شا فەیسەڵی دووەم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-16-17:17:00 - کۆدی بابەت: 9038
شا فەیسەڵی دووەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شا فەیسەڵی دووەم (بە عەرەبی: ملك فیصل الثاني، بە ئینگلیزی: Faisal II of Iraq)  سێیەمین و دواهەمین پادشای هاشمییەکان بوو له عێراق. ناوی تەواوی فەیسەڵی دووەمی کوڕی شا غازی کوڕی شا فەیسەڵی یەکەمە و دایکی ناوی شاژنە عالیە بوو، لەدایکبووی ساڵی 1935ـی شاری بەغدادە.
باپیرە گەورەی شەریف حسێنی کوڕی عەلی مەککە بوو کە هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشی عەرەبی بوو و بەهۆیەوە عوسمانییەکان لە ناوچە عەرەبییەکان دەرکران، هاوکات باپیریشی شا فەیسەڵی یەکەم بووە کە وەکوو یەکەمین پادشا لە عێراق هەڵبژێردراوە، بۆیە ئەمیش هەر بە ناوی باپیرەیەوە ناونراوە و کوڕی تاقانەی شا غازی بووە.
لە شاری بەغداد پەروەردە کراوە، زانست و ئەدەب و زمانی عەرەبی لەلای باشترین مامۆستا تایبەتییەکانی بەغداد خوێندووە، نموونەی "موستەفا جەواد" کە زمانناسێکی ناوداری عێراقییە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی لەدەستداوە، خاڵی شا عەبدولئیلاهـ پەروەردەکردنی گرتۆتە ئەستۆ، دایەنێکی ئینگلیزی یارمەتی دایکی داوە کە پەروەردەی بکات و لە ڕێگەیەوه فێری زمانی ئینگلیزی بووە، شا فەیسەڵ هەر لە منداڵییەوە دووچاری نەخۆشی ڕەبوو ببوو. لە ساڵی 1950 دایکی کۆچی دوایی کردووە و پووری کە ناوی "شازادە عابدییە" بووە بە جێگرەوەی دایکی.

ئەزموونی خوێندنی

قۆناغی بنەڕەتی لە فاکەڵتی ڤیکتۆریای ئینگلیزی شاری ئەسکەندەرییەی میسڕ خوێندووە، پاشان ئامادەیی لە لەندەن تەواو کردووە و بۆ خوێندنی کۆلێج لە ساڵی 1949 چووەتە کۆلێجی هارۆی ئینگلتەرا.
تاکوو ساڵی 1952 لەگەڵ کوڕە مامێکی بە ناوی "حسێنی کوڕی تەڵاڵ" خوێندنیان تەواو کرد، لە هەمان ساڵ گەڕایەوە بەغداد.

وەرگرتنی دەسەڵاتی عێراق 

بارودۆخی عێراق لە پاش کۆچی دوایی شا غازی ناجێگیر بوو، بەهۆی بچووکی تەمەنی شا فەیسەڵی دووەمەوە، خاڵی بە ناوی عەبدولئیلاهـی کوڕی عەلی کرا بە جێگری ئەو تاکوو دەگات بە تەمەنی یاسایی، خاڵی لەگەڵ نووری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق هاوپەیمانێکی سەرسەختی بەریتانییەکان بوو و کەسایەتییەکی دەستڕۆیشتووی وڵات بوون.
شا فەیسەڵی دووەم لە ساڵی 1953 بە فەرمی تاجی پاشایەتی لەسەر کرا و بووە سێیەمین شای دەستووری لە عێراق و سوێندی یاسایی خوارد، لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات بەهۆی کەم ئەزموونی و بچووکی تەمەنی، خاڵی دەستێوەردانی لە هەموو کاروبارێکی وڵات دەکرد و فەیسەڵی دووەم خاوەن کەسایەتییەکی لاواز بوو.
لە سەرەتاکانی ساڵی 1958 شای ئوردن شا حسێنی کوڕی تەڵاڵ هاوپەیمانییەکی لەگەڵ شا فەیسەڵی دووەم تاوتوێ کرد بە ناوی "هاوپەیمانی عەرەبیی هاشمی" کە وڵاتی ئوردن و عێراق لە پرسە گرنگەکان یەک بگرن و ببنە هاوپەیمانی یەک و شا فەیسەڵیش کرا بە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، بەڵام بەهۆی کودەتای 14ـی تەممووزی 1958 تەمەنی ئەم هاوپەیمانییە تەنها شەش مانگی خایاند و کۆتایی پێهات.

