سەدەی چینی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-20-17:42:00 - کۆدی بابەت: 9456
سەدەی چینی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەدەی چینی (بە ئینگلیزی: The Chinese Century، بە عەرەبی: القرن الصيني) نیوۆلۆژیزمێکە کە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە سەدەی ٢١ لە ڕووی جیۆئابووری یان جیۆپۆلیتیکەوە لە بەرژەوەندی کۆماری گەلی چین بێت، هاوشێوەی ئەوەی کە چۆن سەدەی بیستەم "سەدەی ئەمریکی" و سەدەی ١٨ و ١٩ـش "سەدەی بەریتانیا"ـیە. ئەم دەستەواژەیە بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پێشبینییەدا بەکارهاتووە کە ڕەنگە ئابووریی چین پێش ئابووریی ئەمریکا بکەوێت و گەورەترین ئابووریی جیهان بێت.

زۆرجار ئەم زاراوەیە لەگەڵ "سەرهەڵدانی چین" یان "هەستانەوەی چین" بەکار دێت. 

لە سەدەی بیست و یەک چین هەستاوە بە دروستکردنی پشتێنە و ڕێگەیەکی بازرگانی، کە بەپێی شیکەرەوەکان هەوڵێکی جیۆستراتیجی بووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر لە کاروباری جیهانیدا بگێڕێت و هەڕەشە لە هەژموونی دوای جەنگی ئەمریکا دەکات. هەروەها باس لەوە کراوە کە چین هاوبەشی دامەزراندنی بانکی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئاسیا و بانکی گەشەپێدانی نوێ بووە بۆ ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بواری دارایی گەشەپێدان بکات.

لە ساڵی ٢٠١٥ چین پلانی ستراتیجی "Made in China 2025"ی خستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە کەرتی بەرهەمهێنانی خۆی بدات. دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی ئابووریی جیهانی بەستراوەتەوە بە دانیشتووانی زۆری کرێکاری وڵاتەکەیەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووان لە چین خێراتر لە نزیکەی هەموو وڵاتێکی تر لە مێژوودا پیر دەبن. هەروەها گەشەی ئابووریی چین کە بە پلەی یەکەم بەهۆی قەرزەوەیە، نیگەرانی مەترسییەکانی ئەگەری نەدانی قەرز و قەیرانی دارایی دروست کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، لەسەر بنەمای یەکسانیی هێزی کڕین (PPP) ئابووریی چین لە ساڵی ٢٠١٣دا بووە گەورەترین ئابووریی جیهان. لەسەر بنەمای نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، هەندێک خەمڵاندن لە ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا ڕایانگەیاندووە کە چین دەتوانێت لە ساڵی ٢٠٢٨دا پێش ئەمریکا بکەوێت، ئەگەریش دراوی چینی زیاتر بەهێز بێت ساڵی ٢٠٢٦ پێش دەکەوێت.

مشتومڕ و فاکتەرەکان

ئابووریی چین لە سەدەی ١٦ و ١٧ و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا بە گەورەترین ئابووری مەزەندە دەکرا. جۆزێف ستیگلیتز دەڵێت: "سەدەی چینی" لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکردووە، ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ئاماژەی بەوە کردووە کە "سەدەی چینی بە باشی لە ئارادایە"، بە ئاماژەدان بە بەرهەمی ناوخۆییی چین لە ساڵی 2013ەوە، ئەگەر لەسەر بنەمای یەکسانی هێزی کڕین هەژمار بکرێت.

چین لە ٢٠١٣ـەوە وەبەرهێنانێکی بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار ئەنجام داوە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیک ببێتە زلێهێزی گۆڕانکارییەکانی جیهان. هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ چین هاوبەشیی ئابووریی گشتگیری ناوچەیی وەک ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد لە بەرانبەر هاوبەشی گواستنەوە لە زەریای هێمن واژۆ کرد. ئەم گرێبەستە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانەوە بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ چین دادەنرێت، هەرچەندە دەرکەوتووە کە بەبێ بەشداری هیندستان تەنها 0.08% بۆ بەرهەمی ناوخۆیی چین بۆ ساڵی 2030 زیاد دەکات.

ماتیۆ کرۆنیگ پسپۆڕی بواری سیاسی دەڵێت: ”پلانەکان کە زۆرجار وەک بەڵگەیەک بۆ دیدگای دووربینیی چین دەهێنرێنەوە، دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگاوبان و دروستکراوی چینی 2025، لەلایەن شی جین پینگەوە تەنها لە ساڵانی 2013 و 2015دا ڕاگەیەندراون. هەردووکیان زۆر تازەن بۆ ئەوەی وەک نموونەی گەورەی پلاندانانی ستراتیجی درێژخایەنی سەرکەوتوو ئاهەنگیان بۆ بگێڕدرێت”.

