چەتاڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-15-21:23:00 - کۆدی بابەت: 9851
چەتاڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەتاڵ یان چنگاڵ (بە عەرەبی: شوکة، بە ئینگلیزی: Fork) کەرەستە و ئامرازێکە لە کاتی خواردندا بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئامرازێکی سەرەکی کەرەستەکانی چێشتخانەیە و لەکاتی خواردندا لەگەڵ چەقۆ بەکاردەهێنرێت.
لە ڕابردوودا لەلایەن چینی خانەدان و دەوڵەمەندەکانەوە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژاوا بەکارهاتووە، ئیتاڵیا یەکەم شوێن بووە کە چەتاڵی کردووە بە کەرەستەیەکی سەرەکی و پێویست و بەکارهێنانی کردووە بە کولتوور.

چەتاڵ چەندان شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە، لە چەندان ماددەی کانزایی جیاواز دروست دەکرێت وەک ئاسنی پتەو، هەندێک جۆریش لە پلاستیک دروستدەکرێت و تەنها بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێت، چەند جۆرێکی تریش لە زێڕ و زیو دروست دەکرێن کە نرخیان گرانە و هەندێک تەنها بۆ جوانکاری بەکاریان دەهێنێت.

واتای چەتاڵ لە زمانی ئینگلیزی Forkـە، ڕەچەڵەکی ئەم وشەیە لە وشەی furcaـی لاتینی وەرگیراوە کە ناوی ئەو ئامرازەیە کە لە ڕابردوودا جووتیاران بۆ شەن و کەو بەکاریانهێناوە.

مێژووی بەکارهێنانی چەتاڵ

بەڵگەکانی بەکارهێنانەکانی چەتاڵ لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیزەنتییەکان بە دیاریکراوی سەدەی یازدەیەمی زایینی. یۆنانییە کۆنەکان چەتاڵیان بەکارهێناوە و لە چەند وەشانێکی "ئینجیلی عیبری" ناوی هێنراوە. لە گۆڕی چەند پادشایەکی چینی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین چەتاڵ دۆزراوەتەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی چەتاڵ پەیوەست بوو بە چینی خانەدان و دەوڵەمەندەکانەوه، هەندێک لە کۆمەڵگە ئەورووپییەکان ڕێگر بوون لە بەکارهێنانی چەتاڵ و چەندان کڵێسا بەکارهێنانیان قەدەغە کردبوو.

لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا تەنها لە بۆنە گرنگەکان چەتاڵ بەکاردەهێنرا. وڵاتی ئیتاڵیا یەکەم وڵات بوو بیرۆکەیەی قەدەغەکردنی چەتاڵی ڕەتکردەوە، بەهۆی ئەوەی خواردنی پاستا لەو وڵاتە زۆر بەربڵاوبوو و بەکارهێنانی چەتاڵ خواردنی پاستای ئاسانتر کردبوو، بۆیە بووە نەریت و هەموو ئیتاڵییەک چەتاڵی بەکاردەهێنا.

لەگەڵ هاوسەرگیری کردنی شازادە "کاترین دیمیتچی"ئیتاڵی لەگەڵ هێنری دووەمی پادشای فەڕەنسا نەریتی بەکارهێنانی چەتاڵ لە ئیتاڵیاوە گوازرایەوە بۆ فەڕەنسا. لەکۆتایی سەدەی شازدەهەم بەکارهێنانی چەتاڵ گەیشتە ئینگلتەرا. لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم تێڕوانینەکان بۆ ئەو کەسەی کە چەتاڵی بەکاردەهێنا گۆڕا، هەرکەسێک چەتاڵی بەکاربهێنایە بە کەسێکی ڕۆشنبیر و نوێخواز دادەنرا.

جۆرەکانی چەتاڵ

  • چەتاڵی خواردنی ئاسایی یان Dinner Fork: باوترین جۆری چەتاڵە و لە زۆر شوێن هەیە، بەشێکی سەرەکی کەرەستەکانی خواردنە و شێوەیەکی درێژی هەیە، لە ژەمی سەرەکی خواردن لەگەڵ چەقۆ بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە کەرتکردنی ئەو ژەمانەی کە گۆشت و مریشک لەخۆدەگرێت.
  • چەتاڵی میوە یان Fruit Fork: ئەم جۆره لە وڵاتانی ئەورووپی زۆر بڵاوە، قەبارەکەی بچووکە و چوار ددانی هەیە، ئەم جۆرە تایبەتە بە خواردنی میوەی وەک شیلک، شووتی، کاڵەگ و میوەکانی تر کە پارچەکانیان گەورەیە.
  • چەتاڵی ماکەرۆنی یاخود چەتاڵی سپاگێتی یان Spaghetti Fork: چەتاڵێکی تایبەتە بە خواردنی مەعکەرۆنی و پاستا و جۆرێکی سەرەکی و بەربڵاو نییە، لە ئیتاڵیا وڵاتانی ئەورووپی زۆر بەربڵاوە.
  • چەتاڵی زەڵاتە یان Salad Fork: هاوشێوەی چەتاڵی ئاساییە بەڵام چەتاڵێکی کورتە و درێژییەکەی ١٥ سانتیمەترە و چوار ددانی هەیە، تایبەتە بە خواردنی هەموو جۆرە زەڵاتەیەک.
  • چەتاڵی شیرینی یان Dessert Forks: بچووکترین جۆری چەتاڵە بۆ خواردنی شیرینی هەمەجۆر نموونەی کێک و ئەو شیرینییانەی لە هەویر دروست دەکرێن بەکاردەهێنرێت.
  • چەتاڵی کۆکتێل یان Cocktail Fork: بۆشایی نێوان ددانەکانی زۆرن و بە قەبارەی هەمەجۆر بوونی هەیە، لەگەڵ کۆکتێلەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها لەگەڵ خواردنی دەریاییش بەکاردەهێنرێت.
  • چەتاڵی کارڤینگ یان Carving Fork: چەتاڵێكی گەورەيە و دوو ددانی هەیە، گۆشتی پێ دەگيرێت بۆ لەتكردنی.

جیاوازی بەکارهێنانی چەتاڵ لەنێوان کۆمەڵگەی ئینگلیزی و ئەمریکی

لە کۆمەڵگەی ئەورووپی بەکارهێنانی چەتاڵ و چەقۆ لەکاتی نانخواردندا پەیوەستن بەیەکەوە، بەپێی نەریتە باوەکان پێویستە چەقۆ بە دەستی ڕاست و چەتاڵیش بە دەستی چەپ بەکاربهێنرێت، لە کۆمەڵگەی ئەمریکی دوای کەرتکردنی خواردنەکە بە چەقۆ ئاساییە کە چەقۆکە دانێیت و چەتاڵەکەت بە هەر دەستێک گرت ئاساییە. بەڵام لە دابوونەریتی ئینگلیزی تاکوو کۆتایی نانخوارنەکە پێویستە چەتاڵ بە دەستی چەپ و چەقۆش بە دەستی ڕاست بەکاربهێنرێت، هەرگیز نابێت چەتاڵ بە دەستی ڕاست بگیرێت.


سەرچاوەکان



558 بینین