نەخۆشی فرەڕەقبوون

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-06-17:30:00 - کۆدی بابەت: 9303
نەخۆشی فرەڕەقبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فرەڕەقبوون (بە ئینگلیزی: Multiple sclerosis) ناسراو بە نەخۆشی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک، باوترین نەخۆشی دژەخۆییە تیایدا بەرگری جەستە هێرش دەکاتە سەر ئەو بەرگە پارێزەرەی دەوری تەوەرەی دەمارەخانەکانی مێشک و دڕکەپەتک دەدات، بەهۆی ئەمەش زیان بەر دەمارەخانەکان دەکەوێت و توانای گواستنەوەی دەمارە ڕاگەیاندنەکان لەدەست دەدات.

هۆکارەکان

هۆکاری نەخۆشییەکە بەتەواوی دیار نییە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێت کە بەهۆی هەڵگرتنی بۆماوەیی نەخۆشییەکە و هۆکاری ژینگەییەوە ڕووبدات وەک: هەوکردن.

نیشانەکان

نەخۆشییەکە دەتوانێت زۆربەی بەشەکانی جەستە بگرێتەوە و کاریان لێبکات، نیشانەکان لە کۆئەندامی دەمار و دەمارەخانەکانی جەستە دەردەکەون، کە کۆئەندامی دەماری خۆنەویست و بینین و کۆئەندامە جووڵاو و هەستەوەرەکان دەگرنەوە.

نیشانەکان لە ناوەندە کۆئەندامی دەمار

  • ماندوویی و شەکەتی 
  • لەکارکەوتنی توانای تێگەشتن
  • دڵەڕاوکێ
  • خەمۆکی
  • ناجێگیری میزاج

نیشانەکان لە بینایی

نیشانەکان لە گوفتارکردن

  • قورسی دەربڕین

نیشانەکان لە قورگ

  • قورسی قووتدان 

نیشانەکان لە پەیکەرە ماسولکە

  • لاوازی
  • گرژی
  • بێتوانایی لە جووڵاندنی ماسولکەکان بەیەکەوە
  • کاتێک نەخۆشییەکە زیاتر بڵاو دەبێتەوە بە جەستەدا ئەگەری هەیە کێشەی ڕۆشتن و کەوتن دروست ببێت

نیشانەکانی ئەندامە هەستەوەرەکان

  • زیانگەشتن بە دەمارە هەستەوەرەکان
  • ئازار 
  • هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار یان مێروولەکردنی پێست یان لەدەستدانی هەست

نیشانەکان لە ڕیخۆڵە

نیشانەکان لە کۆئەندامی میز

  • خۆڕانەگرتن
  • میزەچۆڕکێ یان گیرانی میز

مێژووی نەخۆشی فرەڕەقبوون

دەمارناسی فەرەنسی (جین مارتن چارکۆت) یەکەم کەس بوو نەخۆشی فرەڕەقبوون بناسێتەوە لە ساڵی ١٨٦٨ لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەکانی کە پێشتر ئەنجام درابوون، هەروەها دۆزینەوە تاقیگەییەکانی خۆی پاشان ناونان و ناساندنی نەخۆشییەکە بە فرەڕەقبوون.

