نەخواردنی ژەمی بەیانیان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-16-17:14:00 - کۆدی بابەت: 6898
نەخواردنی ژەمی بەیانیان

ناوه‌ڕۆك

ژەمی بەیانیان

لە نوێترین توێژینەوەدا کە لەسەر بەشێک لە منداڵان و تازەپێگەشتوانی وڵاتی ئوستوراڵیا ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە نەخواردنی ژەمی بەیانی بووە بە یەکێک لە باوترین خووەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی خەڵکەکەی ژەمی بەیانی ناپەڕێنن، هەروەها زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان ناخۆن بریتیبوون لە ژنان یان ئەو کەسانەی کە:

١- کێشی زیادەیان هەیە یاخود کەم کێشن
٢- ئاستی ئەنجامدانی چالاکی وەرزشیان نزمە
٣- خەوی باشیان نییە
٤- ژن و پیاوێکی تەنها یاخود کەمی داهات

هەندێک لە هۆکارەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان

١- نەبوونی کاتی پێویست
٢- ئارەزووی مانەوەی زیاتر لەناو جێگە
٣- هەوڵدان بۆ لەدەستدانی کێش
٤- ماندوویەتییەکی زۆر
٥- بێزاربوون لە خواردنەکانی ژەمی بەیانیان بەهۆی زۆر دووبارە بوونەوەیان
٦- نەبوونی هەستی برسێتی لە بەیانیاندا
٧- بەردەستنەبوونی هیچ خواردنێکی بەیانیان لە ماڵەکەدا
٨- تێچووی کڕینی خواردنی ژەمی بەیانی
٩- هۆکارە کلتوورییەکان

هەرچەندە نەخواردنی ژەمی بەیانی هیچ کاتێک پێشنیارکراو نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ڤیتامین و کانزا و خۆراکە ماددە گرنگەکان تەنها لە یەک ژەمی ڕۆژەکەدا هەبێت، بۆیە ئەگەر ژەمی بەیانی ناخۆیت، ئەوا هەوڵبدە لەڕێگەی ژەمەکانی دیکەوە تەواوی ڤیتامن و کانزا و خۆراکە ماددە گرنگەکان بەدەستبهێنیت.

٥ کاریگەری خراپی نەخواردنی ژەمی بەیانیان

زیادبوونی کێش

ئەگەر چەند کیلۆگرامێک لە کێشت زیاد ببێت و نەزانیت هۆکارەکەی چییە، ئەوا بە دڵنیایەوە یەکێک لە هۆکارەکان بە شێوەیەکی گشتی نەخواردنی ژەمی بەیانیانە، نەخواردنی ژەمی بەیانی هۆکارێکە بۆ زیادبوونی کێش، لەبەرئەوەی جەستەت بە درێژای شەو بە برسێتی ماوەتەوە هەروەها کاتێک لە نەخواردنی خۆراک لە ژەمی بەیانیاندا بەردەوام دەبیت، لەئەنجامدا جەستە ئارەزووی خواردنە پڕ شەکر و چەورییەکان دەکات، هەروەها کاتێک مرۆڤ هەستی برسییەتی بۆ دروست دەبێت دەستدەکات بەخواردنی ئەو شتەی کە لەو کاتەدا دەستی دەکەوێت بێ گوێدانە ژمارەی ئەو کالۆریانەی کە وەریدەگرێت، بۆیە ئەمەش وردە وردە دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش، چەندین توێژینەوە هەیە کە پەیوەندی نێوان نەخواردنی ژەمی بەیانیان و قەڵەوییان پێکەوە بەستووەتەوە، بۆیە ئەوە لەئەنجامدا دەستکەوتێکی گەورەیە کە ڕۆژانە ژەمی بەیانییەکی تەندروست دەخۆیت بۆ ئەوەی بە کێشێکی گونجاوەوە بمێنیتەوە.

لاسەرئێشە (شەقیقە)

ئاستی شەکری خوێن لە بەیانیاندا نزم دەبێتەوە بەهۆی ئەو ماوە درێژەی شەو کە تێیدا خەوتوویت و خواردنت نەخواردوە، لەبەرئەوە ئەگەر لە بەیانیاندا هیچ خواردنێک نەخۆیت و ژەمی بەیانی بپەڕێنیت، لەئەنجامدا جەستە هەندێک هۆرمۆن دەردەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاستی نزمبوونەوەی شەکر، هەر بۆیە ئەم پڕۆسەیە بە کەمبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن ناودەبرێت، لەکاتێکدا پرۆسەکە هاوسەنگی ئاستی شەکر ڕادەگرێت، بەڵام چەند کاریگەرییەکی خراپی دەبێت، بۆ نموونە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لە ناکاوی پەستانی خوێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوونت بە سەرئێشە و لاسەرئێشە (شەقیقە)، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی تووشبوون بە سەرئێشە و لاسەرئێشەیەکی بەردەوام.

خاوبوونەوەی کرداری زیندەچالاکی

کاتێک کە ژەمێک دەپەڕێنیت، چالاکییەکانی جەستە خاودەبنەوە بۆ پاراستنی سووتەمەنی، هەر بۆیە کرداری زیندەچالاکیش خاودەبێتەوە، سەڕەڕای ئەوەش ماوەی بەڕۆژووبوون لە بەیانیاندا پاش نەخواردنی هیچ خۆراکێک بە درێژایی شەو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای جەستە بۆ سووتاندنی کالۆری، ئەمەش یارمەتی کەڵەکەبوونی چەوری دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونی ژەمێکی تەندروست لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کرداری زیندەچالاکی کردن هەروەها یارمەتی کەمبوونەوەی کێش دەدات، چەندەها تویژینەوە ئەنجامدراوە لەسەر ئەو کەسانەی کە ژەمی بەینیان دەخۆن و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە ژەمی بەیانیان دەخۆن کرداری زیندەچالاکی جەستەیان لە ئاستێکی زۆر بەرزتردایە وەک لەوانەی دیکە.

قژ هەڵوەرین

یەکێک لە خراپترین کاریگەرییەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان بریتییە لە هەڵوەرین و ڕووتانەوەی قژ، خواردنی ژەمێک کە ئاستێکی کەم پڕۆتین لە پێکهاتەی خواردنەکانیدا هەبێت دەکرێت کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاستی کیراتین لە جەستەدا هەبێت، کیراتین پێکهاتەیەکی گرنگە کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ و وەستاندنی گەشەی قژ، هەروەها ژەمی بەیانیان سەرەکیترین ژەمی ڕۆژەکەیە کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی قژ هەیە و یارمەتی وەستانی قژ هەڵوەرین دەدات، کەواتە، دڵنیابەرەوە لەوەی کە ڕۆژانە ژەمی بەیانییەکی تەندروست دەخۆیت کە دەوڵەمەندە بە پرۆتین بۆ خۆلادان لە هەڵوەرینی قژ.

مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە

لە ئەنجامی نەخواردنی ژەمی بەیانیاندا، مرۆڤ پەنا دەباتە بەر زۆرخۆری بەدرێژای ڕۆژ، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی، هەروەها بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیەی کە لە لایەن توێژەرانی شێرپەنجەی بەریتانیاوە ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی قەڵەون مەترسییان لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە زیاترە.


سەرچاوەکان



788 بینین