بەپێی وتەی باری ناوتۆن، مامۆستا و پسپۆڕی چین لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان دیێگۆ، مامناوەندی داهات لە چین لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤٢ هەزار و ٣٥٩ رێنمینبی چینی بووە و بۆ ماڵە گوندنشینەکان ١٦ هەزار و ٢١ رێنمینبی چینی بووە. تەنانەت بە ڕێژەی گۆڕینی PPP، تێکڕای داهاتی شارەکان کەمێک زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار بووە و تێکڕای داهاتی گوندەکان لە چین کەمێک کەمتر لە ٤ هەزار دۆلار بووە. ناوتۆن پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا واتای دەبێت بۆ وڵاتێکی داهات مامناوەندی لەم جۆرە کە "بەشێکی وەها ناڕێژەیی لە خەرجییە مەترسیدارەکانی پێشەنگکردنی تەکنەلۆجیا نوێیەکان" وەربگرێت؟

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

لە ساڵی ٢٠١١ مایکل بێکلی، توێژەری یاریدەر لە قوتابخانەی هارڤارد کێنێدی، گۆڤاری خۆی بە ناوی "سەدەی چینی؟ بۆچی لێواری ئەمریکا بەردەوام دەبێت” کە ڕەتیدەکاتەوە ئەمریکا لە حاڵەتی شکان و کشانەوە بێت بەهۆی چینەوە، بێکلی دەڵێت دەسەڵاتی ئەمریکا بەردەوامە و "یەک جەمسەری" و جیهانگیری هۆکاری سەرەکیی ئەمەن. ئەو دەڵێت: "ئەمریکا سوودە کێبڕکێیەکانی لە پێگەی باڵادەستی خۆیەوە وەردەگرێت و جیهانگیری ڕێگەی پێدەدات ئەو سوودانە بقۆسێتەوە و چالاکیی ئابووری بۆ خۆی ڕابکێشێت و دەستکاری سیستمی نێودەوڵەتی بکات بە قازانجی خۆی". بێکلی پێیوایە ئەگەر ئەمریکا لە دۆخێکی داکشانی دواجاردا بێت، ئەوا سیاسەتی ئابووری لەسەر بنەمای بازرگانی نوێ دەگیرێتەبەر و لە پابەندبوونە سەربازییەکانی ئاسیا دەکشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵام ئەگەر ئەمریکا لە دابەزیندا نەبێت، و ئەگەر جیهانگیری و هەژموون هۆکاری سەرەکی ئەم کارە بن، ئەوا دەبێت ئەمریکا پێچەوانەکەی بکات: دەبێت گەشەی چین بە پاراستنی سیاسەتێکی ئابووری لیبڕاڵی نێودەوڵەتی لەخۆبگرێت، و دەبێت ملکەچی بە ویستەکانی چین بکات بەوەی هێزی سیاسی و سەربازیی خۆی لە ئاسیا بهێڵێتەوە.

ئەو زانایانەی کە گومانیان لە توانای ئەمریکا هەیە بۆ پاراستنی پێگەی پێشەنگ بریتین لە: ڕۆبەرت پێپ کە دەڵێت "یەکێک لە گەورەترین دابەزینە ڕێژەییەکان لە مێژووی مۆدێرن هی ئەمریکایە" و لە "بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا بە هەموو جیهاندا" سەرچاوە دەگرێت. هەروەها فەرید زەکەریا دەنووسێت "تاک جەمسەری دوو دەیەی ڕابردوو نەک لەبەر عێراق بەڵکوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە سەرانسەری جیهاندا کەم بووەتەوە". پۆڵ کیپچۆمبا پێشبینی شەڕی ساردی کوشندە لە نێوان ئەمریکا و چین دەکات لە سەدەی بیست و یەکەمدا و ئەگەر ئەو جەنگە ساردەش ڕوونەدات، پێشبینی دەکات چین لە هەموو لایەنەکانی هەژموونی جیهانیدا جێگەی ئەمریکا بگرێتەوە.

گەشەی ئابووری و قەرز

کۆماری گەلی چین تاکە ئابووری گەورەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ و پەتای کۆرۆنادا. ئابووریی چین بە ڕێژەی 2.3% گەشەی کردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئابووریی ئەمریکا و ناوچەی یۆرۆ بە ڕێژەی 3.6% و 7.4% دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. پشكی چین لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیدا بۆ 16.8% بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا ئابووریی ئەمریكا لە ساڵی 2020دا 22.2%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێكهێناوە.

بەڵام تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ پێشبینی دەکرێت ئابووریی چین بچوکتر بێت لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئابووریی ئەمریکا گەورەتر بێت، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆی ئابووریی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. پێشبینی دەکرێت سەرکردایەتی ئەمریکا لانیکەم بۆ چەند چارەکێک بەردەوام بێت، ئەمەش یەکەم قۆناغە بەردەوامە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ـەوە کە ئابووریی ئەمریکا بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە چین گەشەی کردووە.

زیادبوونی قەرزدانی چین بە پلەی یەکەم بەهۆی خواستی ئەوەوە بووە کە گەشەی ئابووری بەخێرایی زیاد بکات. ئاماندا لی لە ڕۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست بڵاویکردەوە، "لەگەڵ خاوبوونەوەی گەشەی چین، نیگەرانییەکان لە زیادبووندان کە زۆرێک لەو قەرزانە لە مەترسی نەدانەوەیاندان، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی قەیرانێکی سیستماتیکی لە سیستەمی داراییی چین کە دەوڵەت زاڵە بەسەریدا".

ڕێژەی قەرزی چین بەرانبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ لە ١٧٨% بۆ ٢٧٥% لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ زیادی کردووە، ڕێژەی قەرزی چین بەرانبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە ٣٣٥% نزیک بووەتەوە. رایان هاس لە دامەزراوەی بروکینگز دەڵێت: "چین شوێنی بەرهەمدار بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی کەم دەبێتەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزەکان رێڕەوی گەشەکردنی زیاتر ئاڵۆز دەکات".


سەرچاوەکان



1233 بینین