مەلا موستەفا بارزانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-11-15:20:00 - کۆدی بابەت: 7164
مەلا موستەفا بارزانی

ناوه‌ڕۆك

مەلا موستەفا

موستەفا شێخ محەمەد بارزانی (بە ئینگلیزی: Mustafa Barzani)، یەکێکە لە سیاسەتوان و شۆڕشگێڕە کوردەکانی سەدەی بیست، ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی بارزان لەدایکبووە، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە هەتاوەکوو ساتی کۆچی دواییی. لە کۆماری مەهاباد لەگەڵ قازی محەمەد بووە و ساڵی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلوولی دژی حکوومەتی عێراقی دەست پێ کرد. ساڵی ١٩٧٥ تووشی نسکۆ دەبێتەوە.

لەدایکبوون ١٩٠٣/٣/١٤
مەرگ ١٩٧٩/٣/١
هۆکاری مەرگ شێرپەنجەی سییەکان
نەتەوە کورد
پیشە سیاسەتوان، شۆڕشگێڕ، پێشمەرگە، فەرماندەی سەربازی، سەرۆک حیزب
حیزب پارتی دیموکراتی کوردستان
ئایین ئیسلام
هاوسەر مەحبووبە بارزانی، حەفسە بارزانی، حەمایل زێباری
منداڵان
  • (عوبەیدوڵا، لوقمان، سابیر) لە مەحبووبە بارزانی
  • (ئیدریس، کومەیلی، زەکیە) لە حەفسە بارزانی
  • (مەسعوود، دڵشاد، نیهاد، سەرحاد، سەعاد، ویژە) لە حەمایل زێباری

ژیان

موستەفا بارزانی ناوی تەواوی موستەفا محەمەد عەبدولسەلامە، لە ڕێکەوتی ١٩٠٣/٣/١٤ لە گوندی بارزان لە کوردستان لەدایکبووە، پێنجەمین و دوایین کوڕی شێخ محەمەدی بارزانی بووە. لە تەمەنی یەک ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و براگەورەکەی دەبێتە سەرۆک هۆزی بارزان، لە تەمەنی سێ ساڵی براکەی لەلایەن تورکەکانەوە بەدیل دەگیرێت و خۆی و دایکیشی ماوەی ٩ مانگ لە زیندان بەسەر دەبەن.

ساڵی ١٩١٤ براگەورەکەی واتە عەبدولسەلام بەهۆی شێلگیری لەسەر مافەکانی کورد لە شاری مووسڵ لەسێدارەدەدرێت، ساڵی ١٩١٩ مەلا موستەفا لەگەڵ ٣٠٠ کەس بەپیری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە دەچێت بۆ یارمەتیدانی، ساڵی ١٩٢٠ بە نوێنەرایەتی براکەی واتە شێخ ئەحمەدی بارزان ڕەوانەی باکووری کوردستان دەکرێت بۆ هاریکاری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران.

ساڵی ١٩٣١-١٩٣٢ دەبێتە سەرپەرشتی هێزەکانی بارزان بۆ بەرگری لە ناوچەی مێرگەسوور لە بەرانبەر هێزەکانی ئینگلیز، ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی برای ڕوویان کردووەتە تورکیا و داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، بەڵام گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق و دوورخراونەتەوە بۆ سلێمانی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ.

لە ١٩٤٣/٧/١٢ لەڕێی کۆمەڵەی هیواوە خۆی لە سلێمانی دەرباز دەکات و دەڕواتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ساڵی ١٩٤٣ نزیکەی ٢٠٠٠ چەکداری کورد لەخۆی کۆدەکاتەوە و دەگەڕێتەوە ناوچەی بارزان بۆ شۆڕش، لە پاییزی هەمان ساڵ شاندێکی حکوومەتی بەغداد شاندێکی بۆ دانوستان ناردە بارزان و مەرجەکەی قبووڵ کردن کە بریتیی بوو لە گەڕانەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان و ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەون. دووبارە لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ بە هاوکاری ئینگلیزەکان شۆڕشی دژی عێراق دەست پێ کرد.

کۆماری مەهاباد و پارتی

لە ١٩٤٥/٥/١١ مەلا موستەفا و چەکدارەکانی ڕوویان کردە شاری مەهاباد و لە ١٩٤٦/١/٢٢ کە کۆماری کوردستان دامەزرا مەلا موستەفا وەک فەرماندەی سوپای کوردستان دەستنیشان کرا و شەهیدی قازی ئەوی بە پلەی جەنەڕاڵ ناساند.

