ئاهەنگی کریسمس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-25-16:32:00 - کۆدی بابەت: 7386
ئاهەنگی کریسمس

ناوه‌ڕۆك

کریسمس

کریسمەس یاخود لەدایکبوونی مەسیح (بە عەرەبی: عيد الميلاد، بە ئینگلیزی: Christmas)، دووەمین گرنگترین جەژنی مەسیحییەکانە لەدوای بۆنەی زیندووبوونەوە، لەم بۆنەدا یادی لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم دەکرێتەوە کە یەکێکە لە پێغەمبەرانی خوا و لەلای زۆرێک لە مەسیحییەکان پێغەمبەر و نێردراو و کوڕی خوایە، ئەم بۆنەیە لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ـی کانوونی یەکەم یاخود دیسەمبەری هەمووساڵێک یادی دەکرێتەوە لە ڕۆژژمێری زایینیدا، بەڵام لە ڕۆژژمێری یولیانیدا بەهۆی ئەوەی ماوەی سێزدە ڕۆژیان نێوانە لەگەڵ ڕۆژژمێری زایینی، دەکەوێتە ٦ و ٧ـی مانگی یەکەمی ساڵی نوێ.

هەرچەندە ئینجیل باس لە ڕێکەوتی لەدایکبوونی عیسا ناکات، بەڵام لە ساڵی ٣٢٥ــەوە لەلایەن یەکەمین کۆمەڵەی نایسییاوە ئەم ڕێکەوتە بە لەدایکبوونی مەسیح دیاری کراوە، هەروەها هاتووە: پێش مەسیحییەت ٢٥ی کانوونی یەکەم جەژنێکی پیرۆزی ڕێزگرتن لە خودای ڕۆمانی سۆل ئینفاکتۆس بووە کە ئاماژەیەکە بۆ خۆر. بۆیە باوکانی کڵێسا هەستاون بە دیاریکردنی ئەم ڕۆژەش بۆ لەدایکبوونی مەسیح وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خۆر و پرشنگی نوێ و ڕووناکی جیهان عیسایە.

ئەم بۆنەیە یەکێکە لە "بۆنەکانی لەدایکبوون"، کە لەدوای ئەمەوە هەریەک لە بۆنەکانی موژدەی مەریەم و لەدایکبوونی یەحیا و خەتەنەکردنی عیسا بەدوایدا دێن.

وەک ئاهەنگێکی ئایینی و کولتووری لە نێوان ملیارەها کەس لە جیهاندا، زۆرێک لە مەسیحییەکان لە کریسمس دەست دەکەن بە ئاهەنگی ئایینی و نوێژ و پاڕانەوە و نزای تایبەت. لەگەڵ دانانی درەختی تایبەت بە کریسمس و بانگهێشتکردنی بابانوئێل و وتنەوەی سروودی لەدایکبوون و خواردنی خوانی لەدایکبوون.

زۆرێک لە گەلانی جیهان و ئایینەکانی دیکەش لەم کاتەدا لەگەڵ مەسیحییەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن وەک بۆنەیەکی کولتووری و لە زۆرینەی جیهان پشووی فەرمییە، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە هەریەک لە سووریا و لوبنان و عێراق و میسڕ و ئوردن و فەڵەستیندا پشووی فەرمییە. هەروەها ئەم ئاهەنگە یەکێکە لە پڕتێچووترین بۆنەکان چونکە خەڵکی پارەیەکی زۆری تێدا خەرج دەکەن، چەندین فیلم و گۆرانی و گرتە و کتێب و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و بابەتی جیاواز لەسەر ئەم بۆنەیە هەن.

ڕۆشتن بۆ کڵێسا

جەژنی کریسمس لە کڵێساکانی لوتێرباوەڕی ڕۆژێکی پیرۆزە و فێستیڤاڵی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها ڕۆژێکی پیرۆز و فەرزە لە کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی و کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات و لە کڵێسای ئەنگلیکیدا جەژنێکی فەرمییە، بۆ مەسیحییەکان، هەریەک لە مەراسیمەکانی ئاهەنگی شێوی خواوەندی و ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوون ڕۆڵێکی گەورەیان لە ئاهەنگەکانی کریسمسدا هەیە. ماوەی کریسمس و بۆنەکانی دواتری ماوەیەکە کە زیاتر مەسیحییەکان سەردانی کڵێساکان دەکەن لە ساڵدا و بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "لایف وەی" بۆ توێژینەوە: "لە هەر ١٠ ئەمریکییەک، ٦ کەسیان سەردانی کڵێسا دەکەن لەو ڕۆژەدا".

