قاهیرە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-01-21:50:00 - کۆدی بابەت: 7904
قاهیرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قاهیرە (بە ئینگلیزی: Cairo، بە عەرەبی: القاهرة)، پایتەختی وڵاتی میسرە و گەورەترین شاری جیهانی عەرەبییە، دەکەوێتە نزیک دێلتای نیلەوە، ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەختی گەورەشاری قاهیرە بە 21.3 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە شەشەم گەورەترین شاری جیهانە، شاری قاهیرە لە مێژە ناوەندێکی سیاسی و کولتووری ناوچەکەیە و بە "شاری هەزار منارە" ناسراوە، لە ئێستادا قاهیرە خاوەنی کۆنترین و گەورەترین پیشەسازی فیلمی عەرەبی، مۆسیقا، دووەم کۆنترین پەیمانگای جیهانی فێربوونی باڵا و زانکۆی ئەزهەرە، زۆرێک لە میدیا، بازرگانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بارەگایان لە شارەکەدا هەیە، ئەم شارە زۆر جار لەلایەن میسرییەکانەوە ‌بە مەسر ناودەبرێت کە شێوازێکی دەربڕینی عەرەبی میسرییە بۆ وڵاتی میسر و هەروەها به ئەلقاهیرە "سەرکەوتووەکە"‌ و کەیرۆ یان ئوم ئەلدنیا "دایکی جیهان" ئاماژەی پێ دەکرێت.

دانیشتوانی قاهیرە

قاهیرە گەورەترین شاری میسرە، ژمارەی دانیشتوانی قاهیرە لە ساڵی 2016دا بە 12 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە و ژمارەی دانیشتوانی سەر بە پایتەخت 20.5 ملیۆن کەسە، ناوچەی گەورەشاری قاهیرەی زیاتر لە 20 ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێ بووە، بەمەش دەبێتە گەورەترین شاری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکەی 100٪ دانیشتوانی میسر لە قاهیرە، ئەسکەندەریە یان بەدرێژایی کەنارەکانی ڕووباری نیل و کەنداوی سویز نیشتەجێن، چڕی دانیشتوانی قاهیرە 19,376 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا و لە پلەی 37ی جیهاندایە، سەرەڕای کەمی خزمەتگوزارییەکان گەشەی شارەکە خێرایە، لە ساڵی 1882دا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە 347,838 کەس بوو، پاشان و لە ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتوان بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە 2.09 ملیۆن کەس، لەڕووی دیمۆگرافییەوە قاهیرە شارێکی زۆر هاوچەشنە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند کۆمەڵگەیەکی کەمینە لە شارەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمە و لە چەند گەڕەکێکی تایبەتدا چڕنەبوونەتەوە.

زمانی عەرەبی بەربڵاوترین زمانە لە شارەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی قاهیرە بە ئینگلیزی، ئیتاڵی یان فەڕەنسی قسە دەکەن، وڵاتی میسر دانیشتوانێکی زۆر بچووکی هەیە 75٪ی خەڵکی میسری تەمەنیان لەخوار 25 ساڵەوەیە، تەنیا 3٪ی دانیشتوان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بەمەش دەبێتە یەکێک لە گەنجترین وڵاتەکان، قاهیرە بە بەراورد بە تێکڕای نەتەوەیی تەمەنی دانیشتوانەکەی گەورەترن و 36٪ی دانیشتوان لەخوار تەمەن 15 ساڵییەوەن.

ڕێژەی خوێندەواری دانیشتوانی تەمەن 15 ساڵ یان سەرووی 15 ساڵی 70.8٪ ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی مردنی منداڵی ساوا زۆر بەرزە و لە هەر 1,000 لەدایکبوویەکدا 42.2یان دەمرن، زۆربەی خەڵکی قاهیرە یان 89٪ی دانیشتوان موسڵمانی سەر بە ڕێبازی سوننەن، هەروەها نزیکەی 10٪ مەسیحین، ئەم شارە لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر جوولەکەی لێ نیشتەجێ بووە و زۆربەیان شارەکەیان جێهێشتووە و بەرەو ئیسرائیل یان ئەمریکا ڕۆشتوون.

