لەیلا بەدرخان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-01-17:30:00 - کۆدی بابەت: 8458
لەیلا بەدرخان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لەیلا بەدرخان (بە ئینگلیزی: Layla Badirkhan) یەکەمین خانمی سەماکەری کورد و ئەستێرەی درەوشاوەی کوردە کە لە بواری ھونەریدا دەرکەوتووە، لە بنەماڵەی ڕەسەنی بەدرخانییەکانە، لە ساڵی (١٩٠٨) لە شاری ئیستەنبووڵ لەدایکبووە.

ژیاننامە

لەیلا لەلایەن دایکێکی جوولەکە بە ناوی (هنریت هۆرنیک بەدرخان) و باوکی  کورد  بە ناوی (عەبدولرەزاق بەدرخان) هاتووەتە دنیاوە، خوشکی (شا عەبدولڕەزاق  بەدرخان) بووە. لەیلا تەمەنی زۆر بچووک بووە کە (عەبدولرەزاق بەدرخان)ـی باوکی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام عەبدولرەزاق کاریگەرییەکی زۆری بەسەر لەیلای کچی بەجێهێشتبوو، تاکە  کەسایەتیی کورد بووە کە لە ماڵەکەی خۆیدا پیانۆی ھەبووە. شایەنی ئاماژە پێکردنە ئەگەر لەیلا کاریگەری ئەم بیرە پێشکەوتنخوازەی باوکی نەبووایە، ئەوا هیچ کچە کوردێک لە ساڵانی سییەکاندا بوێری ئەوەی نەدەکرد کە ببێت بە سەماکار.
لە ساڵی (١٩١٣) لەدوای ئەوەی بڕیارێک دەردەچێت بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، لەیلا لە تەمەنێکی زۆر بچووکیدا لەگەڵ دایکی ناچاردەبن لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی کۆچ بکەن و ڕووبکەنە وڵاتی میسر. لەیلا بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٠ ھاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەندێکی پۆڵۆنی دەکات، دەبنە خاوەنی کچێک بە ناوی (نڤین).

ژیانی هونەری

دوای ئەوەی ماوەیەک لە میسر دەژین لە ساڵی (١٩١٤ - ١٩١٨) لەیلا بەرەو ئەورووپا کۆچ دەکات، دەچێتە وڵاتی سویسرا و دەست دەکات بە خوێندن، دواتر دەچێتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ خولیای سەماکردنی (بالێ)ـی لەلا دروست دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەست دەکات بە خوێندن لە (پەیمانگای ھونەری بالێ)، ھەرچەندە لەیلا لە منداڵیدا خۆی ئەو خولیایەی ھەر ھەبووە بەتایبەتیش دوای نیشتەجێبوونی لە ئەورووپا، هەموو ئامانج و حەز و خولیا و مەبەستی ژیانی سەماکردن و خوێندن و لێکۆڵینەوە بووە لە سەماکردن لە هونەری بالێدا.
شایەنی باسە  ئەو سەمایانەی کە لەیلا بەدرخان نمایشی دەکردن هیچ سەرچاوە و بنەمایەکی نەبووە، بەڵکو داهێنانی بیر و ئارەزووەکانی خودی لەیلا بوو، کە شێوازی تایبەت و زۆر سەرنجڕاکێش بوون. لەیلا چەندین وڵات گەڕاوە بۆ پێشکەشکردن و نمایشکردنی سەماکانی بە جوانترین شێوە لەوانەش: (ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەلجیکا)، بۆ زۆربەی وڵاتەکانیش بانگێشتنامەی تایبەتیان بۆ ناردووە لەوانەش: ( ئەمریکا، کەنەدا).
لەیلا بەدرخان کچە کوردێکی ڕووناکبیر بووە زۆر حەزی بە خوێندنەوەی لاپەڕەکانی مێژوو بووە و  لێکۆڵینەوەی لەسەر مەڕاسیمەکانی ئایینی زەردەشتی، ئایینە کۆنەکانی ئێران و میسر و هیندستان و سەماکانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کردووە، یەکەمین خانمە ھونەرمەندی کوردیشە کە بە ناسنامەی نەتەوەیی بچێتە لاپەڕەکانی مێژووی جیهانەوە. بەڵام پاش بەرەو ھەڵکشانی تەمەنی لەیلا چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر سەمای بالێ و پەرەی پێبدات بەڵام ھەر بەردەوام ئەبێت لەسەر کارو چالاکییە ڕۆشنبیرەکانی.

کۆچی دوایی

لەیلا لە ساڵی (١٩٨٦) لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



651 بینین