نەریتەکانی ئاهەنگەکە

  • خانوو و مەیدان و شەقامەکان بە ڕەنگی درەوشاوە دەڕازێنرێنەوە، بەتایبەت دوو ڕەنگی تایبەت بەم بۆنە کە سوور و سەوزن، هەندێک کاتیش بە ڕەنگەکانی زێڕی و زیوی.
  • زۆر سروودی تایبەت بەم بۆنە و یادە هەیە وەک: "ڕووناکی نەتەوەکان" و "شەوی جەژن"، لەگەڵ چەندین سروودی تایبەتی دیکە بەم یادە.
  • دانانی درەختی سنۆبەر لە ماڵ و باخچەکاندا و ڕازاندنەوەیان بە گڵۆپ و ڕووناکی و ئەستێرە و شێوەی جۆراوجۆری ئەندازەیی.
  • کەسانێک بە جلوبەرگی بابانوئێلەوە لەم بۆنەدا بە نێو شارەکاندا دەگەڕێن و خەڵات بەسەر منداڵاندا دەبەخشنەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە هەژارن.
  • خوانی یادەکە: هیچ خوانێکی تایبەت نییە بەم یادە، هەر وڵاتێک بەپێی کولتووری خۆی لە ئێوارەی یادەکە خوانێک ئامادەدەکەن و خێزانەکان کۆدەبنەوە و پێکەوە قسە دەکەن و چێژی لێ دەبینن. لە ئیتاڵیا ١٢ جۆر ماسی پێشکەش دەکرێت، لە لەندەن زیاتر مریشکی سوورەکراو و برنج و سەوزەکان پێشکەش دەکرێن، لەگەڵ شیرینییەکی تایبەت بە ئێوارەی ئاهەنگەکە، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا زیاتر ماسی پێشکەش دەکرێت و خواردنی دڵخوازی خەڵکییە. مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێشکەشکردنی چەند جۆرە شیرینییەک ناودارن نموونەی کولیچە.

ئاماژەکانی یادەکە

  • درەخت: ئاماژەیە بۆ درەختی ژیانی هەمیشەیی لەگەڵ عیسای مەسیح.
  • شوان: ئاماژەیە بۆ موژدەی هاتنی مەسیح بۆ هەموو خەڵکی بەبێ جیاوازی.
  • ئەستێرە: ئەستێرە لە لوتکەی درەختەکەوە دادەنرێت کە ئاماژەیە بۆ ئەو ئەستێرەیەی پێشڕەوی شوانەکانی کرد بۆ شوێنی لەدایکبوونی مەسیح. ئەستێرە بەها و واتایەکی تایبەتی هەیە پێویستە لەسەر دارەکە دابنرێت، بە نەبوونی ئەستێرە داری کریسمسەکە کامڵ نابێت.
  • ڕەنگی سوور: ئاماژەیە بۆ مردنی پێغەمبەر عیسا و هەستانەوەی بۆ ژیانی هەمیشەیی.
  • ڕەنگی سەوز: ئاماژەیە بۆ گەنجی و ژیان و دەنگی بەرزکراوە بۆ ئاسمان
  • زەنگۆڵە: ئاماژەیە بۆ دڵخۆشی و شادی بە هاتنی ئەم بۆنە.
  • مۆم: ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێغەمبەر مەسیح ڕووناکییە بۆ جیهان.

ئەو وڵاتانەی ڕۆژی کریسمس ناکەنە پشوو

لەگەڵ ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشووی فەرمییە، تەنانەت ئەو وڵاتانەشی کە مەسیحی نین، بەڵکوو کاریگەری داگیرکاری پێشووی مەسیحییان بەسەرەوەیە، بەڵام لە هەندێک وڵات بە هۆکاری جیاواز ئەم بۆنەیە بە پشوو دانانێن، ئەو وڵاتانەی بۆنەی لەدایکبوونی عیسا بە پشوو دانانێن:

لەکاتێکدا کریسمس بە فەرمی و گشتی ناژمێررێت، ئەم وڵاتانەی خوارەوە مافی پشوو دەدەنە کەمینەکانی ئەو وڵاتانە:


سەرچاوەکان



661 بینین