پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو پلاستیک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-06-23:58:00 - کۆدی بابەت: 6821
پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو پلاستیک

ناوه‌ڕۆك

پلاستیک

یەکێکە لە بەکارهاتووترین کەرەستەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ، کە مێژوویەکی زۆری بەکارھێنانی هەیە، کارگەکان لە ئەنجامی تێکەڵکردنی چەندین پێکهاتەی کیمیایی جیاوازەوە پلاستیک بەرهەم دەهێنن، کە هەندێک لەو پێکهاتانە مەترسیدارن و هەندێکیشیان بێ زیانن، زانینی ناوی ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی کە پلاستیکی لێ دروست دەکرێت یارمەتیدەرە بۆ زانینی ئەوەی چ پلاستیکێک گونجاوە بۆ بەکارهێنان.

 فسالەیت - Phthalate

یەکەمین پێکهاتە کە لە ڕیزبەندی پێکهاتە کیمیاییەکانی ناو پلاستیکدا دەردەکەوێت بریتییە لە فسالەیتەکان، ئامانجی سەرەکی بەکارھێنانی فسالەیتەکان لە پلاستیکدا بۆ پێدانی تایبەتمەندی نەرمکردن و زیادکردنی جیڕی و ڕووتەنکی و خۆڕاگری و زۆرتر مانەوەیە، کارگەکانی بە کارلێک پێکردنی فسالیک ئەنهایدراید لەگەڵ کحول، لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەیەکی زۆری ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا بوونی هەبوو کە فسالەیتیان تێدابوو، بەڵام بەم دواییانە بەکارهێنانی ئەم ماددە کیمیاییە کەمی کردووە لەبەر زۆری ڕێژەی هۆشیاری ژینگەیی دەربارەی زیانەکانی ئەم ماددەیە، بەڵام ئەگەر کارگەکانیش سنوردار بکرێن لە بەکارهێنانی، چەندین سەرچاوەی دیکە هەیە بۆ فسالەیت وەک شیر و گۆشتی سوور و کەرە.
چەندین بەرهەمی جیاواز هەیە کە کارگەکان لە فسالەیتەوە بەرهەمی دەهێنن، هەندێکیان بریتین لە چەورکەر و لکێنەر و خاوێنکەرەوە و یاری منداڵان و چەندین بەرهەمی دیکە، زۆربەی ئەو فسالەیتەی کە وەک نەرمکەر بەکاردێت ٢٣٪ لە دروستکردنی وایەر و کێبڵدا بەکاردێت، هەروەها نزیکی ٧٠٪ نەرمکەرەکانی جیهان بریتین لە فسالەیت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

ئەستەرەکانی فسالەیت لێوەرگیراوی ترشی فسالیکن، کاتێک دەکرێنە ناو پلاستیکەوە دەبێتە هۆی ئەوەی گەردەکانی پۆلیڤینایڵ بە پێچەوانی یەکترەوە بخزێن، هەروەها توانای توانەوەی بەرزە لە ڕۆندا، بەڵام کەم تواوەیە لە ئاودا، ڕێژەی بە هەواداچوونی نزمە، لە دۆخی شلیدایە و بێ ڕەنگ و بێ بۆنە.

زیانەکان

هەندێک جۆری فسالەیتەکان وەک DEHP بەوە ناسراون کە دەبنە هۆی تێکشکاندنی سیستمی نێوەدەردان، هەندێک توێژینەوەی دیکە سەلماندوویانە کە ئەگەر خانمێک منداڵکی کوڕی ببێت و ڕێژەی فسالەیتەکان لە خوێنیدا زۆربێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەندامی نێرینەی منداڵەکە نائاسایی دەبێت، هەروەها کاتێک منداڵێک لە ڕەگەزی نێر پێش لەدایکبوونی بەرکەوتەی لەگەڵ فسالەیتەکان دەبێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە کاتێک دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری گەشەی هۆڕمۆنی و لەشیی کەم دەبێت، توێژینەوەیەکی دیکە پێشبینی ئەوەی کردووە کە فسالەیتەکان دەبنەهۆی زیانگەیاندن بە گورچیلە و ڕیخۆڵە، هەروەها ماددەیەکی شێرپەنجەییە، دەتوانێت ببێتە هۆی سووتانەوەی پێست، هەروەها توێژینەوەیەکی دیکە ئەوەی سەلماندووە کە DEHP دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی جووڵەی تۆو لە پیاواندا، زۆربەی خەڵکی ترسێکی زۆریان لە DEHP هەیە لەبەر تواناکەی وەک ماددەیەکی شێرپەنجەیی، هەرچەند توێژینەوەکان لەسەر ئەمە بەردەوامن بەڵام چەند توێژینەوەیەک گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گەشەی نائاسایی خانەکانی لەش.