ئایا نەخۆشی فرەڕەقبوون مەترسیدارە؟

نەخۆشی فرەڕەقبوون دەتوانێت تووشی لووی ناوەندە کۆئەندامی دەمار و هەوکردن و تێکشکانی بەرگی مایلینیت بکات، لووەکان زیاتر لە ماددەی سپی و دەماری بینین و دڕکەپەتک و خانە بنچینەییەکانی مێشک دروست دەبن، نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەکانی (Oligodendrocyte) کە فرمانی سەرەکیان دروستکردن و پارێزگارییە لە بەرگی مایلینی،  بەرگی مایلینیش فرمانی گواستنەوەی ڕاگەیاندنەکانە، گەر زیانی بەربکەوێت ناتەواوی و کەموکورتی دروست دەبێت، کاتێک نەخۆشییەکە زیاتر پەرەدەستێنێت دەبێتە هۆی لەناوچوونی تەواوی بەرگە مایلینیەکە، ئەمەش وادەکات دەمارەکان توانای گواستنەوەی ڕاگەیاندنەکان لەدەست بدەن و چیتر نەیگوێزنەوە، سەرەڕای ئەمانەش پرۆسەی چاکبوونەوە و دروستبوونەوەی مایلین لە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کات توانای چاکبوونەوەش لەدەست دەدات، یەکێکی تر لە نیشانەی نەخۆشییەکە هەوکردنە، خانەکانی T توانایان هەیە بەربەستی مێشک ببڕن و تێپەڕن بەناویدا، ئەم خانانە لە کاتی ئاساییدا جەستە دەناسنەوە و چالاک نابن، بەڵام لەکاتی نەخۆشی دژەخۆییدا خانەکانی لەش بە نامۆ دەبینن و بەرگری دژ بە جەستە چالاک دەکەن و دەست دەکەن بە تێکشکاندنی شانە و خانەکان و دروستکردنی پرۆسەی هەوکردن، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی هەڵئاوسان و چالاککردنی خانە قەپگرە گەورەکانی بەرگری کە پەلاماری بەرگی مایلینی دەدەن و ڕاگەیاندنەکانی نێوان دەمار و بەشەکانی تر جەستە دەوەستێنن.

پشکنینی و دیاریکردنی نەخۆشییەکە

سەرەتا بەهۆی نیشانەکان هەوڵی دیاریکردنی نەخۆشییەکە دەدرێت، بەڵام ئەمە بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە زۆر قورس دەبێت چونکە لەوانەیە نیشانەکان هاوشێوەبن لەگەڵ هەندێک نەخۆشی تر، لەبەر ئەمەش پزیشک وێنەی پزیشکی مێشک و پشکنینی تاقیگەیی بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردن و دڵنیابوونەوە لە بوونی نەخۆشییەکە، بەهۆی وەرگرتنی دەمارەشانەی کەسی تووشبوو پاشان سەیرکردنی لەژێر وردبین شیبوونەوە و تێکشکانی بەرگی مایلینی دەمارەخانەکان دەبینرێت، پشکنینی شەپۆلی لەرەلەری موگناتیزی (MRI) بۆ مێشک و ئەنجامدانی پشکنینەکان بۆ شلەی مێشک و دڕکەپەتک و هەروەها بەکارهێنانی جێڵی گواستنەوەی کارەبایی بۆ دڵنیابوونەوە و دیاریکردنی هەوکردن لە تووشبووانی نەخۆشی فرەڕەقبوون.

چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە

هەرچەندە هیچ چارەسەرێک نەدۆزراوەتەوە بۆ نەخۆشی فرەڕەقبوون، بەڵام پزیشکان یارمەتی زۆربەی نەخۆشەکانیان داوە لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە کەمئەندامبوون و کەمکردنەوەی هێرشی نەخۆشییەکە بۆ سەر شانەکانی تر و لابردنی هەندێک لە نیشانە و کاریگەرییەکان، تا ئێستا چەندین دەرمان دروست کراوە بەڵام سوود و کاریگەرییەکانی نەسەلمێندراوە بەتەواوی، هەندێک پزیشک پێشنیاری بەکارهێنانی دەرمانی جێگرەوە دەکەن هەرچەندە کاریگەریی پێچەوانە و نەرێنییان هەیە بەڵام هێشتا بەکاردەهێنرێن، توێژینەوەکانی ئێستا بەدوای چارەسەری یەکسەری و گونجاو دەگەڕێن بۆ نەخۆشییەکە، زاناکان هەوڵی بەرەوپێشبردنی چاندنی خانە بنچینەییەکان دەدەن کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە چارەسەرکردنی هەندێک جۆری نەخۆشییەکانی مێشک و نەهێشتنیان.


سەرچاوەکان



1244 بینین