لە ١٩٤٦/٨/١٦ مەلا موستەفا پارتی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرۆکی پارتەکە هەتاوەکوو ساتی کۆچی دواییی. لە زستانی هەمان ساڵ لەگەڵ هەریەک لە (ھەمزە عەبدوڵڵا، میر حاج ئەحمد، نوری ئەحمەد، موستەفا خۆشناو، محەمەد مەحموود قودسی، خەیروڵڵا عەبدولکەریم، عیزەت عەبدولعەزیز)، پەیڕەو وپڕۆگرامی پارتی دەنووسنەوە و بۆ هەمان مەبەست هەمزە عەبدوڵڵا دەنێرنە باشووری کوردستان بۆ سێ ڕاسپاردە:

  • دەستکاری لە پەیرەو و پرۆگرامی نەکرێت کە لە مھاباد دارێژراوە.
  • حیزبە کوردستانییەکان بە گژ حکوومەتی ناوەندیدا نەچن تا خۆیان جێگر دەکەن.
  • شێخ لەتیف و کاکە زیاد بکرێنە جێگری یەکەم و دووەم.

بڕیاری سێیەم بوو بە ھۆی ناکۆکی و ئەم ناکۆکییەش بوو بە ھۆی لێکترازان و ساڵح حەیدەر و نافیع یونس چوونە ناو شۆڕش و دواتریش هەمزرە عەبدوڵڵا لەگەڵ حیزبی ڕزگاری کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدەن بێنە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، و لە مانگی ئاب خۆیان هەڵوەشاندەوە.

ڕاکردن لە مەهاباد و ژیان لە یەکێتیی سۆڤیەت

لە ساڵی ١٩٤٧ کە کۆماری مەهاباد ڕووخا، مەلا موستەفا و کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت هەڵدین و مەهاباد چۆڵ دەکەن، و لە ١٧ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ دەگەنە یەکێتیی سۆڤیەت و هەتاوەکوو ستالین لەسەر حوکم بوو وەک میوانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کردن.

سەرەتا لە ئازەربایجان و ئۆزپەکستان دەمێنێتەوە و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ مۆسکۆ، لە یەکێتی سۆڤیەت بارزانی دەست دەکات بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و هونەری سەربازی و و زانست و زمانی ڕووسی.

دوای کودەتای ١٩٥٨ـی عەبدولکەریم قاسم بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت و لە ١٠/٧ لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.

شۆڕش

دوای ئەوەی ڕێک نەکەوتن پێکەوە، لە ١٩٦١/٩/١١ بارزانی شۆڕشی ئەیلوولی دەست پێ کرد دژی حکوومەتی عێراقی، لە ئازاری ١٩٦٣ کۆنگرەی نەتەوەیی لە کۆیە دەبەستێت و تێیدا سەرکردایەتی حیزب و پێشمەرگە و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەکان بەشداری دەکەن و لەوێ بارزانی داوای حوکمی خۆبەڕێوبەری دەکات، بەم مەبەستەش هەریەک لە جەلال تاڵەبانی و ساڵح یوسفی و مەحموود محەمەد، حسێن خانەقا، ئەحمەد محەمەد، حەبیب محەمەد کەریم، عەگید سدیق، شاخەوان نامیق، بابەکر ڕەسووڵ، موستەفا عەزیز بە سەرکردایەتی تاڵەبانی دەنێرێتە بەغداد بۆ دانووستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵام حوکمی خۆبەڕێوبەری قبووڵ نەکرا و لەجێی ئەوە حوکمی نامەرکەزی بەخشرا بە کورد، لە ساڵی ١٩٦٤ دوبارە کۆنگرە ئەنجام دراو بۆ جارێکی تریش مەلا موستەفا کرایەوە بە سەرۆک حیزب وە لەکۆنگرەی ساڵی ١٩٦٦یش واتە کۆنگرەی حەوتەم دووبارە مەلا بووەوە سەرۆک حیزب دوایی لە ساڵی ١٩٧٠ کۆنگرەی ھەشتەم بەسترا و بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردراوە.

لە ١٩٧١/٣/١١ مافی خۆبەڕێوبەری بە کورد بەخشرا و حکوومەتی عێراق لەگەڵ کوردان ڕێککەوت، بارزانی لە ١٩٧١/٩/٢١ و ١٩٧٢/٧/١٦ لە دوو هێرشی تیرۆرکردن ڕزگاری دەبێت.

ڕێککەوتننامەی جەزائیر

لە ١٩٧٥/٣/٦ هەریەک لە حکوومەتی عێراق و ئێران ڕێک دەکەون و پەیماننامەی جەزائیر واژوو دەکەن و بەهۆی ئەوەشەوە شۆڕشی ئەیلوولی بارزانی شکست دەهێنێت و خۆی و هەزاران پێشمەرگە و کەسی مەدەنی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبن.

کۆچی دوایی

ساڵی ١٩٧٦ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی بارزانی بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت و لە ١٩٧٩/٣/١ بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەست دەدات، هەرچەند لایەنگرانی پێیان وایە ژەهرخوارد کراوە و بەو هۆیەوە نەخۆش کەوتووە، لە ١٩٧٩/٣/٥ دەگەڕێنرێتەوە بۆ شاری شنۆ و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت، لە ١٩٩٣/١٠/٦ـیش دوای ئازادبوونی باشووری کوردستان لەگەڵ تەرمی ئیدریس بارزانی کوڕی دەگەڕێندرێنەوە بۆ گوندی بارزان.


سەرچاوەکان



11363 بینین