چەند هەفتەیەک، کەسی توشبوو هەست بە خوران یان سوتانەوە ئەکات لەو جێیانەی مووەکە وەریوە، هەروەها ڕەنگە کار لە نینۆکەکان بکات و گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدات وەکو دەرکەوتنی شوخت و پەڵە و هێڵی سپی، یان ڕەنگە نینۆکەکان ڕەق بکات یان ڕەونەقداری لەدەست بدات یان بیشکێنێت و نەرمی بکات، هەروەها ڕەنگە چەندین نیشانەی تر دەربکەوێت لە کەسانی توشبوو بەم نەخۆشییە وەکوو دەرکەوتنی مووی کورت لە دەوروپشتی پەڵەکە یان دەرکەوتنی مووی سپی لە ناوچەی توشبوونەکە. 

هۆکارەکانی نەخۆشی دەردەڕێوی 

خەڵکی توشی نەخۆشی دەردەڕێوی دەبن لە دەرئەنجامی کێشەیەک لە کۆئەندامی بەرگری، ئەم کێشەیەش دەبێتە هۆی هاندانی کۆئەندامی بەرگری بۆ هێرشکردنە سەر ئەو خانانەی سەلکی موو پێک دەهێنن "سەلکی موو ئەو کیسانەن کە موو تێیاندا گەشە دەکات" ئەم هێرشکردنەی کۆئەندامی بەرگریش دەبێتە هۆی وەستانی گەشەی موو یان وەرینی موو، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم هێرشکردنەی کۆئەندامی بەرگری هێشتا ڕوون نییە، جێی ئاماژەیە ئەم نەخۆشییە لەو خێزانانەدا باوە کە خۆییە بەرگرییەکانی تر بوونی هەیە تێیاندا وەکوو نەخۆشی شەکرە و هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی

دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەردەڕێوی 

پزیشک دەستنیشانی نەخۆشی دەردەڕێوی دەکات لەڕێگەی پرسیار کردن لە نەخۆش دەربارەی ئەو نیشانانەی تێیدا دەرکەوتووە، هەروەها پشکنین ئەنجام دەدات بۆ ئەو ناوچەیەی نەخۆشییەکە تێیدا ڕوویداوە، هەندێک نمونە لە مووەکانیش وەردەگرێت و لەژێر وردبیندا پشکنینی بۆ دەکات، هەندێک جاریش ڕەنگە نمونەیەک لە سەری نەخۆشەکە وەربگرێت و بینێرێت بۆ تاقیگە بۆ پشکنین، ئەویش بۆ زانینی ئەوەی ئایا هیچ نەخۆشییەکی تر هەیە هۆکار بێت بۆ وەرینی موو وەکوو نەخۆشی پەڵەی بازنەیی سەر "نەخۆشییەکە هۆکارەکەی کەڕووە"، لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕەنگە پشکنینی خوێن ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لە ئەگەر هەبوونی نەخۆشی دژە خۆیی، هەروەها ڕەنگە چەند پشکنینێکی تری خوێن ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی ئاستی پڕۆتین سی کارلێککەر یان دیاریکردنی ئاستی نیشتنی خڕۆکە سوورەکان Erythrocyte sedimentation rate یان دیاریکردنی ئاستی ئاسنی لەش یان دیاریکردنی ئاستی هۆڕمۆنەکانی سایرۆید یان دیاریکردنی ئاستی هۆڕمۆنی تێستێستیرۆن یان ئاستی چالاککەری کیفەکان follicle stimulating hormone یان زانینی ئاستی هۆڕمۆنی چالاککەری تەنی زەرد، هەموو ئەمانەش یارمەتیدەرن لە دەستنیشانکردنی هۆکاری توشبوون بە دەردەڕێوی. 

