ڕۆژی وتنی بەڵێ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-24-20:58:00 - کۆدی بابەت: 9527
ڕۆژی وتنی بەڵێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژی وتنی بەڵێ (بە ئینگلیزی: Yes day) ڕۆژێکە دایک و باوکان تەواوی ڕۆژەکە بۆهەموو ئەو شتانەی منداڵەکانیان داوای دەکەن دەڵێن:  "بەڵێ". بیرۆکەی ڕۆژی وتنی بەڵێ لە کتێبێکی منداڵان بە ناوی (ڕۆژی وتنی بەڵێ) هاتووە، کتێبەکە لەلایەن هەردوو نووسەر (ئەیمی کڕاوس ڕەوزنتەڵ) و (تۆم لیکتنهێڵد) نووسراوە. دەکرێت لەدوای ئەنجامدانی کاری باش، ڕۆژی وتنی بەڵێ وەک خەڵاتکردن بێت بۆ منداڵەکان. لەم ڕۆژەدا دایک و باوکان بۆ هیچ داواکارییەکی منداڵەکانیان ناتوانن وشەی نەخێر بەکاربهێنن. ڕۆژی وتنی بەڵێ ڕێگایەکی نایابە تاوەکوو دایک و باوکان خۆشەویستی خۆیان بۆ منداڵەکانیان نیشان بدەن، و منداڵەکانیش هەست بەوە بکەن دایک و باوکیان گوێیان لێ دەگرن و گرنگی بە ئارەزووەکانیان دەدەن. ڕۆژی وتنی بەڵێ ڕۆژێکی دیاریکراوی نییە، دایک و باوکان خۆیان ڕۆژێکی گونجاو هەڵدەبژێرن.

 پلاندانان بۆ ڕۆژی وتنی بەڵێ

  1. سەرەتا پێویستە دایک وباوکان لەگەڵ منداڵەکانیان دەربارەی بیرۆکەی ئەم ڕۆژه گفتوگۆ بکەن.
  2. دواتر ڕۆژێکی گونجاو بە ڕۆژی وتنی بەڵێ دیاریدەکرێت، پێویستە ڕۆژێک دیاری بکرێت کە هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە پشوودابن، ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەنگە منداڵەکان داوا بکەن تەواوی ڕۆژەکە لەگەڵ خێزانەکەیاندا بەسەربەرن، دایک و باوکانیش بۆ ئەم داواکارییە پێویستە بڵێن بەڵێ.
  3. دوای هەموو ئەمانە پێویستە دایک و باوکان کۆمەڵێک یاسا بۆ ئەم ڕۆژە دیاریبکەن، یاساکان لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازن و دایک و باوکان بڕیاری لەسەر دەدەن.

هەندێک یاسای ڕۆژی وتنی بەڵێ

  • پێویستە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی بێ مەترسی بێت، نابێت منداڵان هیچ کارێک ئەنجام بدەن کە زیان بە ماڵ یان بە کەسانی تر بگەیەنێت.
  • پێویستە دواکارییەکان شتێک نەبێت کە کار لە داهاتوو بکات یان داواکارییەک بێت کە لە داهاتووش بتوانرێت ئەنجام بدرێت، بۆ نموونە وەک کڕینی پشیلەیەک بۆ ماڵەوە.
  • دەکرێت خەرجکردنی پارە لەم ڕۆژەدا سنووردار بکرێت.
  • دیاریکردنی شوێنی نزیک لە ماڵ بۆ گەشتکردن، بۆ نموونە دەکرێت دایک و باوکان بڕیار بدەن کە نابێت زیاتر لە ٢٠ خولەک لەناو ئۆتۆمبێل بۆ گەشتکردن بەسەربەرن.
  • کاتێک منداڵەکان داوا لە دایک و باوکیان دەکەن چالاکییەک لە دەرەوەی ماڵ ئەنجام بدەن، پێویستە دایک و باوکان بەبێ ئەوەی کەسانی چواردەوریان ئەگادار بکەنەوە کە ئەوان لە ڕۆژی وتنی بەڵێدان چالاکییەکە ئەنجام بدەن.
  • دوای تەواوبوونی ڕۆژی وتنی بەڵێ پێویستە هەموو ئەندامانی خێزانەکە بەژداربن لە پاککردنەوەی ماڵ یان هەر شوێنێک کە بەهۆی ئەم ڕۆژەوە پیس دەبێت.

هەندێک بیرۆکە بۆ ڕۆژی وتنی بەڵێ

  • خواردنی پیتزا لە ژەمی بەیانیاندا.
  • ئەنجامدانی سەیرانێکی بچووک لە باخچەی ماڵەوە یان شوێنێکی نزیک ماڵەوە.
  • ڕۆیشتن بۆ چێشتخانەیەکی تایبەت.
  • پاسکیل لێخوڕین.
  • چوون بۆ باخچەی ئاژەڵان.
  • ئەنجامدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەگەڵ منداڵەکانتدا.
  • تاقیکردنەوەی هەندێک بیرۆکەی تازە.
  • بۆ ماوەی شەوێک لە شوێنێک کە منداڵەکان ئارەزووی دەکەن بمێننەوە.
  • بەکارنەهێنانی ئینتەرنێت بە درێژایی ڕۆژەکە.

 چۆن ئەم ڕۆژە کاریگەری لەسەر دەروون دەبێت؟

  • پلاندانان بۆ ڕۆژی وتنی بەڵێ یارمەتیدەر دەبێت بۆ دایک و باوکەکان تاوەکوو لەو شتانەی منداڵەکانیان ئارەزووی دەکەن شارەزا ببن، لەم ڕۆژەدا منداڵەکان دەتوانن بیرۆکەکانیان باس بکەن و ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە ڕەنگە ماوەیەکی زۆر ئارەزووی ئەنجامدانییان کردبێت، دەکرێت بیرۆکەکان بیرۆکەی سادە بن، بەڵام گرنگە منداڵەکان شتێکی تازە تاقیبکەنەوە.
  • دایک و باوکی بەڕێز ڕەنگە لەم ڕۆژدا منداڵەکانتان هەندێک چالاکی وەک پیسکردنی ماڵ یان بەکارهێنانی کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئێوە ئەنجام بدەن، بەڵام نیگەران مەبن و هەناسەی قووڵ هەڵبمژن ڕۆژی دواتر هەموو شتەکان ئاسایی دەبنەوە، ڕێگەیان پێ بدەن ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە بۆ ماوەیەکی زۆرە ئارەزووی دەکەن، چێژ لە بینینی دڵخۆشی منداڵەکانتان لە ڕۆژی وتنی بەڵێدا ببینن.

 


سەرچاوەکان



436 بینین