ئارەقکردنەوەی دەستەکان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-15-22:02:00 - کۆدی بابەت: 7195
ئارەقکردنەوەی دەستەکان

ناوه‌ڕۆك

ئارەقکردنەوەی دەستەکان چییە؟

ئارەقکردنەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Sweating) بریتییە لەوەی کە جەستە چۆن پلەی گەرمی خۆی ڕێکدەخات، سەرەڕای ئەوەی کە ئارەقکردن لە هەموو کەسێکدا ڕوودەدات و بارودۆخێکی ئاساییە بەڵام، ژیانکردن لەگەڵ ئارەقکردنێکی لەڕادەبەری دەستەکان تووشی هەستیاریت دەکات، هەروەها ئارەق کردنەوەی ناو لەپی دەست بریتییە لە جۆری ئارەقکردنی لەڕادەبەدەر، کە بارودۆخێکە ناو لەپی دەست زیاد لە پێویست ئارەقدەکات، کە کاریگەری لەسەر لە سەدا ٢ بۆ ٣ــی دانیشتوان هەیە، ئەو کەسانەی کە دەستیان ئارەق ناکاتەوە دەتوانن بە هەموو شێوەیەک دەستیان بۆ تەوقەکردن یاخود هەر کارێکی دیکە درێژ بکەن بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو کەسانەی کە ئەزموونی ئارەق کردنەوەی دەستەکانیان چەشتووە و دەستیان ئارەق دەکاتەوە ناتوانن لە هەر کاتێک کە دەیانەوێت تەوقە لەگەڵ کەسانی دیکە بکەن و ئەمەش تووشی نیگەرانیان دەکات، لەبەرئەمە ئەگەر هەندێکجار دەستەکانت یاخود ئەندامێکی دیکەی جەستەت لەڕادەبەدەر ئارەقدەکات و هەروەها هۆکارەکەشی بەرزی پلەی گەرمی نەبێت، ئەوا لەوانەیە تۆ تووشی نەخۆشی ئارەق کردنەوەی لەڕادەبەدەر بووبیت، کە ئەمە بارودۆخێکە بە بێ هیچ هۆکارێک ئەندامەکانی جەستە ئارەقێکی زۆر دەردەدەن، دەکرێت ئارەقکردن کاریگەری لەسەر تێکدانی پەیوەندییەکان هەبێت و ببێتە کێشەیەکی بێزارکەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕێگایەک هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان.

نیشانەکانی ئارەق کردنەوەی دەستەکان

- دیارترین نیشانەی ئارەقکردنی دەستەکان بریتییە لە پەیدابوونی ئارەقێکی زیاد لە پێویست و کۆنتڕۆڵنەکراو لەناو لەپی دەستدا، کە لە ناو لەپی دەستتدا هەست بە تەڕی و شێداری دەکەیت، و دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە شەرمەزاری و نائاسوودەیی بکەیت کاتێک لەگەڵ کەسێکدا تەوقە دەکەیت.

- ئارەقکردنەوە هەندێک جار بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک ڕوودەدات، واتە تەنها بەهۆی هەبوونی هۆکارێکی دیاریکراوی وەک وەرزشکردن یاخود بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشەوە پەیدا نابێت، بەڵکوو دەکرێت لە هەر کەشوهەوایەک و هەر وەرزێکدا بێت ڕووبدات، هەروەها نیشانەکان لە ماوەی هەستکردن بە نیگەرانی و هەبوونی پەستانێکی زۆر زیاد دەکات.

- لەوانەیە هەست بە نیشانەکانی ئارەق کردنەوە بکەیت کاتێک کە منداڵیت و هەروەها لەگەڵ گەورەبوون و گەیشتن بە تەمەنی هەرزەکاریدا ئەم نیشانانە زیاد دەکات، بەڵام کاتێک کە دەگەیتە تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی، نیشانەکانی ئارەق کردنەوەی ناو لەپی دەست کەمدەکات بە مەرجێک حاڵەتێکی دیکەی پزیشکیت نەبێت.

هۆکارەکان

ئارەق کردنەوەی ناو لەپی دەست کاتێک ڕوودەدات کە ئارەقە ڕژێنەکان زیاد لە پێویست چالاکن، هەروەها چەندین هۆکاری دیکە هەن بۆ ڕوودانی ئەم بارودۆخە کە بریتین لە:

١- بۆماوەیی
٢- هەبوونی نەخۆشییەکی دیاریکراو وەک:
- نیگەرانی
- هەوکردن
- دەرمانی ڕەچەتە
- نەخۆشی دڵ
- نەخۆشی سییەکان
- خراپ بەکارهێنانی ماددەکان
- نەخۆشی پارکینسۆن 
- جەڵتە
- لێچوونەوە لە سوڕی مانگانە
- ناڕێکییەکانی گلۆکۆز
- نەخۆشییەکانی ناو ڕیخۆڵە، جگەر، پەنکریاس

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

پزیشکەکەت دەتوانێت پرسیارت لێبکات کاتێک کە ئەزموونی ئارەق کردنەوەیەکی زۆر دەکەیت لە لاشەتدا، بە هۆی نیشانەکانی وەک لەدەستدانی کێش، تا، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنەکان، هەروەها دەکرێت پزیشکەکەت بەهۆی بوونی چەند نیشانەیەکی دیکەوە کە لە تۆدا بەدی دەکرێت دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات وەک نیشانەکانی:

- شەکرە
- کەمی شەکری خوێن
- زیاد لە پێویست چالاکبوونی سایرۆیدەکان
- کێشەکانی کۆئەندامی دەمار
- هەوکردن

هەروەها لە ئەگەری خراپتربوونی نەخۆشییەکە و زیاتر ئارەق کردنەوەی دەستەکانت ئەوا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت.


سەرچاوەکان



1136 بینین