دانانی سۆندەی گەدە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-23-18:55:00 - کۆدی بابەت: 8759
دانانی سۆندەی گەدە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سۆندەی گەدە (بە ئینگلیزی: NG tube) سۆندەیەکە بە زۆری بۆ کەسانێک بەکاردەهێنرێت نەتوانن خواردن بخۆن، یاخود دەرمان لە ڕێگەی دەمەوە وەربگرن یان شۆردنی گەدەیان بۆ بکرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری تردا. بۆ دانانی سۆندەی گەدە پزیشک یاخود پەرستار سۆندەکە لە لووتەوە دەنرێتە ناو گەدەی نەخۆشەکە، تاکوو بتوانێت کاری خۆی ئەنجام بدات.

بۆ کێ بەکاردێت؟

  • ئەو کەسانەی کێشەیان هەیە لە قووتدانی خۆراک بە هەر هۆکارێک وەک جەڵتەی مێشک، منداڵی نەبەکام، هەر هۆکارێکی تر نەتوانیت خواردن قووت بدات.
  • ئەو کەسانەی زیان گەیشتووە بە مل یاخود سەریان
  • ئەوانەی نەشتەرکاری مل و سەریان بۆ کراوه
  • ئەوانەی تووشی گیرانی ڕیخۆڵە بوون
  • ئەو کەسانەی پێویستە گەدەیان بۆ بشۆردرێت 
  • ئەوانەی کە بێ‌هۆشن
  • ئەو منداڵە تازە لەدایکبووانەی کە ناتوانن شیری دایکیان بخۆن
  • ئەوانەی پێویستیان بە وەرگرتنی جۆرە دەرمانێک هەیە کە ناتوانن ڕاستەوخۆ وەریبگرن.

ئامادەکاری پێش دانانی سۆندەی گەدە

ئەو نەخۆشەی بڕیارە سۆندەی گەدەی بۆ دابنرێت، واباشە لە کاتی خۆیدا بچێتە نەخۆشخانە و پێش چوونە ئەوێ بەباشی لووتی پاک بکاتەوە و ئاوی پێویست بخواتەوە.

پێداویستییەکان

  • سۆندەیەک بە قەبارەی گونجاو بۆ کەسەکە
  • دەستکێشی پاک
  • جێڵی لیدۆکاین
  • بیستۆکی پزیشکی
  • سرنجێکی ٥٠ ملیلیتری
  • پلاستەر

دانانی سۆندەی گەدە

دانانەکەی نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ چرکەی پێ دەچێت و دەکرێت کەمێک یاخود زۆر ئازاری هەبێت، سەرەتا نەخۆشەکە دەبێت دابنیشێت، پاشان ئەم چەند هەنگاوە جێبەجێ دەکرێت:

  1. ئەو پزیشکە یاخود پەرستارەی کە سۆندەکە دادەنێت دەبێت بەباشی دەستی بشوات.
  2. پاشان دەستکێشی پاک لەدەست بکات.
  3. سۆندەکە لە پاکەتەکەی دەربهێنێت و هەوڵبدات لە کاتی دەرهێنانیدا دەستی لێ نەدات. 
  4. دواتر لەلای گوێی کەسەکەوە تاکوو سەر گەدەی ئەندازەی سۆندەکە بگرێت، بەجۆرێک 
    سەری سۆندەکە لەسەر لووتی نەخۆشەکە دابنێت
  5. پاشان بیبات بۆ لای گوێی و پاشان پێنج سانتیم بۆ خوارەوە بۆ سەر بەشی خوارەوەی کۆڵەی سنگ دایبنێت، بەمەش درێژییەکەی چەند دەرچوو تەنها دەبێت ئەوەندە بنێردرێتە ناو جەستەی نەخۆشەکە.
  6. پاشان جێڵی لیدۆکاین بدە لەسەری سۆندەکە و ئینجا لە ڕێگەی لووتی کەسەکەوە پاڵی پێوە بنێ بەرەو گەدەی، دەبێت نەخۆشەکە هاوکار بێت و کاتێک دەگاتە قوڕگی قووتی بدات.
  7. ئەگەر نەخۆشەگە هۆشی هەبێت و بتوانێت دەبێت دابنیشێت، و پێی بڵێ کە کاتێک سۆندەکە دادەنێم پێویستە هەستی ڕشانەوەت کۆنتڕۆڵ بکەیت. هەروەها کاتێک سۆندەکە چووە قوڕگتەوە قووتی بدە، ئەگەر نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دڵتێکچوون و ڕشانەوە بکات باشترە لەوکاتەدا کە سۆندەکەی بۆ دادەنرێت پەرداخێک ئاو بخواتەوە بە قەسەب.
  8. بەڵام ئەگەر بێ‌هۆش بوو ئەوا بە پاڵکەوتنەوە بۆی دادەنرێت و کاتێک سۆندەکە خەریکە دەگاتە قوڕگی سەری بەرز بکەرەوە تاکوو بڕوات. 
  9. پاشان کە دڵنیابوویتەوە لەوەی سۆندەکە لە گەدەی نەخۆشەکەدایە بەشی دەرەوەی بە پلاستەرێک جێگیر دەکەیت، بەشێوەیەک لێ نەبێتەوە و ڕێڕەوی هەناسەدانی نەخۆشەکەش نەگرێت.

