ڕێگاکانی زیادبوونی توانای سەرنجدان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-24-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9156
ڕێگاکانی زیادبوونی توانای سەرنجدان

ناوه‌ڕۆك

کەمکردنەوەی سەرقاڵی

پێویستە بڕی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژانە وەریدەگریت سنووردار بکەیت، هەوڵبدە هەندێک لە کار و چالاکییەکانت کەمبکەیتەوە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پڕۆگرامەکانی دیکە دابخە و ئاگادارکردنەوەکان (نۆتفیکەیشنەکان) بێدەنگ بکە، هەروەها هەوڵبدە مۆبایلەکەت لەبەرچاو لابەریت و لەناو جانتا یاخود شتێکی دیکەدا بیشارەوە، لە توێژینەوەکاندا ئەوەیان سەلماندووە کە کەم بەکارهێنانی مۆبایل توانای سەرنجدان زۆر زیاتر دەکات.

کەمکردنەوەی فرەکاری

هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چەندین چالاکی لەهەمان کاتدا، وامان لێدەکات هەست بە فرە بەرهەمی خۆمان بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا فرەکاری دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تواناکانی سەرنجدان و کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان، ئەنجامدانی فرەکاریی وەک (گوێگرتن لە تەلەڤیزۆن و وەڵامدانەوەی ئیمەیڵ لە هەمان کاتدا یان قسەکردن لەگەڵ کەسێک بە تەلەفون و نووسینی ڕاپۆرت لە هەمان کاتدا).

ڕاهێنانی هۆشەکی و تێڕامانی قووڵ

تێڕامانی قووڵ یان ڕاهێنانی هۆشەکی یارمەتی بەهێزکردن و زیادبوونی توانای سەرنجدان دەدەن، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی تێڕامانی قووڵ مێشک زیاتر ئارام دەبێت و تەواوی جەستە دەحەسێتەوە، هەروەها لەو کاتەدا تەواوی سەرنجی مرۆڤ دەکەوێیە سەر شێوازی هەناسە دان، بەهۆی ئەم ڕاهێنانەوە مرۆڤ فێری ئەوە دەبێت کە چۆن هەناسەدان بەکاربهێنێت بۆ گەڕانەوەی سەرنج و بەرزکردنەوەی تواناکەی.

خەوی پێویست

زۆرینەی هۆکارەکان کاردەکانە سەر شێوازی خەوتن، لە باوترین ئەو هۆکارانەش بریتین لە (خوێندنەوەی پەرتووک لە ڕێگەی ئامێرێکی ئەلیکترۆنی وەک کۆمپیوتەر یان مۆبایل، هەروەها تەماشاکردنی فیلم و زنجیرەکان پێش خەوتن و کاریگەری تیشکی تەلەڤزیۆنەکە) هەموو ئەمانە دەبنە هۆی تێکچوونی شێوازی خەوتن، هەر بۆیە پێویستە لەکاتی تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن و بەکارهێنانی مۆبایل چاویلکەی دژە ڕووناکی بەکاربهێندرێت بۆ باشترکردنی شێوازی خەوتن، هەندێکی تر لە ڕێگاکانی باشترکردنی شێوازی خەوتن بریتییە لە ئەنجام نەدانی وەرزش لە درەنگانی ڕۆژدا، خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو تاکوو جەستە بە شێداری بمێنێتەوە.

پشوویەکی کورت وەربگرە

کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنج دەخەیتە سەر ئەنجامدان و کردنی شتێک، ئەوا وردە وردە توانای سەرنجدانت کەم دەبێتەوە، هەر بۆیە دەکرێت هەست بە سەختی زیاتر بکەیت بۆ تەرخانکردنی سەرنجەکانت بەرامبەر بە ئەرکەکەت، توێژینەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە مێشک ئارەزووی پشتگوێ خستنی ئەو زانیاریانە دەکات کە بە بەردەوامی کار دەکەنە سەر مێشک، بۆیە وەرگرتنی پشوویەکی کورت دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەرنجەکانت و باشتر ئەنجامدانی کارەکەت، بۆیە ئەگەر لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەتدا بۆت دەرکەوت کە توانای سەرنجدانت کەمبووەتەوە ئەوا پشوویەکی کورت وەرگرە. 

