کافایین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-04-14:08:00 - کۆدی بابەت: 7081
کافایین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بریتییە لە هاندەرێکی سروشتی کە بە شێوەیەکی باو لە چای و قاوە و ڕووەکەکانی کاکاودا بوونی هەیە، پیورینێکی کریستاڵی ڕەنگ سپی تام تاڵە، کاری هاندانی مێشک و ناوەندە کۆئەندامی دەمارە، یارمەتیدەرە بۆ مانەوە بە ئاگایی و ڕێگریکردن لە هەستکردن بە ماندووی.

چۆن کار دەکات؟

هەرکە بەکارهات کافایین بەخێرایی لە هەناوەوە دەمژرێت بۆناو سوڕی خوێن، پاشان دەچێتە ناو جگەر و لەوێ تێکدەشکێنرێت بۆ چەند پێکهاتەیەک کە کاردەکەنە سەر فرمانی چەندین ئەندامی سەرەکی، کافایین زۆرترین کاریگەری دەخاتە سەر مێشک، کاردەکات بە ڕێگریکرن لە کاریگەرییەکانی ئەدینۆسین کە ڕاگوێزەرێکی دەمارییە کاری ئارامکردنەوەی مێشکە و وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە ماندووی بکات، بە شێوەیەکی ئاسایی ئاستی ئەدینۆسین لە لەشدا بە درێژای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ زیاتر و زیاتر هەست بە ماندووی بکات و بیەوێت بخەوێت و پشوو بدات، کافایین یارمەتیت دەدات تاکوو بە بەئاگایی بمێنیتەوە بە پەیوەست بوونی بە وەرگرەکانی ئەدینۆسینەوە لە مێشکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماندوویەتی، هەروەها ئاستی ئەدریناڵین لە خوێندا بەرزدەکاتەوە و چالاکی مێشکیی ڕاگوێزەرە دەمارییەکانی وەک دۆپامین و نۆرئیپینفرین زیاد دەکات، ئەم دوو ڕاگوێزەرە دەمارییە هانی مێشک دەدەن و دۆخی ئاگایی و هەژان و سەرنج پەرەپێدەدەن، لەبەر کاریگەرییەکانی لەسەر مێشک زۆرجار کافایین بە دەرمانی سایکۆئەکتیڤ دەناسێنرێت.
ئەو بڕە کافایینەی لە کوپێک قاوەدا بوونی هەیە بە لایەنی کەمەوە پێویستی بە ٢٠ خولەک تاکوو بگاتە سوڕی خوێن و نزیکی ١ کاتژمێر هەیە تاکوو هەستی تەواوی ئاگاییت پێ ببەخشێت.

ئەو خواردن و خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە

کافایین بە شێوەیەکی سروشتی لە تۆو یان ڕووەکە کاکڵەدارەکان یان گەڵای هەندێک جۆری ڕووەکدا بوونی هەیە، پاشان ئەم سەرچاوە سروشتییانە دروێنە دەکرێن و بە چەند پڕۆسەیەکدا تێپەڕ دەکرێن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە.
ئەم ڕیزبەندییەی خوارەوە ڕێژەی کافایینە لە ٢٤٠ ملیلیتری ئامادەکراوی چەند خواردنەوەیەکی بەناوبانگدا:

  • ئێسپرێسۆ: ٢٤٠ - ٧٢٠ میلیگرام.
  • قاوە: ١٠٢ - ٢٠٠ میلیگرام.
  • خواردنەوە وزەبەخشەکان: ٥٠ - ١٦٠ میلیگرام.
  • چا: ٤٠ - ١٢٠ میلیگرام.
  • قاوەی پوختەکراو لە کافایین: ٣ - ١٢ میلیگرام.
  • شیری بە چۆکلێت: ٢ - ٧ میلیگرام.

هەندێک خواردنی وەک قاوەی تاڵ (دارک چۆکلێت) بڕی ٢٨٫٣٤ گرامی پێکدێت لە ٥ - ٣٥ میلیگرام کافایین.

کافایین پێکهاتەی سەرەکییە لەو تەواوکەری خۆراکییانەی تایبەتن بە دابەزاندنی کێش.

سوودەکانی کافایین

یارمەتی کردارەکانی مێشک دەدات و باری دەروونی باش دەکات

کافایین توانای هەیە کە ڕێگری لە زۆربوونی ئاستی ئەدینۆسین دەکات لە مێشکدا، بەمەش ڕێژەی گەردە کیمیاییە نیشانەدەرەکانی دۆپامین و نۆرئیپینفرین زیاد دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە لە نێردەرەکانی مێشکدا دەبێتە هۆی سوود گەیاندن بە باری دەروونی و کرداری مێشک، توێژینەوەیەک ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەو کەسانەی ڕۆژانە نزیکەی ٣٧٫٥ - ٤٥٠ میلیگرام لە کافایین وەردەگرن، توانای ئاگایی و کاردانەوەیان باشترە، هەروەها کافایین بە ڕێژەی ١٣٪ مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە.
کاتێک باسی باشترکردنی باری دەروونی دەکرێت وەرگرتنی کافایینی زیاتر باش نییە، توێژینەوەیەک ئەوەی خستۆتەڕوو کە خواردنەوەی کوپی دووەم لە قاوە ئەو سوودەی نابێت کە کوپی یەکەم هەیبووە ئەگەر بە دوای یەکدا بخورێنەوە، بەڵام ئەگەر ٨ کاتژمێر دوای خواردنەوەی کوپی یەکەم کوپی دووەم بخورێتەوە، ئەوا سوودی دەبێت بۆ باشتر کردنی باری دەروونی، خواردنەوەی ٣ بۆ ٥ کوپ لە قاوە ڕۆژێکدا یان زیاتر لە ٣ کوپ چا لە ڕۆژێکدا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی مێشکی وە زەهایمەر و پارکینسۆن بە ڕێژەی ٢٨٪ بۆ ٦٠٪ کەم دەکاتەوە.