چارەسەری دەردەڕێوی

هیچ چارەسەرێک نییە یارمەتی چارەسەری دەردەڕێوی بدات، بەڵام هەندێک چارەسەر هەن بۆ هێواشکردنەوەی موو وەرین یان یارمەتی زوو ڕوینەوەی موو بدات، ئەو چارەسەرانەش بریتین لە: 

چارەسەرە پزیشکییەکان

  • ئەو دەرمانانەی لە ڕێی پێستەوە دەدرێن: ئەم دەرمانانە زۆرن کە لە ڕێی پێستەوە دەدرێن وەکوو مینۆکسیدیل کە ڕۆژی دووجار بەکاردەهێنرێت و لەسەر ناوچەی توشبوو دەدرێت، هەروەها دەرمانی ئەنسرالین کە کاردەکات بۆ هاندانی پێستەکە، ئەویش بۆ هاندانی ڕوانەوەی موو، هەروەها دەکرێت کرێمی کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری هەوکردنی سەلکی موو، هەندێک جاریش دەژرێت چارەسەری بەرگری پێستەکی بەکاربهێنرێت Topical immunotherapy کە ئەویش لە ڕێگەی دانانی ماددەی وەکوو دیفینسیپرۆن لەسەر پێست کە هانیدەدات بۆ زیادکردنی گەشەی مووەکە. 
  • لەڕێگەی دەرزی لێدان: لە حاڵەتە سووکەکانی ئەم نەخۆشییەدا ڕەنگە پزیشکەکە پەنا بەرێتە بەر پێدانی ستیرۆیدەکان لەڕێگەی دەرزییەوە بۆ ناوچە توشبووەکە، ئەم دەرزییە یارمەتیدەرە لە گەشەکردنەوەی موو جارێکی تر، بەڵام جێی ئاماژەیە کە ئەم دەرزییە توانای وەستاندنی وەرینی مووی نییە.
  • ئەو دەرمانانەی لەڕێگەی دەمەوە دەدرێن: ئەو نەخۆشانەی بە سەختی توشی نەخۆشییەکە بوون ڕەنگە پزیشک دەرمانی کۆرتیزۆنیان بۆ پێشنیار بکات، بەڵام ئەم دەرمانە کاریگەری لاوەکی زۆری هەیە، یان دەکرێت ئەو دەرمانانە بدات کە کاردەکەن بۆ جێگیرکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش وەکوو میسۆتریکسەیت یان سایکڵۆسپۆرین، هەروەها جێی ئاماژەیە کە ناکرێت ئەم دەرمانانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێنرێن چونکە دەبنە هۆی کاریگەری لاوەکی وەکو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و یان پەککەوتنی جگەر و گورچیلە یان زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی لیمفەگرێکان. 
  • چارەسەر بە ڕووناکی: چارەسەر بە ڕووناکی جۆرێکە لە چارەسەرکردنەکان بە تیشک، کە ئەنجامدەدرێت لەڕێگەی ئەو دەرمانانەی لەڕێی دەمەوە دەدرێن لەگەڵ تیشکی سەروو بنەوشەیی.

چارەسەرە جێگرەوەکان

ئەم چارەسەرانە یارمەتیدەرن لە سەرلەنوێ گەشە سەندنەوەی مووەکان، بەڵام چالاکی ئەم چارەسەرانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لە نمونەی چارەسەرە جێگرەوەکانیش: 

  • چارەسەر بە بەکارهێنانی دەرزی ئاژنین. 
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی زەیتی بۆندار. 
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی پڕۆبایۆتیک.
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی ڤیتامینی وەکو زینک و بیۆتین.
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی ئەلۆڤێرا.
  • چارەسەر بە لیزەر.
  • چارەسەر بە سڕینەوەی کەلەسەر بە شەربەتی پیاز
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی زەیتی وەکو زەیتی دار چای و زەیتی نەعنا و زەیتی تاجەگوڵینە. 
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی زەیتی زەیتون و زەیتی گوێزی هیندی.
  • لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ڕژێمێکی خۆراکی دژە هەوکردنەکان کە گۆشت و سەوزە لەخۆبگرێت. 
  • لە ڕێگەی شێلانی کەلەسەرەوە. 
  • چارەسەر بە بەکارهێنانی تەواوکاری سەوزەیی وەکوو چای سەوز.


سەرچاوەکان



1186 بینین