ڕاهێنان بە مێشکت بکە

توێژینەوە زانستییەکان چەندین بەڵگەیان کۆکردۆتەوە لەسەر توانای ڕاهێنانەکانی مێشک بۆ بەرزکردنەوەی توانا مێشکییەکان کە یەکێک لەوانە توانای سەرنجدانە لە گەنجاندا و بەهێزکردی توانای یادەوەری و زوو وەبیرهاتنەوەی شتەکانە.

وەرزشکردن

ڕۆژەکەت بە هەندێک وەرزشی سادە و ئاسان دەستپێبکە و تاکوو تەواوی جەستەت بجوڵێت، بەگوێرەی توێژینەوەکانی زانکۆی هارڤارد، وەرزشکردن یارمەتی بەهێزکردنی توانای سەرنجدان و یادەوەری و توانا مێشکییەکان دەدات، هەروەها یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی دۆپامین و سیرۆتۆنینی مێشک دەدات کە کاریگەرییان لەسەر سەرنجدان هەیە.

گوێگرتن لە مۆسیقا

مۆسیقا کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر تواناکانی مێشک، مۆسیقایەکی هێواش دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ باشترکردنی توانای سەرنجدان، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە مۆسیقا کۆنەکان یان گوێگرتن لە دەنگی سروشت وەک خوڕەی ئاو، بارانبارین، شەپۆل و دەنگە سروشتییەکانی دیکە هۆکارێکی تری زیادبوونی توانای سەرنجدانن.

خواردنی باش

ئەو خواردنانە بخۆ کە بڕێکی کەم شەکریان تێدان و یارمەتی مانەوەی وزەی لەش دەدەن و کاریگەری دەکەنە سەر توانای مێشک، میوە و سەوزە و ئەو خۆراکانەی ماددەی ڕیشاڵی زۆریان تێدایە نەک تەنها یارمەتی بەرزبوونەوەی توانای مێشک و سەرنجدان دەدەن بەڵکو ئاستی شەکری خوێنیش دەپارێزن، خواردنی شەکر و شیرینی و خواردنەوە گازییەکان کەم بکەرەوە چونکە دەبنە هۆی هەوکردن و وات لێدەکەن هەست بە سەرگێژخواردن و لاوازی بکەیت، لەگەڵ ئەمەشدا مێشک پێویستی بە چەوری زۆر باشە بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات، گوێز، توو، ئاڤۆکادۆ، و ڕۆنی گوێزی هیندی ڕێگایەکی زۆر باشن بۆ ئەوەی چەوری تەندروست بۆ مێشکت بگوازنەوە و یارمەتی مێشک دەدەن تاکوو کارەکانی زۆر بە باشی ئەنجام بدات.

گۆڕانکاریکردن لە ئەرکەکاندا

لە کاتێکدا کە مرۆڤ دەیەوێت سەرنجی بخاتە سەر ئەرکێکی تایبەت، بەڵام هەندێک جار مرۆڤ گیردەخوات و مێشک پێویستی بە کار و چالاکییەکی تازە و نوێ هەیە تاکوو سەرنجی بکەوێتە سەر، هەوڵبدە کار و چالاکییەکانت بگۆڕیت و جارجار ئەو کار و چالاکییانە ئەنجامبدەیت کە ئارەزوویان دەکەیت، چونکە ئەم گۆڕانکارییە واتلێدەکات کە هۆشیارتر و بەئاگاتربیت و توانای سەرنجدانت زیادبکات بۆ ماوەیەکی درێژ.


سەرچاوەکان



658 بینین