وشکبوونەوە

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-07-22:34:00 - کۆدی بابەت: 6213
وشکبوونەوە

ناوه‌ڕۆك

وشکبوونەوە چییە؟

ئاو ماددەیەکی سەرەکی لەشی مرۆڤە، کە لە سەدا ٦٠ ی جەستەی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە، ئەندامەکانی لەشیش پێویستیان بە پارێزگارییە لە هاوسەنگی ئاو و خوێیەکان و کانزاکان لە پێناو کارکردن بە شێوەیەکی ئاسایی، کاتێکیش لەش بڕێکی زۆری ئاو لەدەستدەدات کە قەرەبوو ناکرێتەوە ئەوکات توشی وشکبوونەوە دەبێت، لەو هۆکارانەش کە لەش ئاویان پێ لەدەست دەدات بریتین لە ئارەقکردنەوە و میزکردن.

هۆکارەکانی وشکبوونەوە 

زۆرجار وشکبوونەوە کەم دەبێت کاتێک هۆکارەکەی شتێکی سادەیە وەکوو نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، بەڵام قورستر دەبێت کاتێک وەکوو دەرئەنجامی حاڵەتێکی نەخۆشی ڕوودەدات، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە پزیشک پێویستی بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هۆکاری وشکبوونەوەکەیە، هۆکارەکانی وشکبوونەوەش بریتین لە: 

- سکچوون: بە یەکێک لە بڵاوترین هۆکارەکانی وشکبوونەوە و مەترسیدارترینیان دادەنرێت بە تایبەتیش لەسەر منداڵ، بەجۆرێک ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵ بەهۆی وشکبوونەوەی پەیوەست بە سکچوونەوە دەمرن، مەترسییەکەشی لەوەدایە کە لەش بڕێکی زۆر لە ئاو وندەکات لەگەڵ کەمی جوڵەی ڕیخۆڵەکان کە وادەکات قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمییە قورس بێت لەگەڵ دووبارەبوونەوەیدا. 

- ڕشانەوە: لە ڕشانەوەدا نەخۆشەکە تەنها ئاو لەدەست نادات و بەس، بەڵکوو توانای قەرەبوو کردنەوەی ئاوی لەدەستچووشی نابێت لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاو لە دەمەوە.

- ئارەقکردنەوە: کاتێک پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە لەش لە ڕێگەی ئارەقکردنەوەوە پلەی گەرمی خۆی دادەگرێت، ئارەقکردنەوە خۆی کردەیەکی ئاساییە بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوە لەکاتی زۆر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش وەکوو ڕوودانی تا و هەوکردن و قەرەبوو نەکردنەوەی ئەو شلە لەدەستچوانە.

- شەکرە:  توشبووی نەخۆشی شەکرە دەناڵێنێت بەدەست زیادبوونی بڕی میزکردنەکان و هەستی زۆر بە تینوێتی، گورچیلەکان بڕێکی زۆری ئاو و شەکر دەردەکەنە دەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زۆر بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، ئەمەش وادەکات نەخۆشانی شەکرە لە زۆرترینی ئەو کەسانە بن کە مەترسی وشکبوونەوەیان لەسەرە. 

- سووتان: پێست لەش دەپارێزێت لە لەدەستدانی شلەمەنییەکان، بۆیە لەکاتی زیانپێگەیشتنی بۆ نموونە سووتانی، ئەم توانایە لەدەست دەدات و شلەکان ون دەکرێن.

نیشانەکانی وشکبوونەوە 

هەبوونی هۆشیاری دەربارەی نیشانەکانی وشکبوونەوە هاوکارە لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتەکە کاتێک قورس نییە، بۆیە پارێزراو دەبێت لە لێکەوتەکانی و یارمەتیدەری دەبێت بۆ وەڵامی پرسیاری وشکبوونەوەی گورچیلە چییە، نیشانەکانی وشکبوونەوەش بەپێی قورسی حاڵەتەکە دەگۆڕێن، لە نیشانەکانی وشکبوونەوەی کەمیش بریتین لە: 

  • گۆڕانی ڕەنگی میز و بڕەکەی و چڕییەکەی.
  • تیونێتی زۆر.
  • وشکبوونەوەی دەم.
  • سەرسوڕهاتن.
  • سەرئێشە.
  • وشکبوونی پێست.
  • شەکەتی.

بەڵام لە حاڵەتی وشکبوونەوەی قورسدا ڕەنگە نیشانەکانی پێشوو دەرنەکەون و بە نیشانەی قورستر جێیان بگیرێتەوە، لەم حاڵەتەشدا نەخۆش پێویستی بە سەردانی خێرای پزیشکە، لە نیشانەکانی وشکبوونەوەی زۆریش بریتین لە: 

  • سەرسوڕهاتنی زۆر کە نەخۆش بە قورسی ڕێدەکات یان دەوەستێت.
  • کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی میز یان بەرهەم نەهێنانی.
  • کەمبوونەوەی پەستانی خوێن.
  •  زیادبوونی لێدانەکانی دڵ.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی
  • کەشەنگبوون.
  • بورانەوە.