پۆلیکاربۆنەیت - Polycarbonate

پۆلیکاربۆنەیت بریتییە لە پۆلیمەرێکی گەرمۆپلاستیکی (واتە کاتێک گەرم دەکرێن شل دەبنەوە و بە ساردکردنەوەیان ڕەق دەبن) کە پێکهاتە کیمیاییەکەیان پێکدێت لە گروپی کاربۆنەیت، پۆلیکاربۆنەیت بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە، لە دروستکردنی سی دی، چاویلکە، قەڵغان و چەندین کەرەستەی دیکەی کارەباییدا بەکاردێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکان

پۆلیکاربۆنەیتەکان توانای بەرگری پێکداکێشانیان بەرزە، بەڵام توانای بەرگریان دژی داخووران نزمە، تایبەتمەندی بێهاوتای پۆلیکاربۆنەیت کە لە زۆربەی جۆری شووشەش باشترە بریتییە لە توانای تێپەڕکردنی ڕووناکی، دەتوانرێت شێوەی جیاواز لەو پلاستیکە دروست بکرێت کە پۆلیکاربۆنەیتی تێدایە بەبێ شکاندن و ڕووشاندنی پلاستیکەکە.

زیانەکان

پۆلیکاربۆنەیت دەتوانێت زیانبەخش بێت کە دەگۆڕێت بۆ bisphenol A کاتێک لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا بێت کە نزیک بێت لە ٧٠ بۆ ٨٠ پلەی سلیزی، bisphenol A دەتوانێت کار لە گەشەی مێشک و پڕۆستاتی کۆرپەلە و منداڵ بکات، هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر هەڵسوکەوتی ئاسایی منداڵ، جگە لەمانەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ، باشترە خانمان دووربن لە بەرکەوتنیان بەم پێکهاتە کیمیاییە، چونکە BPA دەتوانێت ڕۆڵی هۆڕمۆنی ئەسترۆجین ببینێت لە خانماندا و ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک. لەبەر ئەم هۆکارانە بەکارهێنانی پلاستیکی پۆلیکاربۆنەیت بۆ هەڵگرتنی خواردن گونجاو نییە.

ترشی پۆلیئەسیتیک - Polyactic acid

لە سەرچاوەی زیندەیی وەک قامیشی شەکر یان لە نیشاستەی گەنمەشامییەوە دەردەهێنرێت، چونکە پێکهاتەیەکی زیندە لێکهەڵوەشاوە ئەو پلاستیکانەی لەم پێکهاتەیە دروست دەکرێن لە هەموو پلاستیکەکانی دیکە باشترن، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی کەمە، بەزۆری ئەم پلاستیکە لە دروستکردنی ئەو بوتڵانەدا بەکاردێت کە لە بواری پزیشکیدان.

تایبەتمەندییە گشتییەکان

ترشی پۆلیئەسیتیک پلەی شل بوونەوەی بەرزە و بریتییە لە ١٥٠ بۆ ١٦٠ پلەی سیلیزی، دەتوانرێت گەرم بکرێت و سارد بکرێتەوە و دووبارە گەرم بکرێتەوە.

زیانەکان

ئەگەر هەڵبمژرێت یان لەش بیمژێت لە ڕێگەی چاو یان پێستەوە دەبێتەهۆی سووتانەوەی چاو و پێست، بەڵام ئەگەر لە دۆخی ڕەقیدا بێت هیچ زیانێکی نییە.

پۆلیپڕۆپیلین - Polypropylene

پۆلیپڕۆپیلین کە پێشی دەوترێت پۆلیپڕۆپین و لەسەر پلاستیکەکە بە هێمای پوختەکردنیئاماژەی پێدراوە، گەرمۆپلاستیکێکە کە چەندین بەکارهێنانی جیاوازی هەیە، لە ئەنجامی زنجیرە گەشەی بەپۆلیمەرکردنی تاک پارچەی پڕۆپیلینەوە بەرهەمدێت، تایبەتمەندی پۆلیپڕۆپیلین پشت دەبەستێت بە بارستەی مۆڵی و دابەشبوونی بارستەی مۆڵی و ڕووتەنکی و جۆری گروپی تاک پارچەکان، چەندین بەکارهێنانی جیاوازی هەیە وەک زەرف و پیشەسازی ئۆتۆمۆبیل و پیشەسازی چنین و چەندین بەرهەمی دیکە.

تایبەتمەندییە گشتییەکان

بەرگرییەکی کیمیایی بەهێزی هەیە، لەگەڵ ترش و تفتە ڕوونکراوەکاندا کارلێک ناکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەیەکی باش بێت بۆ بوتڵی پاککرەوەکان، جیڕییەکی بەرز و پێکهاتەیەکی لاستیکی هەیە، هەروەها لەدوای چەماندنەوە و خوارکردنەوەیەکی زۆریش دەگەڕێتەوە شێوە بنەڕەتییەکەی خۆی، بەرگرییەکی بەهێزی کارەبایی هەیە.

زیانەکان

چونکە هێمای پوختەکردنی بریتییە لە ♷ واتە پلاستیکێکی سەلامەتە بۆ بەکارھێنان، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە بەکاربێت ئەگەر بەکارهێنەر لە ئاگرەوە نزیکبوو، چونکە توانای گڕگرتنی بەرزە.


سەرچاوەکان



1395 بینین