ئەو هەڵانەی لە کاتی قاپشۆردندا دەکرێن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-24-15:24:00 - کۆدی بابەت: 9148
ئەو هەڵانەی لە کاتی قاپشۆردندا دەکرێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرینەی خانمان ڕۆژانە قاپ دەشۆن و بەردەوام لەگەڵ ئەم کارەدا ڕاهاتوون، بەڵام دەکرێت ئەو هەموو ماوە هەڵەیان کردبێت لە کاتی قاپشۆردندا و چەند تێبینییەک هەبێت کە سەرنجی نەخرابێتە سەر. 

هەڵە باوەکان لە کاتی قاپشۆردندا 

نەشۆردنی دەستەکان

پێش ئەوەی دەست بکەیت بە قاپشۆردن واباشە دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆیت، تاکوو ئەگەر دەستت پیسە قاپەکانیش پیس نەکات.

نەشۆردنی سنگی قاپەکان

لەوانەیە پێت ئاسایی بێت کە سنگەکە پیس بێت و بڵێیت پاش قاپەکان دەیشۆم، بەڵام ئەمە هەڵەیە و دەبێت سنگەکە بەباشی بشۆیت ئینجا دەست بکەیت بە قاپشۆردن، چونکە پیسی سنگەکە دەگوازرێتەوە بۆ قاپەکان و بەمەش تووشی کێشەی تەندروستیت دەکات.

پاکنەکردنەوەی قاپەکان

پێش ئەوەی دەست بکەیت بە قاپشۆردن زۆر گرنگە هەموو چێشتەکان لە قاپەکان لێ بکەیتەوە، تاکوو سنگەکە پاکتر بێت و بەخێراییش لە قاپشۆردنەکە لێ ببیتەوە.

بەهەڵە بەکارهێنانی شامپۆی قاپشۆردن

هەڵەیەکی زۆر باو لە کاتی قاپشۆردندا دەکرێت ئەویش زۆر بەکارهێنان یاخود کەم بەکارهێنانی شامپۆکەیە، کاتێک شامپۆکە بە کەمی بەکاردەهێنیت هەموو قاپەکان بەباشی پاک ناکرێنەوە، و کاتێکیش شامپۆی زۆریان لێ دەدەت لە کاتی ئاو پێداکردنیاندا پاک نابنەوە و کەفەکەیان پێوە دەبێت، کە ئەمەش زیانی تەندروستی بۆ جەستە دەبێت.

بەکارهێنانی ئاوی زۆر

بۆ ئەوەی ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ نەدەیت واباشە پێش قاپشۆردن تەواوی قاپەکان لە تەشتێکی پڕ لە ئاودا دابنێیت و بیانخوسێنیت، تاکوو هەموو پیسییەکەیان لێ ببێتەوە و بەمەش ناچار نابیت بۆ هەر پارچەیەک ئاوی زۆر بەفیڕۆ بدەیت.
هەروەها لە کاتی ئاو پێداکردنیان پێویست ناکات بەلوعەکە ئاوی زۆری لێ بێت، چونکە بە ئاوێکی کەمیش پاک دەبنەوە.

بەکارهێنانی شاڵی پیس

هۆکاری سەرەکی پیسبوونی کەلوپەلەکانی چێشتاخانە بەهۆی شاڵی پیسەوەیە، شاڵ باشترین شوێنە بۆ گەشەکردنی هەزارارن جۆری بەکتریا وەک بەکتریای ئی کۆلایی (E.coli) و سالمۆنێلا (Salmonella). زۆر گرنکە دوای قاپشۆردن بەباشی شاڵەکەش بشۆیت و بە تەڕی داینەنێیت، چونکە ناوچەی شێدار ناوچەی گەشەی بەکتریاکانە. واباشە هەفتانە شاڵەکەت بگۆڕیت و شاڵی نوێ دابنێیت. هەروەها دوای شۆردنی قاپەکان وەک جل بیدەیت بە شوێنێکدا تاکوو وشک دەبێتەوە.

بەباشی نەشۆردنی هەندێک قاپ

هەڵەیەکی باو و دووبارە لە کاتی قاپشۆردندا هەیە، ئەویش بەباشی نەشۆردنی هەندێک لە قاپەکانە، بۆ نموونە لە کاتی شۆردنی چەقۆدا لەوانەیە ورد نەبیت و بەباشی شاڵەکەی پێدا نەهێنیت، بەمەش نووک و ددانەکانی چەقۆکە پاک نابنەوە، یان لە کاتی شۆردنی پەرداخ و هەر شتێکی تری قووڵ بەباشی شاڵ ناهێنیت بە ناوەکەیدا و پاکی ناکەیتەوە.

بەجوانی ئاو بە قاپەکاندا ناکەیت

هەندێک کات بەباشی قاپەکان بە شامپۆ دەشۆیت، بەڵام لە کاتی ئاو پێداکردنیدا دەستی پیا ناهێنیت و بەمەش قاپەکە کەفەکەی لێ نابێتەوە.

جوان نەشۆردنی تەختەی گۆشت و سەوزە

گۆشت و سەوزە دوو ماددەی خۆراکی زۆر هەستیارن، کە دەبێت زۆر بەباشی بشۆردرێنەوە ئینجا بخورێن، چونکە سەوزەی پیس و گۆشتی پیس و نەکوڵاو چەندین نەخۆشی مەترسیداریان پێوەیە، ئەو تەختەیەی کە سەوزە و گۆشتی لەسەر ورد دەکەیت دەبێت زۆر بەباشی بیشۆیت و دڵنیابیت لەوەی هیچ پیسییەکی پێوە نەماوە. ئەگەر تەختەکە پیس بێت و دووبارە بەکاری بهێنێتەوە زیانی زۆری دەبێت.

نەشۆردنی پەڕۆی وشککردنەوە

ئەو پەڕۆیانەی کە دوای قاپشۆردن قاپەکانی پێ وشک دەکەیتەوە دەبێت بەباشی بشۆردرێن. هەڵگرتنەوەیان بە تەڕی هۆکارێکە بۆ کۆبوونەوەی بەکتریاکان لەسەری.


سەرچاوەکان



185 بینین