سوودەکانی خواردنی ژەمی بەیانیان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-16-14:05:00 - کۆدی بابەت: 6896
سوودەکانی خواردنی ژەمی بەیانیان

ناوه‌ڕۆك

ژەمی بەیانیان

ژەمی بەیانیان هەروەها پێشیدەگوترێت "گرنگترین ژەمی ڕۆژ"، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت ژەمی بەیانی بەڕۆژووبوونی شەو دەشکێنێت، چونکە ژەمی بەیانی دەبێتە هۆی دابینکردنی گلۆکۆز کە پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وزە و هۆشیاری، هەروەها خۆراکە ماددە گرنگەکانی دیکە دابیندەکات کە پێویستە بۆ تەندروستییەکی باش، زۆرینەی توێژینەوەکان سوودە تەندروستییەکانی خواردنی ژەمی بەیانیانیان بەشێوەیەک نیشان داوە، کە دەبێتە هۆی باشترکردنی ئاستی وزە و توانای تەرکیز لە ماوەیەکی کورتدا، و دەتوانێت یارمەتی جێگیربوونی کێشی لەش بدات، مەترسی نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢ و نەخۆشی دڵ بۆ ماوەیەکی درێژ کەم بکاتەوە، سەرەڕای سوودەکانی ژەمی بەیانی بۆ تەندروستی و چاکی تۆ، زۆربەی کات خەڵکی ژەمی بەیانیان فەرامۆش دەکەن، بە هۆکاری جۆراوجۆر، بەڵام چەند ڕێگایەکی زۆر هەیە بۆ ئاسانکردنی ژەمی بەیانیان.

گرنگی ژەمی بەیانیان

وزە

زۆرینەی سەرچاوەی وزەی جەستە بریتییە لە گلۆکۆز، گلۆکۆز تێکدەشکێنرێت و هەروەها دەمژرێت لەلایەن ئەو کاربۆهایدرایتانەی کە دەیخۆیت، جەستە زۆربەی وزەی خۆی وەک چەوری کۆدەکاتەوە، بەڵام لەشت هەندێک لەو گلۆکۆزە وەک گلایکۆجین کۆ دەکاتەوە، کە زۆربەیان لە جگەردایە، و بڕێکی کەمیش لە ماسولکەکان هەن، بەدرێژای ئەوکاتەی کە هیچ خواردنێک ناخۆی کە وەک بەڕۆژووبوون وایە بۆ نموونە وەک خەوتن بە درێژایی شەو، جگەر گلایکۆجین تێکدەشکێنێت و دەریدەکات بۆ ناو خوێن لەسەر شێوەی گلۆکۆز بۆ ئەوەی ئاستی شەکری خوێنت جێگیر بێت، ئەمە بە تایبەتی بۆ مێشک گرنگە، چونکە مێشک بە تەواوی پشت بە گلوکۆز دەبەستێت بۆ  سەرچاوەی وزەکەی، بەیانیان پاش ئەوەی کە نزیکەی ١٠ کاتژمێر بێ خواردن ماویتەتەوە، هەروەها وزەی کۆکراوەی گلایکۆجینت کەمە، لەبەرئەوەی هەموو وزە کۆکراوەکە بە درێژای شەو بەکارهێنراوە، بۆیە لەشت دەستدەکات بە تێکشکانی ترشە چەوری بۆ بەرهەمهێنانی ئەو وزەیەی کە پێویستیەتی، بەڵام بە بێ کاربۆهایدرات، چەوریەکان تەنها تا ڕادەیەک دەتوانن کرداری ئۆکساندن ئەنجامبدەن، کە دەتوانێت ئاستی وزە کەم بکاتەوە، خواردنی ژەمی بەیانی ئاستی وزەت بەرز دەکاتەوە و ئاستی گلایکۆجینەکەت دەگێڕێتەوە باری ئاسایی خۆی کە ئامادەیە بۆ هێشتنەوەی کردای زیندەچالاکی بەدرێژایی ڕۆژ، نەخواردنی ژەمی بەیانی لەوانەیە وەک ڕێگایەکی باش وا دەربکەوێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی وزەی گشتی، بەڵام توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تەنانەت لەگەڵ خواردنی زیاتری وزە، ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانی زیاتر دەخۆن چالاکتر دەبن لەو کەسانەی کە تاکوو کاتێکی دەرنگ نان ناخۆن.