کرداری زیندەپاڵ و سووتاندنی چەوری بەرز دەکاتەوە

چونکە کافایین توانای هەیە هانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار بدات، بۆیە دەتوانێت کرداری زیندەپاڵ بە ڕێژەی ١١٪ و سووتاندنی چەوری بە ڕێژەی ١٣٪ زیاد بکات، وەرگرتنی ٣٠٠ میلیگرام لە کافایین لە ڕۆژێکدا دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ سووتاندنی ٧٩ کالۆری زیادە لە ڕۆژێکدا.

یارمەتی وەرزشکردن دەدات

کاتێک وەرزش ئەنجام دەدرێت کافایین ڕێژەی سووتاندنی چەوری وەک سووتەمەنی زیاد دەکات، ئەمە بەسوودە بۆ لەش چونکە یارمەتیدەرە بۆ زیاتر مانەوەی گلوکۆزی هەڵگیراو لە ماسولکەکاندا و توانای هەیە ئەو کاتە دوابخات کە ماسولکەکان پێویستیانە بۆ گەیشتن بە ماندووی.

لەش دەپارێزێت لە نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی شەکرە

بۆچوونی هەڵە هەیە دەربارەی ئەوی کافایین هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام بە پێچەوانەوە کافایین مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ زیاد ناکات، لە ڕاستیدا بەڵگە زانستییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو پیاو و خانمانەی ڕۆژانە ١ بۆ ٤ کوپ قاوە (نزیکی ١٠٠ بۆ ٤٠٠ میلیگرام کافایین) دەخۆنەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی ١٦٪ بۆ ١٨٪ تیایاندا کەمترە لە کەسانی دیکە، هەروەها توێژینەوەیەک ئەوەی خستۆتەڕوو کە خواردنەوەی ٢ بۆ ٤ کوپ قاوە یان چای سەوز لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتە بە ڕێژەی ١٤٪ بۆ ٢٠٪.
ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە کافایین توانای هەیە بە ڕێژەیەکی کەم پەستانی خوێن بەرز بکاتەوە لە هەندێک کەسدا، لە کاتێکدا کە کاریگەرییەکەی بە شێوەیەکی گشتی کەمە، هەروەها ئەم کاریگەرییە هیچ مەترسییەکی نابێت ئەگەر کافایین بە شێوەیەکی گونجاو وەربگیرێت.
توێژینەوەیەک تێبینی ئەوەی کردووە کە ئەو کەسانەی قاوەی زۆر دەخۆنەوە بە ڕێژەی ٢٩٪ مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو تیایاندا کەم دەکات.

توانای پاراستنی جگەری هەیە

قاوە مەترسی تووشبوون بە بەڕیشاڵبوونی جگەر بە ڕێژەی ٨٤٪ کەم دەکاتەوە، دەتوانێت گەشەسەندنی نەخۆشییەکە خاو بکاتەوە و چارەسەر خێرابکات و مەترسی مردن کەم بکاتەوە.

مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

خواردنەوەی ٢ بۆ ٤ کوپ لە قاوە لە ڕۆژێکدا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر بە ڕێژەی زیاتر لە ٦٤٪ کەم دەکاتەوە

پێست دەپارێزێت

خواردنەوەی ٤ کوپ و زیاتر لە قاوە لە ڕۆژێکدا مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست بە ڕێژەی ٢٠٪ کەم دەکاتەوە.

زیانی لاوەکی و مەترسی

بەکارهێنانی کافایین بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتە، زیانە لاوەکییەکانی پەیوەستکراوە بە بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی، زیانەکانیش بریتیین لە: دڵەڕاوکێ، ماندوویەتی بەردەوام، ناڕێکی لێدانی دڵ، کێشەی خەوتن و لەرزین، هەروەها کافایین زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بەناو وێڵاشدا تێپەڕ ببێت کە ئەمەش مەترسی لەبارچوون و کەمی کێشی منداڵ زیاد دەکات، بۆیە پێویستە خانمانی دووگیان خواردنەوەی کافایین سنووردار بکەن، کافایین دەتوانێت لەگەڵ چەند جۆرێکی دەرماندا کارلێک بکات، ئەو کەسانەی دەرمانی خاوکردنەوەی ماسولکەی Zanaflex و دژە خەمۆکی Luvox بەکاردێنن دەبێت دووربن لە کافایین.

ڕێژەی پێشنیارکراو

ڕۆژانە وەرگرتنی ٤٠٠ میلیگرام لە کافایین هیچ زیانێکی نابێت، ئەم ڕێژەیە دەکاتە ٢ بۆ ٤ کوپ لە قاوە لە ڕۆژێکدا، ڕێژەی زۆری مەترسیداری کافایین بریتییە لە وەرگرتنی ٥٠٠ میلیگرام بە یەکجار، بۆیە پێویستە ڕێژەی سنوورداری کافایین بە یەکجار بریتی بێت لە ٢٠٠ میلیگرام، هەروەها خانمانی دووگیان پێویستە ڕۆژانە لە ٢٠٠ میلیگرام زیاتر وەرنەگرن.


سەرچاوەکان



1329 بینین