وشکبوونەوەی گورچیلە 

وشکبوونەوەی گورچیلە بریتییە لە کۆمەڵەیەکی فراوانی نەخۆشییەکانی گورچیلە کە پەیوەندی هەیە بە لێکەوتەکانی وشکبوونەوەوە، کە توشبوونی جەستە بە نۆرەی بەردەوامی وشکبوونەوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە شانەکانی گورچیلە و ئەرکەکانی ناهێڵێت، لەم حاڵەتەدا دەرکردنی ژەهرەکان بۆ دەرەوەی لەش کەم دەکات و هەندێک پێکهاتەی وەکوو فرەکتۆز دەگۆڕێن بۆ ژەهر یان هاندەری هەوکردن و نەخۆشی درێژ خایەنی گورچیلە، پەککەوتنی گورچیلەش بە بڵاوترینیان دادەنرێت بەڵام خۆشبەختانە ئاسان چارەسەر دەکرێت، لە ئەگەری زوو دەستنیشانکردنی وشکبوونەوەی گورچیلە و چارەسەرکردنی زیانێکی زۆر بەر گورچیلە ناکەوێت و دەتوانێت ئەرکەکانی بۆ بگێڕدرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی وشکبوونەوەی تونددا و لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی شلەی لەدەستچووی لەش، ئەوا وشکبوونەوەکە هاوڕێیەتی کەمبوونەوەی پەستانی خوێن و کەمبوونەوەی وروژمی خوێن بۆ گورچیلە دەکات، بۆیە زیان بە شانەکان دەگات و ناتوانێت ئەرکی خۆی بەباشی ئەنجام بدات.

چارەسەری وشکبوونەوە

چارەسەری وشکبوونەوە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە قەرەبووکردنەوەی شلەی لەدەستچوو دەبەستێت، بۆ چارەسەری وشکبوونەوە و خۆلادان لە لێکەوتەکانی وەکوو وشکبوونەوەی گورچیلە بە شێوەیەکی کارا پێویستە هۆکاری وشکبوونەوە و ئاستەکەی دیاری بکرێت، بۆ نموونە وشکبوونەوەی کەم و مامناوەند زۆرجار بە چارەسەری ماڵەوەیی چارەسەر دەکرێن، بەڵام وشکبوونەوەی زۆر پێویستی بە دەستێوەردانی پزیشک و بەکارهێنانی دەرمانە.

چارەسەری ماڵەوەیی وشکبوونەوە

ڕێگای چارەسەرکردنی وشکبوونەوە لە ماڵەوە بە باشترین ڕێگاکانی چارەسەری وشکبوونەوەی کەم دادەنرێت، چونکە بە کۆمەڵێک ڕێگای خۆپارێزیش دادەنرێن، لە گرنگترین ڕێکارەکانیش بریتین لە:

- خواردنەوەی ئاو: ئامۆژگاری دەکرێت بە ڕۆژانە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، کە لەسەر کەسانی پێگەیشتوو پێویستە ڕۆژانە ٨-١٠ پەرداخ ئاو بخۆنەوە، بەڵام ئافرەتی دووگیان و خاوەن منداڵی شیرەخۆرە پێویستی بە بڕێکی زیاترە، هەروەها خواردنەوەی بڕێکی زیاتری ئاو لە هاویناندا یان لەکاتی ئەنجامدانی ڕاهێناندا بۆ قەرەبووکردنەوە ئاوی لەدەستچوو بە بیرۆکەیەکی باش دادەنرێت.

- خواردنی تەندروست: کە ئامۆژگاری دەکرێت بە کەمکردنەوەی خواردنی لە پاکەتنراو و لەقتوونراو کە زۆرجار بڕێکی زۆری سۆدیۆم لەخۆ دەگرێت، لەجێی ئەوەش ئامۆژگاری دەکرێت بە خواردنی ئەو خۆراکانەی سەرچاوەی باشی ئاون وەکوو خەیار و کێوی و شووتی و هتد. 

- خواردنەوەی جێگرەوەی تەندروستی ئاو: لەکاتی هەڵبژاردنی شلەی تر بەسەر ئاودا، ئەوە ئامۆژگاری دەکرێت بە خواردنەوەی شەربەتی سروشتی لە ئەو میوە و سەوزانەی بڕێکی کەمتر شەکر و زیاتر کانزا لەخۆدەگرن، هەروەها پێویستە دووربن لە خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆری شەکر و کافاین لەخۆدەگرن، کە دەبنە هۆی زیادبوونی میزکردن و لەدەستدانی شلەی زیاتری لەش.

چارەسەری وشکبوونەوە بە دەرمان 

چارەسەری پزیشکی لەژێر چاودێری پزیشکی تایبەتمەنددا دەبێت، کە پشت دەبەستێت بە قەرەبووکردنەوەی کەمیی شلە و کانزا و خوێیەکانی لەش، هەروەها ڕێگرە لە دەرکەوتنی ئەو نیشانانەی دەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش دروستبکات، هەروەها بە دەستنیشانکردنی هۆکاری وشکبوونەوەکە و چارەسەرکردنی دەست پێدەکات، لەکاتی تادا نەخۆش دەرمانی دابەزاندنی پلەی گەرمی پێ دەدرێت وەکوو ئیبۆپرۆفین یان پاراسیتامۆڵ، لەکاتی هەبوونی میکرۆب و هەوکردندا دژە زیندەییەکان بەکاردێن، هەروەها شلە خوێیەکان لەڕێگەی دەمەوە قەرەبوو دەکرێنەوە گەر نەخۆشەکە لەهۆشی خۆیدابوو، بەڵام گەر هۆشی نەبوو لەڕێگەی خوێنهێنەرەکانەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. 


سەرچاوەکان



1224 بینین