ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-29-15:28:00 - کۆدی بابەت: 6090
ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

ڕێگریکردن لە دووگیانی

کاتێک هاوسەرگیری دەکەیت و ناتەوێت کە منداڵت ببێت دەبێت یەکێک لە ڕێگاکان بەکاربهێنیت بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی، چەندان ڕێگای جیاواز هەیە بۆ ڕێگریکردن.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی ئەم ڕێگایەکی سروشتییە و هیچ ئامێر و کەرەستەیەکی تێدا بەکارنایەت، ئەویش ئەوەیە کە لە کاتی گەیشتن بە لوتکەی چێژ و ئاو هاتنەوەی پیاو پێویستە پیاوەکە پێش ڕژان ئەندامی زاوزێی لە زێی خانمەکە دەربهێنێت تاکوو سپێرم نەگات بە هێلکە و دووگیانی ڕوونەدات، هەروەها دەکرێت خانمەکە به ژماردنی سوڕەکەی ئاگاداربێت و ئەو ڕۆژانەی کە هێلکە دانانە جووتبوون تێیدا ئەنجام نەدرێت.

ڕێگریکرددن لە دووگیانی بە حەپی دژە دووگیانی

یەکێکی دێکە لە ڕێگاکان بریتییە لە بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی کە پێکهاتووە لە هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن، و بە شێوەی حەپ ڕۆژانە دەیخۆیت.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە کۆندۆم

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای کۆندۆم یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی، کە کۆندۆمی ژنانە و کۆندۆمی پیاوانەش هەیە، کۆندۆمی پیاوانە لاستیکێکە دەکێشرێت لە چووکی پیاو و ناهێڵێت سپێرمەکان بچنە زێی خانمەکەوە، هەروەها کۆندۆمی ژنانەش بوونی هەیە کە ٨ کاتژمێر پێش جووتبوون بکرێتە ناو زێی خانمەکەوە و کە ناهێڵێت کاتی جووتبوون سپێرمەکان بگەن بە هێلکە.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دەرزی

دەرزی دژە دووگیانی کە بە (depo_provera)ـش ناسراوە، دەرزییەکی هۆڕمۆنییە کە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێگری دەکات لە دووگیانی و کارکردنی لە حەپەکە باشترە.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەزگە

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای لەزگە یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی، لەزگە کە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنی تێدایە، دەدرێت لە بەشێکی جەستە، وەک قۆڵ، سک، سمت کە دەبێت لە پێستێکی پاک و وشک بدرێت و هەفتانە دەگۆڕدرێت.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ئەڵقە

ئەڵقەش ڕێگایەکی دیکەیە بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی، ئەم ئەڵقەیە ئەڵقەیەکی پلاستیکییە و کە دەکرێتە ناو زێوە، ئەم ئەڵقەیەش هۆڕمۆنی تێدایە و هۆڕمۆنەکان دەردەدرێنە ناو زێ و ڕێگری دەکەن لە دووگیانی.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەربەست diaphragm contraceptive

ئەمەش ڕێگایەکی دیکەیە بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی، ئەمە وەک کەپێک وایە و لاستیکییە، پێش جووتبوون دەکرێتە ناو ملی منداڵدانەوە و ئەو ڕێڕەوە دادەپۆشێت، ئەم ڕێگایە لەگەڵ ڕێگای سپێرم کوژدا پێکەوە بەکاردێن.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەولەب

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای لەولەب یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی، لەولەب ڕێگایەکی دەستکردە کە تێیدا ئامێرێک دەکرێتە منداڵدانەوە، و کە لە شێوەی پیتی T دایە و  بەشی سەرەوەی منداڵدان دەگرێت و دوو جۆری هەیە، لەولەبی مسی و لەولەبی هۆڕمۆنی.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە چاندنی کەپسول

ئەم کەپسولە شێوەی وەک دارە باریکەکەی شقارتە وایە کە هۆڕمۆنی تێدایە و دەکرێتە ژێر پێستی قۆڵەوە و هۆڕمۆن دەڕژێنێتە ناو خوێنەوە و ڕێگری دەکات لە دووگیانی بەم شێوەیە.

هەڵگەڕانەوەی منداڵدان

هەڵگەڕانەوەی منداڵدانیش ڕێگایەکە بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی بەڵام ڕێگایەکە کە تێیدا خانمەکە خۆی نەزۆک دەکات و ئیتر ناتوانێت دوای بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە منداڵی ببێت، کە تێیدا بۆرییەکانی جۆگەی فالوپ دەبەسترێن، بەڵام لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هەموو جۆرەکانی خۆ نەزۆککرن ڕێگە پێنەدراوە و حەرامە.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە سپێرم کوژ

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای بە سپێرم کوژ یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی، ماددەیەکی کیمیاییە کە بە شێوەی کرێم و مەڵهەم و فوم هەیە و نیو کاتژمێر پێش جووتبوون لە ڕێگەی پەنجەوە یاخود سرنجی تایبەتەوە دەکرێتە ناو زێ و ڕێگری دەکات لە گەیشتنی سپێرمەکان بە زێ و لەناویان دەبات، بەڵام دەبێت دوای کاتژمێرێک نوێ بکرێتەوە چونکە ماوەکەی بەسەر دەچێت.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە حەپی خێرا levonorgestrel

کاتێک کە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی بەکاردەهێنیت و سەرکەوتوو نابێت بۆ نموونە لە کاتی بەکارهێنانی کۆندۆمدا، کۆندۆمەکە دەدڕێت یاخود لە ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی هەڵەیە ڕوودەدات دەتوانیت حەپی levonorgesrtel بەکاربهێنیت کە دوای جووتبوونەکە تاکوو ٧٢ کاتژمێر کاریگەری هەیە و ڕێگری دەکات لە دووگیانی


سەرچاوەکان



5138 بینین