ژیانی تایبەتی

شا فەیسەڵ  "فازیلەی کچی محەمەدی ئیبراهیم"ـی بۆ نیشان کرا و دەزگیرانی بوو، کە شازادەیەکی میسری بوو و ڕەچەڵەکی دەگەڕایەوە بۆ سەر "سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانی"، بەڵام بەهۆی کوژرانی شاوە هاوسەرگیریان نەکرد.

کۆچی دوایی و کۆمەڵکوژیی ماڵباتی شا

لە ڕۆژی 14ـی تەممووزی 1958 شا فەیسەڵی دووەم و ماڵباتەکەی بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن کودەتاچییەکانی سوپاکەی عەبدولکەریم قاسمەوە کوژران.
بڕیار بوو شا فەیسەڵ لە ڕۆژی هەشتی تەممووز گەشتی وڵاتی تورکیا بکات، دواتر بۆ چاوپێکەوتنی دەسگیرانەکەی بچێتە لەندەن، بەڵام وەزیری دارایی ئەو کاتەی عێراق بە بیانووی واژۆکردنی شا لەسەر چەند یاسایەکی نوێی ئەو کاتە لە عێراق پێداگری کرد کە کاتی گەشتەکەی بۆ چەند ڕۆژێک دوابخات، بۆیە ناچار شا گەشتەکەی دواخست بۆ ڕۆژی نۆی تەممووز. لەو ماوەیەدا شای ئێران پەیامێکی نارد کە پێویستە شا گەشتەکەی دوابخات بۆ ڕۆژی 14ـی تەممووز، چونکە دەیەوێت لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوپەیمان و سەرۆکەکانی هاشمییەکان لە ئیستەنبووڵ زانیاری گرنگ هاوبەش بکات و پێویستە لە هەمان ڕۆژ ئامادە بێت، شا فەیسەڵی دووەم ناچار بۆ جاری دووەم کاتی گەشتەکەی گۆڕی بۆ 14ـی تەممووز، بەڵام لە بەرەبەیانی ڕۆژی 14ـی تەممووز ماڵباتی شا بە دەنگی تۆپ و فڕۆکە لە خەو ڕابوون، ئەوان بێ ئاگا بوون لەوەی کە سوپا بە نوێنەرایەتی عەبدولکەریم قاسم کودەتایان دژی حکوومەتی شا ڕاگەیاندووە، کۆشکی ماڵباتی شا لەلایەن کوودەتاچییەکانەوە گەمارۆ درابوو، هیچ فەرمانێکی فەرمی بە کوژران یان گولـلەبارانکردنی شا نەبوو، ئەو سەربازانەی کە گەمارۆی کۆشیان دابوو گوتیان کە پێویستە شا و ماڵباتەکەی خۆیان ڕادەستی سوپا بکەن و پاشان دادگایی دەکرێن، شا فەیسەڵ بە بڕیارەکە ڕازی بوو و بڕیاری خۆڕادەستکردنی دا، بەڵام بەو مەرجەی زیان بە خێزان و ماڵباتی شا نەگەیەنن، خێزان و ماڵباتی شا لە باخچەی کۆشک کۆکرانەوە، هەندێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن کە شا فەیسەڵ بە دەستێکی قورئانی بەرز کردووەتەوە و بە دەستێکیشی ئاڵای سپی هەڵکردووە تکای لە سەربازەکان کردووە کە زیان بە کەسوکاری نەگەیەنن، بەڵام لە ناکاو لەلایەن سەربازێک بە ناوی "عەبدولستار عەبووسی" درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و سەربازەکانی تریش لەپاش ئەوەوە ماڵباتی شایان گولـلەباران کرد.
دەستبەجێ شا فەیسەڵ کۆچی دوایی کردووە، پاشان عەبدولئیلاهـی خاڵی و خوشک و دایکی خاڵی کوژران، تەنانەت تەرمی عەبدولئیلاهـی خاڵی هەڵواسراو، سوتێنرا، پارچە پارچە کرا و  کرایە ڕووباری دیجلەوە. تەرمی شا فەیسەڵیش ڕەوانە کرا بۆ نەخۆشخانەیەکی بەغداد و لە ناوچەیەکی دوورەدەست نێژرا، دوای چەندان ساڵ لەسەر داوای شای ئوردن تەرمەکەی شا فەیسەڵی دووەم گوێزرایەوە بۆ گۆڕستانی شاهانەی ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد. شۆڕشی 14ـی تەممووزی کودەتاچییەکانی سوپا بووە هۆی کۆمەڵکوژی ماڵباتی شا و کوژرانی  فەیسەڵی دووەمی 23ـی ساڵی لاو و کۆتایی هاتنی سیستم و دەسەڵاتی پادشایەتی لە وڵاتی عێراق.


سەرچاوەکان



832 بینین