ڕەفیق حیلمی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-09-00:06:00 - کۆدی بابەت: 9762
ڕەفیق حیلمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەفیق حیلمی (بە ئینگلیزی: Rafiq Hilmi، بە عەرەبی: رفيق حلمي) ناوی تەواوی ڕەفیق کوڕی ساڵح کوڕی عەبدوڵڵایە، سیاسەتوان، مێژوونووس، ڕووناکبیر و هۆزانڤانێکی کورد بوو، لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە تەمەنی ٦٢ ساڵی کۆچی دوایی کردووە.

ژیان

ڕەفیق حیلمی لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کەرکووک و سلێمانی تەواوکردووە، ئامادەیی لە بەغداد و پەیمانگای ئەندازەی لە ئیستەنبووڵ تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٢٠ گەڕاوەتەوە کوردستان.

لە ١٦ـی ئاداری ١٩٢١ بووەتە مامۆستایەکی پسپۆڕی ئەندازە و بیرکاری، لە کەرکووک، سلێمانی، مەجەری گەورە، بەسڕە، ناسڕییە، هەولێر و بەغداد کاری کردووە.

 لە ماوەی خوێندنی لە ئیستەنبووڵ فێری زمانی تورکی و فەڕەنسی بووە، جگە لە کوردی کە زمانی دایکی بووە.

لە ١٤ـی ئابی ١٩٦٠ بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە و لە سلێمانی لە گۆڕستانی گردی سەیوان نێژراوە.

سیاسەت

کاتێک کە شێخ مەحموودی نەمر بۆ جاری دووەم لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ کابینەیەکی تازەی داناوە، بوو بە مەلیکی کوردستان، ڕەفیق حیلمی کردە ڕاوێژکاری ‌ڕامیاری خۆی، گەلێک وتاری ‌‌ڕامیاری لە ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان نووسی.

کە میری باشووری کوردستان بە پیلانی بەریتانیا و بەزەبری ھێزی چەکداری لەناوبرا، مامۆستا ڕەفیق حیلمی لە ناوچەکە دوورخرایەوە، کرا بە مامۆستای بیرکاری، بەڵام دەستی لە کوردایەتی ھەڵنەگرت، ھەوڵیدا بووە یەکێک لە ڕێکخەرانی ڕاپەڕینی بەردەرکی سەرا لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٠ و ماوەیەک لەسەر ئەم خەباتەی گیرا.

کاتێک دەستەیەک لە قوتابیان و لاوانی کوردی ھەولێر، سلێمانی، کەرکووک، کۆیە و کفری ڕێکخراوێکی ڕامیاریان بەناوی کۆمەڵەی دارکەر کە دامەزراند و ئامانجیان ڕزگارکردنی کوردستان بوو، بەڵام نەبووە ئەو پارتە جەماوەرییە تاکوو لە ساڵی ١٩٣٩ ڕەفیق حیلمی نەکرا بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، ناوەکەشی لەسەر داخوازی ئەو ڕەفیق حیلمی کرا بە پارتی ھیوا.

لە ساڵی ١٩٤٠ بووە بە بەڕێوەبەری مەعاریف (پەروەردە) لە ناوچەی باکوور، پاشان بووە بە بەڕێوەبەری مەعاریفی بەعقوبە.

پارتی ھیوا تا کۆتایی ساڵی ١٩٤٣ و نیوەی یەکەمی ١٩٤٤ یەکێک بووە لە بەھێزترین کۆمەڵە ڕامیارییەکانی کورد، یارمەتییەکی باشی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بارزانی دا، لە جێی پارتی ھیوا دوو ڕێکخراوی ڕامیاری کورد دروستبوون و پەرەیان سەند ئەوانیش پارتی شۆڕش و پارتی ڕزگاری بوون، لە ١٦ـی ئابی ١٩٤٦ لە شوێنی ھەردوو ڕێکخراوە ڕامیارییەکە پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو.

ڕەفیق حیلمی لەگەڵ‌ ئەوەی ناودارێکی ڕامیاری گەورە بوو، لە ھەمان کاتیشدا هۆزانڤان، مێژوونووس، وەرگێڕ و ڕەخنەگری لێھاتووی وێژەی کوردیش بوو، لەماوەی ژیاندا چەندین بەرھەمی داناوە و بە چاپی گەیاندوون.

بەرهەمەکان

سەرباری یاداشتەكانی بەشدارییەكی دیاری لە بواری ئەدەبدا هەبووە، لە لایەك شیعری نووسیووە و وەرگێڕانی كردووە و لەلایەكی تریشەوە بەشداری هەبووە لە بواری ڕەخنە و مێژووی ئەدەبدا. بەشێک لە بەرهەمە چاپکراوەکانی:

  • کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ١٩٢٠، بە زمانی عەرەبی
  • خولاسەی مەسەلەی کورد، لە فەڕەنسیەوە کردوویەتی بە کوردی
  • شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بەرگی یەکەم، لە ١٩٤١
  • شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بەرگی دووەم، لە ١٩٥٦
  • کوردستانی ئێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، ٦ بەرگە و ھەموویان چاپکراون
  • پاش تەمووز، دیوانی شیعر

جگە لەمانەش بە دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی بەپێزی لە گۆڤارە کوردییەکانی وەک گەلاوێژ بڵاوکردۆتەوە.


سەرچاوەکان



598 بینین