زیانەکانی خواردنەوەی سەهۆڵاو

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-23-16:45:00 - کۆدی بابەت: 6946
زیانەکانی خواردنەوەی سەهۆڵاو

ناوه‌ڕۆك

کاریگەرییە خراپەکانی خواردنەوەی سەهۆڵاو

کێشەی هەرسکردن

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی نەخواردنەوەی سەهۆڵاو برییتیە لەوەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و توند دەکاتە سەر کۆئەندامی هەرس، ئاوی سارد و سەهۆڵاو و هەروەها هەندێک لە خواردنەوە ساردەکان دەبنە هۆی بەستنی خوێن و هەروەها سنووردارکردنی کرداری هەرس، هەروەها ڕێگری لە پڕۆسەی سروشتی هەڵمژینی خۆراکە ماددەکان لەکاتی هەرسکردندا دەکرێت لە کاتێکدا کە ئاوی سارد دەخورێتەوە، هۆکارەکە ئەوەیە کە تەرکیزی جەستە دەگۆڕێت لە هەرسەوە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمای جەستە و ئاوە ساردەکە، چونکە لەو کاتەدا جەستە دەبێت وزەی زیاتر بەکاربێنێت بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمای لەش لە کاتی خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک کە پلەی گەرمییەکەی زۆر نزمە، هەرەوەها لەڕاستیدا وزەی زیادە پێویستە بۆ هەرسکردنێکی گونجاو و هەڵمژینی خۆراکە ماددەکان.

خاوبوونەوەی خێرای لێدانی دڵ

هۆکارێکی دیکە بۆ نەخواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو بریتییە لە خاوبوونەوەی خێرایی لێدانی دڵ، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو نەک تەنها دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی خێرایی لێدانی دڵ بەڵکو دەبێتە هۆی هاندەری دەماری ئاوارە، کە ئەو دەمارەیە کۆنترۆڵی کردارە بێ ویستیەکانی جەستە دەکات، هەروەها ئەم دەمارە بەشێکی دانەبڕاوی کۆئەندامی دەمارە، بۆیە بە هۆی خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو هاندەری دەماری ئاوارە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نزمی پلەی گەرمی ئاوەکە دروست دەکات، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی لێدانی دڵ.

شۆکبوونی جەستە

گرنگترین شت پاش ئەنجامدانی وەرزشێکی سەخت ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ واز لە خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو بێنیت، زۆرینەی خەڵک لە وەرزی هاویندا دەکەونە هەڵەیەکەوە کاتێک پاش وەرزشێکی سەخت ڕاستەوخۆ پەنا دەبەنە بەر خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو، هەرچۆنێک بێت، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی شارەزایانی بواری لەشجوانی، کە ئامۆژگاری وەرزشەوانان دەکەن کە پاش ئەنجامدانی وەرزشەکانیان ئاوی شلەتێن بخۆنەوە نەک سەهۆڵاو و سارد، چونکە جەستە لەکاتی وەرزشکردن گەرمییەکی زۆر دروستدەکات، و ئەگەر ئاوی سارد بخۆیتەوە، ناتەباییەکی پلەی گەرما هەیە کە کاریگەرییەکەی دەکەوێتە سەر تەندروستی کرداری هەرس، هەروەها جەستە بە زەحمەت دەتوانێت پاش وەرزشکردن ئاوی سارد هەڵمژێت، هەروەها خواردنەوەی ئاوی سارد ڕاستەوخۆ پاش وەرزشکردن  دەبێتە هۆی شۆکبوونی جەستە و بەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری درێژخایەنی گەدە 

کۆبوونەوەی چەوری

ڕاستەوخۆ خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو لە پاش ژەمەکان دەستوەردەداتە توانای جەستە بۆ تێکشکاندی چەوری، چونکە پلەی گەرمی ئاوە ساردەکە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی ئەو  چەوریانەی کە لە ڕێگای خواردنەکەوە دەیخۆیت، ئەمەش وا دەکات کە جەستە زۆر بە زەحمەت ئەو چەورییە تێکبشکێنێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوون و کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆر چەوری نەخوازراو لە جەستەدا، تەنانەت ئەگەر ئاوێکی ئاساییش بخۆیتەوە، ئەوا دەبێت ٣٠ خولەک پاش ژەمەکان بیخۆیتەوە تاکوو زۆرترین سوود بەدەست بێنیت.

قەبزی

خواردنەوەی ئاو بە گوێرەی پلەی گەرمی ژوور زۆر گرنگە بۆ پڕۆسەی کرداری هەرسکردن، بەڵام خواردنەوەی ئاوی سارد یاخود سەهۆڵاو دەبێتە هۆی قەبزبوون، هۆکارەکەی ئەوەیە کاتێک کە ئاوی سارد یاخود سەهۆڵاو دەخۆیتەوە، خواردنەکە ڕەق دەبێت و بە زەحمەت بە ناو جەستەدا دەڕوات، ئەمەش کار لە ڕیخۆڵەکان دەکات و دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی قەبزبوون.

سەرئێشە

ئەگەر زۆر ئاشنا ببیت بە (سڕبوونی سەر) کە زۆرجار لە کاتی خواردنی ساردەمەنی و شکاندنی سەهۆڵ بە ددان ڕوودەدات، ئەوا دەزانیت کە هەمان شت لە کاتی خواردنەوەی ئاوی سەهۆڵا و ساردیشدا ڕوودەدات، چونکە ئەم ساردییە وا دەکات کە دەمارەکانی بڕبڕەی پشت هەست بە سەرمایەکی زۆر بکەن، و ڕاستەوخۆ ئەم هەستانەش بۆ مێشک دەگوازرێتەوە، لەئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرئێشە.


سەرچاوەکان



386 بینین