چەند ڕێگایەکی ئاسان بۆ خێراتر وەستانی ئازاری لاسەرئێشە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-12-18-16:36:00 - کۆدی بابەت: 7297
چەند ڕێگایەکی ئاسان بۆ خێراتر وەستانی ئازاری لاسەرئێشە

ناوه‌ڕۆك

چەند ڕێگایەکی ئاسان بۆ خێراتر وەستانی ئازاری لاسەرئێشە (شەقیقە)

بەکارهێنانی گورزەیەک سەهۆڵ

ئەگەر ئازاری لاسەرئێشە (شەقیقە)ت هەیە، ئەوا گورزەیەکی سەهۆڵ لەسەر ناوچەوانت دابنێ، چونکە پارچەیەک سەهۆڵی لە پەڕۆ پێچراو یان گورزەیەک میوەی بەستوو یاخود تەنانەت گەرماوکردنێک بە ئاوی سارد یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدات، هەروەها هەوڵبدە کە ئەم گورزە سەهۆڵییە بۆ ماوەی ١٥ خولەک لەسەر ناوچەوانت بهێڵیتەوە و پاشان بۆ ماوەی ١٥ خولەک پشوو وەربگرە.

بەکارهێنانی جەوەنە یاخود پەستێنەرێکی گەرم

ئەگەر ئازاری لاسەرئێشەکەت بەهۆی کرژبوونی ماسولکەکانەوە بوو، ئەوا هەوڵبدە جەوەنەیەک یاخود پەستێنەرێکی گەرم لەسەر ملت یاخود پشتی سەرت دابنێ، بەڵام ئەگەر ئازارەکە بەهۆی هەبوونی جیوبەوە بوو ئەوا پارچەیەک پەڕۆی نیمچە گەرم بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە، هەروەها ئەنجامدانی گەرماوێکی گەرم یارمەتی کەمکردنەوەی کرژبوونی ماسولکەکان دەدات.

کەمکردنەوەی پەستان لەسەر سەر

ئەگەر قژت بە توندی و بە شێوەیەکی بەرز ببەستیت ئەوا ئەمە هۆکار دەبێت بۆ پەیدابوونی ئازاری سەر، ئەم سەرئێشەیەی کە بە هۆی پەستانێکی دەرەکییەوە پەیدا دەبێت لەوانەیە هۆکارەکانی وەک بەکارهێنانی کڵاو یاخود سەرپێچ یاخود تەنانەت کڵاوی مەلەوانیش یارمەتی خێراتر تووشبوون بەم ئازارە بدەن، هەر بۆیە هەوڵبدە کە پەستانێکی کەم لەسەر سەرت دروستبکەیت.

کەمکردنەوەی ڕووناکی

ڕووناکییەکی زۆر یاخود تیژ، تەنانەت ڕووناکی شاشەی مۆبایلەکەشت، دەکرێت هۆکاربێت بۆ پەیدابوونی ئازاری لاسەرئێشە، هەر بۆیە ئەگەر بەوە کاریگەر دەبیت ئەوا هەوڵبدە ڕووناکییەکان کەمبکەرەوە یاخود چاویلکە لە چاو بکە، هەروەها دەتوانیت چاویلکەی دژە ڕووناکی لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر بەکاربهێنیت تاکوو ڕووناکییەکی کەم بەر چاوت بکەوێت و دووربیت لە هەر ئازارێک.

کەمکردنەوەی جووین

بنێشت جووین تەنها ئازار بە شەویلگەکان ناگەیەنێت بەڵکو لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ئازاری سەر، هەروەها دەکرێت جووینی نینۆک، لێو، بەشی ناوەوەی ڕوومەتەکان یاخود قەڵەم و هەر شتێکی دیکە ببنە هۆی زیادبوونی ئازارەکە، خۆت بە دوور بگرە لە خۆراکە ڕەقەکان و هەوڵبدە کە کەمتر شەویلگەکانت بجوڵێنیت تاکوو ئازارەکەت کەمببێتەوە.

ئاو خواردنەوە

ئاو خواردنەوە یارمەتی کەمبوونەوەی ئازارەکە دەدات چونکە، وشکبوونەوەی پێست و کەم خواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازاری سەر یاخود ئازارەکە توندتر دەکات.

ماددەی کافایین

خواردنەوەی چا و قاوە یاخود هەر شتێک کە کەمێک ماددەی کافایین لە پێکهاتەکەیدا هەبێت یارمەتی کەمبوونەوەی ئازاری لاسەرئێشەکەت دەدات، هەروەها ئەگەر پێش تەشەنەسەندنی ئازارەکە ئەم خواردنەوانە بخۆیتەوە ئەوا یارمەتی خێراتر وەستانی ئازارەکە دەدات، بەڵام دەبێت ئاگاداربیت کە ئەم خواردنەوانە لە ڕادەبەدەر بەکارنەهێنیت چونکە، لە ڕادەبەدەر بەکارهێنانی ئەم خواردنەوانە و وەرگرتنی کافایینێکی زیاد لە پێویست بە هەمان شێوە دەبێتە هۆی ئازاری لاسەرئێشە.

ئەنجامدانی ڕاهێنانی ئارامکەرەوە

لە کاتێکدا کە هەست دەکەیت ئازارەکەت گەشتۆتە قۆناغی مامناوەند، ئەوا ئەنجامدانی هەریەکە لە ڕاهێنانەکانی وەک کشانی ماسولکە و یۆگا و بیرکردنەوەی قوڵ یارمەتی کەمبوونەوەی ئازارەکە دەدەن، هەروەها لە کاتی زیادبوونی ئازارەکە دەتوانیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری جەستەیی و کەمبوونەوەی کرژی ماسولکەکانی مل گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت. 

شێلان

دەتوانیی خۆت ئەو بەشەی کە ئازاری هەیە بشێلیت، هەوڵبدە چەند خولەکێک ناوچەوان یان مل یاخود لاجانگەکانت بشێلە چونکە ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کرژبوونەکان کە لەوانەیە لە ئەنجامی فشارێکی زۆرەوە پەیدابووبێت، یاخود دەتوانیت پەستانێکی کەم بخەیتە سەر ئەو بەشەی کە ئازاری هەیە و پاشان بە شێوەی خولانەوە ئەو ناوچەیە بشێلیت، بە هەمان شێوە ئازارەکە کەم دەکاتەوە.

زەنجەفیل

چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە خواردنی زەنجەفیل وەک دژە ئازار کاردەکات و ئازری لاسەئێشە کەمدەکاتەوە، هەروەها لە چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا دەرکەوتووە کە خواردنی زەنجەفیل هەمان کاریگەری دەرمانی لاسەرئێشەی هەیە.

لە چ کاتێکدا پەیوەندی بە پزیشکەوە دەکەیت؟

١- ئازارەکە زیانێکی خراپ بە سەرت بگەیەنێت. 
٢- ئازارەکە ببێتە هۆی کێشە لە قسەکردن و بێهۆشبوون و شڵەژان و هەر کێشەیەکی دیکەی دەماری.
٣- لە ناکاو ئازارێکی توند پەیداببێت.
٤- پاش وەرگرتنی دەرمان بەڵام ئازارەکە بەرەو خراپتر ڕۆشتبێت.


سەرچاوەکان



744 بینین