ژەمی بەیانیان سەرچاوەی ڤیتامین، ماددە کانزاکان، و خۆراکە ماددەیە

خۆراکەکانی ژەمی بەیانیان دەوڵەمەندن بە خۆراکە ماددەکانی وەک فۆلات، ئاسن، کالسیۆم، ڤیتامین B، و ڕیشاڵەکان، لەبەرئەمە ژەمی بەیانیان تەواوی خۆراکە ماددە پێویستەکانت بۆ ئەو ڕۆژە پێدەدات، لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان دەخۆن زیاتر ڤیتامین و کانزای پێشبینیکراو بەدەستدەهێنن وەک لەوانەی کە ژەمی بەیانیان ناخۆن، ڤیتامین و کانزا سەرەکییەکان و خۆراکە ماددە گرنگەکان تەنها لەڕێی خۆراکەوە دەستدەکەون، کەواتە هەرچەندە جەستەت بە شێوەیەکی ئاسایی دەتوانێت وزەی پێویست بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیکەیت بە ژەمی داهاتوو، بەڵام هێشتا پێویستت بە ئاستێکی بەرزی ڤیتامین و کانزاکان هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیت.

ژەمی بەیانی یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات

ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی بەردەوام ژەمی بەیانیان دەخۆن لەوانەیە کەمتر قەڵەوببن، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن دەربارەی ئەوەی کە بۆچی ژەمی بەینیان کەمتر قەڵەوت دەکات، وا بیردەکرێتەوە کە خواردنی ژەمی بەیانی لەوانەیە یارمەتیت بدات کە کێشت کۆنتڕۆڵ بکەیت چونکە:

١- ڕێگە لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی گلۆکۆزی ناو خوێن دەگرێت.
٢- یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی خواردن دەدات.
٣- ژەمی بەیانی خێراتر تێرت دەکات و ناهێڵێت زۆر برسیت ببێت.
٤- ژەمی بەیانی یارمەتی بەهێزتربوونی توانای مێشک دەدات.

کاتێک کە ژەمی بەیانی ناخۆیت، ئەوا لەوانەیە هەست بە تەمبەڵی و پەشۆکاوی بکەیت و تەرکیزت کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی کە مێشک وزەی تەواوی گلۆکۆزی دەست ناکەوێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نەخواردنی ژەمی بەیانی کاریگەری لەسەر باری دەروونی دەبێت بەتایبەتی لەڕووی تەرکیز، و توانای یادەوەری، ئەمە دەبێتە هۆی قورسترکردنی ئەرکەکانت، هەروەها ئەو منداڵان و هەرزەکارانەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی ژەمی بەیانی دەخۆن زۆر باشتر دەتوانن ئەرک و چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی ئەکادیمیتر بەڕێوەبەرن بەبەراورد بەوانەی کە ژەمی بەیانیان دەپەڕێنن، هەروەها هەست بە ئاستێکی بەرزتری پەیوەندی دەکەن لەگەڵ مامۆستایان و گەورەکانی تر لە قوتابخانەکەیاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی ئەرێنی و تەندروستتربوونی منداڵان و گەنجان.

ژەمە تەندروستەکانی بەیانیان مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی کەمدەکاتەوە

بەبەراورد بەوانەی کە ژەمی بەیانیان ناخۆن، ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی ژەمی بەیانیان دەخۆن کەمتر مەترسی تووشبوونیان هەیە بە نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢ و قەڵەوی، هەروەها چەندین بەڵگە و لێکۆڵینەوە هەن کە دەریدەخەن ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان بە هەر بیانوویەک بێت دەیپەڕێنن و نایخۆن زیاتر ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان هەیە.

ژەمی بەیانیان یارمه‌تی هه‌ڵبژاردنی خۆراكی باشتر دەدات

ئەو کەسانەی ژەمی بەیانیان دەخۆن بە گشتی خۆراکی تەندروستتریان هەیە، عادەتی خواردنی باشتریان هەیە و کەمتر لە کاتی ڕۆژدا برسی دەبن بە بەراورد بەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان ناخۆن، هەروەها ئەو منداڵانەی کە ژەمی بەیانییەکی ناتەندروست دەخۆن زیاتر ئەگەری هەڵبژاردنی خۆراکە خراپەکەنیان هەیە ئەمەش نەک تەنها بۆ یەک ڕۆژ بەڵکو بۆ ماوەیەکی درێژ.

ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان دەپەڕێنن زیاتر دەکەونە ناو تەڵەی سووکە ژەمەکانەوە لە چێشتەنگاودا، هەروەها ئەمە کێشە دروستدەکات ئەگەر ئەو سووکە ژەمە بڕێکی کەم ڕیشاڵ، ڤیتامین، کانزا و خۆراکە ماددەی تێدابێت و بڕێکی زۆر چەوری و خوێ لە پێکهاتەکەیدا هەبێت، هەروەها ئەگەر ژەمی بەیانیانت نەخوارد ئەوا هەوڵبدە سووکە ژەمەکانت بەو خواردنانە پڕبکەیتەوە کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و کانزاو خۆراکە ماددەکان. 


سەرچاوەکان



512 بینین