نەشتەرگەری جوانکاری ورگ

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-21-13:42:00 - کۆدی بابەت: 6373
نەشتەرگەری جوانکاری ورگ

ناوه‌ڕۆك

جوانکاری ورگ بە نەشتەرگەری

نەشتەرگەری جوانکاری ورگ یان ڕاکێشانی ورگ ئەو نەشتەرگەرییەیە کە تێیدا پێستی سک یەکسان و ڕێک دەکرێتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی چەوری زیادە و لابردنی پێستی شل لە ناوچەی سک، هەروەها ڕاکێشانی ماسولکەی بەرپرس لەم شلبوونەوانە، کە بەزۆری ئەو نەخۆشانە پەنا بۆ ئەم نەشتەرگەرییە دەبەن کە ناتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە چەوری و پێستی زیادە و جوانکردنی شێوەی گشتی پێستی سک، یان ڕوودانی شلبوونەوەی پێست پاش چەندین جار دووگیان بوون یان خێرا لەدەستدانی کێش، ئەم نەشتەرگەرییە جیاوازە لە نەشتەرگەری چەورییە هەڵمژین، لەگەڵ ئەوەی کە دەکرێت لە هەندێک کەسدا هەردوو کردارەکە پێکەوە ئەنجامبدرێن بەپێی حاڵەتی تەندروستییان و ئارەزووی خۆیان و ڕێنماییەکانی پزیشکەکە، ڕەنگە نەشتەرگەری جوانکاری ورگ ١ بۆ ٣ کاتژمێر بخایەنێت و پێویستی بە بێهۆشکردنی گشتییە.

پاڵێوراوانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری ورگ

هەندێک حاڵەتی نەخۆشی و کۆمەڵایەتی هەیە کە وادەکات هەندێک کەس زیاتر پاڵێوراوبن بۆ ئەنجامدانی جوانکاری ورگ بە بەراورد بە هەندێکی تر، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ هەردوو ڕەگەز گونجاوە بە مەرجێک تەندروست بن، ئەو ئافرەتانەی چەندین جار دووگیان بوون و منداڵی زۆریان بووە، دەکرێت سوودمەند بن لەم نەشتەرگەرییە بۆ ڕاکێشانی ماسولکەکانی سک و کەمکردنەوەی شلبوونەوە و شۆڕبوونەوەی پێست، هەروەها دەکرێت ئەم نەشتەرگەرییە هەڵبژاردەیەکی گونجاو بێت لای ئەو پیاو و ئافرەتانەی پێشتر قەڵەو بوون و هێشتاش هەندێک چەورییان ماوە لە ناوچەی سک و کەمەر.

بەڵام هەندێک حاڵەت هەیە کە واباشترە نەشتەرگەرییەکە نەکرێت، بۆنموونە لەو ئافرەتانەدا کە دەیانەوێت پاش نەشتەرگەرییەکە منداڵی تر بخەنەوە، چونکە لە نەشتەرگەرییەکەدا ماسولەکەکانی سک ڕادەکێشرێن بە جۆرێک کە ڕێگری دەکات لە کشانی سک بە بڕی پێویست بۆ لەخۆگرتنی کۆرپەلە، هەروەها ئەم نەشتەرگەرییە بە نەشتەرگەری قەڵەوی دانانرێت، چونکە یارمەتیدەر نییە لە دابەزاندنی کێش، بەڵکو یارمەتیدەرە لە جوانکردنی شێوەی پێست پاش ئەوەی شل و شۆڕ دەبێتەوە دوای لەدەستدانی کێشی زیادەی لەش، هەروەها پێویستە لەسەر نەخۆش هەندێک جێ برین قبوڵ بکات کە لە ناوچەی سکدا دەمێننەوە پاش نەشتەرگەریەکە، هەروەها پێویستە قسە لەگەڵ پزیشک بکرێت بۆ زانیاری دەربارەی ئەم جێ برینانە و چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵیان پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە.

مەترسییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری ورگ

پێویستە نەخۆش پێشبینی ئاوسان و ئازاری پاش نەشتەرگەرییەکە بکات، بۆیە دەکرێت پزیشک ئازارشکێن بدات و رێنموونی نەخۆش بکات سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵ ئازارەکە، دەکرێت ئازارەکە بۆ ماوەی چەند هەفتە یان چەند مانگێک بەردەوام بێت، هەروەها ڕەنگە لە هەندێک ناوچەدا هەست بە سڕی بکات، وێڕای دروستبوونی شینبوونەوە و ئازاری گشتگیر بکات بۆ ماوەیەکی هاوشێوە.

وەکوو سەرجەم نەشتەرگەرییەکانی تر چەند مەترسی و لێکەوتەیەک هەیە کە دەکرێت لەو کەسانەی کێشەی وروژمی خوێنیان هەیە زیاتر بێت، یان نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و نەخۆشییەکانی جگەر، یان گەر کەسەکە جگەرەکێش بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لێکەوتەکان بریتین لە: 

  • دروستبوونی جێ برین.
  • ئاوسانی ملوولەی خوێن.
  • ڕوودانی هەوکردن.
  • کۆبوونەوەی ئاوگی خوێن لە ژێر پێستدا.
  • ساڕێژنەبوونی برین.
  • لەدەستدانی پێست بە شێوەیەکی گەورە.
  • دروستبوونی تۆپەڵە خوێنی مەییو.
  • سڕبوون و گۆڕانکارییە هەستییەکانی تر.
  • مەترسی پەیوەست بە ماددە بێهۆشکەرەکانەوە.
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست لە ناوچەی نەشتەرگەرییەکە.
  • ئاوسانێک کە بۆماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە.
  • تێکچوونێک لە ناوچەی چەوری ژێر پێست.
  • ناڕێکی پێست لە ناوچەی سک.


سەرچاوەکان



1001 بینین