چۆن بزانرێت سۆندەکە لە گەدەی نەخۆشەکەدایە؟

ڕێژەی ترشێتی (PH)

پشکنین دەکرێت بۆ ڕێژەی ترشێتی گەدەی کەسەکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا سۆندەکە گەیشتووەتە شوێنی مەبەست. بۆ ئەم کارەش سرنجێکی ٥٠ میلیلیتری بەکاربهێنە و دوو بۆ سێ میلیلیتر لە شلەی گەدە لێیەوە ڕابکێشە و بیخەرە سەر ستریپی تایبەتی، دەبێت ڕێژەی ترشێتی ستریپەکە 5.5 یان کەمتر بێت، ئەگەر ئەنجامەکە لەوە زیاتر بوو ئەوە پێویستە پزیشک یاخود پەرستار ئاگادار بکرێتەوە.

بیستۆکی پزیشکی

دەشتوانرێت لە ڕێگەی بیستۆکی پزیشکییەوە ئەم کارە بکرێت، بە سرنجێک ٥٠ میلیلیت هەوا دەکرێتە ناو سۆندەکەوە بەخێرایی و کەسێکیش بیستۆکە پزیشکییەکە لەسەر گەدەی نەخۆشەکە دادەنێت، ئەگەر هەواکە بگاتە گەدە ئەوا دەیبیستێت و دەنگەکەی لە شێوەی بڵقێکە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە سۆندەکە لە گەدەدایە.

سوودەکانی سۆندەی گەدە

  • ئەو نەخۆشەی بەهۆی کێشەیەکەوە نەیتوانیووە ماوەیەکی زۆر خۆراک بخوات، لە ڕێگەی ئەم سۆندەیەوە دەتوانرێت خۆراکی پێ بدرێت و بە برسێتی نەمێنێتەوە.
  • یارمەتی پزیشک دەدات بۆ دەستکەوتنی نموونەیەکی باش بۆ پشکنین.
  • کاتێک کەسێک تووشی ژەهراوی بوون بووە یاخود هەر هۆکارێکی تر کە پێویست بکاتت گەدەی بۆ بشۆن، سۆندەی گەدە لێرەدا یارمەتیدەرە.

ماوەی مانەوەی سۆندەکە

بەپێی جۆری سۆندەکە دیاری دەکرێت، ئەگەر نەخۆشەکە سۆندەی هەمیشەیی پێوە بێت لەوانەیە بۆ ماوەی چەند مانگێک سۆندە بەکاربهێنێت، و ئەگەر سۆندەی کاتی بێت لەوانەیە چەند ڕۆژێک یاخود تەنها لە شەودا بۆی بەکاربهێت.

ڕێنوێنی

  • ئاساییە بە سۆندەی گەدەوە خۆت بشۆیت و کاروباری ڕۆژانەت بکەیت، بەڵام دەبێت ئاگاداری سۆندەکە بیت لێ نەبێتەوە لە لووت و پاکوخاوێن بێت.
  • دەوروبەری سۆندەکەی لای لووتتەوە بە کرێم شێداربکەرەوە تاکوو دووربیت لە وشکبوونەوە و هەستیاری.
  • پاکوخاوێنی سۆندەکە و ناو لووت و پلاستەرەکە بپارێزە 
  • پێش ئەوەی دەست بدەیت لە سۆندەکە دەستەکانت بشۆ، هەروا پاش ئەوەش.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی

  • لە کاتی دانانیدا ئەگەر کەسەکە هۆشیار نەبێت، یاخود سۆندەکە زۆر بمێنێتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیشتن بە لووت، قوڕگ، سورێنچک یان گەدە.
  • ئەگەر دوای دانانی سۆندەکە لە دەرەوەی لووت بەباشی جێگیر نەکرێت بە جووڵانی زیان دەگەیەنێت بە ملوولەکانی لووت و برینداریان دەکات.
  • ئەگەری هەیە لە کاتی دانانیدا سۆندەکە بە هەڵە لە ڕێڕەوی هەناسەوە بڕوات نەک لە ڕێڕەوی گەدەوە و لەم کاتەدا نەخۆشەکە هەست بە خنکان دەکات و یاخود لەوانەیە سۆندەکە بچێتە ناو سییەکان، بەڵام ئەمە دەتوانرێت زوو هەستی پێ بکرێت.
  • هەروەها ئەگەری دڕانی سۆندەکەش هەیە

کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکان

  • نەخۆشەکە دەبێت بەباشی ددانەکانی بشوات
  • سۆندەکە بەباشی لە دەرەوە جێگیر بێت
  • بەردەوام بە هێواشی ناو لووت پاکبکەرێتەوە
  • کاتی خۆراکپێدان و کاتژمێرێک دوای ئەوە سەر بەرزبکرێتەوه
  • ئاگاداری نیشانەی وەک خوران، سووربوونەوە، تووشبوونی میکرۆبی بن
  • ئاگاداری پێچخواردن و گیرانی سۆندەکە بن
  • نەخۆشەکە دەبێت زانیاری تەواوی وەرگرتبێت لەسەر جۆری خۆراک و کاتەکەی

لابردنی سۆندەی گەدە

کاتێک نەخۆشەکە پێویستی بە سۆندەکە نەما سۆندەکەی بۆ لادەبرێت، ئەویش کەسەکە دەستی دەشوات و پاشان ئەو پلاستەرە لادەبات لە دەوروبەری لووت کە سۆندەکەی پێ جێگیر کراوە. پاشان سۆندەکە ڕادەکێشێتە دەرەوە.


سەرچاوەکان



740 بینین