مێژووی شارەکە

شاری قاهیرە زۆر جار پێی دەوترێت لانکی شارستانییەت وەکوو گەورەترین شاری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکەی 5000 ساڵ لەمەوپێش، یەکەم فیرعەونی میسر بە ناوی (نارمەر) دوو شانشینی میسری بە ناوەکانی شانشینی سووری باکوور و شانشینی سپی باشوور یەکخست و ناوچەی (مێمفیس)ی وەکوو پایتەخت هەڵبژارد کە دەکەوێتە نزیکەی 25 کیلۆمەتری باشووری شاری قاهیرەی ئەمڕۆوە، بۆ ماوەی 800 ساڵ شارەکە گەشەسەندی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و بوو بە شارێکی زۆر کاریگەر لە سەرتاسەری جیهاندا، دانیشتوانی ئەم شارە بە دەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن، لەوانەش بەدخۆراکی، هەوکردن بەهۆی بەکتریا و پیسبوونی کەشوهەوا، لە ئێستادا ڕێژەی پیسبوونی کەشی شارەکە زۆر بەرزە و لێکۆڵەرەوەکان لەو بڕوایەدان کە 2%ی مردنی هاوڵاتیانی شارەکە بەهۆی پیسبوونی کەشەوەیە.

لەڕووی جوگرافییەوە

قاهیرە دەکەوێتە بەشی باکووری وڵاتی میسرەوە و بە میسری خواروو ناسراوە، هەروەها 165 کیلۆمەتر لە باشووری دەریای سپی ناوەڕاست و 120 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کەنداوی سویز و نۆکەندی سوێزەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە سەر بانک و دوورگەکانی ڕووباری نیل، کۆنترین بەشی شارەکە ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکەیە.

شارەکە لەڕووی گەشتیارییەوە

ئەمڕۆ قاهیرە ئاوەدانترین شاری ئەفریقایە و سەنتەری ڕۆشنبیری جیهانی عەرەبییە، ئەم شارە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە بووە بە ناوەندێکی گەشتوگوزاری و خەڵکی لە سەرتاسەری جیهان دەهاتن بۆ بینینی مۆنۆمێنت و بەرهەمە هونەرییەکانی میسری کۆن بەتایبەتی هەڕەمەکان، لە ساڵی 2019دا قاهیرە لە پلەی 37هەمدا بوو لەنێو شارە بەناوبانگەکانی جیهاندا و 6.81 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شارەکە کرد، قاهیرە چەندین مۆڵ و سەنتەری بازاڕکردنی تێدایە، بەناوبانگترینیان سیتی ستارس کە دووەم گەورەترین مۆڵە لە جیهاندا و خاوەنی 18 شاشەی سینەما و شاری یارییە، هەروەها لە ئێستادا باڵەخانە فرەنهۆمییەکان لەسەرتاسەری قاهیرەدا دروست دەکرێن، لەوانەش تاوەرەکانی شاری نیل، تاوەرەکانی بانکی نیشتمانی میسر، هۆتێلی فەیرمۆنت، تاوەرەکانی شاری قاهیرەی نوێ و تاوەری باڵوێزخانەی سعودییەی نوێ.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، قاهیرە و دۆڵی ڕووباری نیل کەشوهەوایەکی بیابانی گەرمیان هەیە، ڕەشەبا لە ناوچەکەدا زۆرە و تۆز و خۆڵی دەشتی بیابانی دێننە شارەکەوە، لە وەرزی هاویندا بەرزترین پلەی گەرمی دەگاتە 40 پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی نزیکەی 20 پلەی سەدییە، هەروەها لە زستاندا تێکڕای پلەکانی گەرما 14 بۆ 22 پلەی سەدییە، لە کاتێکدا بە شەواندا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ خوار 11 پلەی سەدی و زۆرجار دەگاتە 5 پلەی سەدی، لەم شارەدا بارانێکی کەمی لێ دەبارێت و تەنها لە مانگە ساردەکاندا دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا بارانی لەناکاو دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، بارینی بەفر لە ناوچەکەدا زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات، لە مانگەکانی هاویندا ڕێژەی شێ بەرزە بەهۆی ئەوەی شارەکە کەوتۆتە شوێنێکی کەنارییەوە.


سەرچاوەکان



941 بینین