شۆڕشی کوردانی ڕۆژهەڵات - ١٩٧٩

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-16:20:00 - کۆدی بابەت: 7277
شۆڕشی کوردانی ڕۆژهەڵات - ١٩٧٩

ناوه‌ڕۆك

سەربزێویی کوردانی ڕۆژهەڵات

سەربزێویی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان شۆڕشی کوردانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنگێکی نێوان گرووپە کوردییەکان و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوو لە کۆتایی زستانی ١٩٧٩ دەستی پێ کرد لەدوای شۆڕشی گەلی ئێران دژی حکوومەتی محەمەد ڕەزا شا.

پێش شۆڕش

لە کۆتایی حەفتاکان زۆرینەی گەلی ئێران لە ستەم و پاوانخوازی دەسەڵاتی پادشایی محەمەد ڕەزا شا بێزاربووبوون و چەندین گرووپی ئیسلامی و کۆمۆنیستی و کوردیش هەبوون کە هەریەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراوی خۆیان دژی دەوڵەتی پادشایی بوون، ساڵی ١٩٧٩ بە ڕابەرایەتی ئایەتوڵا خومەینی شۆڕشی گەلی ئێران بەرپابوو و زۆرینەی حیزبەکانی ئێران بەشدارییان کرد و سەرکەوتووبوون، بەڵام دواتر وڵاتی ئێران بەبێ گوێدان بە دەنگی زۆرینە دەستوورێکی ئیسلامی جێبەجێ کرد و مافی زۆرێک لە کەمینەکانی پێشێل کرد، بەمەش ناڕەزاییەتییەکی زۆر دروست بوو و چەندین سەرکردەی گەورەی حیزبی ئیسلامیی سەر بە خومەینی لەو ماوەیەدا کوژران.

کوردانی ڕۆژهەڵاتیش داوای مافی خۆبەڕێوبەری و هەندێکیش داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد، یان لانیکەم سەربەخۆیی دەسەڵات و مافی خۆبەڕێوبەری یاخود فیدراڵیەت بۆ کوردەکان، بەڵام ئەم داواکارییانە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت دەکرایەوە و بە هەوڵدان بۆ دابەشکاری خاکی ئێران دادەنرا.

جەنگ

لە سەرەتای مانگی سێی ١٩٧٩ کۆمەڵێک گرژی لەلایەن حیزبە کوردییەکان لە هەریەک لە مەریوان و سنە دروست بوو، چونکە دەوڵەتی نوێی ئێران گوێی بە دەنگی ناڕازی نەدەدا، هەرچەند گەورەحیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حیزبی دیموکراتی کوردستان) لەوکاتەدا داوای سەربەخۆیی کوردستانی نەدەکرد و داواکارییەکەی دەسەڵاتی جیابوو، بەڵام ئێران ڕایگەیاند کە هەموو حیزبەکان جیابوونەوەیان دەوێت و بەمەش پێوەندی نێوان کوردەکان و ئێران تێکچوو.

لەکاتێکدا کە پێشتر جەنگاوەرە کوردەکان کۆمەڵێک ناوچەیان بەدەست هێنا و کۆمەڵێکی زۆر سەربازی ئێرانییان کوشت، بەڵام لە بەهاری ١٩٨٠ سوپای پاسدارانی ئێران بە هێرشێکی گەورە دۆخەکەی هەڵگێڕایەوە.

دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لە ئەیلوولی ١٩٨٠دا، هەوڵێکی زۆر زیاتر لەپێشتر درا لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بۆ لەناوبردنی یاخیبوونە کوردییەکە، کە لەوکاتەدا تاکە یاخیبوون بوو کە کپ نەکرا بوو (ڕاپەڕینی بەلوچەکان، عەرەبەکان و تورکمانەکان لەو کاتەدا کپکرابوون).

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٠ هێزەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوکاری هەریەک لە یاسر عەرەفات و پارتی دیموکراتی کوردستان، توانییان بەشێکی زۆر گەورەی یاخیبوونە کوردییەکە کپ بکەن بەڵام پێکدادانەکان تا کۆتایی ١٩٨٣ بەردەوام بوو.

زیانەکان

لەم جەنگەدا نزیکەی ١٠,٠٠٠ کەس لە هەردوولا کوژران، کە ١٢٠٠ کەسیان زیندانیی سیاسی کورد بوون و لە کۆتایی یاخیبوونەکەدا لەسێدارەدران. دوای تیرۆرکردنی سەرکردەی حیزبی دیموکراتی ئێران، عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٩ دووبارە جەنگی نێوان حدکا و کۆماری ئیسلامیی دروستبوویەوە.


سەرچاوەکان



885 بینین