بەرازی دەریا 

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-15-21:24:00 - کۆدی بابەت: 9417
بەرازی دەریا 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرازی دەریا (بە ئینگلیزی: porpoise)، گیانەوەرێکی خوێن گەرمی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکان و ناوچەکانی کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، پەیوەندی و پەیوەستی بەهێزی هەیە لەگەڵ هەردوو دۆلفین و نەهەنگەکان، هەروەها بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و حەوت جۆری جیاوازی هەیە، تاکەکانی ئەم بوونەوەرە کۆمەڵایەتین و لە کۆمەڵەی جووت دانە و ژمارەی زیاتردا پێکەوە دەبینرێن لە کاتی گەشتکردنیاندا، هەروەها ئەم بوونەوەرە ئاوییە لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٥٥ کیلۆمەتر ببڕێت بە مەلەکردن، یەکێک لە جۆرەکانی بەرازی دەریا بە یەکێک لە ئەو مەمکدارە ئاوییانە دادەنرێت کە زۆرترین هەڕەشە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، بە گوێرەی سەرژمێرییەکان تەنها چەند دانەیەکی دیاریکراوی ماوە و هەموو تاکەکانی تری لەناوچوون، هەروەها لەگەڵ نەبوونی بڕی پێویست لە خۆراک و گۆڕانی وەرزەکان دەکرێت بەرازە دەریاییەکان کۆچبکەن و ناوچەکانیان جێبهێڵن.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئەم گیانەوەرە بە پێستێکی ساف و موو داپۆشراوە و شێوەی زۆر لە دۆلفینەوە نزیکە، بەڵام جۆرێکی دۆلفین نییە، بۆ جیاکردنەوەیان دەکرێت بەراورد بە شێوەی لووتیان بکرێت، بۆنموونە دۆلفینەکان لوتێکی تیژی وەک دەنووکی باڵندەیان هەیە بەڵام بەرازە دەریاییەکان لوتیان کورتە و تیژ نییە، هەروەها دیارترین جیاکەرەوەی ئەم گیانەوەرە هەبوونی پەڕەکەیەکی شێوە سێگۆشەیە لەسەر پشتی لەگەڵ سەرێکی خڕ و بازنەیی، ڕەنگی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە لە نێوان ڕەساسی، ڕەش، سپی و ڕەنگی کاڵدایە، کە هەموو جۆرەکان بەشی پشتیان ڕەنگەکەی تۆخە بە بەراورد بە سکیان کە ڕەنگێکی کاڵترە، هەروەها بەرازی دەریا قەبارەی گەورەیە و کێشی بە نزیکەیی لە نێوان ٥٠-٢٢٢ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ١.٤-٢ مەتر دەبێت هەروەها قەبارەی مێینەکان گەورەترە لە نێرینەکان، لە ژێر پێستی ئەم بوونەوەرەدا چینێک چەوری هەیە کە هاوکاری دەکات لە هێشتنەوەی پلەی گەرمی جەستەی و پاراستنی لە کەشی ساردی زەریاکان، گیانەوەرێکی ئاوییە بەڵام وەک ماسییەکان نییە و لە ڕێگەی پەرەکەوە هەناسە نادات بەڵکو سیی هەیە و دەتوانێت ئۆکسجین وەرگرێت.  

خۆراک

بەرازی دەریا گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە ژمارەیەک لە بوونەوەرە ئاوییەکان ڕاودەکات وەک مەرەکەب، ماسی، هەشت پێ لەگەڵ توێکڵدارە جیاوازەکان، دەتوانێت چالاکییەکانیشی لە هەموو کاتەکانی شەو و ڕۆژدا ئەنجام بدات، هەروەها کاتێک نێچیرێک دەگرن دەکرێت بەرازی دەریایی تر ئاگاداربکەنەوە پاشان بەتەواوی نێچیرەکە قوتدەدەن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی جارەکان نێچیرەکانیان قوتدەدەن و نایجوون یاخود پارچە پارچەی ناکەن ئەوا بەرازە دەریاییەکان خۆیان لە ماسییە تەخت و پانەکان بە دوور دەگرن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی خنکان یاخود زیانگەیاندن پێیان، هەروەها بەرازی دەریایی بۆ دۆزینەوەی جێگەی نێچیرەکان تەنانەت لە قووڵایی و تاریکی زەریاکانیشدا سوود لە شێوازی دەنگدانەوە وەردەگرن، کە بەرازە دەریاییەکە هاوشێوەی دۆلفینەکان دەنگ دەردەکات و کاتێک دەنگەکە بەر نێچیرەکەی دەکەوێت دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامدا بەهۆیەوە دەتوانێت جێگەی نێچیرەکەی بزانێت، ئەم گیانەوەرە بە گوێرەی قەبارەی جۆرەکەی ڕۆژانە لە نێوان ٣-١٣ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، ئەم بڕە خۆراکەش وزەی پێویست دابیندەکات بۆ مەلەکردن بە خێرایی، پیسبوونی ئاو و ڕاوکردنیان بۆ مەبەستی بازرگانی گەورەترین مەترسییەکانی کەمبوونەوەیانن، جگە لە ئەمانەش قرشی گەورە و دۆلفینەکان ڕاویاندەکەن و دەیانخۆن.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن بە درێژایی ساڵەکەیە بەڵام لە کاتەکانی بەهار و پایزدا یەکگرتن زیاترە، تاکەکانی بەرازی دەریا لە ماوەی نێوان تەمەنی ٢-٨ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، شێوازی پەیوەندیکردنیان بە یەکترییەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک کرتەکردن و فیکەلێدانەوە دەبێت، نێرینەکانی بەرازی دەریا دەتوانن بە درێژایی ساڵەکە لەگەڵ چەندین مێینە یەکگرتن ئەنجام بدەن، پاشان ماوەی سکپڕی مێینەکە ١٠-١١ مانگ دەخایەنێت و دواتر تەنها یەک بێچوو لەدایکدەبێت، کاتی لەدایکبوونی بێچووەکە دەکرێت دوو کاتژمێر دەخایەنێت و شێوازی لەدایکبوونەکەش لەگەڵ جووڵەکردنی ئاسایی دایکەکەدا ڕوودەدات، بێچووەکە هەتاکوو تەمەنی ٧-٢٤ مانگی شیری دایکی دەخوات دواتر لە شیر دەبڕدرێتەوە، هەروەها بەدرێژایی ئەم ماوەیە لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە بۆ فێربوونی شێوازی گونجاوی ڕاوکردنی ماسییەکان، هەندێکیشیان هەتاکوو تەمەنی شەش ساڵی دەکرێت لەگەڵ دایکیاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی فێری مەلەکردن و ڕاوکردن ببن بە شێوازێکی کارامە، سوڕی ژیانی ئەم گیانەوەرە بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان جیاوازە، هەندێکیان بە نەبوونی نەخۆشی و ڕاوچی لە ناوچەکەیاندا دەتوانن بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ بژین.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • بەرازی دەریای بەندەرەکان
  • بەرازی دەریای بورمیستەر
  • بەرازی دەریای دال
  • بەرازی دەریای بێ پەڕەکە
  • بەرازی دەریای هیندی
  • بەرازی دەریای زەریای هێمن
  • بەرازی دەریای فاکیتا


سەرچاوەکان



335 بینین